شــەهیدێک ، لە دوا هـەڵـمـەتـی سـەر ئەمنــەســـورەکـە شــــەهیـد مـحـــمـــد فـتـاح سـاڵح

Thursday, 07/03/2013, 12:00

2009 بینراوە







وەکو هەمـوو لایەک دەزانن ، لە ڕۆژی ٧ی٣ سلێمانی زەماوەنی گێڕا و بەشـی هەرە زۆری شار و دەوروبەری لە بەعسیە فاشـیەکان پاک کرایەوە ، بەڵام بینای ئەمنەسورەکە
ببوە مۆڵگەیەکی قایم بۆ دوژمن و زۆربەی تاوانبارە گەورەکان و هەموو ئیمکاناتی خۆیان لەوێدا کۆکردبوەوە ، بۆیە ، گرتنی ئەو مۆڵگەیە ، کارێکی ئاسان نەبوو ، کەوتە دووەم ڕۆژی زەماوەندەکەوە .
من ئەو کاتە زیندانی سیاسی بووم لە ئەبوغرێب ، بەڵام  دوای ئازاد بوونمان ، هەوڵم داوە ، زۆرترین زانیاری لەسەر ئەو داستانە پڕ قارەمانێتیە کۆبکەمەوە ، چونکە دوای ٥ ســاڵ زیندانی بوونم ، کاتێک ئازاد کراین و لەگەرمەی ئاهەنگێڕانی دایک و خوشک و برا وکەسوکار و هاوڕێ خۆشـەویستەکانم دا بووین ، بەبۆنەی ئازاد بوونمانەوە ، بەڵێ ئا لەو کاتەدا ، ئینجا زانیم ، مـحـمـدی برابچــوکم لەو داستانەدا ، شــەهید بـووە ، ئاهەنگمان گۆڕدرا بە پرسەیەکی نوێ ، بۆ ئەو برایەمان کە ٢١ بەهاری تەمەنی تەواو نەکردبوو .

هەمـوو ئەو کەسانەی ئاگاداری شـەهیدبوونی بوون و هەمووئەو هاوڕێ یانەی لەگەڵیدا لە شـانە نهێنیەکانی ئامادەکراو بۆ ڕاپەڕین پێکەوە بوون ، باســی ئەوەیان بۆ کردم ، کە ئەو برا قارەمانەم ئەو دوو ڕۆژە ، چەندە دەوری ئازایەتی هەبووە ، لە هاندان و پێشڕەوی کردنی خەڵک بۆ ســەر مۆڵگای بەعسـیەکان و دواتریش ، هەڵمەتە نەپچڕاوەکانیان بۆســەر ئەمنە ســورەکـە ، یەکێک لە هاوڕێکانی شــەهید محمد بردمیە سەر ئەو شـوێنەی کە لە دوا هێرش و لە دووری تەنیا چەند مەترێک لە دیوارەکانی بیناکەوە ، کە ئەکاتە هێڵی پێشـەوەی چەکدارەکانی بەعس ، لە گەرمەی هێرش بردن دا تێیدا شــەهید ببوو ....

هەر کەس دەیەوێت بزانێت ، ئەو شـەهیدە کێ بوو ، چ گەنجێکی خوێن گەرم و لێهاتوو بوو ، چەندە خۆشـەویستی خەڵکی گەڕەک و هاوڕێکانی بوو ، با بچێت ، لە خەڵکی ئەو کاتەی گەڕەکەکانی هەوارەبەرزە و گۆیژە بپرسێت .

من ناڵێـم و ناتوانم حوکمی ئەوە بدەم ، بەڵام بە گوێرەی ئەو وەسف و باسانەی تا ئێستاش کەسانیک کە ئەوکاتە ناسـویانە ، ئەگەر شـەهید نەبوایە ڕەنگە ، ئێستا کەسێکی دیاری ، بواری سێاسەت و پێشمەرگایەتی ، یان فەرماندەیەکی لێهاتوو بوایە ،،،، کەچـی تا ئێستاش ، ئەو شـەهیدانە ، تەنیا مەگەر لە یادی ڕاپەڕین دا وێنەیەکیان لە ئەمنەسـوورەکە دابنرێت ، لە کاتێک دا ، ئەبوایە چ شەهید محمدی برام و چ هەموو ئەوانەی تر کە لەو داستانەدا شەهید بوون ، پەیکەر و وێنە و ژیاننامەی هەمیشەییان لە ئەمنە ســوورەکە هەبوایە ، چونکە ئەوێ کراوەتە مۆزەخانە و سومبولی ڕاپەڕین ، کەواتە دەبێت قوربانیەکانیشی دیار بن کێ بوون .

تا ئێستاش لە پلە و مووچە و ئیمتازات دا ، شـەهیدەکانیش جیاوازیان لە نێوان دا ئەکرێت و ، لەگەڵ ڕێز و سەردانەواندنم بۆ هەموو شـەهیدێک ، هەندێکیان خانووی شەهیدی سەرکردەیان بۆ ئەکرێت ، کەچی بۆ ئەوەی پارەی خانەنشینیەکانیان ، زۆر زیاتر بێت لە خەڵکی تر ، بە پلەی وەزیفی بەرز خانەنشین ئەکرێن .

نە من نە هیچ خاوەن شـەهیدێک ، شـەهیدەکانی خۆمان لە خەڵکی تر پێ زیاتر نیە ، هەروەک پێشمان کەمتر نیە .... من لای خۆم ئەو برا گەنجە شەهیدەم ، بە هیچ سـەرکردەیەک ناگۆڕمەوە ، چونکە لەوپەڕی هەڕەتی لاویدا ژیانی خۆی بەخشی بەگەل و ووڵاتەکەی و ڕەنگە ، بمایە بە توانای خۆی ئێستا سەرکردەبوایە .

لە یادی ڕاپەڕین و لە یادی شـەهید بوونی ، شـەهیدی دوا هەڵمەتی گرتنی ئەمنە سـوورەکە ، شـەهید محمد فتاح و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دا ، ئەنوشتێمەوە و سـەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دائەنەوێنم و خێکی سـەر گڵکۆکانیان ماچ دەکەم ، هەروەک نەفرەتیش دەنێرم بۆ ئەوانەی لەسەر خوێنی پاکی ئەو قارەمانانەوە ، لاف و گەزافی ڕاپەڕین لێ ئەدەن و لە ڕاستیش دا ، هیچ نەبوون .

خۆزگە ڕۆژێکمان بە چاوی خۆمان ئەدی ، ئەو فەرق و جیاوازیە نەمایە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە