ئازادی تاک گرنگە یان ئازادی بۆ گشت کۆمەڵگا!

Saturday, 23/03/2013, 12:00

5271 بینراوە








باس کردن لەسەر بنەمای چەمکی ئازادی، بۆخۆی هێندەی مێژوی مرۆڤایەتی دورو درێژەو، لەهەر سات و کاتێکدا، بە شێوازی جۆراوجۆر و بەپێی کۆمەڵە بەرژەوەندیەک، شیکاری جۆراوجۆری بۆکراوە. ئازادی بەمانای وشەکە خۆی، هەڵگری ئەو سیفەتەیە کە سنور ناسراو نیە، هێندەی ئەوەی دەخوازێت سنورە بەرژەوەند خوازە تایبەتەکان تێک شکێنێت و ئەوەی خواست و دەربڕینە لە داخوازیە سەرەتایی و تایبەتیەکانی گشت کۆمەڵگا، بخاتە جێگای ئەو بەرژەوەندیە تایبەتیانەی کە دەربڕی خواستی مادی و مەعنەوی چینیکە کە خۆی سەپاندوە بەسەر کۆی ئایدیای کۆمەڵگادا.
لەنێو سیستەمی هەژمەنگەرای سەرمایەداریدا لە ماوەی ئەم چوار سەد ساڵەی ڕابردودا تا دەگات بەم ساتەی ئێستا، بنەما ئازادیەکان هەردەم لاقە کراوە لەنێو ئەم هەژمون گەرایەی خێزانی سەرمایەداریدا، بەو مانایەی کە لیبرالیزم وەک چەمکی دیار و باوی ئەم سیستەمە، گۆشە نیگای هەردەم لەسەر مەسەلەی ئازادی تاکە. لەوێدا دەتوانین بپرسین ئازادی تاک بەکام مانا؟ ئاخۆ ئازادی تاک لە خواستە ئابوریەکەدا بەدیار دەکەوێت یان لە خواستە مەعنەوی و وشیاریەکەیدا؟ گەر تاکێک ئازادیەکەی بەستراوە بێت بە بنەمای چەمکە ئابوریەکەیەوە کە خاوەندارێتی لێدەکات، ئەو کات کۆی تاکەکانی نێو کۆمەڵگا خاوەنی ئەو بنەما ئابوریە مادیە نین کە بتوانن لە نێو کایە قازانج خۆریەکانی بازاڕدا کێ بەرکێی پێبکەن. بەو سیفەتەی کە پێناسەی ئازادی لە نێو چەمک و تێگەیشتنی کۆی ئەو دەسەڵات و سیاسەتەی ئەمڕۆ حاکمیەتی لە ژیر چنگدایە، ئازادیەکانیش بەو ئەندازەیە سنوردارە تەنها بۆ ئەو توێژەی ئابوری گشت کۆمەڵگایان لە ژێر دەستدایە. لەم نێوەدا، باس کردن لە خواستی ئازادی تەنها خۆڵ کردنە چاوی گشت کۆمەڵگا دەگەیەنێت.
ئەم بابەتە تایبەت مەند نیە بە کۆمەڵگایەک، بەپێچەوانەوە هەر لە کۆمەڵگا ڕۆژئاوایەکانەوە تا دەگات بە دواکەوتوترین کۆمەڵگای ئەم سەر زەمینە، خواست و داخوازیە گشتیەکانی کۆمەڵگا لەنێو قەتیس بونی چەمکی ئازادیدا بۆ گشت کۆمەڵگا شکستی پێدراوە و لە جێیدا ئەو ئازادیە بە بنەما گیراوە کە (بەحیساب) دەربڕین بێت لە ئازادی تاک. لە نێو دەسەڵاتە سەرمایەداریە خۆسەپێنەکانی وڵاتانی زلهێزدا، ئەو کۆ یاسا و ڕێسایانە جێگیر کراون، کە تاک تا دەگات بە گشت کۆمەڵگا بە شێوازێکی زۆر هونەریانەی قازانج خۆری خودی سەرانی دەوڵەت تەرتیب کراوە و وا نیشان دەدەرێت کە چەمکی هاوڵاتی بوون لە نێو خودی ئەو یاسا و ڕێسایانەدا تەسبیت کراوە و مافە گشتیەکانی تاک و کۆمەڵگا پارێزراوە. خۆ دەبێت بزانین گەر لە بواری کرداریدا بەو جۆرەیە و مافی هاوڵاتی بوون چەسپێنراوە و ئاستی چەوساندنەوە بوونی نیە، دەبێت بپرسین بۆچی قەوارەیەک هەیە بەناوی چینێکی باڵا دەست و گشت ڕێکخستنە کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە ژێر دەستی خۆی و تاک تا دەگات بۆ گشت، وەک ڕۆبۆتێکی لێکراوە و هەردەم دەبێت لە پێناو ئەو بنەمایانەدا لەکاردا بێت کە بنەماکانی دەوڵەتدارێتی بپارێزێت ؟ ئاخۆ دەوڵەت بۆخۆی لەژێر کام چەمکی فەلسەفی و سیاسیدا خۆی حەشار داوە؟ ئاخۆ گەر ئەو چەمکە بەناو ئازادیە، تەنها شێوازێکی مۆدێرنانەی لیبراڵیزم نیە، بۆ هێشتنەوەی بنەماکانی کۆیللەداری زۆرینەی کۆمەڵگا لە پێناو قازانجی خۆیدا، چ مانایەکی تری هەیە؟
ڕێکخستنە کۆمەڵایەتیەکان بەئەندازەی ئەو خواستە ئازادیە نیە کە دەربڕین بێت لە مانای خواستی ژیانێکی یەکسان بۆ گشت کۆمەڵگا، بەڵکو زۆرینەی کۆمەڵگا کە خاوەنی تەنها هێزی کاری خۆیانن، بەو ئەندازەیەش لەلایەن خودی سەرانی خاوەن ئابوری زاڵ، تەسلیم بە هەلومەرجێک دەکرێن، کە دەربڕین نیە لە بونی خواستێکی ئازادی بۆ گشت کۆمەڵگا. زۆر جار گوێمان لێ دەبێت یان لە باری کرداریەوە دەیبینین، کە لەم وڵاتانەی ڕۆژئاوادا، خواستە کەلتوری و ئاینیەکان پارێزراون و ئازادی ئەو ڕێوڕەسمانە سەلمێنراون و خەڵکە جیاوازەکانی هەر نەتەوەیەک دەتوانن بە ئازادانە تەعبیر بکەن لەو خواست و هەڵگرە فەرهەنگی و کەلتوریانەی هەیانە. ئەمە ڕاستە. بەڵام گەر بپرسین ئاخۆ گەر بهاتبایە و لە جێی ئەو دانپێدانان بەخواستە کەلتوریە جیاوازەکانی هەر نەتەوەیەکی جیاوازدا کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەژین، لە جێی ئەو خواستانە داواکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا و ڕێسایانە بهاتتبایەتە مەیدانی داواکاری و خواستە کۆمەڵایەتیەکان بۆ سەپاندنی ئازادیەکی واقعیانە کە دەربری خواستی یەکسانی گشت کۆمەڵگا بگەیەنێت، ئاخۆ ئەو کات هەڵوێستی سەرانی دەوڵەت چی دەبوو؟ ئاخۆ گەر دەوڵەت بۆخۆی سود مەند نەبێت لە هێشتنەوەی سنورە دەستکردە دواکەوتوەکان کە هەڵگری ئەو چەمکە ئاینی و قەومی و، دابڕانی چینە کۆمەڵایەتیەکانە لەیەکتری، دەکرا ڕێگاش بەوانە بدات؟ بێگومان نەخێرە، وەڵامەکە. چونکە مانەوەی ئەو چەمکە دواکەوتوانەی نێو تاکی کۆمەڵگا جیاوازەکان بۆخۆی دەبێتە ئەو کارکردە نەگەتیفەی کە خواستی ڕق و گەمژەیی لەنێو خەڵکە جیاوازەکاندا دروست دەکات. زۆرجار وا خەمڵێنراوە کە ئەوە تاوانی ئەو کۆ بێگانەیە کە هاتونەتە هەر وڵاتێکی ئەوروپی و ئەوە خەتای ئەوانە کە کار بەدەست ناکەوێت و بازاڕی هێزی کاری بەو ئەندازەیە هەرزان فرۆش کردوە، لێرەدا ئەو وشیاریە ڕەگەز پەرستیە پەرە دەسێنێت و، لەجێیدا ئەوەی یاریەکە دەباتەوە، دیسانەوە هەمان ئەو خاوەن کۆمپانیا زەبەلاح و سەرانی دەوڵەت گەرای سیستەمی سەرمایەداریەن، کە دەسەڵاتیان لە ژێر دەستدایە. کەواتە ئازادی لێرەدا بەنیسیبی کام چین یان توێژی کۆمەڵایەتی بوە؟ ئاخۆ دەتوانین لەنێو هەلومەرجێکی وا نالەبار و بەردەوام هێشتنەوەی زۆرینەی کۆمەڵگا لەژێر ئاستی چەوساندنەوەدا بە ئازادی لەقەڵەم بدەین؟ ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ تاوانبار کردنی خودی کرێکارانی بێگانە بەوەی هۆکاری خراپ کردنی بارودۆخی ژیانی کرێکارانی خۆماڵین، هەر لە وڵاتانی خاوەن پیشەسازی ئەوروپاوە تا دەگات بەکوردستان، گوێبیستی دەبین. ئاخۆ لە ڕاستیدا ئەوە تاوانی چینی مفتەخۆری سەرمایەدارە کە ژیانی بەو ئەندازەیە مەینەت بار کردوە بەسەر کۆی کۆمەڵگادا یان تاوانی ئەو کرێکارانەن کە بەناچاری هەنگاو هەڵدەگرن بۆ جێگایەکی تر کە ئومێدی کەمێک ژیانی تێدا ببیننەوە؟ ئەم جۆرە ئازادیەی لەنێو کۆی دەسەڵاتداریتی دەوڵەتی مافیایی چینی سەرمایەداریدایە، بەهیچ شێوازێک دەربڕین نیە لە مانای ئازادی بۆ تاکی نێو گشت کۆمەڵگا، هێندەی ئەوەی یەخسیر کردنی مانا و چەمکی ئازادی دەگەیەنێت.
کاتێک کۆمەڵگا بەگشتی ئازاد نەبێت ناتوانین بڵێین تاکیش ئازادە، ئەو کاتەی ئازادی بۆ گشت کۆمەڵگا دەستەبەر کرا ئەوکات دەتوانین بڵێین تاکیش دەتوانێت ئازاد بێت لەکۆی خواستەکانی و ئەو ئامانجانەی کە خۆشەویستی و پەروەردەی مرۆڤ بون دەباتە پێشەوە.
ژنان بەشێکی سەرەکین لەنێو پێکهاتەی کۆمەڵگاکاندا و تا ئەم ساتەش ، لە پێشکەوتوترین وڵاتی مۆدێرنەی سەەرمایەداری تا دەگات بە دواکەوتوترین وڵاتی نێو تۆڕە جاڵجاڵۆکەیەکانی گرێدراو بە سیستەمی قازانج خۆری، ژنان بەشێکی سەرەکی نێو پێکهاتەی کۆمەڵگان و لە هەر وڵاتێکدا بەشێوازی جۆراوجۆر دەچەوسێنرێنەوە و ئیغتیسابی ڕۆحی و ئەخلاقی و سیاسی دەکرێن. خواستی ئازادی بۆژیان، خواستێکە بەبێ ئازادی تەواوی ژنان و گەشتنیان بەمافی یەکسانی تاکی نێو کۆمەڵگا، بێ مانا دەمێنێتەوە. ئازادی ئەو چەمکە بەرفراوانەیە کە لەنێو سیستەمی چەوسێنەر و قازانج خۆری ئەم سیستەمە سەرمایەداریەدا بونی نیە.
ئازادی بۆگشت کۆمەڵگا ئەو قۆناغەیە کە مانای ئیرادە و ڕەوشتی بەرزی کارکردی سیاسیانە دەگەڕێنرێتەوە بۆ کۆمەڵگا، نەک بۆ چینێکی تایبەت کە تەنها خواستیان بەمێگەل کردنی کۆمەڵگایە. ئازادی بۆگشت کۆمەڵگا، بەو مانایە دێت کە چیتر قودسیەتی نەتەوەپەرستی و دین پەرستی لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا، سەپێنەر نەبێت و وەک ئایدۆلۆژیایەکی ڕەسمی بونی نەبێت. چونکە خودی کۆمەڵگاکان تائێستاش، ئەوەی کە زۆرتر کردونی بە کۆیللە، مانەوەی ئەو چەمکانەیە کە خۆشەویستی نەتەوە و دین، دەکات بەپێوەر بۆ تاکی ڕەسەنی نێو کۆمەڵگا. بەڵام لە ڕاستیدا خودی ئەو دوو چەمکە تەنها ئەو سەروەتە مادیی و مەعنەویە دەگەیەنن، بۆ سەرانی حاکمی دەوڵەت گەرا، کە خواستە ڕەگەز پەرستیەکان درێژە پێبدەن.
خەبات لەپێناو ئازادی بۆگشت کۆمەڵگا، خەباتە بۆ لەنێو بردنی ئەو چینە مشەخۆرەی خۆی کردوە بە دەمڕاستی گشت کۆمەڵگا. وەک ئۆج ئالان دەڵێت؛(کۆمەڵگا دەتوانێت بەبێ چینە دەسەڵاتدارە جەوسێنەرەکان درێژە بەبونی مرۆڤانەی خۆی بدات، بەڵام چینە چەوسێنرە خۆسەپێنەکان، بەبێ کۆمەڵگای ژێر دەستیان ناتوانن بژین و بونیان هەبێت) گەر ئەم سیستەمە چەوسێنەرە پارە پەرستە، خواستی ئازادی هەیە بۆ کۆمەڵگا، لەبەر کام هۆکارە ئەو جەنگە کاولکاریانە دەخوڵقێنێت و ملیۆنان مرۆڤ لەنێو دەبات؟ کەواتە لەنێو ئەم سیستەمەدا ئازادی بەمانای ئەوەی گشت بەهرەمەند بن لێی بونی نیە، ئەوەی هەیە تەنها ئەو ئازادیە لاقەکراوەیە کە لەلایەن چینی دەسەڵاتدار و بازرگانەوە بە کۆمەڵگا دەفرۆشێتەوە و کۆمەڵگای پێ منەت بار دەکەن!!!!!!!!!

.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە