ڕۆژنامە ڕووزەردەکەی گۆڵان

Wednesday, 02/06/2010, 12:00

1605 بینراوە


ئەوانەی بەڕێکەوت سەردانی ڕۆژنامەی گۆڵانیان کردبێت ، بێگومان چاویان که‌وتووە بە وێنەی مرۆڤێکی کۆیلە . ئەم بونەوەرە یەکێکە لەو ڕەبۆتانەی کە نەبۆن دەکات ، نە دەبینێت ، نەدەبیستێت ، نە بۆخۆی قسە دەکات ، نەبۆخۆی دەجوڵێت ، ئەمە یەکێکە لەو بونەوەرانەی کەزەمەن بۆ نەگبەتی کورد وەک قارچک هەڵی تۆقاندون ، تا بارانی نەزانیین و نەگبەتی به‌ کورددا بکات ، ئەمانە لەبن هەر بەردێک ، لەبن هەر دار و بچكێک ، وەک دارسێوەکەی بەهەشت بۆ ئەم گەلی ئادەمە بەری نەگبەتی و نەهامەتی دەگرێت . هەرچەندە ئەم وێنەیە بۆ سێ ڕۆژە لەسەر سایتەکە نەماوە ، بەڵام ناوەڕۆکی سایتەکە پڕە لەو دەموچاوانە ، بونی ئەم دەم وچاوانە بەردەوام بوونی پڕۆژەی بەکۆیلەکردنی کۆمەڵگایە . تێڕواندم بۆ ئەو دەم وچاوانە هەستێکە تەنها لای ئەوانەی بەڕاستی بۆ نیشتمان و نەتەوە خەمۆکن ، بۆیە خۆمم پێ نەگیرا ، نەمتوانی چیتر بێدەنگ ببم ، نەکا نووسینی وا چەند کەسێکی تری نێو کۆمەڵگا ڕاپێچی گۆمی سڕکردن و بێ ئاگا بکات، هه‌ڵبه‌ته‌ لێره‌دا مه‌به‌ستم له‌ یه‌کێک له‌ ره‌بۆته‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌ویش ناوی فوئاد سدیقه‌، یه‌کێکه‌ له‌و کۆنه‌ شیوعییانه‌ی که‌ بێشه‌رمانه‌ دژی به‌ره‌ی گه‌ل خۆی سختۆته‌ باوه‌شی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. ئه‌م که‌سه‌ که‌ به‌ناو نووسەرە، لێ ڕەبۆتێکی نێو حەوزی کۆیلەکانه.‌

یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی پارتی لەبەرامبەر گەیاندنی پەیام و خواستی حیزب بۆ نێو خەڵک ، نەبوونی کادری لێزان، قسەزان و بەتوانایە . بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە کۆمەڵێک کادری دەرباری کۆنی حیزبی شیوعی بە حوکمی پارە و پێدانی پلە و پایە وەک کەرەستەیەکی شتومەک بەشێوەی کڕین و پەلکێشکردنیان بۆ نێو ڕیزەکانی خۆی هێناوه‌ . ئەمانە ڕۆحیانەتی بەشی کوردستانی حیزبی شیوعی عێراقی بوون ، بەکڕینی ئەمانە حیزبی شیوعی وەک جەستەیەکی داڕزیویی نەجوڵاوی لێهات، لەجێگای خۆی وردە وردە بەرەو پوکانەوە چوو . کەواتە باوکە کوژی یەکەمی حیزبی شیوعی، خودی پارتییە نەک هیچ هێزێکی تر . ئەمانە تەنها فاکتەری پڕکردنەوەی بۆشایین، کرانە ئالەیەک بۆ گەمەسیاسییە ناوچەیی و جیهانی و ناوخۆییەکان. ئەم کۆمەڵە کڕدراوانەی نێو حیزبی شیوعی ، پارتی ژیرانە وەک وەڵامێک بۆ پرسیارەکان، بەکاریان دەهێنێت .
لە بۆنە جیهانییەکاندا ، لەنێو کۆڕ و کۆبوونەوە و گەشتیارە بیانییەکانی وڵاتانی سۆشیالیست و حیزبە چەپەکانی جیهان ئەمانە کەسانی ڕووبەڕوو قسەکەری فەرمی پارتین و ئاوێنەی داپۆشینی ناوه‌ڕۆک ڕزیو و بۆگەنیوی پارتین . ئەمانە پلاتینی تروسکاییە سەروەختەکانی زەمەنی دانسقەی پارتین بۆ جەنگی ناوخۆ .
توانایی پاری لە دوو شت دایە:
یەکەم: کاریی موخابەراتی .
دووەم: کڕین و بەکارهێنانی مرۆڤە مرۆڤه‌ ونبووه‌کان، که‌ که‌سایه‌تیی خۆیان، له‌ناو خوودی خۆیاندا نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌.



فوئاد سدیق یەکێکە لە کڕدراوەکان ، قوتابیی ژێر ده‌ستی سه‌رۆ قادره‌، ڕەبۆتێکی چالاکە، توتیەکی ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌گه‌ر خۆشی بگرێته‌وه‌، قسه‌ به‌خۆی ده‌ڵێت ، ئالەیەکی جۆکەراوییە . کەسایەتییەکی خۆشەیە ، ئەم مرۆڤە بەچاو ، بەمێشک ، بە وردەکارییەکانی لە نووسینەکانیدا هەمیشە ڕەنگدانەوەی ڕێنوێنەر و پارێزەری چەمکی موخابەراتییە . هەمیشە وشەی ئەم مرۆڤە لە سەنگەری شەڕ و ململانییە خوێناوییەکانی ناوخۆدا تەپوتۆز دەکات ، لەکوێدا براکوژی بونی هەبێت خۆی و قەڵەمەکەی ئاگر خۆشکەری شەڕەکەیە ، لە کوێدا ناڕازیبوونی جەماوەر تەنگی بەپارتی هەڵچنی بێت ، ئه‌و لەوێدا شیوەن و باوکەڕۆی ئاسمان شەقاوی بۆ ڕابردوی حیزبی شیوعی و قڕناقا و پشتئاشان دەست پێدەکاتەوە و بەگەلەکەمانی دەفرۆشێتەوە ، لەکاتێکدا حیزبی شوعی بۆ هەڵدانەوەی سەرلەنوێی قڕناقا و پشتئاشان نەک پرسی پێ ناکرێت بەڵکو دڵگرانیشە پێی .

فوئاد سدیق کەسێکی کۆیلە و پارێزەری فیلەی خاوەنشکۆیە ، مرۆڤێکە تەنها دەنووسێت و بەرگری دەکات بەڵام هۆشیارنییە . هۆشیار نییە لە پێگەکەی . تێڕوانی نییە لەنێوان ناساندن و پیاهەڵداندا ، ئەو خۆی بە چەپ و دیموکرات و پێشکەوتوخواز دەزانێت ، لەهەمان کاتدا نەک ئێستا و داهاتوی، بەڵکو ڕابردووی دەکاتە سەنگەری پارێزەری بەرەی خێڵ .
پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەو واقعە لای نەداوە ، وەک بانگی موحەمەد بەئاشکرا دەڵێن هۆزی بەرزان ، لەم مینبەرەوە دەڵێن پارتی و بارزانی ، لە درێژکردنەوەی بیری بارزانییەوە دەڵێن (پێشڕەوی کورد پارتییە، سەرۆکمان بارزانییە) . ئەوان دەڵێن پێگەی بارزانی واتە پێگەی کورد . ئەم عەقڵه‌یه‌تە لەدوای ڕاپەڕینەوە بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە زاڵ بووە سەرکەوت بەسەر داڕماندا . یەکەم پاڵپشتیان هێزە ناوچەییەکانە . دووەمیان پێگەی بادینان و بەردەوامی بیری خێڵە . سێهەم هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیە . چوارەم ئەم کۆمەڵە کۆیلەبەکارهاتووەی کۆنی حیزبی شوعییە .

فوئاد سدیق وەک هەموو کادیرەکڕدراوەکانی حیزبی شیوعی، بەردەوامە لە شرۆڤەی بە پیرۆزکردنیی مه‌لایی و بەرزانیزم ، لەکاتێکدا کورد وەک گەلانی تر ڕووە جیهانێکی نوێ و مۆدرین هەنگاو دەنێت و بازدەدات بەسەر بیرۆکەی سەرکردەنیزمدا و لەفۆڕمە نوێیەکەدا کاری وا قبوڵ ناکات . پاشەکشێ لەفۆڕمی نوێی وەک سەدەی دابڕانی ئەوروپای شەرقی وایە لە جیهانی جوڵە، که‌چی فوئاد سدیق لە نووسینێکدا بەناونیشانی (نەتەوەو سەرۆک و نازناو) شرۆڤە لەسەر کۆمەڵێک سەرکردەی بەناوبانگی جیهانی دەکات و دەستخۆشی لەگەلەکانیان دەکات کەڕێز لە سەرۆکەکانیان دەنێن . لەهەمان کاتدا خوازیارە گەلی کورد بەتای گەلانی جیهان ڕێز لە خوالێخۆش بو موستەفا بارزانی و کوڕەکەی مەسعود بارزانی بگرێ. لەو نووسینەدا بیردۆزانە ئاماژەی بە ناڕێکی و هاوسەنگی ئەنجام و بەدەستهێنانی دەستکەوت نەداوە . ئەو سەرۆکانەی ئەو ئاماژەی پێکردون لەوانە (نەهرۆ ، گاندی ، جۆرچ واشنتۆن . عومەر موختار ، چەرچل) مێژویەک لە سەروەری و سەرکەوتنیان بۆ گەلەکەیان تۆمار کردووە . دیارە فوئاد سدیق هەر ناوی ئەم سەرکردانەی بیستووە و مێژوی پڕ سەروەری ئەوانی نەخوێندۆتەوە . ئەوان وەک بارزانی چۆکییان دانەدا بۆ دوژمن و مەیدانەکەی چۆڵ نەکرد ، بۆ دەیان پیلان و ئیتفاقی هاوشێوەی جەزائیر گەلەکەیان جێنەهێشت و سەروەرانە تا مردن لەسەنگەری گەلەکەیاندا دوا تەمەنیان تێپەڕاند ، ئەوان هیچ کاتێک زاتیان نەدەکرد لەئاست گەلەکەیان سازش لەسەر هیچ بکەن و هیچ کاتێک پێش دوژمنانیان نەکەوتون بۆ سەرخاکی نیشتمانیان ، ئەوان نەئاشبەتاڵیان بەلەشکر و شۆڕشەکەیان کرد ، نە ٣١ ئابیان بنیاد نا ، نەخەڵکی شۆڕشگێری خۆیان تیرۆر کرد و نەتەسلیم بە دوژمنانیان کرد .
ئەوان سور بون لەسەر داخوازیی گەلەکەیان یان بەدەستیان هێنا یان جەستەیان لەسەر دانا ، بۆیە پیرۆزن .
http://www.gulan-media.com/articles.php?id=358&eid=1

کونجــرینی
١ / ٦ / ٢٠١٠
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە