لایەنگر (موالی)

Tuesday, 02/12/2014, 12:00

1852 بینراوە


یەكێك لە هەرە ئەو چەمکانەی کە کاریگەری گەورە وبەرچاوی هەبووە لە ژیان و روداوەکانی قۆناغە جیاوازەکانی ئیسلام لە سەرەتا ولە دواتریشدا ووشەی موالی یە . موالی لە ئاینی ئیسلامدا ، بەو کۆیلە غەیرە عەرەبانە دەوترا کە گەردن ئازاد دەکران و لای خاوەنەکانیان دەمانەوە ، وەك خزمەتکار یان کارگوزار ، لە راستیدا ئەمە وەك هەوڵێك بوو بۆ نەهێشتنی جیاوازی کۆمەڵایەتی یان هەر نەبێ بۆ پیشاندانی ئەوە بووە کە لە سیستەمی ئیسلامیدا چارەسەر بۆ گرفتەکانی کۆمەڵگا دۆزراوەتەوە .
وشەی موالی بە واتای پەیمان دووپاتکردنەوە بۆ کەسێ دێ ،، لە زمانی کوردیدا بەرامبەر ووشەی (لایەنگر ، لەگەڵ ، هاوپەیمان ،هاوکار ، خزمەتکار ،) دێت ، بەڵام لە زمانی عەرەبیدا ، بەمانای جیاواز و لێکدانەوەی جیاواز هاتووە و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر ماناکەی گۆراوەو لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر مانایەکی تری لە خۆگرتووە بە شێوەیەکی وا کە زۆر لە مانا راستەقینەکەی خۆی لایداوە . ووشەی موالی ناکرێ وەك ووشەیەکی موجەرەد سەیر بکرێ بەڵکو چەمكێکە بۆ خۆی وکاریگەریەکی زۆر زۆری هەبووە لەسەر روداوە یەك لەدوای یەکەکانی سەردەمی هەڵهاتنی ئیسلام وسەردەمی فراوان بوونی .
موالی لەسەردەمی پێش هاتنی ئیسلامدا بەو کەسانە یان بەو تیرەو عەشرەتانە ئەوترا کە هاوپەیمان و هاریکاری لایەنگری کەسەکان یان عەشر،ەتەکانی تریان دەکرد تا بە یارمەتی ئەوان هەڵکوتنە سەر کەس و خێڵ وعەشرەتی تر و تاڵانی کردنیان کەئەوە رێگایەکی باوی ئەو سەردەمەبوو بۆ ژیان وگوزەران ، یان بەو کەس و عەشرەتانە دەووترا کە هاوکار بوون لە پاراستن و گواستنەوە و رێ پیشاندەریدا لە کاروانە بازرگانییەکاندا کە دەکرا لە نێوان حەبەشەو دوو امبراتۆرێتە گەورەکەی ئەو سەردەمە.بە هۆی ئەوەی شوێنی بوونی عەرەب و کۆبونەوەیان لە شوێنێکدا بوە گرنگی خۆی هەبووە لە رووی بازرگانی و هەر وەها شوێنێکیش بووە کە پەرستگای ناوداری تیاببوە ، لە تەواوی ناوچە عەرەب نیشینەکان بۆنمونە (٢١) بیست و یەك کەعبە هەبووە بێجگە لە دەیان شوێنی ئاینی ودێر و پەرستگای ناوداری تر . .
موالی لەدوای هاتنی ئیسلام مانایەکی تری لە خۆ گرت ، ئەو سەردەمەی کە جیاوازییە کۆمەڵایەتیەکان لەو ناوچانە و دەورووبەری لە ترۆپکی یەکترازان و دابرانێکی گەورەدا بوون ، کۆمەڵگا بەسەر دوو بەشدا دابەشبوبوو یەکێکیان کۆیلەو،،(لە زۆربەی کاتەکانیشدا ئەو کەسانە کۆیلەبوون کە رەشپێست وقوولە بوون) ،، ئەویتریش سادات یان بە شێوە کوردیەکەی بەگ و ئاغاوات ،، تۆیژی ناوراست لەو ناوەندادا بە جۆرێك لە جۆرەکان بوونی نەبوو ، ئەو کەسانەی کە کۆیلە بوون لە گوزەرانێکی یەکجار سەختدا گوزەرانیان دەکرد ومامەڵەی مرۆڤ ناکران .لەبەر ئەوەی سایکلۆجییەتی کەسانی دەسەڵات دار و سادات بە جۆرێك لە جۆرەکان دەقی گرتبوو کە بۆ پیشاندانی تواناو پیاوەتی خۆیان کۆیلەکانیان دەچەوسانەوەو جێژیان لە ئازاردانیان وەردەگرت ، زۆر جاریش هەبوو تا مردن لە ناوخۆیاندا بە شەریان دەدان وتامردنی یەکێکیان شەرەکە بەردەوامی دەبوو، ئەم رەفتارانە مۆرکێك نەبوو تەنها بە ناوچە بیابانییەکان و دوورە شارستانییەکان بەڵکو ئەو سەردەمانە تێکرای کۆمەڵگا مرۆییەکان بە هەمان گرفتەوە دەیان ناڵان و کێشمەکێش و ئارەزووە درندەییە ئاژەڵییەکانی لە کۆڵی خۆی نەکردبووە ، ئەم جیاوازییە ببوە جێی بێزاررییەکی باڵاو بێ هییواییکی کوشندە کە بۆ دەربازبوون لێی لە چاوەروانی زیاتر هیچی تر نەدەکرا ،،
ئیسلام هات وبەرێکەوت دەمووچاوی تەقی بە گێژاوێكدا کە دەمێك ساڵ بوو لە ناو کۆمەڵگادا قول ببوەوە و رەگی داکوتیبوو وە دەبوا چارەسەر بکرێ ، ئەم چەمکە بوە هۆی کۆلەکەی گلۆربونەوەی بەرەو سەرکەوتنێکی مەزن . بەکار هێنانی پەیامبەری ئیسلام بۆ چەمکی موالی زیرەکییەکی گەورە بوو ، بەڵام لە راستییدا هیچ جارەسەرێکی ریشەیی یان سەرتاسەری نەبوە بۆ کێشەکە ،، تەنها گۆرینی ناوی کۆیلەبوو بە ناوێکی تر ، بەڵام تەواوی نەهامەتی و کێشەکە وەك خۆی مابووەوە . گرفتی ئینسانی یان هەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بەنیاز پاکی کەسەکان چارەسەر ناکرێ ، ئەگەر سیستەمێکی تۆکمەو بابەتی نەبێ بۆ شیتەڵ کردن و بەرچاو گرتن و دواجاریش تاوتێکردنی هەمەلایەنەی چارەسەریەکان ،بەکەسەکان و یان بە ناوی کەسەکان چارەسەر ناکرێ .دوای ئەوەی تەوژمی دین دارێتی گەیشتە ترۆپکی قوناغی خۆی وەك هەموو قۆناغە مێژوویەکان بەرەو گلۆربوونەوە چوو وتا وای لێهات خەڵکی ئاین ودینداریان بۆ مەبەستی تەسك وکەسێتی بەکار ئەهێنا بە و کۆمەلگایان توشی لێکترازان دەکرد بۆنمونە حجاج ئەڵێ(انما الموالی علوج وانما اتی بهم من القری فقراهم اولی بهم ،واتا موالی چارەسەرێکی کاتییە و ئەوانە لە دێهاتەوە هێنراون ، دیهاتەکانیان بۆ ئەوان لە بار ترە ، ،، ئەو ناو گۆرینە بواری بەخەلکانێكدا بە بیانوی جوارو جۆر خەلکانی تر بچەوسێننەوەو هەموو کات هۆیەك هەبێ بۆ چەوسانەوەو بەکارهێنانیان ،ئا لەو سەر دەمەدا دیسان کێشە چارەسەر نەکراوەکە سەری هەڵداو قولتر لە جاران دەرکەوتەوە ،مەبەستمان کێشەی جیاوازی چینایەتی وکۆمەڵایەتی و رەگەزی یە . ئەگەر لە کاتی خۆی جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکان نێوان خاوەندار وکۆیلە بوو ئێستا لەگەڵ خاوەندارێتی ،خاڵبەندی راسیستی و رەگەز پەرستی هاتە کایەوەو چەندین جۆرە جیاوازی زیادی هاتۆتە سەری ،، وەك عەرەب و عەچەم ، سەید و کۆیلە ، ئیماندار و گومراو رەسەن و نارەسەن ، شاری و دێهاتی ......هتد .
ئەم جیاوازیە کۆمەڵایەتییە تادەهات فروان تر دەبوو ، لەگەڵ فروان بوونی ئەو خاكانەی کە ئیسلامی عەرەبی ، داگیری دەکرد ولەسەر زەوی وزاری ئیسلامی زیادی دەکرد ، بەتایبەتی لە سەردەمی ئەمەوییەکان کە زۆرترین جوگرافیا کەوتە ژێر دەسەڵاتیانەوە، موالییەکان لە زۆر ترین نەتەوەو گروپی ئەتنی جیاواز پێکهاتبوون وەك کورد ،تورك ، فارس و ئەفریقی وسندی و،، هتد ،تا گەیشتە ئەو رادەیەی هەندێ لە عەرەبەکان قێزیان لە هەموو کەسێکی نا عەرەب دەهاتەوەو بە کەسی نزم سەیریان دەکردن و هەموو وەك کارەکەر ئەژمارد دەکران ، هەندێ سەر چاوە دەیگێرنەوە کە ئەو گرفتە بەرادەیەك دەرکەوتبوو کە وەك دیاردەیەکی باوی لێهاتبوو ،یەکێ لەو رەفتارە قێزەوانانەی عەرەب بۆ نمونە لە کاتی بازاری کردن و کرینی شت و مەكدا یان هەر ئاڵو گۆرێکی تر دەبوا موالییەك شت و مەکەکەی بۆ هەڵگرتایە ئەویش لە پێشێیەوە برۆیشتایە ، جا گرنگ نەبوو ئا خۆ ئەوە موالی خۆی بووە یان کەسێکی تر . لە دەورانی خەلافەتی عەباسیەکان کێشەکان قولتر بوونەتەوە، کاتێ عەرەبەکان بۆ رایی کردنی کاری دەوڵەت داری و هاریکاری کردن لە بەرێوەبردندا کەسی شارەزایان بەکار دەهێنا و لەگەڵ ئەوەشدا هەڵسان بە دانای سەرکردە و سەربازی نا رەسمی لەو نەتەوە غەیرە عەرەبانە و سەپاندنی چۆرە رەفتارێکی نامرۆیی ونا بەرمبەری لە گەڵیاندا بێ ئەوەی هۆی گونجاویان هەبێ ، لە وانەیە ئەوە جۆرێك لە جۆرەکانی جاشایەتی بوو بێ ، یان یەکەم فۆرمەکانی جاشایەتی بوو بێ . ئەم جۆرە رفتارانە کێشەکانیان قولتر دەکردەوە و بە تێپەربوونی کات دەبوون بە دەنگی نارەزایی و سەر هەڵدانی جولەی چەکداریش و دواجاریش کاتێ هێزو دەسەڵات دەکەوتە دەستی ئەو سەرکردانە و هەلی لەبار دەهاتە پێشەوە بۆ دەرباز بوون لە نایەك سانی و ناهاوتایی لەگەڵ عەرەبەکان بە جۆرێك لە جۆرەکان سەربەخۆی خۆیان بەدەست دەهێنا وجیادەبوونەوە و ئیمارات ودەوڵەت وتەنانەت ئیمبراتۆرییەتیشیان دا ئەمەزراند هەر وەك سەلجوقیەکان و دواتریش ئیمبراتۆریەتی عوسمانلی دامەزراوە.. کێشەی موالی لە رێرەوی مێژوودا ئەوەی دووپات کردۆتەوە کە ئەو گرفتە کۆمەڵایەتیانە دەبێ لە رێی بیرمەندی کۆمەڵایەتی وبەشێوەیەکی زانستی چارەسەر بکێ و هیچ دەخالەتێکی نیاز پاکی یان ئاینیی ناشێ وەك چارەسەر راست بکرێتەوە یان ئەژمارد بکرێ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە