خۆپیشاندانەكەى 17ى شوبات وسەروەرى یاسا !!

Thursday, 05/05/2011, 12:00

1512 بینراوە







بۆ قسەكردن لەسەر دۆخى یاسایى خۆ پیشاندانەكان پێویستە لەسەرەتاوە قسە لەسەر مافى خۆپیشاندان بكەین لەعێراق وهەرێمى كوردستانیشش وەك بەشێك لەو عێراقە.ئەوەى ئاشكرایە دەستورى عێراقى 2005 دایك وسەرچاوەى هەموو یاساكانى عێراقە بەهەرێمیشەەوە.ئەو دەستورەش لەمادەى (38) یدا زۆر راشكاوانە بریارى لەئازادى رادەربرین وخۆپیشاندان داوە بۆ هەموو هاوڵاتیەكى عێراقى بەوشێوازەى كە بەكاربردنى ئەو مافانەلەچوارچێوەى ئاداب ونیزامى عامدا پیادەبكرێ. لەهەمان كاتیشدا مادەى (46) ى دەستورەكە یاسادانەرى عێراق و هەرێمەكانى مولزەمكردووە كە لەدەركردنى هەریاسایەكى تایبەت بەرێكخستنى ئەو ماف وئازادیانە ناوەرۆك وجەوهەرەكەیان نەشێوێنن و ماهیەتى ماف وئازادیەكە لەبارنەبەن. هەرچەندە تائێستا یاسایەك لەحكومەتى فدرالى عێراقیەوە دەرنەكراوە بۆرێكخستنى ئەو بوارە،بەڵام لەهەرێمى كوردستان یاساى ژمارە(11)ى ساڵى 2010 دەركرا بۆ رێكخستنى خۆپیشاندانەكان.كاتى خۆى قسەم لەسەر ئەو یاسایەكرد لە هەندێك كەناڵى راگەیاندندا وە لەوتارێكیشدا لەرۆژنامەى ئاوێنەدا، وتم ئەوە یاساى لەسێدارەدانى ئازادى خۆپیشاندانە نەوەك یاسایەك بێ بۆ دەستەبەركردنى خۆپیشاندان،بەڵام بەداخەوە گوێ لەهەموو ئەودەنگە نارازیانە نەگیراكە لەخەمى پاراستنى مافەكانى هاوڵاتى ئەو هەرێمەبوون ،وە رووداوەكانى سەرەتاى ئەو سالەى 2011 راستى ئەو بۆچونەیان سەلماند،بەهۆى ئەوەى زۆربەى داواكاریەكانى هاوڵاتیان تایبەت بە سازدانى خۆپیشاندان لەسلێمانى وهەولێرو شارۆچكەكانى ترى كوردستان لەلایەن لایەنە بەپرسەكان مۆلەتیان پێنەدراو رەتدەكرانەوە، بەواتایەكى روونتر هاوڵاتیان لەممارەسەكردنى مافێكى سەرەكى ودەستورى خۆیان بێبەشكران.ئەگەر عێراقى ئێمە وڵاتێكى دامەزراوەیى وقانونى بوایە ودەسەڵاتى قەزایش وەك دەسەڵاتى تەشریعى وتەنفیزى بەپێى محاێێەى حیزبى وتایەفى پرنەكرابوایەوە ،ئەوا دەكرا تانە لەنادەستوریەتى ئەو یاساى خۆپیشاندانە بدرایە لەدادگاى فیدراڵى باڵا،چونكە یاساكە بەراشكاوى مافى دەستورى خۆپیشاندانى هاوڵاتیانى غەسبكردووەو ممارسەى ئەو مافەى خستۆتە بەر مەزاجى دەسەڵاتى حوكمرانەوە بەپێچەوانەى ئەوەى كە لەدەستوردا بریارى لێدراوە.بەڵام چیبكەین ئێمە لەوڵاتێكدا دەژین قانون ناوى بێ ناوەرۆكە،ئەمەش سەرچاوەى هەموو نەگبەتى وكێشەكانمانە.
دواى نیوەرۆى 17/ شوباتى /2011، لەبەر رۆشنایى ئەو یاسایەدا ،بەپێى مۆلەتى فەرمى خۆپیشاندانێك لەبەردەركى سەراى سلێمانى ئەنجامدرا، دواتر رەوتى خۆپیشاندانەكە بۆ شوێنێكى تر برا كەشەقامى سالم بوو، بەتەحدیدیش نێوانى لقى چوارى پارتى و مەكتەبى رێكخراوە دیموكراتیەكانى یەكیەتى، خۆپیشاندەران لەوێ لەلایەن لقى چوارەوە تەقەیان لێدەكرێ و لەئەنجاما یەكێك دەكوژرێ ونزیكەى (60)كەسى تریش برینداردەبن،ئەو رووداوە بووە هەوێنى بەردەوام بوونى خۆپیشاندانەكان بۆماوەى زیاتر لە60 رۆژ لەبەردەركى سەرا.
ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین قسە لەسەر رووداوەكەى 17ى شوبات بكەین بەپێى یاساى ئاماژەپێكراوى سەرەوە. ئەو خۆپیشاندانە فەرمى بووە و لایەنى بەرپرس ئیجازەى پێدا بوو، ئامانج لەئیجازە وەرگرتن لەدەسەڵات یا ئاگاداركردنەوەى بەمەبەستى ئەنجامدانى خۆپیشاندان،بۆ ئەوەیە دەسەڵات رێوشوێنى تایبەت بگریتەبەر بۆ پاراستنى خۆپیشاندەران وخۆپیشاندانەكە وهاوڵاتیانیش لەوەى هەركارێكى توندو تیژى لێبكەوێتەوە یارووبەروویان بێتەوە،بەڵام ئەگەربەوردى دیقەت لەرووداوەكەبدەین بۆمان دەردەكەوێ كە دەسەڵات وەبەتایبەتى لایەنى بەرپرس لەئاستى بەرپرسیارەتى وئیلتزامى خۆیدانەبووە، لەبەرئەوەى خۆپیشاندانەكە بەپێى ئەحكامەكانى یاساى ئاماژەپێكراو هەلسوكەوتى لەگەڵ نەكراوە وەك ئێستا دەیخەینەروو.
مادەى (8)ى یاساكەدەلێ: (وەزیر یاسەرۆكى یەكەى كارگێرى لەكاتى دەرچوونى خۆپیشاندانەكە لەئامانج وكاتى دیاریكراوى خۆى بۆى هەیە پاش راوێژكردن لەگەڵ لیژنەكەدا خۆپیشاندانەكە بڵاوە پێبكات.) لێرەدا ئاشكرایە كەخۆپیشاندانەبنەرەتیەكە لەبەردەركى سەرابووە بەڵام دواتر ئاراستەو رێرەوەكەى گۆرا بەرەو جادەى سالم، نێوان بەردەركى سەراو پێش لقى چوار لەجادەى سالم ماوەیەكى كەم نیە بۆ رۆیشتنى خۆپیشاندانێكى جەماوەرى،وە دەكرا بەهەموو شێوەیەك رێگرى بكرێ لەو ئاراستەگۆرینە وبڵاوكگردنەوەى خۆپیشاندانەكە بەو رێو شوێنەى كە یاساكە دیارى كردووە، ئەگەر لایەنى بەرپرس لەسەرەتاوە خۆى بەتەواوى بۆ پاراستنى خۆپیشاندانەكە ئامادەكردبوایە ، ،كەواتە لێرەدا ئەو لایەنەى ئیجازەكەى داوە بەپشت بەستن بەو مادەى سەرەوە لەئامادەباشى تەواودا نەبووە بۆ رووبەرووبوونەوەى هەر ئەگەرێك كەلەخۆپیشاندانەكە بكەوێتەوە،كە ئەمەش حالەتێكى ئاسایى ومومكینە،بۆیەش ئەو لایەنە بەرپرسیارەتى قانونى هەڵدەگرێ بەپێى یاساى ئاماژەپێكراوى خۆپیشاندان لەو رووداوە نەخوازراوانەى لە خۆپیشاندانەكە كەوتۆتەوە.
دواجار لەبەردەمى لقى چوار خۆپیشاندەران دەكەونە بەر دەسترێژى گوللە،،گوایە لەناوخۆپیشاندەرانەوە گوللە و بەردئاراستەى لقى چواركراوە. ئەگەر لەناو خۆپیشاندەران كەسانێك هەبوە چەك وتەقەمەنیان پێبووە،لەبەرچى لەسەرەتاوە یادواتر ئەگەر گوللەیان ئاراستەى لق كردووە ئەو هێزەى كە حیمایەى خۆپیشاندانەكەى كردووە بەپێى برگەى(1) مادەى (7)ى یاساكە هەڵسوكەوتى لەگەڵ نەكردوون،كە دەڵێت :(قەدەغەیە چەك لەلایەن بەشدارانى خۆپیشاندانەوە لەكاتى خۆپیشاندانەكە هەڵبگیرێت یا لەخۆ ببەسترێت،بالەرووى یاساییشەوە مۆلەتى هەڵگرتن یابەستنیان هەبێت،ئەویش لەكاتى خۆپیشاندانەكەدا.)هەموو ئەو هێزەى كەبۆ پاراستنى خۆپیشاندانەكە تەرخان كراون بێگومان دەبێ پۆلیسى تایبەت بەچالاكیەمەدەنیەكان بن،بەپێى یاساش پێویستە ئەوانە ئاگادارى ناوەرۆكى ئەو یاساى خۆپیشاندانە بن بۆ چۆنیەتى هەلسوكەوتكردن لەبەرانبەر خۆپیشاندەرانا.بۆیە من قسەلەسەر ئەوە ناكەم كە خۆپیشاندەران چەكیان پێبووە یانا چونكە ئەمە كارى لێكۆلینەوەى وردى دادگایە راستى ئەو مەسەلەیە روون بكاتەوە. بەڵام ئەگەر بەراستى لەناو خۆپیشاندەران چەك هەبووەو تەقەیان لەبارەگاى لق كردووە بۆ ئەو هێزە لەسەرەتاوە هەوڵى دەستبەسەراگرتنى ئەو چەكەى نەداوە یالەو كاتەى خاوەنەكەى بەرانبەر لق بەكاریهێناوە ،مەگەر ئەوە بەپێى مادەى ئاماژەپێكراو لەیاساكە لەئەرك وبەرپرسیارێتى ئەواندا نیە.ئایا ئەمەش پێشێلكاریەكى ترى یاساكە نیە لەلایەن ئەو هێزەى تەكلیف كراوە بەحیمایەى خۆپیشاندانەكە.
دەربارەى شێوازى رووبەرووبوونەوەى خۆپیشاندەران لەلایەن لقى چوارەوە،دیسان پەنا دەبەینە بەر هەمان یاساى خۆپیشاندان وبزانین ئایا شێوازێكى یاسایى بووە یاخود بەدەر لەیاساى خۆپیشاندان كەسانى ناو لقى چوار هەڵس وكەوتیان كردووە بەرانبەر خۆپیشاندەران. برگەى(1)ى مادەى(8) یاساكە دەلێت: (ئەگەردەزگاكانى پۆلیس زەحمەتیان لەبڵاوەپێكردنى خۆپیشاندەراندا بینى،وێراى ئەوەى داوایان لێكراو لەسەر ئەوەش سووربوون،،بۆى هەیە هۆكارى مۆرك مەدەنى بۆ بڵاوەپێكردنى خۆپیشاندەران بەكاربهێنێ). راپۆرتى سەرەتایى لێكۆلینەوە باس لەبوونى شوێنەوارى گوللە بەدیوارى لقى چواردەكات،ئەمە لەكاتێكدا هیچ ئاماژەیەك نیە كەئەو گولانە زیانێكى گیانیان لێكەوتبێتەوە.بەڵام لەئەنجامى ئەو تەقانەى لە لقەوە كراون، نزیكەى(60) بریندارو كوژراوێكى لێكەوتۆتەوە،ئەو ماوەیەش كە ئەو رووبەرووبوونەوەیە خایاندوویەتى لەدەورى (10) دە دەقیقەیەكدابووە.واتە رووبەرووبوونەوەى لق بەخۆپیشاندەران ماوەیەكى زۆر كەمى خایاندووە،كە دەكرا بەرپرسانى لق بەشێوازێكى ترهەلسوكەوتیان لەگەڵ بارودۆخەكەكردبا وەك لەو مادە یاساییەدا بریاردراوە واتە بەهۆكارى مۆرك مەدەنى،وە هەتا ئەگەر بلێین تارادەیەك مەترسیشیان لەسەربووبێ دەبوایە بەپێى ئاستى مەترسیەكە بەرگریان لەخۆكردبایە،هەروەك قانونى سزادانى عێراقیش ژمارە(111) ى ساڵى 1969 لە باسى حالەتى دیفاعى شەرعى لەبەرانبەر پاراستنى سەروماڵدا بریارى لێداوە ،كە پێویستە بەرگریكردنەكە لەئاستى مەترسى وهەرەشەكەدابێ،وەبەمەبەستى رەتكردنەوەى مەترسیەكە بێت نەوەك بۆ ئەنجامدانى تاوانێكى گەورەتر لەو مەترسیەى رووبەرووت بۆتەوە.بەتایبەتیش كە هێزى پۆلیس لەو ناوە دا بوونى هەبووە ،واتە ئەو مەترسیەى ئەگەر هەبووبێ لەو رادەیەدانەبووە كەبەو شێوە وەڵام بدرێتەوەو زیانى گیانى لێبكەوێتەوە.ئەوە لەكاتێدا دەبینین كەمادەى (8)ى ئاماژەپێكراو بەهەموو شبَوەیەك قەدەغەى بەكارهێنانى گوللەو چەكى زیندووى كردووە بۆ رووبەرووبوونەوەى خۆپیشاندەران وبڵاوەپێكردنیان.بێگومان ئەنجامى شێوازى رووبەرووبوونەوەكەى لقى چواریش بەرانبەر خۆپیشاندەران تاوانى دەستدرێژى بۆ سەرژیانى كەسانى لێكەوتۆتەوە و كارى دادگاى تایبەتمەندە كەجۆرى تاوانەكە دیاریكا بەپێى بارودۆخى تاوانەكەو ئەنجامدەرانى و ژمارەى تاوان دەرهەقكراوان لەبەر رۆشنایى یاساى سزادانى عێراقى ژمارە(111)دا. بۆیە دەپرسین كە ئایا ئەمە شێوازى بەرەنگار بوونەوەى خۆپیشاندانێكى مەدەنیانەیە وەتا چ رادەیەك لەگەڵ ناوەرۆكى مادەى(8)ى ئاماژەپێكراو لە یاسای خۆپیشاندان یەكدەگرێتەوە ؟
ئەوە زۆر بەكورتى پوختەى رووداوەكەى 17ى شوبات بوو كە لەبەر رۆشنایى ناوەرۆكى یاساى خۆپیشاندانى هەرێمى ئاماژەپێكراو هەڵسەنگاندنێكمان بۆ كرد،ئەو یاسایەى كە دەسەڵاتى حوكمران بەپێى بەرژوەندى وویستى خۆى سەپاندى و گوێى لەپێشنیارو داواى دەنگە نارازیەكان نەگرت دەربارەى هەندێ مادەى ئەو یاسایە.كەچى سەیر لەوەدایە هەمان دەسەڵات ئامادە نیە رێزى بگرێ وئەحكامەكانى جێبەجێبكا بەرانبەر دیاردەى خۆپیشاندان وخۆپیشاندەران.ئەگەر بەپێى ناوەرۆكى ئەو یاسایە لەگەڵ خۆپیشاندانەكەى 17/ شوبات هەلسوكەوتكرابا لەلایەن لایەنى ئیدارى بەرپرسەوە وە هەم لەلایەن لقى چوارەوە كەدەزگایەكى رێكخستنى سەر بەحیزبێكى باڵادەستى حوكمرانە،هەرگیز ئەو هەموو ماڵ وێرانى وكارەساتانە رووى نەدەدا.بۆیە دووبارە تەئكید دەكەمەوە كەكێشەى ئێمەرێزنەگرتنى قانونە،بەداخەوە ئیحترام وسەروەرى قانون بەتەنیا ئەركى هاوڵاتى نیەوناتوانێ بیسەپێنێ بەڵكو بەر لەهاوڵاتیان ئەمە ئەرك وئیلتزامى دەسەڵاتە كەرێزى یاسا بگرێ وسەروەرى یاسا دەستەبەركا ، لەبەرئەوەى هاوڵاتى مل كەچە بۆ یاساو بەرژەوەندى وخۆشبەختى لەسەروەرى یاسادایە،بەڵام ئەوە دەسەڵاتى حوكمرانە لێرە و لەوڵاتانى ترى هاوشێوەى ئێمەش كەرێز لەسەروەرى یاسا ناگرن وخۆیان لەسەرووى یاساوە ئیعتبار دەكەن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە