ماڵى كورد و ماڵى حزب

Saturday, 25/02/2012, 12:00

1380 بینراوە




 
حزب،كۆمەڵیك تاكى ناو كۆمەڵگەن،لەسەر بیروباوەڕێكى گونجاو،لەپێناو ئامانجێكى دیاریكراودا گرد ئەبنەوە،بەدیاریكردنى ئەو ئامرازو رٍێگایانەى دەیگرێتە بەر.كەواتە كارى پارتایەتى بەشێكى گەورەیە لەژیانى سیاسی،بەتایبەت لەكۆمەڵگە شەرقیەكاندا كە هێشتا دیموكراسیەت نەبووەتە ئەجێندەى كاریان،سەرنجام مادام حزب بەشێكە لەكۆمەڵگە،كەواتە هیچ حزبێك ئەگەرچى مێژووەكەى بگەڕێتەوە بۆسەردەمى داینەسوڕەكانیش،ناتوانێت لافى ئەوە لێبدات،كەباوك و دایكى میللەت هەمووى هەرخۆیەتى.
بۆیە،هەمیشە تاك و كۆمەڵى كوردى وەك خۆى لەحزب تێنەگەیشتوون،چونكە لەسیاسەت تێ نەگەیشتوون،بۆچى..؟.لەبنەڕەتدا كارەكە بۆ خزمەتى تاكە،جا لەهەر ڕوویەكەوە بێت،هەر سیاسەت و حزبێك نەیتوانى خزمەت بەتاك و خاك و كۆمەڵگە بگەیەنێت،دواجار ناتوانێت،خۆشى بدۆزێتەوە لەگۆڕەپانەكەدا،چونكە ئەوە زەمەنە نەك حزبەكەى "ئەو"،بەڵكو ڕەنگى پێست و مووى قژیش ئەگۆڕێت،بەو واتایەى نابێت،حزبێك یان گروپێكى سیاسی،هەتا ئەگاتە ماڵپەرو ڕۆژنامەو گۆڤارێكیش،لەسەر یەك كەس تاپۆو بینابكرێت،ئەمە فاشیلترین جۆرى پەروەردەى حزبایەتى و حزباندنى كۆمەڵگەیە،لەجیهاندا نمونەى ئەم پارتانە بەسەرچوون...ئێ ئێمە ئەم حیكایەتە بۆچى ئەكەین..؟.
ئەگەر،حزبێك خاوەنى سەركردەى هوشیارو لەخۆبردە بوو،خاوەنى سەرمایەیەكى ڕەمزى لە كەوادیرى وشیارو پڕ مەعریفەى سەردەم بوو،بێگومان حكومەت و ئیدارەیەكى باشیش پێشكەش ئەكات و، نمونەیەكى باشى جێبەجێكارى دیموكراسیش ئەبێت لەناوچەكەى خۆیدا،چونكە حزب وەسیلەیە بۆگەیشتن بەئامانجە نەتەوایەتیەكان،ئەو ئامانجانەى تەنانەت لەدەستوری وڵاتاندا بە "جامد" و دەست لێنەدراو ئەژمار ئەكرێن..بۆیە پێش پەیداكردنى كەسى تەكنۆكرات بۆحكومەت باش وایە كار لەئامرازەكەدا بكرێت،ئەمڕۆ زیاتر لەهەر كاتێك كوردستان سەرۆكێكى پێویستە كە لەڕوانگەى بەرژەوەندییەكانى حزبەكەى خۆیەوە،چوار پارچەكە نەبینێت،یان لە بارودۆخێكى نەخوازراودا كە میللەت لەسەرمافە ڕەواكانى هاتە دەنگ،كار نەگەیەنێت بەوەى كە شارو ناوچە،یان عەشیرەت و خێڵێك بۆخۆى،ئیتر ئەودواى چى لێدیًَت كەیفى خۆیانە..!!..نا..نا..زۆرن لە سەركردایەتى حزبە كوردستانیەكاندا خوازیارن ماڵى كورد یەكبخرێتەوە،بەڵام یەكخستنەوەى ماڵى كورد لە یەكخستنەوەى ماڵى حزبەوە دەست پێدەكات،لە دانانى سنورێك بۆ گەندەڵى و بەهەدەردانى داهاتى نیشتمان و نەسڕینەوەى ئەویترەوە،دەق ئەگرێت،ئەمە هەقیقەتێكە ئەگەر بۆ زۆر میدیاى سەربەدەسەڵاتى بنوسم ڕەنگە نوسینەكەشم بایكۆت بكەن.
كورد،ماڵێكى داپشكاوو شێواوى هەبووە لەمێژوودا،"شەرەفخان" وەك یەكەم مێژوونوسى كورد، هۆى ئەم یەكنەگرتن و جوداخوازییە ئەگێرێتەوە،بۆ لەعنەتێكى ئاینى،كە دووبەردەیان یەكنەگرێت،ئەگەرچى هەزاران نمونەى بەرچاو لە ناكۆكى و جیاوازبوون،نزیكمان ئەخاتەوە لە ڕاى شەرەفخان،بەڵام ئەمە هیچ بنەمایەكى زانستى و تەنانەت لەگەڵ ماهیەتى خودى مێژووشدا ناگونجێت،مێژوو بۆ خوێندنەوەى ئایندەو بەرزكردنەوەى تواناى هزرى تاكەكان پێویستە.بەڵام ئینسان كەمێكى ئەمێنێت بۆ"شێت بوون"كە ڕابردووى كورد بخوێنێتەوە،هەموو جار كە تەسەروفات و كاروبارى ئەم سەركردایەتى حزبانە ئەبینم،ئەڵێم ئەمانە،لەم سەردەمەى ئێستادا ئاوهان ئەبێت لەهەفتاكان و هەشتاكان چیان كردبێت،،!!.دەیان هەقایەقى گەورەترن هەن،لەسەردەمى میرایەتى بابانەكاندا،(5) برا هەن (37) ساڵ خەریكى براكوژى ئەبن،ئەمیان پەنا ئەباتە بەر فارس و ئەویتریشیان پەنا ئەباتە بەر توركەكان تابراكەى خۆى سەرشۆڕ بكات،بۆماوەى (37) ساڵ ئەمە پیشەیان ئەبێت،ئاخر سەیرە،كێ هەیە نەزانێت شەڕى ناوخۆى یەكێتى و پارتى شەڕى نفوسى ئێران و توركیا بووە،كێ هەیە ڕۆڵى ئێران لەجموجۆڵى ناڕەزایی كوردستاندا درك پێ نەكات،،؟.ئێستا لەهەرێمى كوردستان-عێراق.بەحزبە تازەكەى "قادر عەزیز"ەوە،(37) پارتى سیاسی هەن،لەئێران ئەوەندە جیابونەتەوەو تێكەڵبوون كەس سەرى لێوە دەرناكا..!!.لەتوركیا جگە لەچەند پارتێكى كەم،(بەدەپە) حزبێكى پێشكەوتووەو دۆخى كوردى گەیاندۆتە ئاستێكى باش.كەمترین ڕوبەرى كوردستان لە سوریایە،كەچى تائەمساڵەكە (11) حزب بوون،ئێستا بوون بە (15) حزب،لەسەرەتاى (شوباتى 2012) سەرۆكى هەرێم كۆنگرەیەكى لەهەوڵیر بۆبەستبوون،بڕیار وابوو،هەر حزبەو (4) كەسیان ئامادەبێت،حزبێك (6) كەسیان هاتبوو،بۆیە هەر لەناو هۆڵەكە جیابونەوەو بوون بە (2) حزب و بەیاننامەشیان دەركرد...!!.ئێمە لەهەرێمى كوردستان لەبارى دیبلۆماسیەتیشدا هەرواین،لەزۆربەى وڵاتان نوێنەرى حزبەكان هەن،نوێنەرى حكومەتیش هەیە،ڕەوەندى كوردو شتى تریش هەیە،ئەى كوا جالیەو لۆبى كورد..؟ ئەى كوا قەزیەى ئەنفال و كیمیاباران بۆچى بەجینۆساید نەناسران..؟ مەگەر وەزارەتى مافى مرۆڤ و شەهیدان و بودجەمان نەبوو..؟.كەواتە ماڵى حزب ڕێك و پوخت نەكەنەوە،ئەوەشى بەدەستمان هێنا،بەفوویەك ئەچێت بەحەوایا.دواجار گشت سەركردەیەكى كوردمان پێ قبوڵە وێنەكەى لەسەر سەرمان بێت،بەڵام هیچ كاتێك قبوڵ نییە لەژێر وێنەیەكى (3) بە(4) ى بارزانى نەمرد،غەدر لەكورد بكرێت و مافوئازادییەكان زەوت بكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە