چالاكییەكەی شەهید بێریتان هێڵی بەرخودانی كوردی ئازادە

Sunday, 25/10/2009, 12:00

2263 بینراوە


رۆژی 23-10-2009 لەشاری كەركوك یادی 18هەمین ساڵیادی چالاكییە گیانبازییەكەی شەهید بریتان كرایەوە.
رۆژی 23-10-2009 ئەنجوومەنی ژنان و تەڤگەری ژنانی ئازادیخوازی كوردستان لەبارەگای ناوەندی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەشاری كەركوك سیمینارێكیان بۆ ئەندامی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بەرێز نەجیبە عومەر سەبارەت بە 18هەمین ساڵیادی چالاكییە گیانبازیەكەی شەهیدی سەركردە، شەهید بریتان رێك خست.
سەرەتای سیمینارەكە بە دەقەیەك رێز گرتن بۆ گیانی پاكی شەهیدانی رێگای ئازادی ودیموكراسی دەستی پێكرد و پاشان بە داگیرساندنی 18 مۆم بەیادی 18هەمین ساڵیادی چالاكییەكەی هەڤاڵ بریتان داگیرسا و ئەندامی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بەرێز نەجیبە عومەر سەبارەت بە چالاكییەكەی شەهید بریتان ئاخفی و ووتی: چالاكییەكەی هەڤاڵ بریتان، رد كردنەوەی ئەو ئەقلیەتەیە كە هەمیشە تەسلیمیت بە بنەما دەگرت و پاشان دەبێتە بەكرێگیراو. هەڤاڵ بریتان ئەو ئەقڵیەتەی قەبوول نەكرد و لەبەرامبەر بە چەمكی كوردایەتی ساختە و نوكەریش هەڵویستی نواند. هاوكات چالاكییەكی لەو ئاستەدا، هەموو روح و وجدانێكی هەژاندو و بەم چالاكییەی سەلماندی كە ئیدی كورد بەدەستی كورد كۆشتن مەحاڵەو پێویستی بە یەكێتی نەتەوەیی هەیە. هەروەها بە چالاكییەكەی هەڤال بریتان، ئەو راستیەش بەدەركەوت كە ژن، لاوازو بێ ئیرادە نییە و ژنانیش دەتوانن بە خۆ بەهێز كردن و رێكخستن كردنیان، كۆمەڵگا بەرێوە ببەن و لەهەمانكاتیشدا ببنە هێزی پێشخستنی كۆمەڵگا. چالاكییەكەی هەڤاڵی شەهیدمان، شەهید بریتان، واتای ئەشق و خۆشەویستی راستەقینەشی بە گەل و نیشتمان نیشان دا و بەم شێوەیە گۆزارەی لەوانە كرد؛ ئەگەر ئەشق و خۆشەویستیەكی راستەقینە هەبێت، ئەوا تەنها لە وڵاتێكی ئازاد و بەئازادی پێك دێت. بەم بوونەوەیەوە هەڤال بریتان ئازادی و خۆشەویستی لە پێناو وڵات و ئازادی دا وەكو دوو پرەنسیپی سەرەكی و لەیەك دانەبڕوا گڕێ دا بەیەكەوە.
بەرێز نەجیبە عومەر، تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئەو كاتەی رەوشی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد بە پێشانگایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان و ووتی: لەو كاتە دا، هێڵی تەسفیەچیتی هەبوو و هێڵی بەرخودان، شەهید بریتان، هیڵی بەرخودانی بەبنەما گرت و رێكخستن و گەریلای پاراست، ئەمەش ئەو هێڵەیە كە لەسەر هەمان بنەما بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد، ئەمڕۆ بە بەرخودانی رێبەر ئاپۆ و گەریلا وگەل، هەوڵی دەستپێشخەری وچارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد دەدات لەباكووری كوردستان و رێرەوی پرسەكەشی گرتووەتە دەست. هەر لە هەمان سیمیناردا، نەجیبە عومەر شاندنی گروپەكانی ئاشتی بۆ باكووری كوردستانیش كە لەسەر ئەساس پێشنیاری رێبەری گەلی كورد بەرێز عەبدوڵڵائۆجەلان پێك هاتووە نرخاند وووتی؛ ئیدی پێویستە دەوڵەت و ئەو لایەنانەی كە خوازیاری ئاشتین، وڵامی هەنگاوەكانی كوردان بدەنەوەو بانگیشی لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانیش كرد كە بۆ چارەسەری پرسی گەلەكەمان لەباكووری كوردستان وبەشەكانی تر، رۆڵ ببینن و بێدەنگ نەمێنن.
بەرێز نەجێبە عومەر ئەندامی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لە بەردەوامی قسەكانی دا ووتی: پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بە شێوە و فۆرمێكی جۆدا بەردەوامە، ئەوەتا ئەمڕۆ لەباشووری كوردستان هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، پرسی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان چارەسەر نەبووە. تەنانەت هەوڵدەدەن بارودۆخێكی تایبەت بەكەركوك دیار بكەن و هەڵبژاردنەكانیش دوا بخەن. ئەم پیلانگێرییە لەلایەن ئەمریكا، ئەنگلیس و ناتۆو دەوڵەتە قەوارە پارێزەكانەوە دارێژراوەو دەرێژەیشی هەیە، پێویستە گەلەكەمان بەگشتی و لایەنە سیاسیەكان بەتایبەتی هەوڵی یەكرێزی و یەك هەڵویستی بدەن و بۆ كۆنفرانس و كۆنگرەیەكی نەتەوەیی هەنگاوی بەرچاو بنن و ستراتیژیەتێكی نەتەوەیی دیار بكەن.
لە داوی دا بەشدار بووان بە پرسیارو وڵامدانەوە جۆشێكی فراوانیان بە سیمینارەكە بەخشی و لەكۆتاییش دا بە درۆشمەكانی بژی رێبەر ئاپۆ، شەهید نامڕێ كۆتایی بە سیمینارەكە هات.
کوردستنپۆست: له‌ رۆژی ولات ه‌وه‌ بۆمان نێردراوه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە