داعش و تێکدانى هاوکێشەى ململانێکان..ئەمریکا وەک سەنتەرى مانەوەى داعش

Tuesday, 23/12/2014, 12:00

1384 بینراوە


پێش ئەوەى بچینە ناو خوێندنەوەکەوە ، دەکرێت کۆمەڵێک پرسیار لە خۆمان بکەین:
1. بەهارى عەرەبى چى لە گۆڕەپانى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و فەرەهنگیدا گۆڕى.
2. ئەو بۆشاییە سیاسیە چى و چۆن بوو ، کە داعش تێدا سەرى هەڵدا.
3. داعش چۆن بوە میراتگیرى قائیدە.
4. داعش چۆن سودى لە ململانێکان بینى.
5. دەرکەوتنى داعش چۆن هاوکێشەى ململانێکانى ڕۆژهەڵات بە تایبەت و جیهانى گۆڕى.
6. تورکیا کەوتە کوێ ى ئەم یارییانەوە و ئایا یارچییەکى سەرکەوتو بوو یان یارچییەکى خڵەفاو.
7. وڵاتانى عەرەبى دەکەونە کوێ ى یارى چوارگۆشەى ئێران تورکیا ئەمریکا و داعش.
8. پێشمەرگە و گەریلا یاریچى سەرەکین یان وەک کارتى نمایندەى جیهانى وێنا دەکرێت.
9. دابەزینى نرخى نەوت و وڵاتانى ئۆپیک و ململانێ لەگەڵ ئێران گوشار بۆ سەر ئەمریکا ،چییە و چۆنە.
10. ئەو تاکتیک و سیناریۆیانە چێن کە بزوێنەرى ئەم گۆڕانکارییانەن.
هەموو ئەمانە و چەندین پرسیارى تر دەکرێت لە خۆمانى بکەین سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەى کە زۆر بە خێراى دەگوزەرێن ، خۆ ئەگەر تورکیا گڵۆپى سەوزى بۆ هەڵکرا بێت لە لایەن وڵاتانى ئەوروپى و ئەمریکى و ناتۆ وە سەبارەت بە ڕوبە ڕوبونەوى داعش ، ئەوا ئێستا دواى ئەوەى داعش بەرەیەکى جیهانى دژى وەستاوە دەکرێت تورکیا یارییەکە بگۆڕێت ، سیاسەتى دوفاقیانە بەکار بهێنێت ، ئەمریکاو ئەوروپاش لەوە دەترسن سەرزەمینێکى جوگرافى نەهێڵنەوە بۆ داعش تا نمایشى خۆى تێدا بکات ، ئەو کات سەکۆى شەڕەکان بگوازێتەوە بۆ قوڵاییەکانى ئەوروپا و ئەمریکا(سەرەتاکانى خەریکە دەردەکەون تەقینەکانى ناو وڵاتى سوید) ، ئەوا سیناریۆى هێشتنەوەى داعش بە لاوازى جۆرێکە لەو تاکتیکەى کە نەهێڵن داعش لەوە زیاتر گەشە بکات و وە نەهێڵن بە تەواوەتى لەناو بچێت ، واتا شۆێنێک بۆ داعش بە کراوەى بهێڵنەوە تا نمایشى بەرنامەکانى خۆى تێدا بکات ، کە توند و تیژییە ،بۆ ئەوەى ئەم توندو تیژییە نەگوازرێتەوە بۆ وڵاتە کراوەکان ، کە بە سیاسەتى کورەى هەنگ ناسرا بوو ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆ سەنتەرى مانەوەى داعش دەبن....وەک خۆیان دەڵێن ئەم شەڕە درێژە دەکێشێ (وەک خۆیان بۆ ماکیاژکردنى سیناریۆکانیان بەردەوام دەیڵێنەوە) ، لە لایەکى ترەوە دابەزینى نرخى نەوت و پێداگرى وڵاتانى عەرەبى لەسەر کەمنەکردنەوەى هەناردەکردنى نەوت ، جۆرێکە لە ترس لە نزیک بونەوەى ئەمریکا و ئێران ، لەلایەکى ترەوە کوردەکان وەک هێزى پێشمەرگە و پەکەکە و پەیەدە کە پێداویستیەکى زەمینى تەواوکارى ستراتیژى سەربازى ئەمریکین ، تا ئێستا ئەگەر بەرگرى بۆبێت لە خاکى کوردان لە کۆبانێ و شەنگال و جەلەولا ، ئەوا دواى سنورەکانى کوردستان دەبێتە کارتى بەکارهێنراو... ئەگەر کوردەکان نەتوانن ئەم یارییە سەربازیە وەک کارتێک بۆ بەرژەوەندى نەتەوەیى خۆیان بەکاربهێنن ، خۆ ئەگەر وا نەبێت ، ئەوا دەکەونە هەڵەیەکى قورسەوە ، لە لایەکى ترەوە ئێران کە ڕۆڵى دووەم یاریچى سەرەکى دەبینێت ڕوو بە ڕووى گوشارى عەرەبى بوەتەوە ، کە ئەگەر بە دیوێکى تردا بخوێنرێتەوە دەکرێت بڵین دابەزینى نرخى نەوت ، ئەگەر کارئەکتەرەکانى وڵاتانى عەرەبى بن بۆ گوشارخستنە سەر ئێران و لەگەڵیدا عێراقى داماو کە سەرچاوەى سەرەکیان نەوتە ، ئەوا دەکرێت بڵێن کارئەکتەرى سەرکى کە لە پشتى کەوالیسەوەیە ئەمریکایە ، کە بە دیوێکدا هاوپەیمانێکى شاراوەى ئێرانە دژى داعش و بە دیوەکەى تردا نایەوێت ئێران لەوە بەهێز تر ببێت لە ڕێگەى پلانەکانیەوە بە وڵاتانى عەرەبى ، سیاسەتى هێشتنەوەى هاوسەنگى)
بەردەوام هاوکێشەکان لە گۆڕانى خێرادایە ، پەیوەندیەکان لە سەر هێڵێکى بەرز و نزم و پچڕان و گرێدانەوە دەڕوات.... وەک:
پەیوەندى نێوان تورکیا و سعودیە و تورکیا و ئێران و تورکیا ئەمریکا لەسەر ئاستەکان.
بەشارد ئەسەد و نزمبزنەوەى بێدەنگى چەند ساڵەى وڵاتانى عەرەبى و ئێران ، تێکچونى پەیوەندیەکانیان زیاد لە جارێک لە ماوەیەکى کەمدا ، تورکیا و ڕوسیا و تورکیا و ئەمریکا.
ئێران و پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و بە پێچەوانەى ئاراستەى ئەم پەیوەندییانەوە لەگەڵ وڵاتانى خلیج.
کورد و کێشەى ڕۆژئاواى کوردستان و ناوخۆى تورکیا و پەیوەندیەکان و گرژییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد.
پێشمەرگە و گەریلا لە لیستى تیرۆرەوە بۆ بەرەى ناتۆ و قۆناغى دووەمى شەڕ و درێژکردنەوە ئەم شەڕانە بە سیناریۆى ئەمریکا.
بەردەوامى مانەوەى دابەزینى نرخى نەوت و بەکار هێنانى هاوسەنگى دولایەنە سەبارەت بە ئێران.
بۆ ئەوەى بزانین ئەم هاوکێشانە کە وێنا دەکرێت بە تەونى جاڵجاڵۆکە ئاراستەکانیان و بەرزى و نزمیەکانى و بەکارهێنانى کارتەکان...... بەردەوام دەبێت لەگەڵیدا بگَوڕێین...
کورد بۆ ئەوەى یارییەکە بە ئاراستەى بەرژەوەندى خۆى بکات دەبێت بەردەوام ئاگاى لە گۆڕانکارییەکان بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە