بەرجەستەكردنی سیستمێكی حوكمڕانی گونجاو شەرتە

Sunday, 13/11/2011, 12:00

1514 بینراوە






پاش بێنە و بەردەیەكی زۆر و مەشغوڵكردنی زۆرینەی خەڵكی ئەم هەرێمە بۆ ماوەیەكی دوورو درێژ بە ئەگەری گۆڕین و نەگۆڕینی سەرۆكی حكومەتەكەمانەوە ، دواجار دوكەڵی سپی كڵێساكە لە دوكەلكێشەكەی پیرمامەوە بە ناروونی دەركەوت، گوایە جارێك بۆ ئەم دوو مانگە(وا چاوەروان دەكرێت بۆ دووساڵەكەش) تەخت و تفاق و تەراجی حكومەت بەهەمان ڕەنگ و شێوە و ناوەرۆكی بەرێوەبردن وەك خۆی بمێنێتەوە .
وەك دەزانرێت ئەوەی گرنگ بێت لە دەستاودەست كردنی دەسەڵات ئەوەیە كە خەڵك چاوەرێی كاری باشتر لە كەسی جێگرەوەی شیاوتر دەكات لە فەزایەكدا كە رێسا و یاسایەكی هەمەچەشنی گونجاو بە پاڵپشتی سیستمێكی سەقامگیری باوەرپێكراو مەیسەر كرابێت و، هەموولایەك پابەندبن بە بڕیار و راسپاردەكانی فەرمانرەوایەتیەوە، نەك بە فەرمانی كەسێك یان كارێزمایەك یان حزبێكەوە . بەدامودەزگەیی كردنی حكومەت هیچ پەیوەندیەكی بە تاكەكەسێكەوە نیە ئەگەر سەرجەم بەشەكانی حوكمدارێتی كارەكانیان بە پێیی رێنماییە زانستیەكان بەرێوەبچن و حكومەت دوور لە دەستی حزب ئەركەكانی رایی بكات و سەلاحیەتەكان وەك خۆیان بە پێوەری سەردەمانە دابەشكرابن و كەس لە بازنەی دیاریكراوی خۆی دەرنەچێت، ئەگینا بۆ میلەت هیچ فەرقی نیە حكومەتێكی هەبێت سەرۆكەكەی حەمە بێت یان خولە .
لە نەبوونی پێداویستیە گرنگەكانی بەرجەستەكردنی سیستمێكی حوكمرانی گونجاو و بوونی دەردانی سەلبی لە ملاملانێیە حزبیەكاندا وا فەرزدەكات كە سەرنجی خەلك بۆ مەسەلەیەك رابكێشرێت خۆی لە خۆیدا و لەبنەرەتدا پێویستە لە رێكخستنەوەیدا هیچ كێشەیەك دروست نەكات بە تایبەتی لە كاتێكداین وا چەندین ساڵە بەسەر خودحوكمڕانیدا تێدەپەرێت و هەمیشە ئیدعای پێشكەوتنخوازی دەكرێت لە لایەن بریاربەدەستانەوە، ئەم بارودۆخەی ئەمرۆش وا لەچاودێران دەكات بە رەشبینیەوە برواننە ئاسۆكان و لەو باوەرەدابن كە لەرێكخستنەوەی ماڵی كورد لە بازنەیەكی بەتاڵدا دەخولێینەوە .
ئەم هەموو گرفت و كێشە و ئارێشانەی كە لەرێگەی حوكمرانێتی كوردستاندا زەقدەبنەوە، چارەسەكردنی ریشەیی و بنەرەتی لە پیادەكردنی چەند كردارێكدا خۆی دەبینێتەوە دوور لە دەستی بەرژەوەندخوازان، هۆكاری سەرەكی چەقبەستنی حوكمرانیش لەم چەند خاڵەدا دەردەكەوێت:
یەكەم : نەبوونی هەوڵێكی جدی و دڵسۆزانە بۆ چارەسەركردنی هەمەگیری هێڵە سەرەكی و گرنگەكانی ستونە زەروریەكانی تەلاری فەرمارەوایەتی و تەنها خۆ خەریككردن بە كاری ئیداری رۆژانە و ئەركە كاتیەكان و خۆدوورگرتن لە پرسە سەرەكیەكان و بە رنامەی بنیاتنانی حوكمرانی تەندروست .
دووەم: نەبوونی دەستورێكی هەمیشەیی بریارلێدراو وەك مەرجەعێكی یەكلاییكەرەوەی سەرجەم پرسە گەورە و گرنگ و چارەنوسسازەكان و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان كە هەر یەكەو لە چوارچێوەی ئەرك و مافی خۆیدا هەنگاو بنێت نەك بە ئیجتیهادی شەخسی مەسەلەكان راییبكەن .
سێیەم : بە پێیناوەرۆكی رەشنوسی دەستور كەتا ئێستا یەكلایینەبۆتەوە ، تا ئێستاش نازانرێت سستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتیە یان نیمچە سەرۆكایەتی یان پەرلەمانی، دابەشكردنی دەسەلاتەكانیش بەوپێیە لەو پرۆژەیەدا هاتووە بەرە و ئاسۆیەكی نادیارمان دەبات و لە هەرئاڵوگۆریكدا قەیران دروست دەبێت سەرەرای گرفت و قەیرانە هەمیشەییەكان، تەنانەت لە كاتی دەستاودەست كردنی دەسەلاتدا.
چوارەم: بەم شێوە بەرێوەبردنە كاتیە یاسا سەروەر نیە و بە پێی بۆچونی بەرپرس تەنانەت كاروباری دادوەریش بە تێكەڵاوی بەرێوەدەچێت كە زیاتر پشت بە یاساكانی زەمانی بەعس دەبەسترێت، ئەم وەزعە لە پاش بیست ساڵ حوكمرانی لوتكەی فەوزا و سەرلێشێواوی دەگەیەنێت .
پێنجەم : نەبوونی ئاراستەیەكی دروست و بۆچونی یەكلاییكەرەوەی دەسەڵاتداران لە مانەوەی هەرێم لە چوارچێوەی عێراق و پابەندبون بە دەستور و یاساو رێسای عێراقەوە لەسەر ئەرزی واقع یان هەوڵدان بۆ بریاردانی مافی چارنوس لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا كە زۆر جار بۆ موزایەدە كردن دەخرێتە بەر باس لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەمەش سەرجەم پرسە گرنگەكانی بە هەڵپەسێردراوی هێشتۆتەوە و لەو نێوەدا دووفاقیەت لە مامەڵەكردنی كاربەدەستانی هەرێم بە روونی دەردەكەوێت .
شەشەم : بڵاوبونەوەی گەندەڵی بە شێوەیەكی ئەختەبوتی و كەمتەرخەمی دەسەڵات لە ئاست بنبركردن وچارەسەركردنی ئەم كێشەیە تا دێت وەك فایرۆسێكی پەتای كوشندە تەشەنە دەكات و دوور نیە ببێتە هۆكاری سەرەكی لەناوچونی ئەزمونی هەرێمی كوردستان .
حەوتەم : ناروونی لەسیاسەتی مامەڵەكردن لەگەل پرسە نەتەوەیی و بەرژەوەندیە باڵاكانی كوردستان و پەیوەندیە ستراتیژیەكانی هەرێم لەگەڵ دەرودراوسێدا .
هەشتەم : نەبونی یاسای حزبەكان و بەرەڵایی لە رێكخستن ودابەشكردنی بودجە بەسەریاندا .
چارەسەركردنی ئەم گرفتانە ئاسان نیە، بەڵام بە ئیرادەیەكی بە هێز و دڵسۆزی و قوربانیدانی زلهێزەكان رێگەیەك دەدۆزرێتەوە،ئەگینا بە زەقبونەوەی ململانێی حزبەكان و بەهێزتربونی فشاری دەرەكی و ناوەكی قەیرانی سیستمی حوكمرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و بە ئاڵوگۆركردنی كەسێك یان پلەوپایەیەك هیچ لەمەسەلە بنەرەتیەكە ناگۆرێت .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە