كام هەڵوێست لە خزمەت كورد دەشكێتەوە

Tuesday, 24/06/2014, 12:00

1605 بینراوە




لەبارەی داهاتوی عێراق، چەندین بۆچون لەئارادایە . بەخوێندنەوەی وردی كاریگەری پێشهاتەكانی عێراق لەسەر رۆڵی ناوچەیی ئێران، لە عیراقەوە بۆ سوریا و ئینجا لوبنان، هەروەها لەسەر ململانێی توندرەو و میانرەوەكانی نێوخۆی خودی ئێران و، دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا و پرسی گفتوگۆی ئەتۆمی ئێران زۆر شتمان بۆ روون دەبێتەوە .
یەكێك لە بۆچونەكان دەڵێت، توندرەوەكانی ئێران بە توندی دەست بە مالكیەوە دەگرن و شەری داعش دەكەن وەك بەشار بە بەرزكی بانانەوە لەم زەلكاوە دەریدەكەن، لەم بارەوە پێدەچێت هانا بۆ (حزب الله) ی لوبنانیش بەرن، ئەگەر بارودۆخی لوبنان رێگە بدات . بەوشێوەیەش ناهێڵن میانرەوەكان هیچ تەنازولێك بۆ ئەمریكا بكەن، چ لە ئاست پرسی ئەتۆمیەكە بێت یان لە لادانی مالكی لە حوكم، بەمەش وای لێدێـت بەخۆیان لە ناوچەكە تەراتێن بكەن .
بۆچونێكی تر وای بۆ دەچێت كە راپەڕینی سونە تا رادەیەكی باش چۆك بە هیلالی شیعی دەدات، لەبەر ئەوەی زۆر خاڵی گرنگی سیاسی بەدەستیانەوە دەبێت ولەسەر ئەرزیش، سنوری عیراق و سوریاش گرنگە لە هاوكێشەكانداو ، لەم بارەشدا، مالكییش لەسەر كورسیەكەی نامێنێت .
بۆچونی سێیەمیش لەوەدا دەبێت كە باری ناوچەیی نوێ بێتە ئاراوە، هاوكاری لە نێوان میانرەوەكانی ئێران و سعودیە بێتەكایەوەو، گرژیەكانی شیعەو سونە خاوببنەوە. ئەمەش لە خزمەتی گفتوگۆكانی ئیران ئەمریكا دەبێت و، ئەمریكاش بە هەموو هێزو توانایەوە هەوڵ بۆ ئەم بۆچونە دەدات، بۆ ئەوەی چاكسازیەك لە پەیوەندیەكانیان بكەن و لە گفتوگۆكانیان سەركەوێت .
بە لێوردبونەوە لەم چەند رۆژەی دوای هاتنی داعش، بۆمان دەردەكەوێت كە دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزبون یان دابەشبون و شەر یان راستكردنەوەی رێرەوی سیاسی لەعێراقدا دەچێت .
ئێستا لێك نزیكبونەوەیەكی ئێران(بەتایبەتی میانرەوەكان) _ئەمریكا لەئارادایە بۆ نەهێشتنی داعش لە رێی هاوكاری سوپا و دەسەڵاتی عیراقەوە، بەڵام لە رێگەی لێكنزیكبونەوە و بە دەستپێكردنی دانوستانی لایەنە عیراقیەكان پێش یان هاوكاتی شەر لەگەڵ داعشدا . پاش ئەوەی ئەمریكا داوای لە مالكی كرد كە لەگەڵ سونە و كورد هەنگاوی جدی بۆ راستكردنەوەی دۆخەكە بنێت، كەچی مالكی هەنگاوی سەربازی بە باشتر دەزانێت بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكە،بە ئاشكرا ئەم هەڵوێستەی نواند و بەڵكو ئیستغلالی هەڵوێستی سیستانیشی كرد لەم بارەوە، ئەمەش نەك هەر بۆچونی خۆی بێت بەڵكو توندرەوەكانی ئێرانیش فشاری بۆ دێنن لەم بارەوە، چونكو دەزانن بە هەر دانوستانێك بێت مالكی لەسەر كورسیەكە نامێنێت،ئەمەش لە قازانج توندرەوەكانی ئێران نیە. ئێستا ئۆباما و روحانی (نەك توندرەوەكانی ئێران) بۆ ئەوە دەچن كە هاوڕابن لەسەر ئاسایی كردنەوەی دۆخی عیراق لە رێگە سیاسیەكەوە پێش هەر شەرێك، بۆیە پێدەچێت ئۆباما و روحانی بە شێوەیەك كار بۆ لادانی مالكی بكەن، كە لەقازانجی هەردوو لایاندایە، چ وەك ئۆباما لەئاست نەیارەكانی لە نێوخۆی ئەمریكا و، لەولاشەوە روحانیش لە ئاست توندرەوەكان و، بۆ هەردولا لە سەر ئاستی پەیوەندیەكانیان لەگەل عەرەبی سونەدا، چ لەنێوخۆی عیراق یان وڵاتانی دراوسێی، یان بۆ ریخۆشكردن بۆ سەركەوتنی گفتوگۆی پرسی ئەتۆمی ئیران .
ئەوەی پێشبینی دەكرێت كە مالكی بە كەلەرەقی و بە پشتبەستن بە توندرەوەكانی ئێران تەنها رێگەی شەر بگرێتە بەر، توندرەوەكانی ئێرانیش بە هەموو توانیانەوە لەم هەڵوێست و بۆچونەی پشتگیری دەكەن .
ئەوەی بۆ كورد گرنگە لەم هاوكێشانەدا، كە ئاگاداری زۆر توندی ئەوە بێت ، كە بە هەر رێگەیەكەوە بێت نەوەك بە ناراستەخۆ و بەهەنگاوی هەڵە بۆچون و هەڵوێستەكانیی لەپشتگیری و قازانجی مالكی بكەوێتەوە و، ئەگەر بۆی بكرێت بە نهێنیش بێت بە هەڵوێستی راست و بە كردەوە و لەسەر ئەرز لە دژی بوەستێتەوە، ئەمەش لە دەرئەنجامدا لەقازانجی دوارۆژی كورد دەكەوێتەوە، ئەگەر راستەخۆش بێت یان ناراستەوخۆ، شەری داعش و چەكدار و رێكخراوە هاوشانەكانی بە هەر شێوەیەك بێت لەگەڵ مالكی درێژە پێبدات، دیسان لە قازانجی ئامانجە ستراتیجیەكانی دەكەوێتەوە . چونكە بە دۆڕانی توندرەوەكانی ئێران و مالكی،نەخشەرێگا و ئەجێندایەكی تر دێتە ئاراوە كە بە چەسپاندنی فیدراڵی و هاتنە ئارای هەرێمی نوێ تەواو دەبێت، ئەگەر هەلێكی باش و پێگە سەرەكیەكان لە باری ئابوری و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی كورد ئامادە و لە ئارادابن، بریاری سەربەخۆیی كوردستانیش یەكێك دەبێت لە ئەگەرە سەركەوتوەكان . بەڵام بە سەركەوتنی باڵی توندرەوی ئێران و مالكی لەم جەنگە سیاسی و عەسكەریەیاندا لەگەڵ داعش و رێكخراوەكانی هاوشانی، پێگەی كورد لە هاوكێشە نوێكانی ناوچەكە و عێراق زۆر لاواز دەبێـت و، هیچ كارتێكی تریشی بەدەستەوە نامێنێتەوە .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە