كێ ناچێتە ژێر چەتری نەتەوەییەوە؟

Tuesday, 19/08/2014, 12:00

1686 بینراوە



هەڵوێستی نەتەوەیی یان هەماهەنگی نەتەویی لەپرسە چارەنوسسازەكاندا پێویستیەكی هەنوكەیی و هەمیشەییە بۆ گەلی كورد. هەڵبەتە بەرپرسیارێتی ئەو ئەركە دەكەوێتە ئەستۆی لایەنە سیاسیەكان بەر لەهەر كەسێك؛ چونكە پارتە سیاسیەكان هەریەكەیان نوێنەرایەتی و پێشەنگایەتی بەشێك لەكۆمەڵگەی كورد دەكەن، ڕوداو و پێشهاتەكانی ئێستای كوردستان ئەو ڕاسیتیەی بۆ هەموو لایەك ڕون و ئاشكرا كردووە كە گەرەنتی سەركەوتنی هێزە كوردستانیەكان و گەلی كورد بەسەر هەموو ئاستەنگی و پیلانگێڕیەكاندا تەنها یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی و گردبونەوەیە لەژێر یەك چەتری نەتەوەییدا، كاركردن لەسەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و داڕشتنی نەخشەی كاری هاوبەش بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو مژارێكی زۆر پێویستە و هەموو تاكێك لەم وڵاتەدا دەركی پێكردووە.

هەوڵ و تەقەلایەكی زۆر خرایەگەڕ بۆ ئەوەی گەلی كورد بگات بەو دەسكەوتە نەتەوەییە، بەڵام ئەو هەوڵدانە گشتگیر نەبوو لەچوارپارچەی كوردستانەوە و بەیەك ئاست بەدی ناكرا، هێزە كوردیەكان ئەگەر لەلایەكەوە زۆر جدی و پێداگربوبن و تێكۆشانیان بۆ ئەوە كردبێت، لەلایەكی ترەوە نەك بەدەنگەو چون نەبووە؛ بەڵكو ئاستەنگیش دروستكراوە، بڕوام بەو بیرۆكەیە نەماوە كە بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم لایەنەكان لەژێر چەترێكی نەتەوەییدا داڕێژراوە و بۆ گەیشتن بەئەنجامێكی سەركەوت و لەهەوڵداندایە، لەڕاستیدا ڕەش بین نیم بە ئایندەی گەلی كورد و خەبات و تێكۆشانە پیرۆزەكەی لەتەواوی كوردرستاندا، بەڵام كاتێك تابلۆیەك بۆ خۆی بەڕەنگی ڕەش ڕەنگڕێژكرا بێت، مرۆڤ ناتوانێت تروسكەیەكی ڕوناكی تێدا بەدی بكات.

شەڕی دوژمنانی كورد و كوردستان لەڕێگەی بەكارهێنانی كۆمەڵی دڕەندەی ناخڕەش و تینو بەخوێنی وەك تیرۆریستان داعش، زەنگی ئاگاداركردنەوەی تەواوی گەلی كورد و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانە بۆ ئەوەی چیتر بە ناتەبایی و پرش و بەڵاوی نەمێنەوە، چەتەكانی داعش بە نەتەوەی كوردیان وت بەبێ جیاوازی ئاینی و ئاینزایی و پارچەگەرێتی گیان و ماڵ و منداڵ و خاكتان تاڵان و وێران و خەڵتانی خوێن دەكەین، ئەگەر لەئێستا بەدواوە هەركەس و لایەنێك یەك وشەی نابەجێی دەركان گوایە داعش شەڕی كورد ناكەن، پێویستە بێدەنگی لەبەرامبەری قەبوڵ نەكرێت و بە تاوانی ناپاكی لەگەل و نیشتمان و بانگەشە بۆ تیرۆریستان و داگیركەرانی كوردستان دادگایی بكرێت.

زیاتر لەدووساڵە ئەو دڕندە ناخ ڕەشانە لەڕۆژئاوای كوردستان شەڕی گەلی كورد دەكەن و ژن و منداڵی بێ تاوانی ئەو بەشەی كوردستان كۆمەڵكوژ دەكەن، بەڵام دەسەڵاتداری باشوری كوردستان نەك ئامادە نەبوو كۆمەك و هاوكاری هاوزمان و هاونیشتمانی خۆی بكات؛ بەڵكو زۆر جار پاكانیەكان بۆ تیرۆریستان دەكرد كە هیچ تاوانێكی دژە مرۆڤایەتی ئەنجام نەداوە؟!.

لەئێستادا چەتە تیرۆریستەكانی داعش بە كردەوە دڕندانەكانیان لەشەنگال كارێكی وایانكردووە لەتەوای جیهاندا دەنگی داوەتەوە. ئەوەی لەشەنگال بەسەر گەلی كوردی ئێزیدی هاتووە جینۆساید و تاڵان و كۆمەڵكوژی و ئەنفالێكی تری گەلی كوردە بە شێوەیەكی ئاشكرا و لەبەرچاو، بەڵام بێدەنگی و بێخەمییەكی ئاشكراش بەدی دەكرێت.

ڕوداوە تراژیدیەكانی شەنگال و هەڕەشەی مەرگ و كومەڵكوژیەكی هاوشێوە لەسەر ئاوارەكانی كەمپی مەخمور و فراوانتر بونی بازنەی تاوانەكانی تیرۆریستانی داعش، هەروەها نێتی پەلهاویشتنیان بۆ سەردەسكەوتەكانی هەرێمی باشوری كوردستان بوو بەهۆكاری ئەوەی هێزەكانی پاراستنی كوردستان وەك هێزی پێشمەرگە و یەكینەكانی پاراستی گەل و یەكینەكانی پاراستنی ژن و هێزی پاراستنی گەل لەچوار بەشی كوردستانەوە كۆبكاتەوە، هەر ئەوەش بوو بە هۆی سەركەوتنی هێزی پاراستنی كوردستان بەسەر تیرۆریستان و پیلانگێڕاندا.

ئەوەی زۆر جێگەی شانازی و دڵخۆشیە هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی یەكینەكانی پاراستنی گەل بوو، ئەوان لەگەڵ ئەوەی زیاتر لەدوو ساڵە لەشەڕێكی زۆر قورسدان بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەبەرامبەر چەتەكانی داعش و هاوكارەكانی داعش، هاوكات هێرشێكی چڕی دڕندانە لەسەر شاری كۆبانی بوو، بەڵام كاتێك دركیان بە مەترسی چەتەكان كرد لەسەر ڕەبیعە و زومار و شەنگال بەو توانە سنوردارەی لەبەردەستیاندا بوو بێ دوودڵی خویان گەیاندە بەرەكانی شەڕ و هەزاران مرۆڤیان لەمردن ڕزگار كرد.

ئاشكرایە ئەگەر سستی نەكرایە و خۆدزینەوە نەبوای لەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان ئەو كارەساتە شومە بەسەر گەلی كوردی ئیزیدیدا نەدەهات و داگیركەران و تیرۆریستان نەیاندەتوانی بەو شێوەیە پەلاماری كوردستان بدەن، ئەوەی هێز و لایەنی سیاسی نەیكرد یاننەیویست بیكات لەسەر مێزی گفتوگۆ لەپرسی نەتەوەییدا، هێزی پاراستنی كوردستان لەگۆڕەپانی جەنگدا ئەنجامیدا و سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا.

دەمەوێت لەكۆتایدا ئەوە بڵێم ئەو كارەساتەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەسەر گەلی كورد هات زۆر بابەتی تەم و مژاوی ڕونكردەوە، پێویستە لەوە زیاتر چاوپۆشی لەهەر هەڵە و كەم و كورتیەكی بەئاگایی یان بێ ئاگایی نەكرێت، پێویستە لەوەزیاتر موجاملەی سیاسی نەكرێت و پەنجە بخرێتە سەر خاڵی لاواز لەهەر شوێن و لایەك هەبێت، پێویستە چیتر چاوەڕوانی ئەوە نەبین تەواوی هیز و لایەنەكان لەژێر چەترێكی نەتەوەییدا كۆبێتەوە، پێویستە هەرچی زووە لایەنە سیاسیەكان ئەزموونی نەتەوەیی لەهێزی هاوبەشی پاراستنی كوردستان وەرگرن و زۆرترینیان لەژێر چەتری نەتەوەییدا كۆبنەوە، هەر لایەنێكیش نەهاتە ژێر ئەو چەترەوە لێگەڕێن تا لەپێش چاوی تەواوی گەلی كورد بارانی شەرمەزاری و بەكرێگیراوی دوژمنانی كوردستان تەڕی دەكات و بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەبێت كە بەرژەوەندی كوردی ناوێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە