بەرپرسان جار جار دێن سەیرێكمان دەكەن و دەڕۆن ..ئاوارەكانی قەندیل داوای گەرەنتی لە حكومەت دەكەن

Thursday, 18/06/2009, 12:00

2097 بینراوە


 بەهۆی تۆپبارانی ئێران و هێرشی فڕۆكەكانی سوپای توركیا 200 خێزانی ناوچەی مەنگوڕایەتی ئاوارە بوونە و ئێستا لە باروودۆخێكی زۆر خراپدا دەژین. بۆ گوزارشت كردن لە باری ژیانی رۆژانەی ئەم ئاوارەبووانە گەشتێكی مەیدانی كرد بۆ ناوچەی مەنگوڕایەتی. مام ئەحمەد كە پیرەمێردێكی بەساڵاچوو بوو، پێی گوتین "لێرە ژیان نییە و هیچ سەروەت و سامانێكمان نەماوە، لە هەموو پێداویستییەكی ژیان تەنها ئەم خێوەتەیان پێداوین ئەویش ماوەیەكی تر بەهۆی گەرماوە دەسوتێت. داواكاریمان لە حكومەت ئەوەیە كە فكرێك بۆ ژیانی ئێمە بكاتەوە. سەید عەلی یەكی تربوو لەو ئاوارە بووانە كە تەنها لەگەڵ هاوسەرەكەی دەژی و منداڵیان نییە. سەبارەت بە گوزەرانی ژیانیان گوتی: پێشتر لە گوندەكەی خۆمان كارم بەخێوكردنی هەنگ بوو بەڵام لەوكاتەوەی تۆپباران كراوین ناوێرم بچمەوە لایان، بەڵام ئەوەندەی ئاگادر بم ژمارەیەكیان لەناوچوونە. ژیانی من لەسەر ئەو هەنگانە بوو. هەر لەناو خێوەتەكاندا چەند كچێكی هەرزەكارمان بینی كە ئەوانیش وەك بەساڵاچووەكان ئامادە نەبوون هیچ قسەیەك بۆ ڕاگەیاندن بكەن، چونكە وەك ئاماژەیان پێكرد قسەكردن بۆ ڕاگەیاندنەكانیش هیچ سودێكی نییە بەڵام هاوڵاتی حەسەن خدر گوتی: دوایین تۆپباران كە بەهۆیەوە ئاوارە بووین درەنگانی شەو بوو. بەڕاستی كاتێكی زۆر ناخۆشیش بوو، تۆپبارانەكە زیاتر ناوگوندەكانی بەئامانج دەگرت. سەبارەت بە هاوكارییەكانی حكومەت گوتی: هاوكاریمان كراوە بەڵام وەك پێویست نەبوو و داواكاریمان ئەوەیە كە چارەنووسمان دیاری بكەن. ئێمە ئامادەین بگەڕێینەوە شوێنی خۆمان بەڵام كاتێك كە دڵنیابین ناوچەكە ئارامە. خدر حەمە پێشتر لە گوندی ڕەزگە نیشتەجێ بوو، بە دڵپڕییەوە گوتی. توركیا و ئێران گوندەكانمان بەئامانج دەگرن و بە تۆپ و فڕۆكە هێرش دەكەنە سەرمان. بەهۆی دوایین تۆپباران ئاژەڵێكی زۆررمان لێ ونبووە و ژیانیشمان زۆر ناخۆشە. شەوی تۆپبارانەكە زۆر بە سەختی توانیمان خۆ دەرباز بكەین. خێوەتەكەی ماڵی كاك خدر لە شوێنێكی دوور لە ئاوەدانی بوو، ئەو دەیگوت: ئەو هاوكاریەی پێشكەشی ئێمە كراوە وەك پێویست نیە، تەنیا ئەو خێوەتەمان پێدراوە و ژیانیش تاسەر لەژێر ئەم خێوەتانە ناچێتە سەر، مەگەر بچینە خانووی كرێ. بەڵام بۆ ئەمەشیان ئەو تواناییەمان نییە و بەرپرسانیش جارجارە دێن سەیرمان دەكەن و دەگەڕێنەوە. ئەو گوتی ئەگەر حكومەتی هەرێم لێمان نەپرسێت ناچار بەرەو ئێران دەڕۆین. دەربارەی خوێندنیشەوە گوتی زۆر ماڵ هەیە كە لە توانایدا نییە كرێی ئۆتۆمبێل بدات بۆ منداڵەكانی تا بڕۆن بۆ قوتابخانە. ئەگەر خۆبەخۆ هاوكاری یەكتر نەكەین كارەساتی گەورە چاوەڕێمان دەكات. حسێن حەسەن پیرەمێردێكی بەساڵاچوو كە خاوەنی 12 سەرخێزان بوو گوتی: نەورۆزی ئەمساڵمان زۆر ناخۆش تێپەڕ كرد و ئێستاش لێرە كەوتوینەتەوە و هیچ كەس لێمان ناپرسێت و ژیانیشمان زۆر ناخۆشە. شەوانە ڕەشە بایەكی ساردی دێت و ڕۆژانەش شوێنەكەمان ئەوەندە بەرزە لەبەر گەرما ناتوانین ژیان بگوزەرێنین. سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ گوندەكانیان گوتی: ئامادەین بگەرێینەوە شوێنی خۆمان بەڵام بەمەرجێك حكومەتی هەرێم گرەنتیمان بداتێ. بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندی ڕەزگە لەناو خێوەتێكدا چاودێری قوتابیانی دەكرد. ئەوڕۆژەی ئێمە سەردانی ئەو قوتابخانەیەمان كرد یەكەم ڕۆژی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی خوێندن بوو. عەبدوڵڵا سەدیق گوتی بەهۆی ناخۆشی هاتوچۆكردن لەناو خێوەتەكان تەختەمان بۆ دانیشتن دانەناوە و كومبارمان بۆ ڕاخستون، كاتی دەوام ماوەیەكی كەمی ماوە و چوار پۆلمان هەیە لەگەڵ 60 قوتابی. قوتابخانەی ڕەزگە پێشتر لەگوندی ڕەزگە بوو بەڵام ئێستا لەناوچەیەكی نزیك ژاراوە كەپێیان دەگوت سیناوە چوار خێوەتی بۆ دابین كراون. بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندی ڕەزگە گوتی: بەرپرسانی ناوچەكە هاوكاریمان دەكەن. گوتی داوا لە رێكخراوە خێرخوازەكان دەكەین كە هاوكاری ئەم خەڵكانە بكەن. مام قادر بە هۆی ئەم تۆپبارانەی ئێران و بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا، هیچ هیوایەكی بە ژیان نەبوو. سەبارەت بە باروودۆخی ژیانیان گوتی: ژیانمان زۆر خراپە، بۆیە داوا لە بەرپرسانی هەرێم دەكەین كە هەوڵبدەن بۆ ئارامكردنەوەی ناوچەكەمان. مام قادر زۆر بە نیگەرانییەوە گوتی ئێران وڵاتێكی ئیسلامی نییە. ئەگەر ئیسلام بوایە ئێمەی تۆپباران نەدەكرد. ئەوان مەبەستیان پەكەكە و پەژاك نییە، چونكە ئەوان لە ئێمەوە دوورن و دەكەونە ناوچە شاخاوییە سەختەكان. ئێران و توركیا درۆ دەكەن مەبەستیان لەو تۆپباران و بۆردومانە لەناوبردنی هەرێمی كوردستانە. دڵنیام ئەگەر ئەو چەكدارانەی پەكەكە و پەژاك لەناوچە شاخاوییە سەختەكان نەمێنن بیانوویەكی تر دەدۆزنەوە بۆ بەردەوامبوونی تۆپبارانەكەیان. زولفە حەمە ئەمین خەریكی شوشتنی قاپ بوو، لێمان پرسی ئەو تابلۆیەی لەتەنیشت ئەم خێوەتە هەڵواسراوە هی كێیە؟ گوتی: هی ئەو ڕێكخراوەیە كە هاوكاری كردین. زولفە خان گوتی زیاتر لە 30 ڕۆژە لێرەین. ئەوەی دەیبینن ژیانی ئێمەیە. ئەوە كوا ژیانە. لەوكاتەوەی ئاوارە بووینە منداڵەكانمان نەخۆشن. ئەگەر ئارامی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە ئامادەین بگەڕێنەوە گوندەكەی خۆمان. بەڵام نەك بەشێوەیەك بین كە وەك ئەوەی لەسەنگەردابین. ئازاد وسو حەسەن بەڕێوەبەری ناحیەی ژاراوە گوتی: ئیمساڵ لە13/3ەوە جارێكی تر ئێران ناوچەی مەنگوڕایەتی تۆپباران كردەوە و زیاتر لە 120 خێزان ئاوارە بوون. ئێمە بەردەوام بە هاوكاری رێكخراوە خێرخوازییەكان هاوكاری ئەو خەڵكانەمان كردووە و پارێزگاری سلێمانیش 42 ملیۆن دیناری پێداین بۆ هاوكاری كردن و هەر خێزانێكیش بڕی 200 هەزار دیناری پێدراوە. گوتیشی كە هیچ جیاوازییەك لەنێوان ئاوارەكاندا نەكراوە لەكاتی دابەشكردنی هاوكاری و یارمەتییەكانی كە بەدەستمان گەیشتوون. هاوڵاتیانی ئاوارە بوو ئاستی گوزەرانی ژیانیان مامناوەندییە. لەڕێگەی خۆمانەوە داوامان لە حكومەتی هەرێم كردووە كە هەوڵ بدات بۆ كۆتایی هێنان بەو بارودۆخە نائاسییەی كە لەسەر سنور هەیە، چونكە هاوڵاتیان دلنیا نین بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان سەرلەنوێ ئاوارە نەبنەوە و هەمووكاتێك لە دڵەڕاوكێدا دەژین. ئەگەر ئەم بارودۆخەش بەردەوام بێت داوا دەكەین لەحكومەتی هەرێم لە شوێنێكی ئارام نیشتەجێیان بكات چونكە ژیان بەم شێوەیە ناگوزەرێت..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە