پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان پەسەند كردنی یاسای هەڵبژاردنەكان بەهەنگاوێكی باش دەبینێ

Monday, 09/11/2009, 12:00

1897 بینراوە


ئازاد شێخانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پەسەند كردنی یاسای هەڵبژاردنەكانبۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ئێراق ووتی، پێداگری لایەنی كوردی لەسەر ئەوەی كە كەركوك هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدرێ هەڵویستێكی گونجاو بوو، چەسپاندنی یاساكەش بەم شێوەیەی ئێستای جێگەی دەستخۆشییەو ئەم ئەنجامەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە ئەگەر نوێنەرانی كورد لەبەغداد لەسەر بابەتە چارەنووسسازەكان خاوەن هەڵوێستی گونجاو بن و پێداگری لەسەر هەڵوێستەكانیان بكەن ئەوا دەتوانن هەموو لایەك رازی بكەن و نە نەتەوە یەكگرتووەكان، نە هیچ هێزو لایەنێكی تر ناتوانێت لەرێگەی فشارەوە كورد ناچار بكات تەنازول بكات. لەلایەكی ترەوە پەسەند كردنی ئەم یاسایە بەمڕەنگە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هێشتا پێگەی كورد لەبەغداد بەهێزو هەموو لایەك ناچارن هەڵوێستی كورد بەهەند وەربگرن.
شێخانی سەبارەت بەپرۆسەی هەڵبژاردنیش گوتی كە ئێمە وا باش دەبینین كە لایەنە كوردییەكان بەلیستێكی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی بەبنەما بگرن ودوور بكەونەوە لەهەڵوێستی تەسكی حزبابەتی ، چونكە ئەو هەڵوێستە زیان بە پێگەی كورد دەگەێنێ لەسەر ئاستی ئێراقدا. شێخانی گووتی كاتێك ئێمە باسی یەك لیستی دەكەین، پێمان وایە دەتوانرێت ئەو رێژەیەی كە لەپەرلەمانی كوردستاندا هەیە بۆ دروستكردنی لیستەكان بەبنەما وەربگیرێت، واتە لایەنێك یاخود چەند لایەنێك خۆیان نەسەپێنن بەسەر لایەنەكانی تردا، ئەمەش دەكەوێتە خزمەتی گشتی یەوە. بەڵام ئەگەر لایەنەكان بەلیستی جیا بەشداری بن ئەوا لە كەركوك، موسل، دیالە، سەلاح دین، بەغداد، دەنگی كورد بڵاو دەبێتەوە و لە كورسیەكانی تەعویزیش ڕەنگە كورد زیانی بەر بكەوێت، هەر بۆیە باشترین هەڵوێست ئەوەیە كە لایەنەكانی كورد بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن. لەم بارەیەوە شێخانی ئاماژەی بۆئەوە كرد كە چۆن ئێران وعەلی سیستانی هەوڵەكانیان خستۆتە گەڕ بۆ یەكخستنی لایەنە شیعەكان پێویستە گەلی كوردستان ورۆشنبیرانیش فشار بخەنە سەر لایەنە كوردستانیەكان بۆ ئەوەی كە لیستێكی گشتی و هاوسەنگ دروست بكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە