تاڵه‌بانی به‌ مه‌سعودی وت: گه‌وره‌م ئه‌گه‌ر تۆ رازی نه‌بیت من نابمه‌وه‌ به‌ سه‌رۆکی کۆمار

Monday, 08/11/2010, 12:00

1570 بینراوە


دوێنی وەزیری دەرەوەی تورکیا ،بەسەردانێکی چاوەڕوان نەکراو گەیشتە هەولێر و سەرانی کوردی نەسیحەت کرد و دوای ئه‌وه‌ لێیدا و گه‌ڕایه‌وه‌.
ئەمڕۆ دەیان عەمامە بەسەری قاتلەبەر و دەیان شۆڤێنی عەرەب ڕوویان لەشارە داگیرکراوەکەی هەولێر کرد.
مەسعود بارزانی دەتگوت لەناو قەفەزی دادگادا ووتار دەخوێنێتەوە ،دەستەکانی لێ ببوە بەڵاو کە بەمێزەکەوەی دەگرت وەک شەقشەقە دەلەرزی
ئەمڕۆ سەرانی بەزۆر سەپێنراو و کۆیلەی کورد لەخزمەتی عێراقدا خۆیان وا چکۆلە کردبۆوە نەیان دەزانی چیبکەن و چۆن بۆ ئاغاکانیان بسەلمێنن کە بەڵێ کورد هیچی ناوێت تەنها ئێوە ڕێکەون و رژێمێک پێکبێن تا زیاتر شەڕی سونە و شیعە خەست نەبێتەوە، ڕێکەون و ئێمەش ئاهیکمان پێدابێتەوە و حوکمەتۆکەیەک دروست بکەن.
بەر لە چەند ڕۆژ هەردوو سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی و فراکسۆنەکانی تر بێ لەگۆران کۆبونەوە ،کاتێک باس هاتە سەر پرسی سەرۆک کۆماری تاڵەبانی بەمەسعودی ووت گەورەم ئه‌گه‌ر تۆ پێت خۆش نه‌بێت من نابمه‌وه‌ به‌ سه‌رۆک، سەیرە ئەگەر ئەم کابرایە نەخڵەفاوە ئەم کابرایە سوێی نەبۆتەوە بۆ ئەو پۆستە کارتۆنییە چۆن بەمەسعود دەڵێ گەورەم...؟ ئاخر لەڕووی تەمەنیشەوە سەیری بکەیت ، تاڵەبانی لەو گەورەترە ، پیاوه‌کانی تاڵه‌بانی، که‌ هەموویان گوێ بیستی قسه‌که‌ی تاڵەبانی بوون بۆ مەسعود هەموویان له‌ ته‌ریقییدا شه‌رم دایگرتن، بەڵام ئەوانەی پارتی لەژێر لێوە پێدەکەنین.
کەسێ لەناو سەرکردایەتی یەکێتی پێ ووتم: حەزم دەکرد لەو کاتەدا بمردمایە شەرم گرتبوومی، ووتم: ئەی بۆ واز ناهێنی یان هەڵوێستان بۆ نییە بەرامبەر ئەم پیاوە بچوکە ، ووتی: تازه‌ هەڵوێستی چیمان هەبێت بۆ لەم ووڵاتە پیاو ماوە بەخۆشمەوە؟
ئەمڕۆ هەولێر لەجەنگەڵستانی چەک دەچوو دارو بەردی هەولێر گیرابوو دەوت شەڕی واترلۆیە، دەیان بگرە سەدان سەرباز و زرێڤان و ئاسایش و پۆلیس و جاش و عەرەب سەرشەقامەکانیان گرتبوو، مۆڕ دەبوونەوە ئەم شارە بۆنی خوێنی لێ دەهات
سەرانی کورد هێندەی لەخەمی عێراقدان هەرگیز لەخەمی گەلی خۆیاندا نین ئەمڕۆ بۆ بۆ چه‌ندیین جار سەلماندیان کە کۆیلەی عەرەبن و وەک تاوانبار مامەڵەیان دەکرد لەگەڵ ئەو هەموو میوانە ناشرینە، که‌ بێ داوای لێ بووردن لەشەهیدان و گەلی کورد لێرە لەهەولێر کۆبوونەوە، کاتێکیش لە تەلەفیزۆنەوە لە مەسعودیان پرسی بۆ ئەم کۆبنەوەیە هاتە هەولێر . لەوەڵامدا ووتی ئێمە وەک کورد لەخەمی هەموو عێراقداین لەخەمی بەسرە و ئەنبار و بەغداداین.
چ شەرمەزارییە بۆ سەرکردەیەک لەخەمی بێگانەدا بێت بەڵام لەخەمی ووڵاتەکەی خۆیدا نەبێت و نیشتمانی کردبێت بە زیندانێکی بەر فراوان. کاتێک دەتەوێت لەئوتێلێک لەهەولێر یان بەپێچەوانەوە لەسلێمانی بمێنیتەوە هێندەت دەبەن و دەتهێنن ،کەچی عەرەبەکان ئاسودانە دەتوانن سانای لێرە بمێننەوە ،عەرەبێکم دی ئەمەندە ئازادانە دەهات و دەچوو ووتم لەوانەیە لێرە کار بکات ،ووتم لەمێژە لێرەی ووتی نه‌خیر ته‌نها ساڵێکە .
ئیستا لەسایەی سەرانی کورده‌وه‌ وا کوردستان بەعەرەب دەکرێ ، لەکاتێکدا تورکمانی پرسیاری لەمەسعود کرد تۆ دەلێی تەنها دوو نەتەوە هەیە ئەی تورکمان مەسعود لاڵ بوو ووتی تورکمان و کلدان سریان هەیە و ئیمە بڕواشمان پێهێناوە.
خوێنەری بەرێز هاتنی سەرانی عێراقی بۆ هەولێر تەنها بۆ بەرژەوەندی دووبنەماڵەی نیشتمانفرۆسە و هیچی بۆ کورد تێدا نییە.
بەهیوام گەلەکەم لەم جۆرە یاریانە بگات و خۆی نەکاتە مه‌قاشی دەستی داگیر کەران ، ئێمە خاوەنی ئەنفالین دەبوو نەهێڵین عەرەب بێ مۆڵەتی شەهیدەکانمان ڕوو لە نیشتمانمان بکەن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە