ماددەى 140ئێكسپایەر بووە؟

Monday, 16/06/2014, 12:00

1514 بینراوە






لەوەتەى دەستووری ئێراقی داڕێژراوە و گوایە سفرەیەكە بۆ كۆكردنەوەى سەرتۆپی گەلانى ئێراق بەتێكڕای نەتەوە و ئاین و ئاینزاكان، نەخاسمە لەڕوانگەى هەر كێشەیەكەوە باشترین چارە گەڕانەوەیە بۆ دەقەكانى دەستوور.


لەنێو ئەو كێشە زەق و دیار و بەرچاوانەى هەر لەگەڵ دروست بوونەوەى ئێراقی نوێ دوای ڕوخانى ڕژێمى فاشستى بەعس و بەدوماهی هاتنى سەدام و داردەستەكەى هاتە ئاراوە، مەسەلەی ناوچە كێشە لەسەرەكان بوو كە بەلای كوردەوە بەناوچە دابڕێنراوەكان و ناوچە كوردستانیە كێشە لەسەرەكان ناوزەد دەكرێ لەكاتێكدا وەكو چۆن كورد بەبەشێك لەخۆی و بەمافی خۆی ڕەوا دەبینێ، لەهەمان كات بەغدا سازش لەو ناوچانە ناكات و ئەویش هەمان ڕوئیا و دیدگای هەیە كە ئەو ناوچانە عەرەبین و پەیوەندیان بە كوردستانى بوونەوە نیە.

ئەوەى جێی هەڵوێستە لەسەركردنبێ لەماوەى دە دوانزە ساڵی ڕابردوودا هەر لەسەردەمى حوكمڕانى ئیبراهیم جەعفەرییەوە بگرە تا بە ئەیاد عەلاوى و مالیكى ڕادەگات هەر یەك لەوانە نەیویستووە ماددەى 140 جێ بەجێ بكرێ و دڵنیایش بوون لەوەى بەجێ بەجێكردنى ئەو ماددەیە ناوچە كوردستانیەكانیان لەدەست دەچێ و پێیان وابووە ناپاكى گەورە بەرامبەر بە ئێراق دەنوێنن ئەگەر ئیمزا لەسەر پیادەكردنى بدەن، بەجۆرێ هەر یەكەیان ماوە نا ماوەیێ بۆ دڵڕاگرتنى سۆز و عاتیفەى كورد جۆرە لێدوانێكیان داوە بەوەى دەبێ ئەو ماددەیە كارا بكرێ و كاری پێویستى لەبارەوە ئەنجام بدرێ، وەلێ كە گەیشتووەتە ئەرزى واقیع بەجۆرێ لەجۆرەكان خۆی لەپیادەكردنیدا دزیوەتەوە، لەوەش دڵنیاببوون كە زۆرێ لەو ناوچانە خۆیان و سوپاكەیان دەسەڵاتدارە..بەڵام لەم ڕۆژگار و قۆناغەدا كە سوپای ئێراقی لەهەمبەر داعش شكستى هێنا و بەشێكى زۆری ئەو ناوچانە كەوتنەوە ژێر ركێفی هێزى پێشمەرگە، بەمەیش هەق نیە كورد چیتر لە بەغدا بپاڕێتەوە تا ئەو ماددەیە جێ بەجێ بكات لەكاتێكدا ئەوەى زۆر گرینگە بۆ كورد لێ نەگەڕێ جارێكى تر سوپای ئێراقی لەو ناوچانە جێگیر بكرێ و شوێنەكانیان بۆ چۆڵ بكات، وە لەهەمان كات هەوڵی ئەوە بدات ئەوەى پێی دەكرێ بۆ بەهێزكردنی ئەو ناوچانە و هاندانى كورد بۆ گەڕانەوەى، بەمەیش خۆمان لەو ئێكسپایەرە بەدوور بگرین كە تا ئەمڕۆكەیش زۆرێ لەبەرپرسانى هەرێم ئەو ماددەیان كردۆتە بنێشتە خۆشە و هێشتا باسی لێوە دەكەن لەكاتێكدا بەغدا لەوپەڕی داڕمان و شڵەژان و شكستى سیاسی و سەربازیە، دەبێ كورد بۆ لەمەودوا ئەو پشتى لێ بكاتەوە و بەغدا مەمنوون بێت تا تەفعیلی ئەو ماددە بكرێ و هەرنا بەجۆرێ حكومەتى هەرێم كار لەسەر ئەو ناوچانە بكات بەكڵۆجێ حكومەتى ناوەند هیچی پێ نەكرێ و هەر هەوڵێك لەم ڕووەوە بیدات شكست بێنێ و نۆرەى كوردبێ بەغدا ڕووی لێ نێ و مەمنوونبێ كورد گفتوگۆی لەگەڵ بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە