"موعارەزە" بەشەرت

Wednesday, 08/07/2009, 12:00

2320 بینراوە


"عیماد ئەحمەد جێگرى سەرۆكى حكومەتى هەرێم" لەسایتى هاوڵاتى لەڕۆژى 8-7-2009 دا ئەلێت: "موعارەزیەكمان ناوێت لەپێناو ڕوخاندا بێت. بەڵام ئەگەر لەپێناوى گەشەكردن و پتەوكردنى دیموكراسیەتدا بێت پێمانخۆشە"، ئەم فەرهەنگەى عیماد ئەحمەد هەر هەمان ئەو قەوانە سواوەیە كە بەدرێژایى 18 ساڵى ڕابردوو بۆ حزب و خەڵكى كوردستانیان لێداوەتەوە. پاساوە قێزەونەكانى وەك: حكومەت ساوایە، ئەزمونەكە ئەبێت بپارێزین، دوژمنەكانمان لەبۆسەن بۆمان و بۆ شێواندنى ئارامیەكەى كوردستان، دوژمنانى گەلەكەمان، ....هتد، بەم پاساوانە خەڵك و لایەنەكانیان بە "خیانەت" تۆمەتبار كردون و زیندانى و لێدان و نان وئاوبڕین و تەنانەت كوشتنیش بەشى ئەو كەسانە بووە كە ملى نەداوە بەو پاساوانەى ئەحزابى دەسەڵاتدارى ناسیونالیست لەكوردستان، لەولاشەوە نەخشەى دۆشینى دوا دڵۆپى داهاتى كوردستانیان داڕشتوەو لەسەرى كارئەكەن.
ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆنەو بۆ دەسەڵات تێئەكۆشێت، مەگەر تەنیا لە ئەزمونى حوكمڕانى حزبەكەى عیماد و پارتى دەستەخوشكیاندا ئۆپۆزسیۆن سەر بە حزبى دەسەڵات بێت، موچەو ئیمتیازات بەقیمەتى لایەنگرى بێدەنگ بوون وەربگرێت، ئەگینا كام دەوڵەتى دنیا ئەگەر زەڕڕەیەكیش ئیدعاى دیموكراسى لەخۆى هەبوبێت، موعارەزەى وەك موعارەزەى ژێر سایەى حزبە دەسەڵاتدارەكانى كوردستان بێت؟
دیوى ناوەوەى ئەم قسەیەى عیماد ئەحمەد ئەوەیە كە ئەگەر موعارەزە بەدڵى ئەوان نەبێت و پەیڕەوى ڕێنماییەكانى ئەوان نەبێت و لەو هێڵەى كە حزبەكانى ئەوانى ئەوان بۆ موعارەزەى ئەكێشن لابدەن، ئەوا ڕێگایان پێنادرێت و مۆڵەتى كاركردنیان لێوەردەگرنەوەو ئەگەر هەر سوریش بوون لەسەر "لادان" ئەوا گۆمى خوێن ئەخوڵقێنن؟ ئیتر نە قسەیەك لەسەر ئازادى بیرو ڕاو كاركردن هەیەو نە باسى ماف ئازادى ڕادەربڕین وەك مافێكى سروشتى ئینسان لاى ئەمان بوونێكى هەیە.
بەڵام عیماد ناهەقى نیە بەو شكڵە قسەئەكات، چونكە بەدرێژایى ئەندام بوونى لەناو حزبەكەیدا بەو فەرهەنگ و سیاسەتە گۆشكراوەو فێركراوە، ئەو هەرگیز نەیدیوە لە ناوچەى بوونى حزبەكەى ئەودا حزبێك یان كەسانێك هەبن و سەربەئەوانیش نەبن و ئازادبن و مافى چالاكیان هەبوبێت، نە لەسەردەمى شاخ كەهیچ نەبوون، نەلە پاش ڕاپەڕینیش كەلەلایەن ئەمریكاوە دانران وەك حاكمى بەشێك لەكوردستانێكى سەرگەردان وبێدەرگاو پەنجەرە. هەربۆیە ئاساییەو ئێستاش پەیامەكەى ئەوەندەى بۆ لیستى گۆڕان و خودى نەوشیروانە، نیو هێندە بۆ موعارەزە نیە، چونكە خۆى خوێندكارى ناوەندێك بووە كە سەردەمانێك نەشیروان وەك مامۆستاى ناویان بەو شێوەیە مامەڵەى ئازادییەكان و ئەحزابى كردوە، ئێستا عیماد پێى سەیرە كە نەوشیروان لەوپرەنسیپانە هەڵگەڕاوەتەوەو ڕیعایەت ناكات! ئەیەوێ ناڕاستەخۆ بڵێت تۆ بۆچى ئێستا وائەكەیت، ئەیەوێ بڵێ نەوشیروان ئەوە تۆ نەبویت و لەبیرت نیە لەسەر نیوەكەمترى لەوەى كە خۆتان ئەیكەن، چ كوشتارێكت لە پشتئاشان خوڵقاند؟ ئەیەوێ بڵێ نەوشیروان بیرت چووەوە كە لەسەر نیوە كەمتر لەوەى كە ئێستا خۆتان بەناوى ئازادى پیادەى ئەكەن، ئەندازیارى كوشتنى پێنج كۆمۆنیست بویت بەڕۆژى نیوەڕۆ لەناو شارى سلێمانى؟ مەگەر كەم حوكمى كوشتنى خەڵكت داوە كە بەئەندازەى ئێستاى برادەرەكانت دژى "ئەزمون"ەكەو "دیموكراسیەتازە گەشەكردو"ەكەى هەرێم نەبوون؟ ئەیەوێ بڵێ نەوشیروان جەنابتان ئێستا هاتوون و هەرهەموو ئەو مێژوەى ئێمەت خستۆتە ژێر مەنگەنەوەو بە لەناوبردنى ئەزمونەكەى پارتى و یەكێتى، بەڵێنى دامەزراندنى "شامى شەریف" ئەدەیت بەخەڵك!
بەڵام عیماد پێویست بە دبلۆماسیەت ناكات لە كاتى قسەت لەگەل کاک نەوشیروان و لیستەكەیان، چونكە ئێوە خۆتان سەربەیەك خێڵن و جیاوازییەكە ئەوەیە كە ئەوان ئێستا دڵیان لە بەشێك لەئێوە ڕەنجاوە، درەنگ یا زوو ئاشت ئەبنەوەو ئەگەر كەسانێكى جدى پەیدا نەبن و لەشوێنى خۆتان داتانبنێ، ئەوا ئەچنەوە سەر هەمان ئەو سوننەت و فەرهەنگەى كە سەردەمانێك لەشاخ وپاشانیش لەشار پێكەوە وەك برا پیادەتان كردوە. بۆیە نیگەران مەبەو هێشتا ئێوە پۆپۆزسیۆنى ڕاستەقینەى خۆتان نەدیوە.

8-7-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە