لەسایەى ئێوەدا ئەم وڵاتە شایستەى پارچەبونە!

Monday, 14/11/2011, 12:00

1275 بینراوە







لەكاتى واژۆكردن لەسەر دەستورە هەمیشەییەكەى عێراق بەئاشكرا هەست بە فشارى ئەمریكا دەكرا لەسەر ئەوهێزانەى كە جۆرێك لە ڕەخنە و تێبینیان لە هەندێ لە مادە و بڕگەى دەستورەكە هەبوو.
ئەم وڵاتە چونكە لەسەرەتادا ئارەزو مەندانە پیك نەهینراوە بەدریژایى ئەم سەدەیەى ڕابردو لەهەمو سەردەمەكاندا هەرگیز وڵاتیكى دەستورى نەبوە، بەم چەند ساڵەى دوایشەوە كەباس لە عێراقى نوێى یاسا و دەستورى و فیدراڵى دەكرێت ! هەرگیز نەتوانراوە ئەو بڕوایە لاى دۆست و نەیاران دروست بكرێت كەسەرانى ئەم وڵاتە پابەند دەبن بە دەستورەوە .
ئێمەى گەلى كوردیش وەك ئەوەى هەنگمان لە داردا دۆزیبێتەوە هێندە دڵمان بەدەستورەكە خۆش بو، بەتایبەت مادەى 140 ى ئەو دەستورە، كەچى تائەمڕۆشى لەگەڵدابێت هیچ هەوڵێكى جدى بۆ جێبەجێ كردنى ئەو مادەیە نەلە دەسەڵاتدارانى ناوەند دەبینیین و نەپێداگیرى جدیش لە سەركردایەتى سیاسى كوردیدا هەستى پێ دەكرێت، دەتوانیین بڵێین ئەو دەسكەوتانەى كەتائەمڕۆ ئێمەى گەلى كورد بەدەستمان هێناوە زۆرى زیاتر نیە لەو خاڵانەى كە كاتى خۆى لە ڕێكەوتنى 11ى ئازاردا هاتبو، كەواتە پاش تێپەڕ بونى 41 ساڵ بەسەر ئەو رێكەوتنەدا كەچى ئێمە هێشتا هەر لە خولگەى خاڵەكانى ئەو ڕێكەوتنە زۆر دور نەكەوتوینەتەوە ، لەوانەیە هەندێ پۆستى سیادى زیاترمان بەدەست هێنابێت ، بەڵام ئەو پۆستانە ناتوانێت خزمەت بە كێشە نەتەوەییەكانى ئێمە بكات، هەڵەى سەركردایەتى سیاسى كورد لەوێدا بوو پاش نوسینەوەى دەستورەكە دانیشت بەدیار دەستورەكەوە وەك ئەوەى ئەو دەستورە بۆ وڵاتانى ئەسكەندناڤیا نوسرابێت! لەكاتێكدا هیچ گۆڕانكاریەكى ئیجابیانە لە هزرى هاوپەیمانەكانماندا نابینیین، ئیتر ئەو كەم ئەزمونیە و خۆشباوەڕیەى سەركردەكانى ئێمە چ مانایەك دەبەخشێت؟
لەسایەى ئەو دەستورەدا كە زۆربەى عێراقیەكان دەنگیان پێدا, ئەمڕۆ چەند پارێزگایەك داواى بون بە هەرێم و پیادەكردنى فیدراڵیەت دەكەن، ناوەندیش وە ئەوەى ئەو پارێزگایانە داواى سەربەخۆیى بكەن بەهەمو شێوەیەك داواكەیان ڕەت دەكاتەوە، ئیتر نازانم ئەو واژۆیەى كە كاتى خۆى لەسەر دەستورەكە كراو ئەو دەنگە (بەڵى) یانەش كە عێراقیەكان دەنگیان بۆدا هەڵەبو یان ئەو داوایەى كەئەمڕۆ ئەو پارێزگایانە دەیكەن بۆ بون بە هەرێم هەڵەیە!
دوو هۆكارى سەرەكى هەیە كە ئەمڕۆ پارێزگاكان داواى بەهەرێم بوون دەكەن هۆكارێكیان وەك لەسەرەتاوە وتم بە پێكهاتنێكى نائارەزو مەندانە ئەم وڵاتە پێكهێنراوە، هۆكارەكەى تریش ئەو گەندەڵى و كەمتەر خەمى و مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و بەهەدەردانى سامانى وڵات و دزى بەبەرنامەى مافیا ئاسا و جیاوازى زۆرى ئەتنى و مەزهەبى و تیرۆر كە سەركردەكانى ئەمڕۆى ئەم وڵاتەى پێ تاوانبار دەكرێت،كە وڵاتیان گەیاندوە بە هەرەگەندەڵترین وڵاتەكانى دونیا، بە بۆچونى من ئەم هۆكارەش ناڕاستەوخۆ پەیوەندى بە هۆكارى یەكەمەوە هەیە، ئەو دوهۆكارە وادەكەن كە مانەوەى ئەم وڵاتە بە یەك پارچەیى لە مەترسیدا بێت.
لە سایەى ئەو میزانیە زەبەلاحەدا كەچى هێشتا هەژارى بەرۆكى چینێكى زۆرى هاوڵاتیانى ئەم وڵاتەى بەر نەداوە، هێشتا ژێرخان و سەرخانى ئابورى ئەم وڵاتە نەبوژاوەتەوە، وەك ئەوەى ئەمریكا لەو پەڕى دونیاوە هاتبێت ئەم وڵاتەى تەنها بۆ سەرانى ئەمڕۆى بەغدا و هەرێمى كوردستان ڕزگار كردبێت، چونكە خێر و خۆشیەكەى هەر بۆ ئەوانە و نەهامەتى و نەبونى و كوشتار و ماڵوێرانیەكەشى بۆ گەلەكەیەتى.
ئەگەر دەتانەوێت پیاوە نەخۆشەكەتان بە یەك پارچەیى بمێنێتەوە ئەوا بەخۆتان و كار و كردەوەكانتاندا بچنەوە و دان بەهەڵەكانتانا بنێن، ئەگینا هەر ڕۆژەى پارێزگایەك ئەو داوا ڕەوا دەستوریە دەكات ، چونكە لە سایەى ئەم دەسەڵاتە ناداد پەروەرەى ئێوەدا ئەم وڵاتە شایستەى پارچە پارچە بونە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە