پێویست بە لێكۆلینەوە ناكات تاوانبار خۆى هاتە گۆ!!

Friday, 14/05/2010, 12:00

1397 بینراوە



بە شەهید(سۆران مامە حەمە)ى هاوڕێم پێشكەشە

سڵاو هەڤاڵانى تێكۆشەر، من پارتى نیم بەڵام بۆیە بەمشێوەیە سڵاوتان لێدەكەم چونكە لە گیانى خۆم دەترسم، لە گیانى خۆم دەترسم نەك لە بەرئەوەى كە ژیانم خۆش دەوێ و حەزەكەم ببمە پیرێكى ئەم ووڵاتە كۆست كەوتووە، نابە پێچەانەوە زۆریش لە ژیان بێزارم، بەڵام سوێند بە موبارەكیى عەشق و بە قەداسەتى شانۆ تەنها لە بەرئەوەیە كە چەند پرۆگرامێك لە بەرنامەمدا هەیە دەمەوێ بەر لە مردنم ئەنجامیان بدەم. ئەوانەش چەند ئیشێكى شانۆیى و ڕۆژنامەوانى و شەخێییە، ئەمەوێ پێشئەوەى لە دنیا دەرچم بەجێیان بگەیەنم. تەنها لەبەرئەوانەیە كە نامەوێ بەم گەنجییەم بمرم.
برادەرانى پیرترین حیزبى ووڵاتەكەم، ئەوە ماوەى زیاتر لە هەفتەیەكە تەواوى هاووڵاًتییە مەرد و واعییەكانى بەناو ووڵاتەكەمان بە هەموو جیاوازییەكانییانەوە بۆ ڕسواكردنى شكاندنى نووكى قەڵەمێك و سنوردانانێك بۆ بەربەرییەتى شاخ و هەڵكردن لەگەڵ ژیانى شارستانییەتدا و بۆ قبوڵ كردنى جیاوازى و لەسەرووی هەمووشیانەوە بۆ كوشتنى مرۆڤێك كەوتوونەتە خۆیان و ڕژاونەتە سەر شەقامەكان و شوكرى خوا هەر دەڵێى بۆنەیەكى نەتەوەیى كۆیكردونەتەوە جیا لە هەموو جارەكانى پێشوو ئەمجارە بەهەموو ئاگاییەكەوە و بەو پەرى مەدەنییانەوە تەنها و تەنها داواى ئازادى دەكەن ئەگەر دەزگایەكى نیشتیمانى و دوور لە دەستى حیزب هەبوایا دەبوو هەموو هاونیشتمانیانى ئەم هەرێمەى خەڵات بكردایا بۆ ئەو یەك هەڵوێستى و دەنگ هەڵبڕینە جەریئەیان، لە ئێستاوە ئەبێ ئیدى ئێمە وەك ووڵاتێكى وەكو فەرەنسا پشت بە جەماوەرى بە ئاگاى خۆمان ببەستین بۆ هەر پرسێك، چونكە دەركەوت كە ئیتر زەمەنى عەبركردنى پرسە گرنگ و نەتەوەییەكان بە نهێنی و لە بێدەنگیدا بەسەرچوو وە لە سایەى كەڵەكەبوونى فەسادى ئیدارى و ناعەدالەتى كۆمەڵایەتى و بوونى میدیاى ئازاد و ووجودى ئۆپۆزسیۆندا، ڕاى گشتى بە ئاگا هاتووەتەوە و بووەتە ڕەقەمێكى كاریگەر لە زۆربەى هاوكێشەكاندا. ئەمجارە بێگوێدانە جیاوازییەكان و هەمووان بەیەك دەنگ هاواریان كرد (بەڵێ بۆ ئازادى.. نا بۆ تیرۆر)، چەند هاوڕێیەكى عەرەبم لە زانكۆ كاتێ كە كارەساتەكەیان لە ڕێگەى میدیاكانەوە بینی بەو پەڕى سەرسوڕمانەوە دەیانگووت كە ئەوان هەرگیز باوەڕیان نەكردووە گەلى كورد هێندە گەلێكى هۆشیار و بە هەڵوێست و بە ئاگابن بۆ پرسە مەدەنییەكان. لەو كاتەدا تەواوێك دڵم بەوە خۆش بوو كە من مرۆڤێكى كوردم خەڵكى ئەم بستە زەمینەم. بەڵام كاتێ كە بیرم لە ڕەعیەتى ووڵات كردەەوە ئەو باڵانسى دڵخۆشییەم سفر بووەوە. دۆستان هیچ كەسێك راستەوخۆ فەخامەتى جەنابتانى تۆمەتبار نەكردووە بەوەى كە خوانەخواستە دارودەستەكەى خودانى كوردستان، ڕۆژنامەنووس و خوێندكار (سەردەشت عوسمان)یان لە ناو حەرەمى زانكۆدا و بە بەرچاوى پۆلیسى پارێزەرى خوێندكاران ئوستازەكانى مەعریفەوە!!! ڕفاندووە و دواتر بردوویانە بە یەكە یەكەى سەیتەرەكانى هەرێمى كوردستانى ئەمین و ئاماندا كە خۆتان ووتەنى تاكە شوێنى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە بۆ بەرقەرار بوونى ئاسایش تێیدا. دواى چەند ڕۆژێك ئینجا لە شوێنێكى دوورە دەستى وەكو موێڵدا بە كوژراوى فڕێیان داوە و دەمییان پڕكردووە لە گوللە!!! ئێمە واناڵێین بەڕێزان، بەڵكو ئێمە تەنها پرسیارتان لێدەكەین بەوەى كە ئێوە گەورە و سەرۆكى ووڵاتن دەڵێین بەڵكو لە سایەى دەسەڵاتى حەكیمانەى ئێوەوە خوێنى ئەم گەنجە بە هەدەر نەڕوا و كپكردنى دەنگى جیاواز نەبێتە مۆرك و كلتور لە ووڵاتدا و ئەمیش بە دەردى قەزیەكەى (سۆران مامە حەمە)ى جوانەمەرگ نەچێ، چونكە من شەخێى خۆم بەدواداچوونێكى ڕۆژنامەوانیم بۆ كەیسەكەى سۆران كرد و چاوپێكەوتنێكم لەگەڵ (عقید یادگار شكر بەرێوەبەرىjccكەركوك) سازدا بەڵام بەڕێزیان ووتیان كە لە سەرەوە ئەمریان پێكراوە غەڵقى ئەم مەلەفە بكەن (بڕوانە (ڕۆژنامەى نوگرە سەلمان) ژمارەى تایبەت بە ساڵیادى تیرۆركردنى شەهید سۆران22/7/2009). بۆیە ئێستاش ترسەكە لەوەدایە ئەو مێژووە نزیكە خۆى دووبارە بكاتەوە. بەڵام ئاماژەكان دەڵێن تاكو ئێستا كەمترین حاڵەتى تیرۆر لە سنورى دەسەڵاتى یەكێتی دا ڕوویداوە و هێندەش لاف و گەزاف بەو بارە ئاساییەوە لێنادەن چونكە ئەوە ئەركى سەرشانى حكومەتە كە ئارامى بۆ هاووڵاتیانى دابین بكات، بەڵام لە دواى شارەكانى عێراقەوە هەولێر یەكەم شوێنە كە زۆرترین و كوشندەترین جۆرەكانى ئیرهابى تێدا ئەنجام درابێ و هەمیشەش جەماوەرى بەدبەخت مەحكوم دەكەن بەوەى كە بڕوا بە سیناریۆهاى نمونەى (شێخ زانا) هەبێت. بەڵام ئێوە بۆ پێش ئاماژە دەكەون و بۆ لە ناو نزیكە بیست حیزبى بە ناو كوردستانیدا بە تەنها جەنابتان هاتنە قسە و بەیاننامەتان بڵاوكردەووە بەو بیانوەى كە پاكانەى خۆتان بسەلمێنن لەم ڕووداوەدا گوایە ئێوە بێبەریین لەم كارەساتەى كە بەرۆكى ووڵاتى گرتووە و سەرلەنوێ مێژووە گوماناوییەكەى خۆتان پێمان فرۆشتەوە؟؟ ئەكرا ئێوەش وەكو هاوتاكەتان لە سلێمانى لەم كاتەدا بۆ ئەوەى كە سەرنج نەیاتەسەرتان ئەگەر بە درووستكردنى چەند سیناریۆیەكیش بێت، هەندێ پیاوى خۆتان بە ناوى تیرۆریستەوە دەستگیر بكردایا و لە میدیاكانتانەوە وەتەنیاتتان پێبفرۆشتایا و دڵى خەڵكى عەوامتان بە خۆتان خۆش بكردایا!!! دڵنیام ئەوەتان لە دەست دێ چونكە ئەوە خۆتانن كە ماوەى هەژدەساڵە بانگەشەى ئەوە دەكەن كە گوایە دەزگا نهێنییە چاوكراوەكانى ئێوەیە ئەم ووڵاتەى پاراستووە و دەیان باندى تیرۆریستى دەسگیركردووە، كە خۆى لە بنەڕەتدا وانیە بەڵكو ئەوەى كە وایكردووە ئێرە تا ڕادەیەك پارێزراو بێت ئەوە ئیرهاب خۆیەتى تاكو ئیستا ئەم هەرێمەى نەكردووەتە ئامانجى سەرەكى خۆى، نەك بوونى دەزگا چاوكراوە و داپڵۆسێنەرەكانى ئێوە، بەپێچەوانەوە ئەو دەزگایانە ئەوەندە كە كاریان ڕوشاندنى كەرامەتى تاكى كورد و تەسفیەكردنى ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوسان و دەنگى دەرەوەى خۆى و هاوكات ێیراعە حیزبییە كۆنەكانە هێندە ئامانجى دابین كردنى ئەمنى قەومى نییە بۆ ئەم هەرێمە چكۆڵەیە!!تكایە سەروەرانى ووڵاتم تكایە، بۆ ئەوەى لەوە زیاتر یارى بە كەرامەتى ئینسانەكانى ئەم مەملەكەتە نەكرێت و یەك تۆز حورمەت بۆ تاكەكانى بگەرێتەوە لە كورسییەكانتان وەرنە خوارێ و هێندێك خۆتان بكەن بە خاوەنى ڕاستەقینەى ئەم خەڵكە ڕەشوڕووتە، ئاخر ئەزانن ئەم كارەساتە لە هەر وێرانەیەكى ترى دونیا بوایە نەك تەنها بەرپرسى پەیوەندیدار بەڵكو سەرۆكى ووڵاتیش داواى لێبووردنى لە ئیرادەى گەل دەكرد و ڕەنگبوو وازی لە دەسەڵاتیشَ بهێنبایا.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە