بۆ لە بانكەكان پارە نامێنێت؟

Tuesday, 01/01/2013, 12:00

1486 بینراوە


مرۆڤ چ دڵێكى بەوڵات و سەركردە و گەورەكانى خۆش بێت كەتاكو ئێستا خۆیان بەخاوەنى وڵات و موقەدەساتى نازانن، هەرهەموویان رەگەزنامەى وڵاتانیان لەباخەڵایایەو تا ئەم سات و كاتەش بڕوایان بەوە نیە لەم خاك وڵاتەدا ژیان بەسەر بەرن و، ژن وماڵو مناڵیان لە سوچێكى ئەم نیشتیمانە جێگیر بكەن.
نزیكەى 22 دانە ساڵە بەحساب سەربەخۆین و كیان و قەوارەیەكمان بۆخومان پێكهێناوە،بوینەتە حكومەتێكى نیمچە دامەزراو ،خاوەنى پارلەمان وئەنجومەنى وەزیرانین ، خاوەن سیادە و سوپا و موئەسەساتین، بەڵام هیچ كام لەومەسئول و شتە زلانە تا رۆژى ئەمڕۆ باوەڕیان بەوەزع وزروفەكە نیە ، بەردەوام چاوەڕێى ئەوەن بەلایەكدا بكەوێت ، ئەوانیش بەخۆیان و بارگە وبنەو جانتاى پڕ لەدۆلارەوە ئۆغربكەن و باى باى لە ئاو و خاك و هەواى كوردستان بكەن. تۆ ئاگاداریت لەو هەموو مومتەلەكات و سەروەت وسامان ڤێلا و كۆمپانیا ریزە تانكەر و بیرەنەوت و مەزرەعە و چى و چیە ،تاكە یەك دانە شت چیە هەتا ئوتومبێل و خانوەكانیشیان، بەناوى خۆیانەوە نیە ، رەنگبێت ژن و مناڵەكانیشیان كردبێتە ناوى كەسانى دیكەوە، ئەگەربێت و كەسێك نابەڵەد ونەشارەزابێت واگومان دەكات كە ئەم سەركردە و بەرپرسانە تەواو تەواو خاكین ولەداراى دونیا خاوەنى بستێك زەوى و سەیارە شڕەیەكیش نین.نازانێت ئەوانە تاكو ئێستاش هەر خۆیان بە بێگانە و نامۆ دەزانن و چاوەڕێى زروف و رۆژگار دەكەن ،تا هەر ئەگەرێكى نەخوازراوبێتە پێشەوە ئەمان بەهەرچى شێوەیەك بێت خۆیان رزگار بكەن ،بەدەردى موبارەك و بن عەلى و هاوشێوەكانى موڵك و ماڵیان زەوت نەكرێت، ئەم كارەش نەك بەتەنیا پیشەى هەندێك بەرپرس و كەسى دیاریكراو بێت،نا نەخێر بگرە سەر گەورەكانیش هاوشێوەى تاڵەبانى و مەسعود و ئەوانیش ئەوە پەیڕەو دەكەن، ئەوەتا تاڵەبانى و خانەوادەكەى هەرچى بازرگانى و ئیشوكارێك پەیوەندى بە پارەو سەروەت و سامانەوە هەبێت ،داویانەتە دەست كەسانى دەوڵەمەندو پارەدارى سلێمانى، پارتیش بەهەمان شێوە كاردەكات،چونكە هەردوولا وەكو رۆژى روناك لایان مەعلومە كە تا سەر لەونازونیعمەت و پارە ماشینەوەیەدا نابن و رۆژێك دێت چۆڕ بڕبێت، وئەستێرەى بەختیان ئاوابێت ، جا بۆئەوەى كە بەودەردەنەچن ولەكاتى نوشست و روخان و لێك ترازانى حیزبەكانیاندا هەگبە و گیرفانیان پڕبێت ، هاوشێوەى شاى ئێران و زۆرێك دیكتاتۆرى تر باقى ژیانیان لەئاوارەیى وغوربەت بەو داهاتە ناشەرعیە بەسەربەرن، بۆیە بەهەرچوار پەل هەڵپەیانە تا زۆرترین سەروەت وسامانى میللەت قۆرخ بكەن..
ساڵانى ئەوسا بەبیانوى ترسى سەدام و هێرش وشەڕى كورد كوژى نێوان یەكێتى پارتى و لایەنەكانى دیكە، یەكێتى هەرچى پارەو پولێكى حكومەت بوو لەبانكەكان دەریدەهێناو دەیبرد لە قەڵاچوالان دەیشاردەوە، پارتیش لە سەرى رەش هەمان رەفتارى دەنواند، چەندین جارلەو بارگرژى وراكەراكەدا مەبلەغى گەورە و چاك تاڵان كرا وبانكەكان خاڵى كران، ئەى خۆ ئێستا بەخێرێ وەزعەكە هێمن وئارامە، سەرۆك كۆمار كوردە و جێگرى سەرۆك وەزیران و یەك دونیا ئەندام پەرلەمان و، وەزیر و شت كوردن ولەبەغدا دەوام ئەكەن، یەكێتى و پارتیش هاوپەیمانن و موو بەبەینیاندا ناچێت ، ئەى پێم ناڵێن بۆچ دەبێت تاكو ئێستا حكومەت سیقەى نەبێت، لەبرى ئەو هەموو بانك و خەزینە یەهەر پارە لە مقەڕ و بارەگاكانى حیزبدا خەزن و پاشەكەوت بكات ،ئەمە ماناى چیە؟؟
ماشەلڵا لەم حكومەت و جەیش و موئەسەسەیەى هەمانە ،بەدوو هەڕەشەى مالیكى بڵاوكردنەوەى چەند عەسكەرێكى عەرەب لەدەروبەرى حەمرین،ئەمان زارەترەك بوون، لەبرى ئەوەى لەبیرى تاكتیك وستراتیژى ئاقڵانەدابن ، تا رەوشەكە بەسەربازى یان بەدیالۆگ چارەبكرێت،بەر لەهەموو شتێك هاتوون چى پارەو پولێك هەیە لەبانكەكاندا ماشیویانەتەوەو گسكیان لێ داون،ئەمەش ئەوە ئەسەلمێنێت كە حزبە فەرمانڕەواكان پارە و پول وسامان لایان لە هاوڵاتیان و خاك ونیشتیمانەكەى گەلێ بەنرخترە، هەر بەوهۆیەشەوە موچەى سەرجەم فەرمانگەكان یەك دوومانگە دوادەكەوێت وتا كاتێكى درەنگ نادرێت. هاوكات نەخۆش كەوتنى تاڵەبانى و تێكچوونى شیرازەى یەكێتى و،بێ سەروبەرى ناو سەركردایەتى یەكەى ،جارێكى دیكە ئەو شتە دووبارە بویەوە،ئەوەتا نزیكەى 50 رۆژە بەشێكى زۆرى خانەنشینیان موچەیان وەرنەگرتوە، زۆربەى فەرمانگەكان موچەكانیان دواكەوتوە ، لەبانك پێیان راگەیاندون كە یەك دیناریان لا نیە، چى پارەو پولێكى ناو سەرجەم بانكەكانە دەسەڵات زەوتى كردوە،تا لەكاتى هەر گوڕانكارى و تێكچونێكى دۆخەكەدا ئەوەش وەكو دوا میراتى و پارەى دزراو بۆ خۆیان بەرن و هەڵبێن.
سەیرەكە ئەوەیە بۆ ئێمەى فەرمانبەر و باوك ودایكى خانەنشینمان مووچە نییە،بەڵام بۆمەشروعە سەقەتەكانى مەسئولین وەكو بنكەى هین و نوسەران وهونەرمەندان و میوانە بێ وەفاكانى و هێرو و كوردسات و دەزگاكانى راگەیاندن و رێكخراوە وابەستەو كۆیلەكانى دەسەڵات ،هەڵڕژاوە هێندە زۆرە نازانن چى لێ بكەن، مانگانە بەسەدان هەزار دۆلار دەدرێت بەوشوێنانە لەشتى پڕو پووچ و بێ نرخ دا خەرجدەكرێت،بەبێ ئەوەى هیچ بەرهەم وسوودێكیان هەبێت،ئەوەتا تەنها بۆ رازاندنەوەى یەك شەقامى چەند كیلۆمەترى بۆ ئاهەنگى شەوى سەرى ساڵ نزیكەى سەدان ملیۆن دینارتەرخانكراوە ،لەوەش زیاتر خۆ هەمووئاگادارن حكومەت و وەزارەتە نارۆشنبیرەكەى لیستیكى 700 كەسیان دروستكردوە، لەژیر ئەو ناوەدا كەوتونەتە تەخشان وپەخشانى ئەو پارە و سامانەى میللەت ، دەیدەنە كەسانێكى تلیاك خۆر و دەوڵەمەند و گومناو نەناسراو ولۆتى و تەكەتول و لایەنگرانى خۆیان، لەژێر ناوى داهێناندا ،لەولاشەوە كەم ئەندامان و خانەنەشینان و فەرمانبەران با هەر زەقەى چاویان بێت.رۆژو مانگ ببژێرن بۆ موچەیەكى چەند هەزار دینارى، ئەمڕۆ بەسبەینێیان پێ بكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە