''له‌یادی سۆرانی‌ مامه‌ حه‌مه‌دا'' كام تیرۆریزم، نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسی كورد تیرۆر ده‌كات؟

Friday, 23/07/2010, 12:00

1417 بینراوە


به‌ختیار شێخ عوسمان ''(بڕوانن، تاوانكاری ره‌نگ بزڕكاو ملی كه‌چ كردووه‌‌و له‌ چاوه‌كانییه‌وه‌ سوكایه‌تی‌ گه‌وره‌ قسه‌ ده‌كات) ‌وه‌های‌ گوت زه‌رده‌شت.
تیرۆر كه‌ به‌رهه‌می‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ مرۆڤه‌ له‌لایه‌ن خودی مرۆڤه‌وه‌‌و سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جیاوازی‌ نێوان مرۆڤه‌كان له‌ڕووی‌ چینایه‌تی‌، نه‌ته‌وایه‌تی‌، ئایدۆلۆژی‌...هتد ئه‌وكاته‌ی‌ كه‌زمانی‌ گفتوگۆ ‌و یه‌كتر قبوڵكردن ده‌وه‌ستێت.
مێژوی‌ تیرۆر (terror) كه‌ به‌پێی مانا لاتینییه‌كه‌ی‌ (terrere) ترس‌و تۆقاندن ده‌گه‌ینێت، هاوتای مێژوی‌ مرۆڤایه‌تییه‌، به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی 1796 دا‌وه‌ك زاراوه‌ له‌ فه‌رهه‌نگستانی‌ زانسته‌كانی‌ فه‌ڕه‌نسادا هاته‌ ئاراوه‌‌و تیرۆریزم به‌مانای ڕژێم یان سیسته‌می‌ تۆقاندن پێناسه‌ ده‌كات. به‌پێی قاموسی لارووسی‌ فه‌ڕه‌نسی، تیرۆریزم ئه‌و توندوتیژییه‌یه‌ كه‌دوو شێوازی‌ هه‌یه‌و له‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت: یان رێكخراوێك به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تێك پیاده‌ی‌ ده‌كات، یان ده‌وڵه‌تێك به‌رامبه‌رنه‌یاره‌كانی‌ پیاده‌ی‌ ده‌كات.
كورد ده‌وڵه‌تی‌ نیییه‌، به‌ڵام له‌ هه‌رچركه‌ساتێكی‌ مێژوودا هه‌رحیزبێكی‌ كوردی ده‌سه‌ڵاتی‌ بوبێت‌و تیرۆر بوونی‌ هه‌بووبێت ئه‌وا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ كه‌به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرێت.
ئه‌گه‌ر له‌ڕوی‌ مێژووییه‌وه‌، دۆسێی‌ ئه‌و تیرۆرانه‌ پۆلێن بكه‌ین، كه‌ روبه‌ڕوی‌ هاوڵاتی‌‌و خه‌ڵكی‌ كوردستان بووه‌ته‌وه‌، به‌دوو قۆناغ ئه‌ژمار ده‌كرێت، به‌م شێوه‌یه‌ی‌ خواره‌وه‌.
قۆناغی یه‌كه‌م: قۆناغی پێش راپه‌ڕین‌و پێش دروستبوونی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. له‌م قۆناغه‌دا به‌رپرسیارێتی‌ بۆحیزبی كوردییه‌، هه‌ركاتێك ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ سه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ دیاریكراودا هه‌بووبێ‌.
قۆناغی دووه‌م: قۆناغی دوای ئه‌ومێژووه‌یه‌، كه‌ قۆناغی حكه‌مه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌.
سه‌رچاوه‌ی‌ تیرۆر، جۆرێكی‌ تر له‌پۆلێنكردن: ئه‌م پۆلینكردنه‌ش له‌دوو جۆرتێناپه‌ڕێت، یان سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌ره‌كی‌ هه‌یه‌‌و ده‌ستی ده‌ره‌كی‌‌و تابوری پێنج جێبه‌جێی ده‌كه‌ن. یان سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ناوخۆییه‌و تیرۆری كورد به‌ده‌ستی‌ كورد بووه‌.
ئامارێكی‌ ورد له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، تابزانرێت كام له‌م دووجۆره‌ قوربانی‌ زێده‌تری لێكه‌وتۆته‌وه‌. گرنگی‌ ئامارو دیاریكردنی‌ جێبه‌جێكارو لێكۆڵینه‌وه‌ بۆكه‌یسه‌كانی‌ تیرۆر له‌وه‌دایه‌ كه‌ده‌بێته‌ هۆكارێكی‌ باش بۆبنبڕكردنی‌، هه‌رچۆن گرینگیدان به‌ تاوانی‌ ئه‌نفال بۆ رێگه‌ گرتنه‌ له‌دووباره‌ بونه‌وه‌ی‌.
له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كه‌ی‌ ئێمه‌ تیرۆری نوسه‌رو رۆژنامه‌ نوسانه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خودی‌ كورده‌وه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، به‌تیرۆركردنی‌ ڕه‌ئوف ئاكرێی‌و نه‌زیرعومه‌ری‌ حزبی‌ كۆمۆنیست ده‌ستپێده‌كات‌و دواتریش گورزێك به‌ر كه‌ركوك ده‌كه‌وێت‌و سۆران‌و عبدولستار ده‌بنه‌ قوربانی‌‌و تیرۆر ده‌كرین، دواتریش به‌لێدان‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ نه‌به‌ز گۆراندا تێده‌په‌ڕێت‌و له‌تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان دا شه‌قام توند یه‌خه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وده‌ڤه‌ره‌ ده‌گرێت، كه‌(پێش تیرۆر) سه‌رده‌شت تێدا یاخی ده‌بێت.
ئێستا له‌به‌رده‌م دوو گریمانه‌داین: سه‌رچاوه‌ی‌ تیرۆركردنی‌ نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسانی‌ كورد له‌م هه‌رێمه‌دا، ده‌ره‌كییه‌ یان ناوه‌كییه‌؟ ئه‌وه‌ی‌ گومان له‌سه‌رچاوه‌ ده‌ره‌كییه‌كه‌ دوور ده‌خاته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ هیچ به‌ڵگه‌و نیشانه‌یه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، ئاڕاسته‌ی‌ تیرۆری‌ نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسان نیشان بدات له‌ده‌ره‌وه‌ بۆناوه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و تیرۆرانه‌ی‌ له‌ته‌مه‌نی هه‌رێمدا داخڵی هه‌رێم بوون‌و ئاشكرا بوون، هیچ كام له‌وانه‌ بۆگیانی‌ نوسه‌رو رۆژنامه‌ نوسان نه‌بوون. بۆیه‌ هه‌موو گومانه‌كان لای سه‌رچاوه‌ی ده‌ره‌كی‌ چۆڵده‌كات‌و یه‌خه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوخۆیی‌ ده‌گرێته‌وه‌‌و داخڵی سه‌رچاوه‌ی ناوخۆیی ده‌بێت، به‌تایبه‌تی‌ كاتێك كێشه‌ی‌ قوربانییه‌كان كێشه‌ی‌ سیاسیی‌و خراپ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ‌وڵاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌وڵی جدی‌و سه‌ربه‌خۆ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و تاوانانه‌ی‌ كه‌گیانی‌ نوسه‌رو رۆژنامه‌ نوسانی‌ كوردی كردۆته‌ ئامانج، هه‌بوایه‌، ئه‌وا ده‌مێك بوو گومانه‌ زۆره‌كان ده‌بونه‌ دڵنیابونی‌ پڕ به‌ڵگه‌. پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌، ئه‌گه‌ر تیرۆر، تیرۆری نوسه‌ر‌و رۆژنامه‌نوسان بێت، له‌ سه‌رده‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا‌و به‌راوردێك بكه‌ین له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ تیرۆریزمدا، كه‌ رێك ‌وه‌ك خۆی ده‌رده‌چێت. تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ تیرۆر:
1. توندوتیژی فیزیكی‌‌و جه‌سته‌یی، 2. ترساندن‌و تۆقاندن، 3.كتوپڕ‌و ناكاو، 4.پاڵنه‌ری سیاسی.
ئایا ئه‌و تیرۆریزمه‌ی‌ كه‌ له‌كوردستان بووه‌ به‌دیارده‌، به‌ كام تیرۆریزم ناوبنرێت؟ له‌كاتێكدا دوو سه‌ده‌ دوای ئه‌وه‌ی‌ زاراوه‌ی‌ تیرۆر‌و تیرۆریزم ده‌چنه‌ ناو فه‌رهه‌نگی‌ سیاسییه‌وه‌، ئه‌م زاراوه‌یه‌ چه‌ندین ناو له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت ، بۆ نمونه‌ : تیرۆری سوور له‌ روسیا‌و تیرۆری سپی له‌ فه‌ڕه‌نسا. هه‌روه‌ها له‌جۆره‌ باوه‌كانی‌ تیرۆریزمیش: تیرۆریزی‌ سیاسی، تیرۆریزی‌ شۆڕشگێڕی، تیرۆریزمی‌ ده‌وڵه‌تی‌، تیرۆریزمی‌ ئاینی‌، تیرۆریزمی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، تیرۆریزمی‌ كوێر...هتد.
ده‌رگای ‌وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌‌و ناونان له‌و تیرۆریزمه‌ی‌ له‌كوردستان بوونی‌ هه‌یه‌، به‌ ئاوه‌ڵایی ده‌هێڵینه‌وه‌ بۆ رۆشنبیران‌و خومخۆرانی‌ ئه‌م گه‌له‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە