کاك دیموکرات و کاك دیکتاتۆر

Wednesday, 04/05/2011, 12:00

1372 بینراوە


کە دەڵێن بێدەنگی دیموکراتیەت لەناو دەبات یەکسەر مێشکم دەچێتە سەر سیناریۆیەك کە لای من پڕ بە پڕی دیمەنەکە بێت .
من ئەو دیموکراتیەیەی تا ئێستا بە تەشریفی نەگەشتووم لەگەڵ دێوزەمەیەی ئەو دیکتاتۆرەی هەمیشە بەڕووە بەدفەساڵەکەی بەرچاومان بەرنادات ئەم دووانە بەدووانەی سکێك دێتە بەرچاوم کە لە پێش لەدایکبوونیاندا هەر لە رەحمی دایکی وەتەندا خەریکی بەربەرەکانێن ... هەڵبەتە بیستوویانە دەبێت هەریەکێکیان لەدایك بێت واتە یەکێکیان دەبێت سەری ئەوی تر بخوات .. دایکیشیان هەر لە دووگیان بوونیەوە ناوی بۆ دۆزیونەتەوە یەکێکیان دیموکرات و ئەوی تریان دیکتاتۆر...
كاك دیموکرات بۆ ئەوەی لەدایك بێت پێداویستی خۆی هەیە .. قەت نەبوە ئەم بەڕێزە نۆبەرەی سکی دایکی هیچ وەتەنێك بووبێ .. هەمیشە دەبێت و مەرجە برا گەورەکەی کە ناوی (ئازادیە) لەپێش ئەمەوە هاتبێ و بووبێ بەهەرزەکارێك و چووبێتە خوازبێنی کچە دراوسێ چاوشینەکەیان کە نەوی عەدالەتە ... لەم سەروو بەندەدا خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لەدایك ببێ بەڵام هەرگیز لە بێدەنگی جەماوەری گەلدا لەدایك نابێ دەبێت گەل ووشیار، خاوەن ڕا ، بەدەنگ بێ ئنجا ئەم لەدایك دەبێت .. کەلەدایك بوو زۆر بە ویقار دەردەکەوێت ... هەموو کەس خۆشی دەوێت بێجگە لە زۆردار و هەلپەرست و دیکتاتۆرەکان . هەمیشە سوودی بۆ خیزانەکەی کە گەلە دەبێت ... قەت حوکم ناگرێتە دەست حوکم دەداتە دەست گەل خۆی چونکە هەر زوو ناوەکەی لەو ڕوانگەیەوە دروست کرا ..
لە هەمان سکدا دەعەجانێك دووانەی دیموکراتیە ... هەروەك ووتم ئەم دووانەیە هەردووکیان لەدایك نابن تەنها یەکێکیان ڕووناکی دەبینێت.. ئەو بەدفەساڵە ناوی دیکتاتۆرە ... ئەم ماخۆلانە هەر لەناوسکی دایکدا چڕنووك و كەڵبەی هەیە ... بۆ ئەوەی لەدایك بێت پێویستی بە بێدەنگی و سەرشۆڕی میللەت هەیە ... تەنها حەزی لە دوو شتە تا پێ ئەگرێ چەپڵەو پیاهەڵدان ... زاناکان دەڵێن هەموو چەپڵەیەك مچووڕکێك بەگیانیدا ئەهێنێت یەك ئینج باڵای پێ زیاد ئەکات ..
هەر کە لەبار بوو بۆ ئەوەی لەدایك بێت یەکەم شت هەروەك دوو پشك وورگی دایکی ئەدڕێ و ئەیکوژێ
چاودێران ئەڵێن کە دێتە دەرێ جانتایەکی بچوکی بەدەستەوەیە لەناو ئەو جانتایەدا دوو شتی تێدایە لەفەیەك لەزگە بۆ داخستنی دەمی هەرکەسێك بیەوێت دەم بکاتەوە ... دوەمیش سیکۆتینە هەر کە گەشتە سەر هەرکۆرسیەک لەپیشدا لێی دەدات بۆ ئەوەی باشبنووسێت بە کورسیەکەدا هەرئەمەشە وای لەو دیکتاتۆرە فەقیرانە کردوە تا لەناونەبرێن لە کورسیەکەیان دانابەزن چونکە ناتوانن لەکورسیەکەیان جیا ببنەوە
کوڕو کاڵی میللەتم
هەرچەندە ئێمە لەبەدبەختیمان ئەوەتەی هەین چاومان بە باڵای دیکتاتۆرە یەک لەدوای یەکەکان ڕەش بوەتەوە و نەگەشتینە خزمەت دیموکرات ئەفەنی .. هەرچەندە دێتە گوێتان دەنگی چەپڵەو دەنگی نەشازی پیاهەڵدان بۆیان هەرچەندە زۆر چاوەڕێی کاک دیموکراتمان کرد هەموو سکێك ئەوەی لەدایك بوو ووتی من دیموکراتم کەچی وا نەبوو دەسەیرکەن چۆن دووپشك ئاسا ناوسکی دایکی میللەتیان خوارد و پێیانەوەدا ...
بەڵام ڕۆڵەکان بێئومێد و دڵشکاو مەبن ،
بێدەنگمەبن
ئەم دیکتاتۆرانە زۆریان نەماوە بە خۆیان و کورسیەکانیانەوە نەمێنن و دڵنیابن سکی داهاتوو دیموکرات لەدایك دەبێت و هەمووشتان دەعوەتی منن بۆ شەکراوی ئازادی و عەدالەتخان....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە