لەمەو دوا بۆ ئیهانەكردنى سەركردەكانى كورد با لە خۆپیشاندانەكاندا وێنەى غاندى و جۆرج واشنتۆن و ماندێلا بەرزبكرێتەوە.

Wednesday, 05/01/2011, 12:00

1743 بینراوە


هەرچەندە سەر دێنم و دەیبەم قەت لەمە تێناگەم چۆن دەبێت سەركردەكانى ملەتێكى هەرە چەوساوەى سەر ئەم گۆى زەمینە بێ پشت و پەنایە ئاوا ڕەفتار بكەن، ملەتێك كە بە قەدەر لە باشوورى كوردستان لە دەم ئەژدەها كەوتە خوارەوەو بە زندویى ماوەتەوە و لەم چەند ساڵەدا نیمچە سەربەخۆییەكى بۆ ڕێك كەوتووە. ئەوەتا لە جیاتى ئەوەى كەمێك لە ئازارەكانى خەڵك كەم بكەنەوە ئەم وڵاتەیان بۆ زۆرینە كردووەتە دۆزەخ و كەمینەیەكیش هەر بە موچەى خەیاڵى تێر ناخۆن و سەروەت و سامانى ئەم وڵاتە وەك و نەهەنگ هەڵدەلوشن، ببینن وڵاتێكى وەك و چین كە هەر ئەمساڵ چل ملیار دۆلارى بۆ ئاودێرى تەرخان كردووە موچەى سەرۆكەكەى(35) وەرەقەیە كە كەمترە لە هەر یەك لە موچەى سەرۆك هەرێم، سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران، ئەندام پەڕلەمانەكان، وەزیرەكان، دادوەرەكان، ئەندامانى داواكارى گشتى، ئەمە بە خانەنشین بوونیانیشەوە. لە كاتێكدا ئەمانە بە پێى هیچ ڕێسایەك لە دەوڵەتدا لێپرسینەوەیان لە گەڵدا ناكرێت بۆ ئیلتزام بە دەوام، دزى و ڕەوەڕوت و لەو جۆرانە، خانوو وئۆتۆمبێل و ناوماڵەو مەسروفى منداڵیان و تەنانەت وسكى خواردنیان لەسەر ملەتە، هەروەها منداڵیان ئەگەر لە دەرەوە نەخوێنێت ئەوە لە قوتابخانەى نموزەجییە، كەچى بە هەزارەها خەڵكى ئەم وڵاتە هیچ مافێكى لەم وڵاتەدا نییە و ئەگەر چوار رۆژ كار نەكات لەبرسا دەمرێت. ئەوە باسى ئەوە مەكە ئەوەى خزم و كەس و كارى بەرپرسە زۆرى موچە وەردەگرێت بە بیانووى جۆراو جۆر بێ ئەوەى هیچ كارێك بكات، لە كاتێكدا فەرمانبەرێكى ئاسایى لە سەر پێنج دەقیقە دواكەوتن لە دەوام سزا دەدرێت، ئەو خەڵكەى سوتەمەنى بەناو شۆڕش بوون ئێستاش هاوڵاتى پلە دوون و هەروەها سەرۆك جاش و كۆنە بەعسیە بووەتە خاوەن ماڵ. هیواردین خەڵك لەمەو دوا لە خۆپیشاندانەكاندا وێنەى غاندى و ماندێڵاو جۆرج واشنتۆن هەڵگرێت بۆ ئیهانەكردنى ئەم جۆرە سەركردە چاوچنۆكانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە