خۆپێشاندەرانى سلێمانى ئاژاوەگێر نەبوون

Saturday, 19/02/2011, 12:00

1933 بینراوە




رۆژى 17/2/2011 دواى ئەوەى چەند رێكخراوێكى كۆمەڵگەى مەدەنى بۆ پشتیوانى لە هەردوو گەلى مسر و تونس خۆپێشاندانێكى هێمنانە لە بەردەركى سەراى شارى سلێمانى ئەنجام دەدەن ، دواى ئەوەى خۆپێشاندانەكە بە شێوەیەكى ئاسایى و هێمنانە كۆتایى پێ دێت و خەڵكەكە بڵاوە دەكات .
ژمارەیەك لە گەرانەوەیاندا لە شەقامى سالم و كاتێك بە بەردەم لقى (4)ى پارتى دیموكراتى كوردستان تێدەپەرن تێكهەڵچونێك لە نێوان ژمارەیك گەنجى خۆپێشاندەر و پاسەوانەكانى لقى (4) دروست دەبێت و گەنجەكان بارەگاى لقى(4) بەرد باران دەكەن ، لە بەرامبەردا پاسەوانانى لق ئەو ژمارە خۆپێشاندەرانە بە هەموو جۆرە چەكێكى قورس و سوك گوللەباران دەكەن ، كە لە ئەنجامدا ژمارەیەك خۆپێشاندەر شەهید و (57)ى دیكە بریندار دەكەن .
لێرەدا من نەك وەك كەسێكى ئازادیخواز كە دەبێ جیاوازى لە نێوان خەڵكێكى ستەمدیدە و دەسەڵاتێكى حزبى ستەمكار بكات ، بەڵكو لە روانگەیەكى زۆر بێلایەنانە ئەم رووداوە هەڵدەسەنگێنم ، بە تایبەتى زۆر بەداخەوە كە هەردوو لایەنى ئۆپۆزسیۆن گۆران و یەكگرتووى ئیسلامى هەروەها یەكێتیش لە ترسى پارتى خۆپێشاندەران بە گێرەشێوێن تاوانبار دەكەن بەبێ ئەوەى تەنها رەخنەیەك لە پارتى بگرن كە چەكدارەكانى تەنها لەسەر بەردبارانى بارەگاكەیان خۆپێشاندەران دەدەنە بە رێژنەى گوللە و ئەو تاوانە بەرامبەر بە خەڵكى سڤیل دەخوڵقێنن ، هەروەك چەند لایەنى ترى سیاسى و بەناو میرزاى دەسەڵاتیش بۆ لایەنگرى لە پارتى نەك هەر لە بەرامبەر تاوانەكەى پارتى دژ بەو خەڵكە نوققەیان لێوە نایەت ، بەڵكو ئەوانیش خۆپێشاندەر بە گێلەشێوێن لە قەڵەم دەدەن ، لەوانەیە شتێكى چاوەروان كراوبێ كە لەهەر خۆپێشاندانێكدا خەڵكانێك رەفتارێكى لەم جۆرە ئەنجام بدەن ، بەڵام لەرێگەى گازى فرمێسك رێژ یا تەقەیى هەوایى بڵاوەیان پێ دەكرێت نەك بەم شێوە راستەوخۆ بێ بەزەییانە گوللە باران بكرێن .
ئەوانەى بارەگایى پارتیان بەردباران كردووە ژمارەیان بە (200) گەنجى شارەكە مەزەندە دەكرێت ، ئەوانەش لە لایەن پاسەوانەكانەوە بە گوللە پێكراون زیاتر لە 1/4ى خۆپێشاندەرەكانە ، پارتى لە بەرامبەر بەردبارانەكەى زیاتر لە (50) كەس لە خۆپێشاندەرانى سلێمانى دەگوژێت و بریندار دەكات ، لە هەولێر و سۆرانیش بارەگاى گۆران دەسوتێنێ و لە دهۆكیش بارەگاكەى تاڵان دەكات ، كەچى هێشتا داواى لێكۆڵینەوە لە روداوەكە و سزادەرانى ئەنجامدەرانى دەكات ، ئەمە لە كاتێكدا بەبێ ئەوەى چاوەرێى لێكۆڵینەوە بكات و تاوانبارانى بە قەولى خۆى بۆ دەركەوێ و بیانداتە دادگا كەچى بارەگاكانى گۆران دەسوتێنێ ، لەمەش سەیرتر بەناو سەرۆكى هەرێم و پەرلەمان و حكومەتیش هەر داكۆكى لە پارتى دەكەن، ئەمە لە كاتێكدا وەكو لە پێشدا ئاماژەم پێكرد پارتى لە بەرامبەر بەردبارانێك ئەو تاوانانە ئەنجام دەدات ، ئەى لە میسر خۆپێشاندەران زۆربەى بارەگاى حزبى فەرمانرەواو بارەگاى حكومەت و پارێزگاى ئەسكەندەریەیان نەسوتاند ئەى بۆچى نەگوترا ئاژاوەگێران ، بۆیە لێرەدا دەبێ بڵێین كە خۆپێشاندەرانى سلێمانیش ئاژاوەگیرنین و ئەوانەش بە ئاژاوەگێر ناویان دەبەن ئەوا یا لە ترسى پارتى یا وەك پاشكۆیى پارتى ئاو لە ئاشى پارتى دەكات ، دەبێ پاسەوانەكانى لقى (4) كە ئەو تاوانەیان دژ بە خۆپێشاندەران خوڵقاند سزابدرێن و هەروەك ئەوانەش كە بارەگاكانى گۆرانیان سوتاند ، دیارە شتێكى چاوەروانكراوە كە دەسەڵاتى هەردوو حزب بۆ سەركوتكردنى نارەزاییەتى خەڵك هێز بەكار دەهێنن ، چونكە لە كوردستان چەكدارەكان ئامرازى دەستى دەسەڵاتن ، كوردستان میسر و تونس نیە كە خاوەنى سوپایەكى بێ لایەن و پیشەیین و بە هیچ شێوەیەك دژ بە میلەت و دژ بە ناكۆكى سیاسى بەكار ناهێندرێت ، لە كۆتایدا دەڵێم ئەم تاوانەى پارتى دژ بە خەڵك چاوەروانكراوە ، بەڵام بە دڵنیاییەوە چاوى خەڵك ناترسێنێ، بەڵكو رق و قینەى ئەو خەڵكە زیاد دەكات و ئەمەى ئێستەش سەرەتایە بۆ راپەرینێكى سەرتاسەرى كە زوو یا درەنگ دەسەڵاتى گەندەڵ و ستەمكارى پارتى و یەكیەتى بە دەردى هەردوو رژێمەكەى بن على و موبارەك دەبات .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە