پەراوێزخستنی خواستەكانی جەماوەر وململانێی پاراستنی بەرژوەندیە حیزبییەكان

Thursday, 10/03/2011, 12:00

1232 بینراوە



سەرەرای ئەو هەموو هەول وكۆششانەی كە كەسایەتییە سیاسیەكان, روناكبیران و خەمخۆرانی راستەقینەی گەلەكەمان دلسۆزانە و بوێرانە ویستویانە چارەسەری ریشەیی بخرێتە سەر مێزی گفتووگۆ بۆ ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتییەی كە وەلاتەكەمان پیایدا تێده‌په‌ڕێت, ئەوەی جێگەی تێرامانە, نەبوونی هەلوێستێكی ئیجابیە لە لایەن دەسەلاتدارانی هەرێم بە رووی ئەم دۆخە چارەنوسسازەدا. ئەوەش  ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت, كە دەسەلاتی بریاردەر كە(پەرلەمانە) بێدەسەلات و ئیفلیجە. وە دەسەلاتی حیزبە بالادەستەكانیش ئەوەندەی خۆیان خەریك كردوە بە دارشتن و ئەنجامدانی توندوو تیژی و رووبەرو بونەوەی خۆپیشاندەران  بە شێوەیەكی نەخواستراوی نامەدەنیانە,ئەوەندە نەیانویستوە هەنگاوێكی جیدی و ریشەیی بنێن كە جوابگۆی داخوازیەكانی شەقام و گەل بێت, وە بەرژەوەندیە بالاكانی نیشتیمانی تێدا پارێزراو بێت. هەردوو دەسەلاتە حیزبییەكەی پێكهێنەری حكومەتە گەندەلەكەی هەرێم بە دوو ستراتیجیەتی جیاواز بۆ پاراستنی پێگەی دەسەلاتە حیزبییەكیان لە مل ملانێ و زۆرانبازیەكی بەهێزدان لەگەل ئیرادەی پۆلاینی جەماوەر لە لایەك و لە لایەكی دیكەشدا لەنێوخۆیاندا.
  مسعود بارزانی و سەرانی دەسەلاتی پارتی, لە چەند لێدوانێكی جیاجیادا لە كانالە حیزبیەكانیانەوە جار جار دەردەكەون و زۆر شەرمنانە قسە لەسەر دۆسیەیی بەدەنگەوەچوونی داخوازیە رەواكانی جەماوەری نارازی سەر شەقام دەكەن,كە زۆربەی چین و توێژەكانی كۆمەلگای كوردی لەخۆ گرتووە. ئەو جەماوەرەی كە 21 رۆژە ئالای شۆرشێكی سپی بەرز كردۆتەوە و ئاشتیانە داخوازیەكانی خستۆتە بەردەم دەسەلاتدارانی هەرێم .بەلام ئەفسوس بە هەستێكی زۆر نابەرپرسیارانەو نانیشتیمان پەروەرانە مامەلەی لەگەل دەكرێ و پەراوێز دەخرێت. وەكو پیشەی هەمیشەییان, پەنا دەبرێتە بەر رازی كردنی حیزبە سیاسییەكان لە ژورە تاریكەكاندا, بۆ بە یاسایی كردنی سەركوتكردن و دامركاندنەوەی شۆرشی خوازیارانی چاكسازی. دەسەلات پێویستە سوونەتەكانی رێز گرتن لە ئیرادەو خواستی جەماوەر لە بەر چاو بگرێت و چیتر نەیانخاتە پەراوێزی بەرژەوەندییە حیزبییەكان, لە ساتەوەختێكدا شۆرشێكی زیندوی روناكبیر لە نەوەی دوارۆژ زۆربەی  شار و شارۆچكە وشەقام و كۆلان ودێهاتەكانی وەلاتیان پر كردوە لە هیوای وەرچەرخانێكی چارەنوس ساز بۆ فەراهم كردنی فەزایەكی ئازاد و ژیانێكی باشتر بۆ هەمووان.
 لە حالێكدا كە یەكیەتی نیشتیمانی بەشێكە لە دەسەلاتە دیكتاتۆرەیەكەی هەرێمی كوردستان و بەدەنگەوەهاتنی ئەم چاكسازییە, لەلایەكی كەشەوە یاری بە ئەو وەرەقە بەهێزەی جەماوەری نارازی سەرشەقام دەكات بۆ لێدانی پێگە كۆمەلایتی و جەماوەریەكەی پارتی.هەول دەدات بۆ سوككردنی كەمێك لەو بارە قورسەی كە پارتی خستویەتییە سەر شانی بەهۆی ناهاوسەنگی هاوپەیمانەتیە ستراتیجییەكەی نیوانیان.
 زۆرێك لە دەسەلاتدارانی سیاسی و لایەنگرانی یەكیتی نیشتیمانی دەخوازن بە جۆرێك لە جۆرەكان چارەسەرێك بۆ ئەم قەیرانە سیاسی و ئابووری و كۆمەلایەتییە بهێنرێتە سەر مێزی دانوستانەكان و قەرەبووی ئەو شكستە گەورەی پێ پر بكەنەوە كە بە هۆی سەرهەلدانی گۆران و گۆرانخوازانەوە هێناویەتی, وە پارتی كردوە بە دەسەلاتی بالاو بریاردەر. لەلایەكی كەوە بەشێك لە بەرپرسانی دەسەلاتی سەرەوەی یەكیەتی نیشتیمانی كوردستان, لە ژێر ئەو فشارە زۆرەی كە پارتی خستویەتییە سەریان بە هۆی ئەو هاوپەیمانیەتیە ستراتیجییەی كە لە نێوانیاندا هەیە بۆ بەتالان بردنی سەرروەت و سامانی نیشتیمان و كۆت و بەندكردنی ئازادییەكان وپاراستنی پێگە دیكتاتۆریەكەیان, ناچاركراون پەنا بەرنە بەر چارەسەری ناشارەستانیانە و دور لە لۆژیكی گفتووگۆ.لە جیاتی ئەوەی مێزی گفتووگۆ و قەلەم و عەقلە سیاسی و ئابووری و كۆمەلایەتییەكان بەرنە مەیدانی ئازادی و ئالوگۆری بیرورا بكەن بۆ چارەسەرێكی سەردەمیانە و مەدەنیانە,زۆر بەداخەوە, ئاگریان هێنایە مەیدانی ئازادی و خێمەكانی  خوازیارانی ئازادی سیاسی و دادپەروەری كۆمەلایەتی ویاسایەكی سەروەر بۆ هەموان, گریان تێبەردرا و سوتێنران.
 بەم كارەشیان تاوانێكی تری شەرمەزاریان خستە سەر خەرمانی تاوانەكانی بیست سالەی تەمەنی حوكمرانییان, وە ئەوەی جێگەی خۆشحالی یە, نەك هەر نەیان توانی تۆزقالێك لە ئیرادەی  شۆرشگێرانی ئاشتیخوازی مەیدانی ئازادی كەم بكەنەوە, بەلكو خەباتی مانەوەی شۆرشی شەوانی بەرفراواتر كرد.
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە