کۆتایی دەستەڵاتی بنەماڵەیی نزیک بۆتەوە

Saturday, 05/02/2011, 12:00

1487 بینراوە


ئەگەرچی ئێمە نوسەرنین بەڵام بارودۆخی کوردستان وەهای لێکردووین بێدەنگ نەبین،هەبوونی گەندەڵی نایەکسانی جیاوازی چینایەتی دەسەڵاتی بنەماڵەیی دەستگیرکردنی خەڵک بەبێ تاوان لە باشوری کوردستان ناچاری کردووین کە قەڵەم بگرینە دەستمان و هەر بنوسین و وە بێ تاقەت نەبین لەوەی چەند بارە ئەینوسینەوە، چونکە ئێمە هەر ئەنوسین بەڵام دەستەڵات گوێ ناگرێت بە دوژمنی خۆیمان دەزانێت کە واتە بەردەوام دەبین هەتا ئەو دەسەڵاتە بە خۆیدا دەچێتەوەو خۆی دەگۆڕێت.
ئێمە لەگەڵ شەڕی ناوخۆدا نین چونکە زۆربەمان هێشتا ئازارەکانی شەڕی ناوخۆمان بیرماوە،ئەو چەند ساڵەی شەڕی ناوخۆ دووهێندەی هەموو دەسەڵاتی حزبی بەعس لە کوردستاندا کاریگەری خۆی بەجێهێشت،نەک تەنیا کاریگەری بەسەر گەورەکانەوە جێهێشت بەڵکو ئێمەش کە لەو کاتەدا منداڵ بووین زیاتر لە گەورەکان باجی ئەو شەڕە قێزەونەماندا کاریگەرییەکی خراپی جێهێشت بەسەرمانەوە،تۆوی ڕق و کینەی لە دڵی هەر تاکێکی کوردا چاند،،یەکێتی و پارتی وەهایان لە گەل کرد کە بێ سڵەمینەوە دەستیان بچێتە خوێنی یەکتر،بەبێ شەرمکردن سوکایەتیان بەهەموو گەل کرد، بۆیە هەرگیز نامانەوێت ئەو دووبارە بێتەوە.بەڵام ئەوەش بەوە دەبێت کە دەستەڵاتدارانی کورد بەخۆیاندا بچنەوە، لە ئێستادا بەرپرسیاریەتییەکی گەورە بخەنە ئەستۆی خۆیان،ئەگەر دەیانەوێت مێژوویەکی ڕەش بۆخۆیان تۆمار نەکەن وە هەتا چەندین نەوەشیان دوای خۆیان سەرشۆڕنەبن لەبەردەمی گەلدا،ئەوا دەبێت چاکسازی بکەن دەبێت ئەو سیستەمەی لە کوردستاندا هەیە لە ڕەگەوە هەڵیبکێشن،دەبێت بەتەمای ئەوە نەبن ئەوان هەر لەدەستەڵاتدا بمێننەوە وە دوای خۆیان کوڕەکانیان دەسەڵات بگرنە دەست،دەبێت باوەڕیان بەهەڵبژاردنی پاک و بێگەرد هەبێت هەر کاتێک ئەنجام درا وە بە سنگێکی فراوانەوە ئەنجامەکان قبوڵ بکەن،دەبێت چیتر لەسەر دزی بەردەوام نەبن، دەبێت لەخەمی ئەو هەموو گەنجە بێ کارەی وو ڵاتدا بن، دەبێت بە وێنەی باوکێکی دڵسۆز مامەڵە لەگەڵ هەموو منداڵەکانی بکات بەبێ جیاوازی مافی هەرهەموویان بپارێزیت، دەبێت خەمی هەرچوارپارچەی کوردستان خەمی ئەوانیش بێت نەک خەڵک دەستگیر بکات کە خۆپیشاندان دەکەن لە دژی حکومەتێکی فاشیست و خوێن مژ کە لە سێدارەدانی گەنجی کورد لەلای بووە بە ئاو خواردنەوە مافی هەموو کوردێکە دیفاع لەگەلەکەی بکات لە هەر چوارپارچە وە حکومەتی هەرێم بۆی نییە ئەو کەسانە دەستگیربکات و هەتا ئێستاش لە زینداندا بن و ئازاریان بدەن.با خیانەتکردن لێردا بەس بێت و کۆتایی پێ بێت، لە دواجاردا هێندە ماوە بڵێم لە ووتارێکی زۆر کورتدا من و زۆرینەی گەلیش ئەوەت پێدەڵێین دەیڵێینەوە وە بڕواشمان وایە ئەگەر ئەم شتانەی سەروەت قبوڵە کە ئاماژەم پێداوە ئەوە مێژوویەکی پڕشنگدار بۆخۆت تۆمار دەکەیت،ئەگەر نا ئەوە دەبێت خۆت باجی توڕەبوونی میللەت بدەیت و وەکو هەمیشە ووتومە دەکەویتە بەرنەفرەتی گەلەوە، گەل ووشیار بۆتەوە جارێکی تر شەڕت بۆ ناکەن جارێکی تر نابن بە یاری بەدەست ئێوەوە چۆنتان بوێت هەڵیان بخەڵەتێنن ویاری بە چارەنوسیان بکەن، ئەوەی لە میسرو لە تونس ڕوودەدەن لە کوردستانیش ڕوودەدات،خۆتان و خێزانەکانیشتان جێگەتان نابێتەوە لە کوردستاندا هیچ ووڵاتێکیش ئامادە نابێت تەنانەت مافی پەنابەرێتیشتان بداتێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە