مانەوەی مالكی لەبەرژەوەندی كورد ە

Monday, 07/07/2014, 12:00

1620 بینراوە




دور لە سۆز و ململانێی شەخسی و بە پێی بەرژەوەندی گشتی كورد بێت . ئەگەر شیكارێكی بابەتیانە بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق بكەین، زۆر پێویستە بە قوڵی لەم هەشت ساڵەی حوكمرانی مالكی بروانین و دەرئەنجامی سیاسەتەكانی لە ئاست ناوچەیی و نێوخۆی عێراق وكاریگەریەكانی لە سەر هەرێمی كوردستان و لێكەوتەكانی بخوێنینەوە، نەك تەنها مامەڵەكردنی لەگەڵ كورد و دژایەتی كردنی لە پێناو بەدەستهێنانی رای جادە و جەماوەریی خۆی بە رووتی ببینین . سیاسەتەكانی ئەم دو خولەی مالكی ناراستەوخۆ بە شێوەیەك لە قازانجی نێوخۆیی و ناوچەیی كورد كەتۆتەوە، كە یەكێكی زۆر دۆستمانیش لەسەر كورسیەكە بوایە وا ئیشی بۆ نەكردین، ئەمەش نەك لەبەر خاتری چاوی كاڵی كورد و دانەوەی ئەو حەقەی كورد كە بەسەریەوەیە، بەڵكو لەدەرئەنجامی سیاسەتە شكستخواردوەكەی مالكیە لەگەل پرسە نێوخۆیی و ناوچەییەكاندا .
ئەگەر لە سەر هەردوو رووی ئەرێنی و نەرێنی مانەوەی مالكی بدوێین و بەراوردێكی زانستیانەی بكەین . تەنها ترسمان لە نەرێنی مانەوەی ئەوەیە، كە خۆی توندوتۆڵتر بكات و هێزی عەسكەری و سیاسی زیاتر كۆبكاتەوە و تاكرەوی توندتر پیادە بكات و جادەی شیعە لێمان بێنێتە دەنگ و فشاری زیاتر بێنێتە سەر كوردستان و لە دەستكەوتەكانمان كەم بكاتەوە، یان لە جێگەی خۆمان بمێنینەوە، بێ ئەوەی هیچ پێشكەوتنێك لە رێگەی بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیجیەكانمان بێتەدی . لەم بارەوە، دەتوانین بڵێین، پاش هاتنی داعش و سەرونگون بونی سەرجەم فاكتەرەكان و تێكچونی هاوكێشەكان، ئەم ئەگەرە یەكجار لاواز بووە و لەباوەرەدا نین كە مالكیەكەی جاران ببینین وا دەست راوەشێنێت و بۆی بچێتەسەر ، تەنانەت ئەگەر دوو خولی تریش سەرۆك وەزیران بێت .
لە باری ئەرێنیەوە، دیارە مالكیەك كە لە باری نێوخۆی عیراقدا، هەرچی سونەیە دژین و لە هیچ بوارێكدا پشتگیری ناكەن تا هاوكێشە هەرێمیەكە وا بمێنێت و، دیارە بۆ ماوەیەكی دورودرێژیش هەروا دەمێنێتەوە . لە گۆرەپانی شیعەشدا دژەكانی كەم نین و تەگەرە و ئاستەنگەكانی بەردەمی تا دێت گەورەتر دەبن، لەم بارەشەوە دەشێت بڵێین، هەمیشە دەستێكی بەستراوە دەبێت . لەگەڵ كوردیشدا، ئەگەر پەیوەندیەكانی چاك نەكات و نەگاتە رێككەوتنێك حاڵی لە سونە و بەشە شیعەكە باشتر نابێت و، لەم بارەوە زۆر رێی تێدەچێت لەم خولەدا ملكەچی هەر رێككەوتنێك بێت لەگەڵ كوردا. بۆیە لە رووی نێوخۆییەوە مالكی هەر بەو لاوازیەی دەمێنێتەوە و ئاسەواری هاتنی داعش (ئەگەر گریمان لەناو بچنیش) بۆ ماوەیەكی درێژ دەمێنیتەوە . بۆیە، لەم خولەدا لەوانەیە تەنها بۆی بكرێت بە خۆیدا بچێتەوە و ئەگەر عاقڵ بێت دەست بە ئاشتەوایی بكات لە گەڵ ئەو لایەنانەی كە رۆلی كاریگەر و یەكلایی كەرەوە دەگێرن لەعیراقدا، وەك كورد .
لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەكە، جگە لە توندڕەوەكانی ئێران هیچ دۆستێكی تری نیە. بەڵكو بە ناراستەوخۆ ئەو رەفتارەی مالكی بوو كە لە بۆچون و سەوابتە سیاسیەكانی توركیا لە ئاست عیراق و بە تایبەتی كورد و ناوچە دابراوەكانی گۆری . كەس هەیە نەزانێت، ئەگەر ئەم سیاسەتە شكستخواردوەی مالكی نەبوایە زۆریكی دەویست كە توركیا لەئاستی ئابوریدا بەم شێوەیە لەگەڵ كورد بروات و لە رووی سیاسیەوە لە گەرانەوەی كەركوك بۆ باوەشی كوردستان بێ دەنگ بێت و تەنانەت لە پرسی سەربەخۆیی كوردستانیشدا هاوكێشەكان لە قازانجی خۆیدا ببینێتەوە .
تاوەكو تەنها دۆستی مالكی توندرەوەكانی ئێران بێت، توركیا لەسەر هەڵوێستی خۆی دەمێنێتەوە و زیاتر لە كورد و سونە نزیك دەبێتەوە .
بۆیە بەردەوامی مالكی لەسەر كورسیەكەی، تادێت عیراق لە یەكترازان نزیك دەكاتەوە و، بێگومان ئەمەش لەقازانجی كورد دەبێت .
ئەمریكاش، ئەگەر دابەشبونی بویستایە ئێستا زۆر جەختی لەسەر مانەوەی مالكی دەكرد، بەڵام ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بەشەرمەوە دەردەكەون و، زۆر جیدی نین لەوەی كە جەخت لەسەر مانەوەی مالكی بكەن و، لەپێناو ئاڵوگۆری سەرۆك وەزیران و هاتنی كەسێكی تر، كاری خۆیان بە نهێنی ئەنجام دەدەن، لەوێشدا گەسێكیان دەوێت، پەیوەندیە نێوخۆیی و دەرەكیەكان لەسەر بنەمای یەكپارچەیی خاكی عیراق رێكبخاتەوە . كەلەو بارەدا تەنها زەرەرمەند كورد دەبێت .
بۆیە، ئەگەر بكرێت لەم كاتە زۆر كەمەدا و، زۆر بەنهێنی، كورد لەگەڵ مالكیدا رێكبكەوێت و هەرچی مەرجە بەسەریدا بسەپێنێت ، لەم خولەدا ئەوەی رووبدات لەقازانجیدا دەكەوێتەوە، بەڵام بۆ یەكێكی تر هیچ شتێكمان زامن نابێت . دەشێت یەكێك بێت كە پەیوەندیە نێوخۆییەكانی لەگەل سونە رێكبخاتەوە و بەرژەوەندیەكانی توركیا بپارێزێت و لەگەڵ ئەویشدا بگاتە رێككەوتنێكی دیبلوماسی و، دەستی ئیمەش لە بن هەمبانەكەوە دەردەچێت . لە سیاسەتدا هاورێ و هاوپەیمانی تاسەر نیە تەنها بەرژەوەندیە حوكم دەكات ولە سیاسەتدا موستەحیلیش نیە . بۆیە مانەوەی مالكی ئەگەر قازانجی نەبێت هیچ زەرەری تێدا نیە، بەڵام بۆ كەسێكی تر هیچ شتێكمان زامن نیە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە