ڕاپه‌رینی کرۆنشتات

Wednesday, 26/01/2011, 12:00

1445 بینراوە




پێشەكی

پارتی سۆسیال دیموكراتی روسیا پاش ئەوەی لە ساڵی1903 دا بوون بەدووبەشەوە ، زۆرایەتی(بەلشەفیك)و كەمایەتی(مەنشەفیك) ، تا دەھات ناكۆكی نێوان ئەم دوو باڵە گەشەی دەكردو تێڕوانینیان بۆ ئایندەی روسیا تەواو جیاواز بوو .
بەلشەفیكەكان بەسەرۆكایەتی لینین ، لە ساڵی 1917 وە تووشی گۆڕانی گەورەو سەرەكی ھاتبوون. نزیكەی حەوت تا ھەشت مانگ پاش شۆرشی فێبروەری 1917 پاش ڕوخانی دامودەزگاكانی ترازی، بەلشەفیكەكان لە ڕێگەی ھێرشێكی چەكدارانەوە بۆ سەر كۆشكی سپی توانیان حكوماتی بۆرجوازی كیرنسكی بڕوخێنن و دەسەڵات بگرنە دەست.

پاش ڕوخانی تزار ، واتە پاش شۆرشی فەبروەری1917 ، زۆربەی دەسەڵات بەدەستی سۆڤێتەكانەوە بوو ،كە بریتی بوون لە سۆڤێتە كرێكاران و جوتیاران وھەر بە پێی لێكۆڵینەوەی لینین لەو كاتەدا دوو دكتاتۆری له‌یه‌ک کاتدا له‌ ئارادا بوون : یەكەمیان دیكتاتۆری كرێكاران و جوتیاران بوو، كەبریتی بوو لە دەستەڵاتی سۆڤیتەكان ، ئەوی تریشیان بریتی بوو لە دیكتاتۆریەتی بۆرجوازی كەدەوڵەتی كیرنسكی نوێنەرایەتی دەكرد.

وەك دەزانرێت لەوكاتەدا كە دوو دەستەڵاتی سۆڤێتەكان و بۆرجوازی لە ئارادا بوو ، گەورەترین دیمۆكراسی لەوكاتەدا بوو، چونكە دەستەڵاتی فعلی تەواو لە دەستی سۆڤێتەكان دا بوو. حكومەتی كیرنسكی ھیچ جۆرە رەفتارێكی دیكتاتۆرەنەی لەوكاتەدا بۆ نەدەكرا، تەنھا ھێندە ھەبوو كە سوپاو حكومەتییان بەدەستەوە بوو.
كە ئەمەش لەخۆیدا مەترسیەكی گەورەبوو بۆ پاشەڕۆژی سۆڤێتەكان.
ئابووری ڕوسیا زۆر خراپ بوو بەھۆی ئەوەی كە ڕووسیا له‌و کاته‌ د‌ا لە جەنگ دا بوولە دژی ئەڵمانیا ... بەڵام سەرەڕای ئەمە، دەتوانرێت بووترێت كە رووسیا ئازادترین ووڵاتی جیھان بوو..ته‌نها .ووڵاتێک بوو كە سۆڤێتەكرێكاری و جووتیاری یه‌کان دەستەڵاتیان بە دەستەوە بوو.
بەلشەفیكەكان لە سۆڤێتە كرێكارو جوتیارانەدا كەمترین ژمارەیان ھەبوو ، بۆ نموونە لە جوونی 1917 دا لەسەرجەمی 790نوێنەری سۆڤێتەكان بەلشەفیەكان تەنھا103 نوێنەریان ھەبوو.
لە مانگی ئۆگه‌ستی  1917 دا ھێزێكی20000 كەس لەلایەن سۆڤێتەكانی كرۆنشتاتەكانەوە ھاتبوون لەگەڵ بەلشەفیكەكاندا بۆ یارمەتی سۆڤێتەكانی پترۆگراد كە توانترا بە كودەتاكەی ژەنراڵ كۆرترلیف تێکبشکێنرێت که‌له‌دژی شۆرش بەرپاكرابوو..
ئه‌مه وای کرد پلەوپایەی به‌لشه‌فیکه‌کانی به‌رزکرده‌وه‌.بەڕادەیەك كە ترۆتسكی لە 13ئۆگه‌ستی 1917 دابه‌ سه‌رۆکی سۆڤیه‌ته‌کانی پیترۆگراد ھەڵبژێردرا..
بەلشەفیەكان كەوتبوونە پڕوپاگەندەیەكی زۆر دەربارەی شۆرش و لەسەرو ھەموویانەوە لینین ، وە ھەموو ھەوڵێكیان ئەوە بوو دەستگرن بەسەر زۆربەی سۆڤێتەكاندا، كە لەوێشەوە دەسەڵاتی سیاسی بگرنە دەست.
بارودۆخی ئەوكاتەی رووسیا (ھەژاری بێ دەرامەتی و جەنگ..) ھەموو ئەمانە ڕێگەی بۆ پروپاگەندەی بۆلشەفیكەكان زیاتر خۆش دەكرد بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵك لەدەوری خۆیان كۆبكەنەوە و ژمارەی زۆری جووتیارانیش لە خۆیان كۆبكەنەوە بەوەی بەڵێنی دابەش كردنی زەوی وزاری یان پێ دان..
بەلشەفیكەكان لە دووھەمین كۆنگرەی سەرتاسەری سۆڤێتەكاندا لە سەرجەم 675 نوێنەر ،توانیان 343 دەنگ بەدەست بێنن..







وەلەھەمان ڕۆژدا واتە لە 25 ئۆکتۆبه‌ری 1917 دا توانیان لەڕێگەی پەلاماردانێكی چەكدارنەوە توانیان حکومه‌تی کیرنسکی بڕوخێنن و دەسەڵاتی سیاسی بگرنەدەست...
ئیتر دوای ئەمە رووسیا تووشی ئێش و ئازارێكی دوورودرێژ بوو، كاروگەرێكی سلبی گەورەشی كردوەسەر كرێكارو جووتیارانی ووڵاتانی ئه‌وروپاش به‌تایبه‌تی ئەڵمانیا..
گرتن ،كوشتن و برسێتی ،ئازارو چەوسانەوە . سەركوت كردنی ھەمەجۆرە چالاكی سیاسی، نەمانی مافی دیموكراسی و تەنانەت لێسەندوەی ئەو ئازادی و دیموكراسی و مافانەی كە كرێكاران و جووتیاران لە ئاكامی شۆڕشی فێبروه‌ری ساڵی 1917 دا بەدەستی ھێنابوون وە توانرا دەسڵاتی عورفی وپۆلیسی لە سەرتاسەری ووڵات دا دامەزرێنن ، و ده‌زگای پاراستنی شۆڕشی ڕووسیا (cheka) چێكا بەبیانوی گرتن و دۆزینەوەی ئەو كەسانەی دژ بە شۆرش بوون و هه‌موو هێزێکی له‌ ده‌ستدا بوو ، لە كوشتنی راستەوخۆی بەبێ دادگایكردن ھەموو ئەوانەی كە بە بیانوی تاوانی دژە شۆرشەوە دەگیران كە لە ماوەی سێ ساڵی تەمەنی چێكا ژمارەی ئەوانەی كە بەدەستی ئەو دەزگایە کوژران لە نێوان 200 ھەزار بۆ 500 ھەزار كەس دا بوون.
ڕووداوەكان ئەوكاتە ھێندە ترسناك و سامناك بوون كە ھیچ نەبوو جگە لەبه‌ربه‌ریه‌تی یه‌کی که‌م وێنه‌ی دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر مرۆڤەوە.
ڕاپەرینی كرۆنشتات باشترین نموونەی ئەو بەربەریەتە بوو كە خوێنێكی ھێجگار زۆری تێ ڕژا و كرۆنشتات شۆرشێكی كرێكار بوو سەركوت كرا.

كرۆنشتات




شاری كرۆنشتات نزیكەی 50 ھەزار كەس دانیشتوانی بوو ، بریتی بوو لە قەڵایەكی دەریای لەسەر دورگەی كۆتلین لەسەر كەنداوی فینلەندە كە نزیكی 30 كم لە پترۆگرادەوە دوور بوو. لەكاتی شۆروش دا بایەخێكی سەربازی بوو بەھۆی ستراتیژی شۆێنەكەیەوە.
نیوەی دانشتوانەكەی لەو كاتەدا بریتی بوون لە دەریاوان، سەربازان. كرۆنشتات ھەردەم جێگەی ڕاپەڕین و شۆرش و نارەزای خەڵك بووە لە دژی حكومەتی ترازی، لە 1905 دا یەكەم بزوتنەوەی ناڕەزایەتی تێدا بەرپابوو كە ئامانجی كەمكردنەوەی ماوەی كارو چاكردنی گوزەرانی ژیانیان بوو ئەم بزوتنەوەیە بووە ھۆی كوژرانی چەند فەرماندەیەكی سەربازی تزاری. بەڵام پاش دوو ڕۆژ حكومەتی تزار كەوتە كوشتن و گرتنی خەڵك لەئەنجامادا زیاترله‌ 100که‌س کوژران وبریندار بوون ، وه‌ هه‌روه‌ها زیاد له‌ 300 که‌سی تریش زیندانی کران وه‌ هه‌روه‌هالە ساڵی 1906 دا راپەڕینێكی تر ڕووی دا ئەمجارەش تێكشكێنرایەوەو زیاتر لە 36 لەپێشەوای بزوتنەوەكە لە سێدارە دران.
بەدرێژای ئەوماوەیەی شۆرشی فیبروەری 1917 كرۆنشتات ببووە مایەی ھەستان و ڕاپەرین و شۆرش.
پاش ڕوخانی حكومەتی تزاری ،واتە لەكاتی حكومەتەكانی كیرنیسكی یشدا ، كرۆنشتات ھەر مەیدانێكی شۆرشگڕانە بوو، ھەمیشە لە بەرامبەر حكومەتی كیرنیسكی دا ڕاوەستابوو، دەسەڵاتی لە كرۆنشتات بە تەواوی لەدەستی سۆڤێتەتەكاندا بوو، وەبە دروست بوونی توانیان خۆیان لە برسێتی زۆر گیروگرتنی تر ڕزگاربكەن.
كرۆنشتات ھەمیشە جێگەی شانازی بولشەفیكەكان بوو و ھەمیشە لە ڕێزی پێشەوەی گیان فیداكردندا بوون لە پێناوی شۆرش دا ، كەترۆتسكی لەوكاتانەدا بە مایەی رێزو شانازی شۆرش و باسیان دەكات. لە ئۆكتۆبەری 1917 دا دەریاوانەكان كرونشتات خۆیان گەیاندە پترۆگراد و ھاوبەشی ڕوخاندنی حكومەتی كیرنسكی یان كرد، بەوەش جارێكی تر بونەوە بە مایەی رێزو شانازی شۆرش.
له‌سه‌ره‌تای ساڵی 1918 دەریاوانەكانی كرۆنشتات پەیوەندی دۆستانەیان ھەبوو لەگەڵ بەلشەڤیك و لەجەنگی ناوخۆشدا ھەمیشە پاڵپشتی بەلشەڤیەكانیان دەكرد لە دژی ھێرەشەكانی ژەنەراڵەكانی تزاری.
بەڵام كاتێك بەلشەفیكان دەوڵەتی تەنھای خۆیان ڕاگەیاند و هه‌موو هێزه‌ سۆسیالیست‌ و چه‌په‌کانی تریان خسته‌ که‌ناره‌وه‌ ، ئەوە بووە ھۆی یەكەم ناڕەزی و جیاوازی كرونشتانی یەكان لەگەڵ دەوڵەتی بەلشەڤێك دا.
لە ئۆكتۆبەری 1917 كرۆنشتاتەكان بڕیارنامەیك دژ بەسەركوت كردنی ھێزە سیاسیە سۆسیالستیەكان تر ودژی پەیمانی  بریست ـ لیتۆڤسک دەركرد .
(پەیمان بریست ـ لیتۆڤسک ئەو پەیمانەبوو لە نێوان رووسیاو ئەڵەمانیا لە ئازاری 1918 دا مۆركرا ، بەپێی ئەم پەیمانە رووسیا دەستی لە چەند ناوچەیەكی گرنگی خۆی ھەڵگرت بۆ ئەڵەمانیا..)
تێكشكاندنی لەشكری سپی دژ بە شۆرشی كۆتایی بە جەنگی ناوخۆ ھێنا وە ئیتر دەوڵەت ھیچ مەترسی ئەوتۆی نەمابوو لەبەردەمدا ، بەڵام ترۆر و کوشتن و گرتن و سه‌رکوتکردن کۆتایی نه‌هات ، كە لەڕاستی دا ھیچ بیانویەك نەمابوو بۆ ئەو كوشت و بڕە..
ناڕەزای لە ناوخەڵك دا په‌ره‌یسه‌ند ، تەنانەت لە ناو بەلشەفیكەكان خۆشیاندا زۆر لەئەندامەكانیان وازیان لە حیزب ھێنا، كە بەڕادەیەك لە كرۆنشتاتدا ژمارەی ئەندامانی حیزب بوو بە نیوە..
مانگێك بەر لە ڕاپەرینی كرۆنشتات روو بدا ، ڕۆژانه‌ لە فێبروەری 1921 دا كۆمەڵێك مانگرتنی عەفەوی دەستی پێ كرد، بەھۆی سەختی باری ئابووریەوە ھەربۆیە دەسەڵاتی سەربازی سەپێندر او لە سەعات 11 شەوەوە تا كو بەیانی ھەموو جۆره‌ کۆبونه‌وه‌یه‌ک قەدەغە كرا.
ڕۆژ دوای ڕۆژ بارودۆخی كرۆنشتات خراپتر دەبوو ، دەنگی نارەزای زیاتر بوو لە دژی بەلشەفیكەكان. ھەر بۆیە كرۆنشتاتیەكان بڕیاری كۆبونەوەی سۆڤێتانەی خۆیان داو بڕیاریانامەیەكیان ئاڕاستەی حكومەتی بەلشەفیك كرد،داواكاریەكانیان خۆی لە 15 خاڵدا دەبینێتەوە:
1) دەبێت بەپەلە ھەڵبژاردنێكی نوێ بە شێوەیەكی ئازادانە ڕابگەیەنتێت بۆ ھەموو كرێكارانە و جوتیارانی چونكە سۆڤێەتەكانی ئێستا ووستو خۆاستی كرێكاران و جووتیاران نین.
2) بوونی سەر بەستی ووتارنوسین و بڵاوكردنەوە بۆ كرێكاران جووتیاران و ئەنارشیستەكان و پارتە سۆسیالستە چەپەكانی تر.
3) ئازادی كۆبوونەوە و لێدوان بۆ نەقابەكان و ڕێكخراوە جووتیاری یەكان.
4) ڕێكخستنی كۆنفرانسێكی ناحیزبی لە كرێكارن و سەربازانی سوپای سوور و دەریاوانەكانی پترۆگراد وكرۆنشتات و دەوروپشتی پترۆگراد تاكو 10 ی مارسی 1921.
5) ئازادكردنی ھەموو زیندانی یە سیاسیەكانی پارتە سۆسیالست و كرێكار و جووتیار و سەربازو دەریاوانەكان،كە بە ھۆی پەیوەندییان بە بزووتنەوەی كرێكارییەوە بەندكراون.
6) ھەڵبژاردنی كۆمیسیۆنێك بۆ لێكۆڵینەوە لەو تاوانانەی دراوەتە پاڵ ئەو كەسانەی كە لەزیندان و ئۆردوگاكانی كاری زۆرەملێدا ژین بەسەر دەبەن.
7) ھەڵوەشانەوەی (بەڕێوەبەراتی سیاسی) بەھۆی ئەوەی كە ھیچ پارتێك نابێت ماف و ئیمتیازاتی تایبەتی ھەبێت بۆ پڕوپاگەندە بۆ بیروباوەڕی خۆی ، وە تەنانەت نابێت یارمەتی پارە و پۆلس لەلایەن دەوڵەتەوە وەربگرێت. لەبری ئەوانە دەبێت كۆمیسێۆنی ڕۆشەنبیری و پەروەردەكردن دابمەزرێت كە بەشێوەیەكی ناوچەی ببرێت بەڕێوەو پارەو پوولی لەلایەن دەوڵەتەوە پێ بدرێت.
8) لابردنی ھەموو ئەوھێزە تایبەتییانەی بۆ كۆنترۆڵكردنی شەقامەكان كۆكراونەتەو.
9) یەكسان كردنی بژێوی ڕۆژانەی ھەموو كرێكاران بەتایبەتی ئەوانەی كارەكانیان مەترسی ھەیە بۆسەر ژیانیان.
10) لابردنی (ھپزی جەنگاوەری كۆمۆنیست) لەناو ھەموو بەشەكانی سوپادا و وەگاردی كۆمۆنیست لە كارخانەو مەڵبەندە پیشەسازییەكاندا، لەكاتی پێوستدا دەبێت لەناوسوپادا لەلایەن سەربازان خۆیانەوە ولەكارخانە پیشەسازی یەكان لەلایەن كرێكارانەوە ھەڵبژێردرێن.
11) ئازادی جووتیاران لە زەوییەكەی خۆیاندا و مافی كاركردن تیایدا بەبێ زەوتكردنی كاری خەڵكی دیكە.
12) داوا لە ھەموو بەشەكانی سووپا وھەروەھا ھاوڕێیە ئه‌فسه‌ره‌کان دەكەین كە ئەم بڕیارنامەیەمان قبوڵ بكەن.
13) ھەڵبژاردنی كۆمیسیۆنێكی كۆنترۆڵی ناوخۆ .
14) سەربەستی پیشەگەری به‌بێ زەوت كردنی كاری خەڵكی دیكە.
15) داوا لە بڵاوكراوەكان دەكەین كە بڕیارنامەكان بە تەواوی لەئۆرگانه‌کانی خۆیاندا بڵاوبكەنەوە.

لەگەڵ بڵاوكەدنەوەی ئەو بڕیارنامەیەدا و پەسەندكردنی لەلایەن چەند جێگەی ترەوە و تەشەنەسەندنی دەنگ و باسی مەسەلەی كرۆنشتات و بڕیارنامەكەیان بۆ پترۆگراد، مەترسییەكی گه‌وره‌ که‌وته‌ به‌رده‌م حیزب و ده‌وڵه‌ت ، بۆیه‌ به‌ په‌له‌ دوو نوێنه‌ریان نارد بۆ كرۆنشتات بۆ قسەكردن و ڕازیكردنی خەڵكی كرۆنشتات و وازھێنان لەو داواكارییانە.
لە یەكی مارس دا بەھاوبەشی 15 ھەزار كەس لە مەیدانی "لنگۆ" دا كۆبوونەوەیەك پێكھات بە بەشداری كالینین سەرۆكی كۆمیتەی بەڕیوەبردنی سۆڤێتەكانی سەریاسەری ڕووسیا ، "كازمین" فەرماندەی جەنگ وەك نوێنەری دەوڵەت .
كازمین ووتاری خوێندەوەو داوای ھێمن بوونەوەی خەڵكی دەكرد بەبیانووی ئاڵۆزی بارودۆخی دەوڵەتەوە و مەترسی ھێرشی گاردی سپی و تەنانەت ووڵاتانی دەرەوەش وداوای لێ كردن كە پەشیمان ببنەوە ، لەڕاستی دا بڕیارنامەكە وەك مانیفێستێكی لێھاتبوو بەدەست كرۆنشتاتیەكانەوە ، بەكورتی داوای دەسەڵاتی سۆڤێەتەكانیان دەكرد بەدوور لە دەسەڵاتی حیزب و داوای مافی دەنگدانی ئازادو نھێنی و مافی كۆبوونەوە و بڵاوكردنەوەو.. ھتد دەكرد.
بۆیه‌ ووتارەكەی "كازمین" نەك ھەر ھیچ پێشوازیەكی لێنەكرا بەڵكو بووە ھۆی توندوتیژكردنی زیاتری خەڵك ، نوێنەرەكانی حیزب سەركەوتو نەبوون لە رازیكردنی خەڵكدا ، بڕیارنامەكەیان لەلایەن ھەموو خەڵكەوە پەسەندكرا ، وەتەنھا کالینین و ڤاسیلۆ (سەرۆكی حیزب لە كرۆنشتات) دژی بڕیارەنامەكە بوون.
وەھەروەھا زۆربەی ئەندامانی حیزبیش نەك ھیچ ڕای پێچەوانەیان نەبوو بەڵكو ئەوانیش بڕیارنامەكەیان بەتەواوی پەسەندكرد .
ڕۆژی دوای، واتە لە دووی مارس دا ، 300 نوێنەری ھەڵبژێردراوی كەشتیەوانەكان و سەربازگەی نەندەرو كارخانەكان كۆنفرانسێكیان بۆ ھەڵبژاردنی ڕاستەقینەی سۆڤێتەت رێكخست . لەناوخۆیاندا 15 كەسیان لەژێر ناوی كۆمیتەی كاتی شۆرشگێردا ھەڵبژارد، كازمین وڤاسیلو لە دژی دەریاوانەكان قسەیان كردو ووتیان ھەرگیز دوو دەستەڵات قبووڵ ناكەین و تاكو كۆتایی لە دژیان دەجەنكین.
لەبەرئەوەی كازمین بڕیاری بڕینی ئازوقەو خواردەمەنی كرۆنشتاتی دابوو ، بۆیە دەریاوانەكان بڕیاری گرتنی كازمین و ڤاسیلو یان دا ، بەڵام كۆمەڵێك لە خێزانی دەریاوانەكان گیران لە بری ئەوان. دەریاوانەكانیش نزیكەی 300 كەسیان لە به‌لشه‌فیکه‌کان  گرت، واتە یەك لە سەر پێنجی ھەموو بەلشەفیكەكانی كرۆنشتات بەھۆی ئەوەی كە دەنگ و باس دەگەیەنن بەدەوڵاەت ، بەڵام شایانی باسە ھیچكام لەوان ئازارنەدران و نەكوژران.
كۆمیتەی كاتی شۆرشگێر، رۆژنامەیەكیان لەژێرناوی " دەنگ و باسی كۆمیتەی كاتی شۆرشگێری دەریاوەنەكان و سەربازانی وكرێكارانی كرۆنشتات " بڵاوكردەوە ، كەتاكو 16ی مانگیش بەبەردەوامی دەردەچوو، سەرنوسەری ڕۆژنامەكە ناوی " ئەناتۆڵی لامانۆف " بوو پاش تێكشكاندنی ڕاپەڕینەكەیان گیراو لەسێدارە درا.
ئەو ووتارانەی كەلە ڕۆژنامەكەدا بڵاودەكرانەوە ، لەدوای 8ی مانگەوە ھێرشێكی زۆری تێدابوو بۆ سەر بەلشەفیكەكان ، دەوڵەتیان بەلیپرسراوی ھەموو چەوسانەوەو ستەم و زەبروزەنگ دادەنا، وەتیایدا خوازیاری شۆرشی سێ یەم بوون بۆ ڕزگاركردنی كرێكاران و زەحمەتكێشان .
كالینین پاش كۆبوونەوەكەی یەكی مارس، ھەمان ڕۆژ گەڕایەوە بۆ پترۆگراد و دەنگو باسی ئاڵۆزی و سەختی كرۆنشتاتی گه‌یانده‌ سەركردایەتی . سەرئەنجام دەوڵەتی سەربازی پترۆگراد لە 4 مارسدا ڕاگەیاندنێكیان لە دژی دەریاوانەكان و شۆرشگێرەكانی كرۆنشتات دەركرد و پێشەوایانی بزووتنەوەكەیان بە نۆكەرو داردستی تزار و كۆنەپەرست و دژە شۆرش لەقەڵەم دا.
بەھۆی ئەو ڕاگەیاندنەوە ، دەریاوانەكان كە خۆیان بە لایەنگری دەستەڵاتی سۆڤێتەكان دەزانی ، ناچاربوون زیاتر ئامانجەكانیان و ئەسڵی داواكارییەكانیان روون بكەنەوە، وە كۆمیتەی كاتی شۆرشگێر، لێژنەیەكیان ھەڵبژارد كە لە 30 كەس پێكھاتبوون بۆ روونكردنەوەی داواكاریەكانیان و جەوھەری واقعی بزووتنەوەكەیان ڕه‌وانه‌ی پیترۆگرادیان کردن به‌ڵام هه‌ر به‌ گه‌یشتنی ئه‌و لێژنه‌یه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن پۆلیسی پترۆگراده‌وه‌ گیران و دوای ئه‌وه‌ هیچ هه‌واڵێکیان نه‌زانرا.
تڕۆتسكی كە فەرماندەی گشتی جەنگ و بەرگری و لێپرسراوی گشتی سوپا بوو، لەوكاتەدا لە سیبیریا بوو، بەڵام ھەر بەبیستنی ھەواڵی كرۆنشتات بەپەلە گەڕایەوە بۆ مۆسكۆ وپاش ووتووێژ لەگەڵ لینین دا ، لە 4-5 مارس دا چوو بۆ پترۆگراد و ئەم بڕیارەی خوارەی راگەیاند ، كەلەراستی دا ھەرچەندە ئیمزای ترۆتسكی پێوە بوو، بەڵام ڕاوبۆچوونی لینین یش بوو :
" لەبەرئەوەی دەوڵەتی كرێكاران و جووتیاران وابڕیاردەدات كە كرۆنشتات و كەشتیەوانەكانی جەنگ دووبارەو بەبێ دواكەوتن بگەڕێنەوە ژێریاسای كۆماری سۆڤێەتی، بۆیە منیش فەرمان دەدەم كە ھەموو ئەوانەی دژی نیشتیمانی سۆسیالستی ھەستاون چەكەكانیان دابنێن و ئەوانەشی كە بەرھەڵستی دەكەن، دەبێت چەك بكرێن و بدرێن بە لێپرسراوی سۆڤیەت ،دەبێت زۆر بە زوویی فەرماندەو نوێنەرانی دەوڵەت ئازاد بكرێن . وە تەنھا ئەوانەی بێ چەندوچوون خۆیان تەسلیم دەكەن ، كۆماری سۆڤیەت لێیان دەبوورێت. لەگەڵ ئەم ئاگاداریەدا فەرمانی خۆئامادەكردنی چەكدارانە بۆ كۆتای پێھێنانی ئەم ھەڵاتووە یاخی بووانەمان داناوە.."

دەرچوونی ئەو ئاگاداریە بووە ھۆی ڕق و كینەی زیاتری خەڵكی شۆرشگێری كرۆنشتات و قۆناغێكی تری ھێنایە كایەوە، چوونكە ئەوان ھەرگیز چاوەڕوانی ئەو وەڵامەیان نەدەكرد، وە ئەو ئاگاداریە لەڕاستی دا ڕاگەیاندنی جەنگ بوو نەك ھیوای ڕێكەوتن وجێ بەجێ كردنی داواكاریەكانیان.
كرۆنشتاتی یەكان بەم شێوەیە وەڵامی ئەو ئاگاداریەی ترۆتسكی یان دایەوە :

" نۆھەمین شەپۆلی شۆرش دەستیپێكردووە، دەركردنی ئێوەیان دەوێت لەسەرتاسەری ووڵات دا بەھەموو چەوسانەوەكانتان و درۆ و دەلەسەكانتانەوە خراپەكاریەكانیانەوە ، وە بەخشندەی تۆش پێویست ناكات بەڕێز ترۆتسكی.."

پاش ئەوە لە 25 مارس دا كۆمیتەی بەرگری پترۆگراد ڕگەیاندنێكی تریان بە فڕۆكە بەسەر شاری كۆرنشتات دا بڵاوكردەوە كە ناوەڕۆكەكەی بریتی بوو لەوەی " یان دەێبت لەماوەی 24 كاتژمێردا خۆتان تەسلیم بكەن، یاخود ھەمووتان بە گوولە وەك كەو دەگێڕین" ئەم ئاگاداریەش ئەوەندەی تر دەریاوانەكانی كرۆنشتاتی توڕەكرد.
لەڕاستی دا دەریاوانەكان چەندان جار ھەوڵی ڕێك كەوتن و چارەسەركردنی گیروگرفتەكانیان دا لەڕێگەی ووتووێژو ئاشتی یەوە، دووجار لێژنەیان نارد بۆ پترۆگراد و چەندان جار تەلەگرافیان كرد، بەڵام بەلشەفیەكان بەھیچ شێوەیەك وەڵامیان نەدەدانەوە و ھەرلەیەكەم ڕۆژەوە بەنیازی سەركوت كردنی ڕپەڕینەكە بوون.
لەڕاستی دا كرۆنشتاتیەكان ھەتاكو ئەوكاتەش شتێكی ئەوتۆیان لەدژی لینین نەووت و تەناتەت ھەتاكو ڕۆژكانی دوای ڕاپەڕینەكە وێنەكانی لینین بەسەر دیوارەكانەوە مابوو، بەبێ ئەوەی دەستكاری بكرێت ، بەڵام پاش ھێرشی لینین بۆ سەر دەریاوانەكان لە كۆنگرەی 10ی حیزبدا وتاوانباركردنیان، ئەوانیش ھەڵوێستیان لەبەرامبەر لینین گۆڕی و لە 14ی مارس دا ھەموو وێنەكانی لینین لێدەكەنەوە.
ترۆتسكی ئاگاداری 24 كاتژمێرەكەی درێژكردەوە بۆ 48 كاتژمێر، وە لینین لە 6 مارس دا " میخایل تۆخاچێڤسکی " ھەڵدەبژێرن بەلێپرسراوی سەركوتكردنی ڕاپەڕنی كرۆنشتات.
تۆخاچێڤسکی یەكێك بوو لە ئەفسەرە ھەرەبەتواناكانی تزاری، ژەنراڵێكی تزاری بوو ، ھەر لە تەمەنی 27 ساڵیەوە گەیشتبووە پلەی ژەنڕاڵی، بەڵام پاش گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن بەلشەفیكاكانەوە ئەوش پەشیمان بووەو پەیوەندی كرد بە بەلشەفیكەكانەوە .






ئیتر پاش ئەوە كۆمیتەی كاتی شۆرشگێر ناچار بوو بڕیاری خۆئامادەكردن بۆ جەنگ ڕابگەێنێت لەڕاستی دا شۆرشگێڕەكانی كرۆنشتات گەلێك بەھیوای ئەوە بوون كە كرێكاران و سەربازانی پترۆگراد بێت بەدەنگی خەباتەكەیانەوە و ڕاپەڕن، بەڵام حیزبی بەلشەفیك زوو كەوتنەخویان و زینۆفیف كە سەرۆكی كۆمیتەی حیزب بوو لە پترۆگراد، ئەركی سەركوت كردنی ھەموو جۆرە كۆبوونەوەو جوڵانەوەیەكی گرتەئەستۆ لەناو پترۆگراددا.
ھەر لە گەڵ دەستپێ كردنی ڕاپەڕینی كرۆنشتاتدا ، "چێكا" زۆر بێ بەزییانە كەوتە گیانی خەڵك لە پترۆگراد، ڕێگەیان لە ھەموو جووڵانەوەیەك گرت وەچەندەھا كەسیان لەناو پترۆگراد گرت.
لە ڕۆژی 6ی مارس دا زۆر لەئەفسەرەكانی سەربازگەی كرۆنشتات پێشنیاری ئەوەیان كرد ھێرش بكەن بۆ پترۆگراد بەرلەوەی ھێزی دەوڵەت بكەوێتە خۆی ، لەو بڕوایەشدا بوون كە ھەر بەگەیشتنیان بۆ پترۆگراد، ھەرچی كرێكارو سەربازی پترۆگراد ھەیە ھاوكاریان دەكەن و ھێزێكی ئەوتۆش پێك دەھێنن كە ھەرگیز ‌ ده‌وڵه‌ت نه‌توانێت به‌ره‌نگاریان بێت، بەڵام زۆربەی كۆمیتەی كاتی شۆرشگێر دەنگیان بۆ ئەو پێشنیارە نەدا بەوەی ئەوان مەبەستیان خوێن ڕشتن نییە لە ڕاپەڕینەكەیان.
مۆڵەتی 48 كاترژمێرەكەی ترۆتسكی كۆتای ھات و میخایل تۆخاچێڤسکی بەھێزێكی 60ھەزار كەسی یەوە كرۆنشتاتی ئابڵۆقە دا .
ھێزەكەش دابەش بوو بۆ دووبەش كە 15 ھەزار كەسیان لەبەشی سەرەوە دەستی پێكرد و فڕۆكەكانی سوپای سووریش كەوتنە بۆمبارانكردنی ناوچەكە.
ھێرشەكە لەلایەن ھێزەكانی كرۆنشتاتی یەكانەوە، بەرھەڵستی كراو سەدەھا كەس كوژرا ، سەرئەنجام ھێزەكانی دەوڵەت شكا،كە ئەمەش پێچەوانەی بۆچوونی دەوڵەتەوە بوو كە پێیان وابوو زۆر بە زووی ڕاپەڕینەكە تێك دەشكێ وەك لینین كە كۆنگرەی 10 ی حیزبدا لە رۆژی 8 مارسدا دەڵێ " من ھێشتا دواین ھەواڵ دەربارەی كرۆنشتات نازانم، بەڵام گومانم لەوە نییە كە ئەم ڕاپەرینە كەلە پشتییەوە سێبەری گاردی سپی ھەیە، ئەگەر لەماوەی چەند سەعاتی داھاتوودا كۆتایی نەیەت ، ئەوا لەماوەی چەند رۆژێكی داھاتوو دا بەتەواوی كۆتای دێت".
پاش تێكشكان و كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لەسەربازەكانی سوپای سوور لە دوای رووداوەكەی 8ی مارس، زۆر لە كەرتەكانی سوپ سەرپێچییان كرد لەسەركوت كردنی ڕاپەڕینەكە و داوای ئەوەیان دەكرد كە لێژنەیەك بنێرن بۆ كرۆشتات و بزانن داواكارییەكانیان چییە ، وە ژمارەیەكی زۆریش لە سەربازەكان خۆیان دەگەیاندە لایان و پەیوەندییان پێوە دەكردن.
ئەونارەزاییە گیشتە ڕادەیەك كە نوخاچۆفسكی خۆی ناچاربوو داوای یارمەتی لە تڕۆتسكی بكات و پاشان تڕۆتسكی و میخایل تۆخاچێڤسکی كەوتنە پاك كردنەوەی ئەوانەی سەرپێچیان دەكرد لەناو سوپادا و ژمارەیەكی زۆریشیان لێ ھەڵواسین و ھەوڵیاندا سەربازی تر بھێنن بۆ جەنگ كە ڕەگەزی (چینی تەتەر) بن بۆ ئەوەی بواری ھاوكاری ویارمەتی لەنێوان سەربازەكان و كرۆنشتاتیەكاندا ببڕن، چونكە ھەموویان ڕووسی ئەوروپای بوون.



كرۆنشتاتییەكان بەرگری ئازایانەیان كرد و تەنانەت فڕۆکه‌یه‌کیشیان خستە خوارەوە، بەڵام بەھۆی ئەو ئابڵۆقەیەی كە لە سەریان دانرابوو ھیچ ڕێگەیەكی ھێنانی خواردن و پێوستیەكانی دیكەیان نەبوو، ئەمەش بووە ھۆی كە خواردن بە تەواوی كەم ببێتەوە ، تا لە 15ی مارس دا ئاردو خواردەمەنی ھەمووی تەواو بوو، برسێتی و سەرماو بێ خەوی وكەم ھێزی لە چاو سوپای سووردا كرۆنشتاتیەكانی تەوای ھیلاك كردبوو.
سەرلەنوێ سوپای سوور ھێرشی دەست پێ كردەوە، به‌هێزێکی 50 ھەزاریەوە لەبەرامبەر 15 ھەزار كەس دا كە 13ھەزار چەكدار و 2000 مەدەنی بوون.
لە سەعات دووی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی 16ی مارس دا ھێزی زەمینی و ئاسمانی ھێرشیان دەست پێكرد ، پاش كوژرانی ژمارەیەكی زۆر ، سەربازەكانی سوپای سوور توانیان بگەنە ناو كرۆنشتات ، خەڵكی كرۆنشتات بە ھەموو ھێزێكیانەوە لەماڵەوە و شەقام و كۆڵان، بە ژن و پیاوەوە بەرەنگارییان كرد ، بڵام سەرئەنجام لە سەعات ۳ پاش بیوەڕۆی ڕۆژی 17 مارس دا كرۆنشتات شكا و ھێزەكانی سوپای سوور دەستیان گرت بەسەر ھەموو ناوچە گرنگەنی شاردا.
لەو 15 كەسەی كۆمیتەی كاتی شۆرشگێر ، یانزەیان ھەڵھات بۆ فنلەندا . چواریان گیران و نزیكەی 8000 كۆرنشتاتی بە 2500 چەكەوە ڕایان كرد بۆ فنلەندا و لەوێ بوونە پەنابەر.
كرۆنشتاتیەكان نزیكەی 600 كەسیان لێ كوژرا و زیاتر لە 1000 بریندار بوون. نزیكەی 2500 زیندان كرا كە لە 20 مارس دا 13 كەسیان لە سێدارە درا بە بیانووی ئەوەی گوایە لە ڕابەرەكانی ڕاپەڕینەكە بوون. تاوانی نۆكەری ئەفسەری كۆنی تزارن و پاشانیش مۆركی دژە شۆرش بە ڕاپەڕینەكەوە نرا، زۆربەی زیندانییەكان ڕەوانەی پترۆگراد كران، چەند سەد كەسێكیان بەیەك جار لە سێدارە دران وپاشان دەستە دەستە ڕەوانەی ئۆردوگا زۆرەملێكانیان دەكردن. زیانی بەلشەفیەكان نزیكەی 10 ھەزار كوژاو برینداریان ھەبوو ، بەڵام بەپێی ڕاگەیاندنی بەلشەفیكەكان تەنھا 700 كوژراو 2500 برینداریان ھەبوو.


- چێكا(CHEKA) لە دیسەمبەری 1917 دروست بوو ، لە ساڵی 1922 دا ناوەكەی گۆڕدرا بە بەڕێوەبەرایەتی سیاسی دەوڵەت واتە (G.P.U.) ، پاشان بوو بە KGB)

      

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە