نامەیەکی کراوە بۆ لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان

Monday, 26/11/2012, 12:00

1107 بینراوە


لە ٤٠ ڕێکخراوەوە
پاش سڵاو و ڕێز

وەک ئاگادارن ماوەی چەند مانگە چەندان کەمپین بۆ داکۆکی لە هەردوو بەندکراو کارزان کەریم و سەید ئەکرەم لە لایەن ئازادیخوازان و مافخوازان لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان بەڕێخراوە. جگە لەوەی ئەو دوو بەندکراوە، کە تەنها بە هۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە گەندەڵیەکان لە دام و دەزگاکانی هەرێمدا دەستگیر کراون، بە شێوازێکی دوور لە هەر پێوانەیەکی یاسایی ڕفێندراون و چاندین هەفتە و مانگ بێ سەروشوێنکراون و لە دیداری پارێزەر و بگرە کەس و کاری خۆشیان بێ بەش کراون. سەرەنجام بە تۆمەتی هەڵبەستراو و ناڕاست زیندانی کراون، لەسەروو ئەو حوکمانەشەوە کە لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتە داتاشراوانەوە بۆیان بڕدراوەتەوە لە زینداندا بە بێ هیچ پاساوێکی یاسایی ‌هێڵراونەتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە باری تەندروستیان لە زینداندا ناجێگیرە و لە بانگەوازێکدا کە چەند هەفتە لەمەوبەر بڵاویان کردەوە ڕایانگەیاند کە ژیانیان لە زینداندا لە مەترسیدایە.
هەموو ڕووداوەکان و مولابەساتەکانی ئەو دوو کەیسە پێمان دەڵێن کە پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن لە کوردستان بە شێوەیەکی بێ سنور و سەرسوڕهێنەر خەوشدار و نایاساییە. سیستەمی سەپاندن و جێبەجێکردنی یاسا لە کوردستان لە سایەی دامەزراوە ئاسایشی و یاساییەکانی کوردستان پانتاییەکە بۆ خوانواندنێکی زەقی ستەمکاریی دەسەڵاتی هەردوو حزبی باڵادەست. ئەو دوو نمونەیە دوو نوکی کێوێکی گەورە لە ستەمکارین کە بنکەکەی نوقمی دەریای بێ دەربەستی و سوکایەتیکردنی دەسەڵاتدارێتی حزبەکانی کوردستانە بە هەرچی یاسا و مافی سەرەتایی مرۆڤە.
ئێمە بە ناوی هەموو ئەو کەسایەتیانەی کە ئیمزایان لە کەمپینی ناڕەزایی بەرانبەر کردەوە سەرکوتگەریەکان لە دژی کارزان کەریم و سەید ئەکرەم دابوو و بە ناوی هەموو ئەو ڕێکخراوانەی لە خوارەوە ناویان هاتووە، لە ڕێگای ئەم نامەیەوە دەمانەوێت بەڕیزتان بخەینەوە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی بناغەیی. بەرپرسیارێتیەک کە پێشمەرجی مەشروعیەتی هەر کەس و لایەنێکە کە ئیدیعای نوێنەرایەتی خەڵک دەکات. ئێوە کە ئەندامی پەرلەمانن و بڕیار وایە پاسەوانی مافەکانی خەڵک و هاوڵاتیان بن، لە ماوەکانی ڕابردوو تا ئەو جێگایەی بەم دوو کەیسە دەگەڕێتەوە هیچ بەڵگەیەکتان بۆ ڕەچاوکردنی بەرپرسیارێتی خۆتان نیشان نەداوە. بەبەرچاوتانەوە هاوڵاتیان دەڕفێندرێن، بێ سەروشوێن دەکرێن، تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەسترێت و لە زینداندا بە بێ پاساو ڕادەگیرێن، هیچ ناڵێن، هاواری ئەو زیندانیانە کە دەڵێن مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە لە دەوروبەرتان دەنگ دەداتەوە، سەرۆکی پەرلەمانتان دەڵێ ئەوانە کێشەی تایبەتی خۆیان هەیە و ئێوەش بە نیشانەی ڕەزامەندی لە هەموو ئەوە بێ دەنگی هەڵدەبژێرن. ئایا ناهەقمانە ئەگەر گومان لەوە بکەین ئێوە لیژنەی مافی هەموو مرۆڤەکانی کوردستان بن؟ ناهەقە گەر بڵێین لای ئێوەش، هەروەک دەسەڵاتداران، مرۆڤ لەسەر بنەمای پەیوەندی و لایەنگری حزبی پێناسە دەکرێت؟
ئێمە لە کاتێکدا بە بارتەقای ستەمێک کە لە کوردستان پیادەدەکرێت و لای دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی وەک ئاو خواردنەوەی لێهاتووە، ناڕازیی و بێزارین، لە بێدەنگی مانادار و پەیامداری ئێوە لەبەرانبەر ئەو هەموو پێشێلکاریە توڕە و بریندارین. داواتان لێ دەکەین کە چیتر لە ئاست ئەو هەموو پێشیلکاریەدا کە لە کەیسی ئەو دوو بەندکراوەدا کراوە بێ دەنگ نەبن. پشتیوانی لە خواستەکانی کەمپینەکانی داکۆکی لە مافەکانی کارزان کەریم و سید ئەکرەم بکەن و بە تایبەت کار بکەن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنیان بە ئامادەیی نوینەرانی ڕیکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ دووبارە بکرێتەوە. ئاشکرایە کە ئەگەر ناتوانن لە ئاست بەرپرسیارێتیەکانی خۆتاندا بن وەک ئەندامی پەرلەمان، ڕێگای دروست ئەوەیە کە دەست لەکاربکێشنەوە تاکو ئۆباڵی هەموو ئەو بێ ڕێزیەی لەم وڵاتەدا بە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دەکرێت هەڵنەگرن.

ناوی ڕێکخراوەکان:

1. کۆمەڵەی پەرەپێدانی تواناکانی لاوان- ناوەندی هەولیر
2. كه‌مپینی ئازادی بو سه‌یید ئه‌كره‌م/ بادینان
3. گروپی ١٧ی شوبات/ ستۆکهۆلم
4. چەتری ئازادی لە لەندەن
5. تۆڕى بەرگرى لە ماف و ئازادیەكانى خەڵك - كوردستان سلیمانى
6. کەمپینی ئازادی بۆ کارزان کەریم
7. ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
8. کەمپینی بەرگرتن بە سنوردارکردنی ئازادی رادەربڕین
9. کۆمیتەی پشتیوانی لە دواکاراییەکانی خەڵکی کوردستان یۆتۆبۆری /سوید
10. کەمپینی بەرگریی لە ئازادیی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان دانیمارک
11. کۆمیتەی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی یۆتۆبۆری سوید
12. فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عیراقی
13. کۆمەڵەی گەلی کوردستان/ سوید
14. گۆڤاری باشور / بادینان
15. گۆڤاری تروسکه‌ / هه‌ولیر
16. دەزگای ستاندارد- کوردستان
17. دەزگای ڕاگەیاندنی هاوپشتی/ سوید
18. ئاڤەندا ئاری بۆ وەشاندن و لێکۆڵینەوە دهۆک
19. دەزگای ناسنامە، فینلەند
20. سایتی مالا من
21. سەنتەری نینا بۆ ڕێنوێنی و پارێزگاری ژنان/ سوید
22. ریکخراوی ژنانی کورد و خۆرهەڵاتی ناوەراست - لەندەن
23. رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان
24. ڕێکخراوی مەدوسا
25. کۆمەڵەی ژنانی کورد لە سوید
26. کۆمەڵەی لاوانی کورد لە یۆتۆبۆری
27. شورای پەنابەرانی عێراقی لە یۆتۆبۆری
28. کۆمەڵەی سکۆنە لە مالمۆ
29. کۆمیتەتی سویژی چاودیری کوردۆساید /چاک
30. کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان یۆتۆبۆری سوید
31. رێكخراوی بون له‌ به‌رلین
32. كومه‌ڵه‌ی سه‌وزی ئه‌وروپی كوردستانی - نەرویج
33. کۆمەڵەی کلتوری کوردستان یۆتۆبۆری سوید
34. گەنجانی کورد لە سوید
35. ڕێكخراوى کەلتوری كوردى بەلجیكى بەلجیكا
36. لقی کوردستانی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عیراقی
37. کۆمەڵەی گەرمیان یۆتۆبۆری سوید
38. گەنجانی کورد- ستۆکهۆڵم
39. کۆمەڵەی ئەکادیمیەکان یۆتۆبۆری سوید
40. کۆمەڵەی مەتین یۆتۆبۆری سوید

بۆ پەیوەندی
0046737038612
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە