خەڵکی داماوی سوریا لە نێوان هودنەی جەژن و بەرژەوەندی زلهێزاندا!

Saturday, 20/10/2012, 12:00

1155 بینراوە



کوشتاری خەڵکی سیڤیلی سوریا بەدەستی ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی تا دێت ڕوو لە زیاد بوون دەکات. میدیاکانی جیهانی زاڵ لە هەر ساتەوەختێکی پێش کەش کردنی هەواڵەکانیاندا، پێشەکی ژمارەی کوشتاری خەڵکی بێدیفاعی سوریا ڕادەگەیەنن بە گوێی دانیشتاوانی ئەم سەرزەمینەدا، بێ ئەوەی ورتەیەکیان هەبێت ئاخۆ ئەو خەڵکە تاوانیان چیە وا بەو شێوازە دڕندەیە بەر تۆپ و ئاگر دەکەون؟ خەڵکی بێدیفاعی سوریا بۆ چەندین ساڵە بەدەست ئەو ڕژێمە هارودڕندەیەوە دەناڵێنێت. خودی ئەو چینە هەژارەی لە ژێر دەستی ئەو دەسەڵاتەدایە بۆ هەمیشە زەرەرمەندی یەکەم بوە. وا زیاتر لە ساڵ دەبێت خەڵکی ئازادیخواز بە نیازی سەرەونگون کردنی ڕژێم هاتونەتە مەیدان. هەر ڕۆژەی زیاتر لە سەد نەفەر تیاچونی یەکجاری دەبێت بە نسیبی، ئەمە بێجگە لەو دەیان هەزارەی لە کونجی زیندانەکاندا بێسەر و شوێنن و سەدان هەزاریش ئاوارەی وڵاتانی چواردەور بوون. ئێستا ئەو خەڵکەی بە نیازی شۆڕش کردن و ڕاپەڕین هاتنە مەیدان، خۆبەخۆ، خودی ئاراستەی شۆڕش کردن چوتە دەرەوەی مەجرای ماناکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئەو خواستە ڕەوایەی کە بۆ شۆڕشێکی هەمەلایەنەی کۆمەڵایەتی پێویستە. خودی ئەو ڕاپەڕینە خۆی گرێداوە بە ناوی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی. خودی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە هیدایەتکراوە لەلایەن دەوڵەتی فاشیزمی تورکیای ئەردۆگان و باقی وڵاتانی عەرەبی سونە مەزهەب. هەر لێرەدایە تەواوی ئەو پەرچە کردارەی وا لە خودی دەسەڵاتی دیکتاتۆر دەکات لە سەنتەردا کە بە ئارەزوی خۆی دەست نەپارێزێت لە کوشت و بڕی خەڵکی بێدیفاع. (لێرەدا هەقانیەت لای دەسەڵات نیە)، بەڵام خودی بەرژەوەندیە ناوچەیی و مەزهەبیەکان کارێکی وای کردوە، کە خودی ئۆپۆزیسیۆن چوتە ژێرباری ئەو ئامانجانەی وڵاتانی سونە مەزهەب دەیخوازن. لەلای دەسەڵاتیشەوە خودی زلهێزی جیهانی وڵاتی ڕوسیا بە شێوەی ئاشکرا بەرگری لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەی سوریا دەکات و دەوڵەتی ئاخوندەی ئێرانیش بە هەمان شێوە تا دەگات بە حیزبوڵای نەسروڵلای لوبنانی کە لە ئەسڵدا هەڵگری هەمان ئامانجی وڵاتی ئاخوندەکانی پێیە، تا دەگات بە ناڕاستەوخۆی پشتگیری دەوڵەوتەکەی مالیکی لە خودی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەدی سەر بە مەزهەبی عەلەوی.
ئێستا نێردراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا(ئەخزەر ئەل ئیبراهیمی) ڕەوانەی لای بەشار ئەسەد کراوە، لەوەی کە هیچ نەبێت لەبەر خاتری هاتنی جەژنی قوربانی موسڵمانان، کوشتارگاکەی بۆ ئەو چەند ڕۆژە ڕابگرێت، ئەمە لە کاتێکدا کۆی سەرانی دڕندە و عەمیلی وڵاتانی زلهێز، هەموو پێیان باشە بۆ ئەو چەند ڕۆژە ئاگری جەنگ بوەستێت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت خودی ئەو سەرانەی سیستەمی پاوانخوازی قازانج پەرست، وانیشان بدەن کە هەمیشە لەگەڵ ئاشتیدان. پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئاخۆ دوای سێ ڕۆژەی جەژن هەمان دەرگای جەهەنمی ڕۆژانی ڕابردوو بۆ خەڵکی سیڤیل ناخرێتەوە سەر پشت، باشتر نیە ئەو سێ ڕۆژەشی لەسەر بێت؟ چونکە خەڵکی لەگەڵ ئەو کابوسەدا ڕاهاتوون؟! لەبەرئەوەی موسڵمانان و ڕابەرەکانیان بڕوایان بە قەزاو قەدەر و چارەنووس هەیە، کەواتە خودای مەزن چ کاتێک دەکەوێتە خۆی بۆ ئەوەی پشتوپەنای خەڵکی هەژار بێت؟ کامەیە جەژن بۆ خەڵکی بێدیفاع؟ خودی ئەو خەڵکەی ڕۆژانە ترس و فرمێسک و ئاهوناڵەی بۆنی بۆکڕوزی تۆپەکانی ئەسەدی لێدێت؟ کامەیە سەرانی ئەحزابی ئیسلامی سیاسی و سەرانی دەوڵەت کە هەمیشە ناوی خودایان لەسەر زارە؟ ئاخۆ کام یەک لە خودی سەرانی ئێستای دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی موسڵمان تا دەگات بە خودی ئەو سەرکردانەی ئەحزابی ئیسلامی سیاسی، سەر بە زلهێزانی جیهان نەبن و لە ژێر بەژێری کۆنتراکتەکانی سەرانی زلهێزدا هەڵسوڕانیان درێژە پێنەدەن؟ ئاخۆ یەک سەرکردەش هەیە سەر بەیەکێک لە زلهێزانی بەرژەوەند خوازی دڕندەی نیزامی سەرمایەداری نەبن؟ کێ هەیە بابڵێت من و حزیبەکەم سەر بە وڵاتانی زلهێز نین؟ هیچ کات بڕوا ناکەم بە کارێکی وا.
خودی خەڵکی هەژاری میسر دوای ڕوخانی حوسنی موبارەک، لە هەڵبژاردندا دەنگیان دا بە بەرەی ئیسلامی ئیخوان و سەلەفیەکان، بەو ئومێدەی بڕێک لەو ئومێدە دزراوەیان بۆ بگەڕێتەوە کە ماوەی ئەو چەند دەیەی ڕابردوو لەلایەن دەسەڵاتی بەناو عیلمانی موبارەکەوە لێیان دزرابوو، دواجار بینیان کە ئەم بەڕێزەی ئیسلامی سیاسیەش، هەر هەمان حوسنیەکەی دوێنێیە، گەرچی حوسنی دوێنێ بە ئاشکرا پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا هەبوو، کەچی ئەمانی برای موسڵمان بە نهێنی ئەو پەیوەندیە درێژە پێدەدەن(وەک ئەو نامەیەی مورسی ناردبووی بۆ شەمعون پێرێزی سەرۆکی ئیسرائیل، کە لە کەناڵە کوردیەکانەوە پێشان درا) لێرەدایە کە کۆی ئەو شیعار و قیڕە قیڕەی دەیان کرد بەوەی وڵات دەبوژێننەوە و مەملەکەتی ئارام دادەمەزرێنن!!!!!!!!! هەمووی چوە قاڵبی وەهمەوە. دڵنیام ئایندەی دوای ڕوخانی ئەسەدی دیکتاتۆریش هەمان ڕێچکە دەگرێت، گەر زۆر خراپتر و دڵڕەقانەتر نەبێت. چونکە کۆی هێزە ئیسلامیەکان و بەرەی ناسیۆنالیستی باڵی موعارەزە، هەڵگری هەمان ئامانجن، لەوەی کە خوازیاری هیمەتی پاڵپشتی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەمریکا و تورکیا و وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەکەن، تا ئەوەی بتوانن دەسەڵاتەکەی ئەسەد بڕوخێنن. ئەزمونی ڕابردوو ئەو وانانەی بەجێ هێشتوە بۆ خەڵکی، تا تێبگەن لەوەی ئەو دەوڵەتە زلهێزانە هەر هەمان ئیستیعماری بیستەکانی سەدەی بیستن، ئێستا خێرە بوون بە ڕزگاریخوازی خەڵکی هەژاری وڵاتانی ڕۆژهەڵات لە دەستی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانیان؟ ئاخۆ خەباتی خەڵکی باکوری کوردستان هەمان خەباتی ڕەوا نیە کە خودی دەسەڵاتی ئەمریکا دەیخاتە قاڵبی بەرەی تیرۆریزمی جیهانیەوە؟ ئاخۆ دیموکراسیەت گەر بۆ تەنها خودی ئەو چینە باڵادەستەی سیستەمی جیهانی سەرمایەداری نیە، هۆکار چیە کەسایەتیەکی وەک ئۆچ ئالان بۆ دەیان ساڵ دەبێت لە زیندانە تاریکەکانی دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆگانی ئیسلامیدا کاتەکانی بەسەر دەبات؟ کامەیە جۆری ئەو ئازادیەی سەرانی زلهێزانی جیهان باسی لێوە دەکەن؟!
لێدوانە تەلەفۆنیەکەی فلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا لەگەل رەجەب تەیب ئەردۆگانی تورکیادا، نیشانەی هەڵگیرسانی جەنگی نێونەتەوەی لێدێت، چونکە پۆتین بە ئەندازەیەک پشتگیری لە ئەسەد دەکات، وەک ئەوەی دوای ڕوخانی ئەسەد کۆی بەرژەوەندیەکانی ئەویش ژێرەوژوور ببێت لە سوریادا! بۆیە بە ئەردۆگان دەڵێت گەر یەک سەربازت بێتە خاکی سوریاوە ڕاستەوخۆ من جەنگت لەگەڵ دەکەم! ئایا دەوڵەتی تورکیا گەر بۆخۆی پشتگیری تەواوی دەوڵەتی زلهێزی ئەمریکای وەرنەگرتبیت دەتوانیت بەو ئەندازەیە ڕوبەڕووی سەرۆکی بەرژەوەندخوازی ڕوسیا ببێتەوە؟ یان دەوڵەتی ڕوسیایان بۆتاقی بوەتەوە لەوەی هەڕەشەکانی تەنها دواجار لە ڕێگای پێدانی چەندین ملیارد دۆلارەوە دەست هەڵدەگرێت لە خۆسور کردنەوەکانیشی؟
ئەوەی جیهانی زلهێزان لە بەرنامە داڕێژانی جارێکی تری پێناسەی وڵاتانی ژێردەستەدان، بۆخۆی کۆی ئەو ئامانج و بەرژەوەندیانە دەردەخاتەوە کە ئەم زلهێزانە بە چ ئەندازەیەک دڕندەن و ئەوەی لایان مەبەست نەبێت ئەو خەڵکە هەژار و چەوساوەیە کە لەو وڵاتانەدا هەیە. ئەوەی بۆ زلهێزانی جیهان جێگا مەبەستە، خودی ئەو شێوازە جەنگە نوێیە لە ژێر تیشکی ڕاپەڕینی جەماوەری و ماناکانی شۆڕشدا لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بنەماڵەکان! دواجار دەبینین، ئەوەی سەرکردایەتی خودی ڕاپەڕینەکان دەکات، ئیتر ئەو نوێنەر و کەسایەتیە شۆڕشگێڕانە نین کە هەڵقوڵاوی خواستە جەماوەری و چینایەتیەکانی چینی زەحمەتکێشی وڵاتەکەن، بەڵکو هەر وەک بروسکە ئاسا لە جێی ئەو دەموچاوانە، کۆمەڵێکی دی دەردەکەون و لە ژێرەوەش پیاوی دەستە یەکەمی دەوڵەتی ئەمریکان. بۆیە ئەوەی لە سوریا ڕودەدات، یەکلایی کردنەوەی هێز هاوسەنگی بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانە لە ناوچەکەدا. خودی ئەو هێز هاوسەنگیە کەوتۆتە دەستی پلانی ژێربەژێری ئەمریکا و ڕوسیا بە ئەندازەیەکی سەرەکی، دوای ئەوان بەرژەوەندیەکانی چین و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا دێت. بۆیە خودی ئەو ڕاپەڕین و هاتنە مەیدانانە بۆخۆی دواجار بەرهەمەکەی دەچێتەوە نێو گیرفانی پڕ نەبووی سەرانی سەرامەیداری جیهانیەوە.
دەوڵەتی ئەردۆگان، نەک خواستی ئەوەی هەیە دژایەتی ئەسەدی هاوڕێی دوێنێ بکات، لەوەی ئازاری خەڵکەکەی دەدات، بەپێچەوانەوە، خودی دەوڵەتی تورکیا، گەر لە لیستی یەکەم نەبێت لە جیهاندا لە ڕوی فاشیستی و ڕەگەز پەرسدتیەوە، ئەوا دڵنیام لە لیستی دوەم و سێیەمدایە، چونکە خودی ئەو دەوڵەتە بەئەندازەیەک شێت گیر بوە، لەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان، جۆرێک لە خواستی سەربەوخۆیی وە ئازادانەی بەڕێوەبردنی ژیانیان تێدایە، بۆ سەرانی دەوڵەتی تورک بووە بە کێچ و لە جەستەیان نابێتەوە ئاڵۆشەکەی، بۆیە بەهەرچ نرخێک بوە لەو هەوڵەدان بێنە ناو سوریاوە و خواستی پەیەدە و خەڵکی کورد زمان بنێژن، چونکە ئەوان باش دەزانن کە ئەو خەڵکە خاوەن پەروەردەیەکی دروستن لە سەر شێوازی ژیانێکی ئازادانە و مۆدێرن. ئەوە خواستی دەوڵەتەکەی ئەردۆگان نیە بۆ ئەوەی گەلانی سوریا و خەڵکی ستەم دیدە ڕزگاریان بێت لە دەستی ئەسەد و دەوڵەتەکەی، بەڵکو خواستی ئەردۆگان بەرفراوان کردنی هەیمەنەتە ئیمپراتۆریەکەی عوسمانی باپیرانیەتی، تا ئەوەی وەک زلهێزی ناوچەیی دەربکەوێتەوە و بشتوانێت بە ئارەزووی خۆی بەرژەوەندیە قازانج پەرستیەکانی درێژە پێبدات لە ناوچەکە و، بەتایبەتیش لە عێراق و باشوری کوردستاندا. ئەمە ڕاستیەکەی پشت ئامانجەکانی دەوڵەتەکەی ئەردۆگانە، نەک خواستی سەربەخۆیی و ڕزگاری خەڵکی سیڤیلی سوریا. خودی ئەو موعارەزەیەش کە بنکەی سەرەکی لە تورکیایە، هەڵگری هەمان فاشیزمی فەلسەفەی دەوڵەتی تورکیان، نەک هەڵگری ئامانجی بەرزی ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازی خەڵکی سوریای بێدیفاع بن.

زەمەنی ئیسلامی سیاسی، زەمەنێکی ڕەشتر دەبێت لە کۆی ئەو دەیان ساڵەی دیکتاتۆرەکانی شکستخوارد و بینیان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا، چونکە ئەم سەردەمە، جیاوەازیەکانی زۆر زیاترە لەگەڵ زەمەنی داخراوی دیکتاتۆرەکانی ڕابردودا، ئەم سەردەمە سەردەمی جیهان بینی زانیاریە خێراکانە لە گەشتنیان بەدست کۆمەڵگا و کار کردن لە سەر چۆنیەتی وەدەستخستنی ژیانێکی شایستە و حورمەت دار، ئەم سەردەمە گەر بۆ ئیسلامی سیاسی تا ئەندازەیەک گونجاوی بدات بەدەستەوە، ئەویش بە دوو هۆکار، یەکەمیان پشتگیری زلهێزانی جیهان لەم حیزبە ئیسلامیانە تا ئەوەی مەدی یەکسانیخوازی و مەدەنی سەر دەرنەهێنن لە کۆمەڵگادا. دوەمیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە خودی ئەو دەسەڵاتانەی ڕابردوو خۆیان لە ژێر پێناسەی دەوڵەتی عیلمانی و مەدەنیدا پێشانی جیهان و خەڵکەکەی خۆیان دەدا، لە ئەسڵیشدا ئەوەی دوروو نیزک پەیوەندی بە کۆمەڵگای عیلمانی و مەدەنیەوە نەبووبێت ئەو جۆرە دەسەڵاتانە بوون. بۆیە ئەم سەردەمەش بۆ کورت ماوە دەتوانێت چانسێکی دیکە بداتەوە بە ئیسلامی سیاسی و جیاوازیە مەزهەبیەکانی نێوانیان، چونکە لە درێژەدانی ئەو جیاوازیە تائیفی و مەزهەبیانە، دەوڵەتانی زلهێز زۆر بە ئاسانی دەتوانن ئامانجە ئابوری و سیاسسیەکانی خۆیان بپێکن لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەوەی کە ناتوانن چارەسەری بکەن، ئەسڵی مەسەلەکەیە، کە بەرپابونی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی چەوساوەیە. بێکاری و هەژاری و درێژە کێشانی نەخۆشیە جەستییەکان بۆ سەر ژیانی کۆمەڵگا بەردەوامە و هۆکارەکەشی تەنها بۆ ئەو چینە حاکمە دڕندەیە دەگەڕێتەوە کە دەستیان ناوەتە بینی کۆمەڵگا، لە پێناو تیرکردنی شەهوەتە لوت بەرزیەکانی خۆیاندا!! ئیتیر جەژن کوا بەشی خەڵکی چەوساوەیە، هێندەی خۆڵ کردنە چاویانە تا ئەوەی مانا ڕاستیەکانی ژیان نەبینن و نەزانن! جەژنی خوێن، تەنها جەژنێکە سەرانی ئەم سیستەمە ناڕەوایە ڕۆژانە لە نێو جەستەی چینی هەژاردا، دەیگێڕن. بەهەشت و جەهەنم تەنها و تەنها هەر لەم سەر زەمینەیە و لەو هیچ جێگایەکی تردا نیە، بە ڕوخانی سیستەمی سەرمایەداری دەتوانرێت بۆ هەمیشە جەهەنمیش لەگەڵیدا لە گۆڕ نرێت!!!!
فەرموون کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن؛
http://www.sbeiy.com/Detail.aspx?id=12706&LinkID=7

http://www.sbeiy.com/Detail.aspx?id=12697&LinkID=7



تاهیر حاجی حەسەن
١٩/١٠/٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە