ڕۆژئاوا چی پێیە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ؟!!

Friday, 24/02/2012, 12:00

1472 بینراوە







رووداوەكانی سوریا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ئاڵۆز دەبێت وكاردانەوەی ناوخۆیی وناچەی و نێودەوڵەتی زیاتریشی لێدەكەوێتەوە، بێگومان هەررووداوو پێشهاتێك لەو وڵاتەدا كە دێتەئاراوە گەلی كوردیش لەو بەشەی كوردستاندا پێوەی پەیوەندی دارە، بۆیە ئەوەی گرنگە سەبارەت بە هەرگۆڕانكاری ورووداوێك لە سوریا رووبدات مافەكانی گەلەكەمانە لەوبەشەداگیركراوەی كوردستان، ئەوەی كە ئێستا دەبینرێت لە رۆژئاوای كوردستان سیاسەت و كاروكردەوەی پارتە كانی ئەوە بەشەی وڵات بە داخەوە مایەی دڵخۆشی نییە، هەرچەندە لەلایەك كارو چالاكی باش ئەنجام ئەدرێت بەڵام لە لایەكی ترەوە هەندێ رووداو مرۆڤ بێ هیوادەكات لەوەی ئایندەیەكی گەش لە پێش گەلی كوردبێت لە رۆژئاوای كوردستاندا، لەدوای سەرهەڵدانە جەماوەریەكانی ئەو وڵاتە تائێستا بەپێ ئەو ئامارانەی لە میدیاكانەوە بەڵاودەكرێتەوە زیاترلە شەش هەزار كەس ژیانیان لە دەست داوە بەگولەی هێزەكانی رژێمی بەعسی سوری ، دەسكەوتی هەرە گرنگ كە تائێستا بۆكورد دەستەبەر بووە لە سوریا لە دوای ئاڵۆزیەكان ئەوەیە كە ژیانی هاوڵاتییانی كورد پارێزراوە، هەڵبەتە ئەوەش لە سایەی نەرمونیانی بەعس نەبووە لەبەرامبەركورد بەڵكو سیاسەتی راست ودروست وژیرانەی ئەو هێزولایەنانەبووە كە لە رۆژئاوای كوردستاندا خاوەنی رۆڵی كاریگەرو بنكەی جەماوەرین، خۆئەگەر بە هەمان میتۆدی هێزولایەنە عارەبیەكان هەڵسوكەوتیان بكردایە بێگومان خۆێنی هەزاران كوردیش دەڕژاو رەوشەكەش بۆ كورد هەروەك ئێستا دەبوو، كەواتا ئەوە دەسكەوتێكی زۆر گرنگە كە بەشێكی زۆری كورد توانیوێتی سیاسەتی خۆی بكات و نەكەوێتە ژێر كارێگەری پیلانی هیچ وڵاتێكی هەرێمی و جیهانی و ژیانی هاوڵاتییانیش بپارێزێت، لە كاتێكدا بەئاشكرا پیلان ودەست تێوەردانی وڵاتان بونی هەبووەو تائێستاش هەیە بۆئەوەی كورد بەپێی خواست و بەرژەوەندی ئەوان جموجۆڵ بكات ، وڵاتانی رۆژئاوا یان روونتر بڵێن وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ بە رابەرایەتی ئەمریكا بۆئەوەی شەرعیەت بە دەستێوەردانەكانی خۆیان بدەن لە هەر وڵاتێكدا سەرەتا چاوپۆشی دەكەن لە كۆمەڵكوژكردنی خەڵكی سڤیل تاكارەساتی خۆێناویتر رووبدات رێگای دەستێوەردانی ئەوانیش خۆشتر دەبێت ، كاتێكیش رێگری لە دەسەڵاتی خوێرێژو ستەمكار دەكەن دیسان بەرژەوەندیەكانی خۆیان لە پێش هەمو شتێكەوەیە ، راستی ئەم وتەیەش لە وڵاتە عارەبیەكاندا بە روونی و ئاشكرایی دەبینرێت، ئەوەی ناوی بەهاری عەرەبییان لێی ناوە هێشتا لە هیچ یەك لەو وڵاتانەی سەرۆكە دیكتاتۆرەكانیان وەلانراوەو رژێمەكەیان رووخاوە ئاسودەیی بۆ گەل بەدی نەهاتووە، هەرچەندە بانگەشەی ئەوە دەكرێت سەرهەڵدانەكان سەرهەڵدانی خۆرسكی جەماوەریەو ئەنجامی ستەم و نادادپەروەریەكانی دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەكانە، بەڵام گومان لەوەدانییە لەگەڵ ئەوەشدا دەستی هیزەكانی ناتۆی لەپشتەوەیە، هەر سەرهەڵدانێك لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەكانی گەل دروست بێت و بە پشتوپەنای هێزوتوانی خودی گەل ئەنجام بدرێت بێگومان ئەنجامێكی باشی دەبێت ورەنگدانەوەی ڕەنجو ماندوبون ودواجار بەرژەوەندی گشتی گەلیشی لێ بەدیدەكرێت، ئەگەر پێچەوانەكەشی بێت بە پشت بەستن بە هێزی دەرەكی راپەڕین بكرێت، ئەگەر بێبەرهەمیش نەبێت ئەوا بەشی شێرلەدەسكەوتەكانی راپەڕین بۆ هێزی دەرەكی دەبێت، ئێستا گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لە دوڕێیانێكدایە یەكەم: بە پشت بەستن بە هیزوتواناكانی خۆی دەسكەوتەكانی بەدەست بێنێت ولەهەر گۆڕانكاریەكی سوریادا مافەڕەواكانی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بپارێزێت، دووەم: دەبێت سیاسەت و ستراتیژی خۆی وەلا ناو چاوەڕوانی سۆزو بەزەیی هێزە دەرەكییەكان بێت لە پاشماوەی دەسكەوتەكانی خۆیان شتێكی پێببەخشێت، بێگومان سەبارەت بەكورد هەڵبژاردنی خاڵی یەكەم زۆر گرنگ وپێویستە ئەگەر بۆ هەروڵاتێكی تر خاڵی دووەم پەیڕەو بكرێت هاوڵاتیان چاوەڕوانی هیمەتی هیزە رۆژئاوایەكان بن بۆ رزگار كردنیان لە ستەمكاران بۆگەلی كورد لە جێی خۆیدا نیەو هیچ ئەنجامێكی باشی لێناكەوێتەوە ، هۆكارەكەشی ئەوەیە جگە لەوەی هێزی دەرەكی درك بەمەینەتی و ئازارەكانی خەڵكی ستەمدیدە ناكات، هاوكات حكومەتێكی وەك توركیا خاوەن رۆڵی بەرچاوە لە چوارچێوەی هێزەكانی ناتۆدا ئیدی چۆن چاوەڕوانی كارێكی باش لە هاوپەیمانەكانی ناتۆو رۆژئاوا دەكرێت بۆ گەلی كوردلەرۆژئاوای كوردستان، گومان لەوەدانیە هێزە رۆژئاوایەكان بەرابەرایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە ئێستا لە هەوڵی لابردنی دەسەڵاتە سەركوتكەرەكە بەشارئەسەد دان لە هەمو حاڵتێكدا بەرژەوەندیەكانی حكومەتی توركیا لەبەرچاو دەگرن نەك مافی خوراوی كوردی ستەمدیدە، هەوەك چۆن هەمیشە چاویان لەتاوانە قێزەوەنەكانی حكومەتی توركیا پۆشیوە كە لە باكوری كوردستان ئەنجامی ئەدات، حكومەتی ئەكەپە زۆر بێشەرمانەو بە ئاشكرا تاوانی دژبە مرۆڤایەتی ئەنجام ئەدات چەكی یاساخ بەكاردێنێت لە دژی كوردكە هاوڵاتی وڵاتەكەی خۆیەتی نوێنەری هەڵبژێردراوی گەل دەستگیر دەكات دەیان پارێزەرو دەیان رۆژنامەوان هەزاران چالاكی سیاسی وچالاكی كۆمەڵگەی مەدەنی دەسگیركردووە تەنها تاوانیان ئەوەیە كە كوردن وداكۆكی لە مافەرەواكانی گەلی خۆیان دەكەن، ئەو تاونكاریانەی حكومەتەكەی ئەكەپە هاوكاتە لە گەڵ بانگەشە چەواشەكاریەكانی كە خۆی وەك خەمخۆرو داكۆكی كاروفریادڕەسی گەلانی سوریا پێناسەدەكات، سەرەڕای كارە نامرۆڤایەتیەكانی لەباكوری كوردستان بەردەوام لەهەوڵی ئاژاوەگێڕیدایە لە رۆژئاوای كوردستان ودەیەوێت ناكۆكی ودووبەرەكی لە نێوان پارتە كوردیەكاندا سازبكات، بە تایبەتی دەخوازێت ئاستەنگی بۆ كاروخەباتی پارتی یەكێتی دیموكراتی كە گەورەترین پارتی ئەوبەشەی كوردستانە دروست بكات و پارتەكانی تر لە دژی بەكاربێنێت بەوەی كە بانگهێشتی ئەستەمبوڵیان دەكات و بەڵێنی هاوكاریان پێ ئەدا، دیارە ئەو پیلانگێڕیەش زیانێكی گەورە بە گەلی كورد دەگەیەنێت و ئەگەر بەهەستیاریەوە پارتەكوردیەكان روبەروی پیلانەكان نەبنەوە ئەزمونە تاڵەكەی ساڵی نەوەدەكانی باشوری كوردستان لە رۆژئاوای كوردستانیش دووبارە دەبێتەوە، هەوەك لەو شەڕە شومەی پارتەكانی باشوری كوردستانیش توركیا دەستێكی باڵای هەبو لە جۆشدانی ئاگرەكە، هێشتا رژێمەكەی بەشار ئەسەد نەرووخاوە توركیا هەراسان وشێتگیرە بووەلەوەی كورد چالاكی خۆی سەربەخۆیانە ئەنجام ئەدات ووەك عارەبەكان كۆمەڵكوژناكرێت، كردنەوەی خوێندنگەی كوردی و ناوەندی رۆشنبیری وكلتوری ودامودەزگای جۆراوجۆرلە لایەن پارتی یەكێتی دیموكراتی وگەلەوە هەروەها هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل لە زۆربەی شارو گوندەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەوەندەتر دوژمنانی كوردی بێزار كردووە، بۆیە پێویستە گەلەكەمان زۆر وریاو ئاگاداربێت لە پیلانی پیلانگێڕان و هەوڵی پاراستنی ئەو دەسكەوتانەبدات كە بەدستی هێناوەو بەردەوامی بە خەبات وتێكۆشانەكانیان بدەن بۆ بەدی هێنانی سەرجەم هیواو خواستەكانی گەلی كورد، باشترین خەبات وبەرخۆدان ئەوەیە بە پاڵپشتی هێزی گەل بە ئەنجام بگات نەك بە هاوكاری
هێزی دەرەكی، بەدڵنیایەوە رۆژئاوایەكان هیچیان پێنیە بۆ رۆژئاوای كوردستان؟!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە