د. هەژار عوسمان مەعروف: کە تەندروستی مرۆڤ دەبێتە کاڵای بازاڕ!

Friday, 01/05/2015, 21:29

6813 بینراوە


بەسەرهاتی یەکەم: ژنێکی سەلاری تەمەن ٦٨ ساڵ بۆ چارەسەری ئێش و ئازاری هەردو چۆک (ئەژنۆ)ی، دوکتۆرە ئەردەنیەکەی کە ناوبەناو دێت بۆ کوردوستان بۆ کردنی عەمەلیاتی جومگەو ئێسک لەنەخۆشخانەیەکی تایبەتی هەولێر، دوای تێڕوانینێکی سەرپێی ئەژنۆکانی و گرتنی وێنەی تیشکیان، ئاوای بە ژنەکە وت " ئەژنۆ کانت پەکیانکەوتوە و دەبێت بیناگۆڕی بە ئەژنۆی دەستکرد، دەتوانم هەر سبەینێ ئەژنۆیەکیانت بۆ بگۆڕم، چونکە من دوسبەی دەگەڕێمەوە بۆ ئوردون، عەمەلیاتەکەو ئەژنۆ دەستکردەکە هەشت هەزار دۆلاریان تێدەچی ".
 ئەم پرسیارانە دێنەپێش، یەکەم: نەخۆشەکە بەپێی خۆی هاتوە بۆلای دوکتۆرەکە، کەواتە ئەژنۆکانی هێشتا لەکەڵکنەکەوتون. دوهەم: نەخۆشەکە قەڵەوە و نەخۆشی بەرزی  گوشینی خوێنی هەیە، ئەمە ئەگەری لێکەوتەکانی عەمەلیاتەکە لەسەر دڵ و مێشکی زیاتردەکات. سێهەم: دوکتۆرەکە هیچ زانیاری تەواوی لەسەر لێکەوتەکانی عەمەلیاتەکە و کێشە کانی جومگەی دەستکردی نەداوە بە نەخۆشەکە. چوارەم: ئەگەرەکانی تری چارەسەری جومگە ماندوەکەی باس نەکردوە  بۆ نەخۆشەکە، وەک دەرمانی سروشتی ودەرمانی کیمیایی، یا لەهەموی باشتر کەمخۆری و پارێز بۆ لاوازبون و چارەسەری فیزیایی بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانی دەوروپشتی جومگەکە کە  بەمانە پەستان لەسەر جومگەکە زۆر کەمدەبێتەوە. پيَنجەم: عەمەلیاتی گۆڕینی جومگەکە  بۆ فریاکەوتنی ژیانی نەخۆشەکە نیە کە ئەگەر زونەکرێت ئیتر ژیانی لەدەستبدا. 
ئەو دوکتۆرە ئەردەنیە هەمو ئەمانە دەزانێ، بەڵام ئەو هاتوە پارە پەیدابکات و ئەمەش بە کردنی عەمەلیات دەبێت نەک بە پێدانی زانیاری و ڕێنمایی و وەسفەی دەرمان و چارەسەری فیزیاوی، بۆیە دەبێت گومانی ئەوەی لێبکەین کە بە مەبەست و بە هۆشیاریی تەواوەوە خۆی لەهەمو ئەو ڕاستیە پزیشکیانە گێلدەکات و چاویان لێدەنوقێنێ و بۆ نەخۆشەکەی باسناکات، بۆ ئەوەی عەمەلیاتە گومانلێکراوەکە بکات و  بە گیرفانی پڕ لەدۆلارەوە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی.
بەسەرهاتی دوهەم :مامۆستایەکی  خانەنشینکراوی تەمەن حەفتا ساڵ دەچێت بۆ لای دوکتۆرێکی   ئەڵمانی  پسپۆڕی جومگە و ئێسقان کە ناوبەناو دێت بۆ هەولێر بۆ عەمەلیاتکردنی نەخۆش . تێڕوانینی بڕبڕەی پشتی ئەم نەخۆشە کە بوەتە سەرچاوەی ئێشێکی درێژخایەنی وەڕسکەر لەلایەن دوکتۆرە ئەڵمانیەکەوە ئەنجام نادرێت وەک نەخۆشەکە چاوەڕێیدەکات هەرچەندە لەشوێنەکەش ئامادەیە، بەڵکو دوکتۆرێکی هاوکاری عەرەب کە لەئەڵمانیاوە لەگەڵی هاتوە تێڕوانینێکی سەرپێی بڕبڕەی پشتی دەکات و لەگەڵ دوکتۆرە ئەڵمانیەکە تەماشای وێنە تیشکیەکانی دەکات و بێ ئەوەی زانیاریی تەواو بدەن بە نەخۆشەکە یەکسەر دەڵێن با دوای ٣ هەفتەی تر بێتەوە عەمەلیاتی بۆ بکەن کە نزیکەی هەژدە هەزار دۆلاری تێدەچێ، ئەم دوکتۆرە ئەڵمانیەش زانیاری تەواو لەسەر سودو قازانج و ئەگەری لێکەوتەی خراپ و مەترسیداری عەمەلیاتەکە بە نەخۆشەکە ناڵێت، ئەمیش لەئەلمانیاوە هاتوە بۆ پارەو بە پارە عەمەلیات بکات! خوێنەری هێژا تۆ ئێستا لەم بازاڕی تەندروستیەی کوردوستانا کاڵایەکی، شتومەکێکی و بویتە بابەتی پارە پەیداکردن و قازانجی کۆمپانیا تایبەتیەکان، دەردو ئێش و ئازارو ناڵینەکانی تۆ هەر ئەوەندە بەهاو نرخیان هەیە کە پارەیان لەسەر پەیدا بکرێت، دەنا لەم بازاڕە جەنجاڵەدا کێ گوێی لەئاهو و ناڵەی تۆیە؟ بۆیە تکایە خۆشبڕواو سادە مەبە، پەلە مەکە، بۆ بڕیاردان لەسەر عەمەلیاتی  ناکوتوپڕ بەلای کەمەوە ڕای دوکتۆرێکی تر لەهەمان پسپۆڕی وەربگرەو لەچاوگی جیاجیاوە زانیاری تەواو لەسەر نەخۆشیەکەت وەربگرەو لەگەڵ دوکتۆرەکەتدا بە ئارامی وتووێژ بکە لەسەری و پرسیاری لێبکە، ئینجا بڕیار بدە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە