یەپەگە و موسڵ!

Tuesday, 16/06/2015, 20:46

5405 بینراوە



دەستبەسەرگرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە ئازاییەتی ئەو هێزە نەبووە، بەڵکو بێ ئیرادەیی سوپایی عیراقیی و چەکداراەکان بوو کە بوونیان هەبوو لەو شارەدا. شاری موسڵ دوای شەرێکی خوێناوی، بەرەنگاریەکی بێ هاوتا نەکەوتۆتە ژێر دەستەڵاتی داعش، بەڵکو لە ئەنجامی شەرنەکردن و ڕاکردنی سوپایی عیراقی و چەکدارەکان بووە. ئەو ڕاستییە ئەوە دەسەلمێنێت کە یەپەگە چۆن توانی ئەو هەموو ئەرزە داگیرکراوەی رۆژئاوای وڵات رزگار بکات لە ژێر چنگی داعشدا دەریان بهێنێت، بەهەمان شێوە دەتوانێت موسڵیش رزگار بکات. 
لەسەرەتایی هێرشەکانی داعش بۆ سەر باشوری کوردستان، مسعود بارزانی لە وتارێکدا گوتی " جەنگ دژی داعش، جەنگە دژی دەوڵەتێکی بەهێز، ئێمە لە تواناماندا نییە بچینە ئەو جەنگەوە بەبێ یارمەتی زلهێزەکان. سەرەڕای  گەیشتنی یارمەتی زلهێزەکان بەتایبەتی تەرخان کردنی هێزی ئاسمانی بۆ پشتیوانی کردن لە حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم، تاکو ئەو ساتە داعش لە ناوچەکانی قەراج، مەخمور ، سولتان عەوڵاو پارێزگای کەرکووک بوونیان هەییە، ئەو ناوچانە هێشتا لەژێر هەرەشەی داعشدا ماون.
زلهێزەکان لە رۆژئاوایی وڵات هەمان جۆر یارمەتیان تەرخان کرد بۆ یەپەگە لە شەریان دژ بە داعشدا، لە ئەنجامدا یەپەگە رۆژ لە دوای رۆژ سەرکەوتن تۆمار دەکات، لە هەوڵی شکاندنی ئەو بەربەستانەشە بۆ ئەوەی هەرسێک کانتۆن پێکەوە ببەستێتەوە. رۆژئاوای وڵات لە ئێستا و ئایندە دیارە کە لە ژێر دەستەڵاتی یەپەگەدا دەبێت.
یەپەگە بۆ ئەوەی زیاتر پێگەی خۆی توند بکات، رای گشتی جیهانی بەلای خۆی و دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان رابکێشێت، پێویست دەکات  ئاورێک لە شاری موسڵ بداتەوەو جێگە پەنجەی مۆری خۆی لەو شارەشدا بەجێبهێڵێت.

گرتنی شاری موسڵ لەلایەن یەپەگە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە
یەکەم: رەنگە زۆرانێک پێیان وابێت ئەو هەنگاوە تەنیا خەیاڵە، لەیاد خۆیان دەبەنەوە کە بەرامبەر بە ئیرادەو ویستی میللەت هیچ شتێک مەحاڵ نییە. گومانیش لەوەدا نییە کە تاوەکو ئێستا نەخشەو پلانی زلهێزەکان بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی بۆ کوردستان لە ژێر تەمو مژێکی زۆردایە، روون نیە کە ئەوان پشتیوانی لەو هەنگاوە دەکەن یان نا، بەڵام رزگارکردنی ئەو شارە لەلایەن هێزێکی نیشتمانیی کوردییەوە، هۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی زلهێزەکانی دنیا تەسلیم بە ئەمری واقیع بن وە ملکەچی داواڕەواکانی میللەتی کورد بن. 
دووەم: یەپەگە لە مێژوودا سەرکەوتنێکی مەزن بۆ خۆی تۆمار دەکات بە رزگارکردنی ئەو شارە کوردییە، کە بە سەدان ساڵە دوژمنانی میللەتی کورد کار دەکەن بۆ بە تەعریب کردنی. تاوەکو ئێستا لە هیچ بەرنامە و ئەجیندایی پارتەکانی باشور، گرنگی ئەوتۆ بە شاری موسڵ نەدراوە یان پێداگری نەکراوە لە بەکوردبوونی ئەو شارەو گەڕانەوەی بۆ سەر کوردستان. 
سێیەم: گرتنی ئەو شارە لەلایەن یەپەگە و پەکەکەوە هەنگاوێکی ئێجگار مەزنە بەرەو رزگارکردنی کوردستانی گەورە. 
چوارەم: بە هێزی داعش لە شاری موسڵ خاڵێکی ترسناکە بۆ بوونی مەترسی لەسەر شارەکانی باشووری وڵات بەتایبەتی شاری هەولێر.  ئەزمون سەلماندویەتی کە هەرێم توانایی رزگارکردن وپاراستنی ئەو ناوچانەی نییە، ئەگەر یەپەگە و پەکەکە بتوانن ئەو لێپرسراوەییە مێژووییە بخەنە ئەستۆی خۆیان و ئەو هێزە مەترسیدارە راماڵن، بیگومان هێنانە دی خەونی میللەتانی باشورە، لەدەرئەنجامدا فاکتەرێکی بەهێز دەبێت لە زیاتر بەهێزکردنی پێگەی جەماوەریی یەپەگە لە باشووری وڵاتدا.
پێنجەم: رزگارکردنی ئەو شارە لەلایەن یەپەگە، وەرچەرخانێکی مێژووییە، بە پراکتیک دەبێتە هۆی ڕاماڵینی دەستەڵاتی بنەماڵەو خێزان لە باشووری وڵات، ڕاکردنی سەرکردە بودەڵەکانی بەشدار بووی حکومەتی بنکە فرەوان، رزگارکردنی خەڵک لە ژێر سیستەمی سیاسیی سەقەتی هەرێم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە