لە سێبەری شاخ لە بیرەوەریەکانی پێشمەرگەیەکی ژن – زنجیرەی بیستوسێ

Tuesday, 14/07/2015, 18:28

9632 بینراوە


بێژەریی زمانی کوردیی زاراوەی سۆڕانیی و کرمانجیی ئێزگەی ی.ن.ک لە ساڵی ١٩٨٢ وە هەتا کۆتایی قۆناغی شاخ.
فەرهاد سەنگاوی، لە دایک بووی ساڵی ١٩٦٢، لە خێزانێکی هەژاری گوندی سەنگاو پەروەردە ببوو، خوێندنی ناوەندی تەواو کردبوو.  کورێکی لاواز، باڵا مام ناوەندی، ‌قژێکی ڕەشی لولی بژی هەبوو، لە سەرەتاییەکانی ساڵی ١٩٨١دا ببوو بە پێشمەرگە، ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەاران بوو. لە  ساڵی  ١٩٨٢ دا بۆ یەکەم جار لە توژەڵە دیتم. جێگەی شانازی بوو کە دەم دیت گەنجێک لەو تەمەنە بڕیاری داوە سەنگەری میللەت هەڵبژێرێت و رێگەی پێشمەرگاییەتی بگرێتەبەر. 
پێشمەرگەی بێژەر فەرهاد سەنگاوی، خاوەن دەنگێکی دڕی پڕ لە حەماس بوو، کە بەهۆیەوە زۆر ناسرا لە نێو جەماوەر و هێزی پێشمەرگە. پەیدا کردنی ئەو پێگە جەماوەریە، لەگەڵ کاتدا فەرهادی توشی لە خۆبایی بوون کرد،  بوو بە هۆکارێکی گرنگ بۆ سەرنج راکێشانی هێرۆی خێزانی تاڵەبانی، لێپرسراوانی ناوچەکانی خوارەوە وەکو ئامر کەرت، سەرتیپ، ئەندام و سەڕۆکی مەڵبەندەکان، بەهۆی ئەو پەیوەندییانەوە فەرهاد توانی تارادەییەک سودمەند بێت لە رووی مادییوە قبوڵکردنی دیاری وەکو دەمانچەی چواردە خۆر ، کلاشنکۆفی مەزەلی، یارمەتی پارە، رانکو چۆخەی کر، کەڵاشی پەڕۆ، دەعەوتی خواردن، بەتایبەتی لە کاتی مفاوەزاتەکە لە شاری سلێمانی.  
فەرهاد لە مفاوەزاتەکە لە ساڵی ١٩٨٤ دا،  شێوەی جلوبەرگ لەبەرکردنی، هەڵسوکەوتی بە تەواوی گٶڕابوو بە بەراورد کردن لەگەڵ یەکەم جار کە دیتم لە توژەڵە. فەرهاد لە ساڵی ١٩٨٤ دا ژنی هێنا، کچێکی سلێمانی ناوی کەژاڵ، لە دایک بووی ساڵی ١٩٦٦، کچێکی قژ بژی جوانکیلە بوو، بە بووکی هات بۆ ماڵی من، ماڵەکەم تەنیا بریتی بوو لە خەیمەیەک لە بەرگەڵوو.  
هێرۆی خێزانی تاڵەبانی لەبەرگەڵوو بۆ پیرۆزبایی لە کەژاڵ هات بۆ ماڵەکەی من، دیارییەک لە نێو قوتەیەک بوو دای بەدەستی کەژاڵ. کە رۆیشت، کەژاڵ دیارییەکەی کردەوە پێشانی دام، دیارییەکە بریتی بوو لە بازنێکی زێر، چوار پەنجە پان، عەیارە بیستو یەک، سەری بازنەکە لە شێوەی سەعات بوو، لە جێگەی سەعات گوڵێکی زلی نەخشکراو بوو، دەستم دایی سەنگێکی هەبوو، منیش کە سەیرم کرد پێکەنیم! ووتم کەژاڵ بەخودایی هێرۆ منی شەرمەزار کرد، من نیمە دیارییەکی لەو جۆرەت پێشکەش بکەم بە بۆنەی بە بووک هاتنت. بێگومان ئەوە جێگەی خۆشحاڵی ئەو بوکە تازەییە بوو کە چەند رۆژێک بوو ئاشنا بوو بە کۆمەڵگایی پێشمەرگاییەتی. بەڵام بۆمن جێگەی سەرسورمان بوو! لەوەی کە لە نێو ئەو شاخەدا، کە ئێمە نان نییە بیخۆین، هێرۆ لە کوێێ بوو دیاری وا گران بەها پێشکەش بەو کەسانە بکات کە بەهی خۆیانی دەزانێت! یان دەیهەوێت بیان کڕێت.  
دیاری پێشکەش کردن هەنگاوێکی بەهێزە بۆ نزیک بوونەوەی پەیوەندیی مرۆڤەکان، دروستکردنی هەستێکی جوانە لە ناخی مرۆڤدا. هەڵسەنگاندنی دیاری بە نرخ نییە، بەوەیە کە گرنگی جۆری  هەستی تۆ جێگەی بایەخی ئەوەی بەرامبەرە، ئامرازێکە ئەوەی بەرامبەر هەستی خۆی دەردەخات بۆت، لەهەمان کاتدا دەربرینێکە کە تۆی لە یادە، بەردەوام بوون، پەیوەندییەکەی لا مەبەست و گرنگە. دیاری لەهەندێک پەیوەندییدا هێمای خۆشەویستییە، لە هەندێک پەیوەندییدا مانای رێزەو هەستانە بە واجب، پێشکەش کردنی دیاری ماناکەی لەو چوارچێوەیەدا دەرناچێت. 
مرۆڤەکان مانایی دیاری بەخشینیان گۆریوە،  تێکەڵاوی بەرژەوەندیی و مبەستە شاراوەکانی دەکەن. بە تایبەتی ئەوانەی خاوەن دەستەڵات، پارەو بەرژەوەندیین، دیارییان کردوە بە ئامرازێک بۆ خەڵک کڕین و لغاو کردن. 
 بوونم بە پێشمەرگە، ئەنجامی هەڵقوڵاوی بیروباوەری خۆم بوو، هەموو کاتێک شاخ و پێشمەرگە دوو هێمای خۆشەویست بوونە لام. را، بۆچوونەکانم، دیدەکانم  وابەستە نەبوو بەهیج پیاوێک باوک، برا، هاوسەر،لە سەر بیناغەی بەرژەوەندیی تایبەتی، لە دیاردەو رووداوەکانی ناو شۆرشم نەدەڕوانی، لەو سەرچاوەییەوە خوێندنەوەم بۆی نەدەکرد، زۆر بەدڵسۆزی لە دۆزی ڕەوایی میللەتەکم دەڕوانی، خۆم بە خاوەنی دەزانی، بەجدی کارم بۆی دەکرد، هەموو کاتێک بڕوام وابووە لەژیانمدا، هەر مرۆڤێک کە بڕیار بدات کارێک یان پرۆژەیەک ئەنجام بدات بە مەبەستی پێشخستن و سەرکەوتن، مەحاڵە ئەنجامدانی یان گەیشتن بەو ئامانجە، بەبێ بوونی جدیەت، پرنسیپ، لەخۆبوردووی لەو تاکەدا. جدییەت لە هەر پرۆژەیەکدا، لە هەر پەیوەندییەکدا بوونی نەبێت، مانایی ئەوە دەگەیەنێت کە شتێکی کاتییە، بەبێ بایەخی مەسەلەکە وەرگیراوە هەر بەرەو شکەستیش دەچێت. 
  پڕ بەدڵ پێم خۆشبوو سەرکەوتنی میللەتەکەم ببینم،  پێم وابوو هەر تاکێکی پێشمەرگە، چ لە سەرکرداییەتی بێت، یان پێشمەرگەیی سادە بێت، دەبێت خاوەن پرنسیپ و بەهای بەرزبێت، کە کلیلی سەرکەوتنن، ئەمە هۆکارێکی گرنگ بوو کە هەندێک دیاردە، یەکەو جار سەرنجی رادەکێشام و توشی بیر کردنەوەی دەکردم، خویندنەوەی تایبەتیم بۆی دەکرد، ئەو دیارییەی هێرۆ کە ئەو بازنە زێرە بوو، بۆمن ئاوێنەییەکی بچکۆڵانە بوو، زۆر شتی گەورەترم تیادا بەدی دەکرد، کە لەنێو شۆرشەکەدا چ دەگوزەرێت، چ ئاییندەیەک چاوەرێی ئەو میللەتە دەکات لەژێر دەستتی ئەو جۆرە سەرکردانە و کەساییەتیانە.  
 
زێرەڤان ساڵی ١٩٨٩
زێرەڤان، پێشمەرگە، بێژەری زاراوەی کرمانجی بوو، ناوی ڕاستی بەشار، خەڵکی دهۆک، لە دایک بووی ساڵی ١٩٥٥. دەرچووی دانیشگای بەغداد بەشی ئابووری، کورێکی باڵا کورت، پێستێکی سپی هەبوو، چاوی لاواز بوو، هەموو کاتێک چاویلکەی لە چاو دەکرد. لە ساڵی ١٩٨١دا ببوو بە پێشمەرگە لە توژەڵە، بەدرێژایی قۆناغی شاخ، ئەو پێشمەرگەیە خزمەتی کردوە. کورێکی زۆر هێمن، لە جوڵەکردندا سست بوو، زۆر بە تەحەمول بوو، زۆر بەکەمی دەمدیت هەڵبچێت. ئەوەی سەرنجی راکێشابووم ئەوە بوو، گەنجێک لە ناوچەکانی بادینانەوە ببێت بە پێشمەرگە، ئەو کات ناوچەکانی بادینان بە رێژەییەکی زۆر بەعسی، جاش و جاشولکەی تیادا دەبینرا، بەدەگەمەن هەڵدەکەوت کەسێک ببێت بە پێشمەرگە، بە تایبەتیش ریزەکانی یەکێتی هەڵببژێرێت بۆ پێشمەرگاییەتیەکەی. بەدرێژایی بوونی لە شاخ، کەس و کاریم نەدیت بێن بۆ سەردانی، بە پێچەوانەی ئێمە هەر لە ناکاوێکدا دایکمان پەیدا دەبوو، هەموو جار کە سەیرم دەکرد دڵـم بۆی دەسوتا، ئەو پێشمەرگەیە هەتا ساڵی ١٩٨٤ کەسو کاری خۆی نەدیت. ئەرسەلان بایز بۆ ئەویش هەر بەخۆراێێ  کێشەی دروست دەکرد، بەڵام ئێمە کۆمەڵێک پێشمەرگە بووین، هەموو کاتێک پشتیوانیمان لێدەکرد، هەتا کۆتایی شۆرشەکە نەمانهێشت ئەرسەلان هیچ بڕایارێکی دژ بە زێرەڤان بۆ بچێتە سەر. 
 بوکێنیەکەی جوان و سەربەست گوندی سێروان ساڵی ١٩٨٦
سەربەست قەڵادزەیی، یەکێک لە پێشمەرگە بێژەرەکانی زمانی کوردیی، لە سەرەتایی ساڵی ١٩٨٣وە بێژەرو پێشکەشکەری بەرنامەی خەباتی گەلان بوو، دوای دەستی بە نوسینیش کرد. هەتا کۆتایی تەمەنی ئێزگە لە شاخ، بە لە خۆبوردوویی کاری کردوە. لە دایک بووی ساڵی ١٩٥٨، دانیشگایی بەغداد بەشی ئەندازیاریی تەواوکردبوو، ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران بوو، براییەکی کەشی پێشمەرگە بوو بە ناوی نەوزاد، دەرچووی دانیشگای بەغداد بوو بەشی ئەندازیاریی، باوک و کەسو کاریشی تووشی سەخڵەتی ببوون لەگەڵ حکومەتی سەدام لە ئەنجامی ئەوەی دوو کوریان پێشمەرگە بوو، لە سەرەتایی ساڵی ١٩٨٣دا، بۆ یەکەم جار لە باوەزێێ دیتم، دوایش بوو بە یەکێک لە هاورێی نزیکەکانم.    
سەربەست کورێکی باڵای لە مام ناوەندی بەرزتر بوو، ئەسمەر قژ لول.  پێشمەرگەییەکی مۆدرن  تموحی زۆری هەبوو لە ئێزگە، هەموو کاتێك خەریکی خوێندنەوە، بەهێزکردنی زیاتری زمانی ئینگلیزی بوو. کورێکی پاکو خاوێن و بە مشور بوو. بوونی تموح لەو پێشمەرگەییە وهەست پێکردنی لەلایەن لێپرسراوی راگەیاندن، بووە هۆی  خاڵی سەرهەڵدانی کێشە و ململانێکردنی لەلایەن لێپرسراوی ڕاگەیاندن کە ئەرسەلان بایز بوو.
سەربەست هەوڵی دەدا خۆی پەروەردە بکات، زۆر دەیخوێندەوە، دەستیی بە نووسین کرد، رۆژ بە رۆژ لە پەرەسەندندا بوو، سەربەست ئاماژەی وای تیادا بەدیدەکرا کە لە ئایندەدا زیاتر گەشە بکات و ببێتە جێگەی سەرەنجی سەرکرداییەتی یەکێتی بە تایبەتی تاڵەبانی. ئەرسەلان هەستی بەوە دەکرد، بۆیە بەبێ هۆ کەوتبووە دژاییەتی کردنی. 
لەو شۆرشەدا، جگە لەو پلانەیی کە ئەنجامەکەی پێشبینی شەهید بوونی لێدەکرا وەکو، ئامر مەفرەزە، کەرت، سەرتیپ بەشە عەسکەرییەکان کە سەرکرداییەتی ئەو شۆرشە خۆی لێ دەدزیوە، هەموو پلەکانی تری وەکو ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، سەرکردایەتی، لێپرسراوی مەڵبەند، لێپرسراوی دەزگایی راگەیاندن، شەری توندی لەسەر دەکرا. هەڵبژاردنی هەر کەسێک بۆ پلەی لێپرسراوی راگەیاندن، ئەندامی سەرکرداییەتی، لەسەر بیناغەی لێهاتوی بوونی بەهرەییەکی تایبەت نەبوو، وابەستە نەبوو بەوەی کە ئەو تاکە چەند دڵسۆزە، وابەستە بوو بەوەی کە تا چ رادەییەک دەکرێت ئەو تاکە لغاو بکرێت، دەبیت بە پیاوی کێ، تواناو بەهرەی ماستاوکردنی هەییە یان نا، نەفسییەتی نزمە یان نا، بە شێوەیەکی گشتی ئەمانە پێوەر بوون بۆ هەڵبژاردنی تاکەکان. من ئەو کات دڵنیا بووم لەوەی سەربەست هەرچەند لە رووی فیکر، توانایی میدیایی خۆی بەرەو پێشەوە ببات، قەت نە دەبوو بە بەدیلی کابرایەکی وەکو ئەرسەلان بایزی نەفس نزمی پیاوی تاڵەبانی و هێرو.   
 سەربەست، پێشمەرگەییەکی دڵسۆز بوو، بەڵام ئەرسەلان بایز کێشەی بۆ دروست دەکرد، هەر بەخۆرایی هەوڵی دەدا نەقلی بکات، ئیتر ئێمەش هەموو پێشمەرگەکان بە یەکەوە، لە بارەگاکە یەکترمان گرت، نەمانهێشت تا کۆتایی تەمەنی ئێزگە لە شاخ، هەوڵەکانی ئەرسەلان بایز بۆ نەقڵ کردنی سەربەست قەڵادزەیی سەربگرێت. 
لە بەرگەڵو لە ساڵی ١٩٨٤دا،سەربەست سەگێکی هەبوو ناوی نابوو "غەسان" بە ناوی لێپرسراوی دەزگایی ئیستغباراتی سەدام، لە ناوچەی قەڵادزێێ.
لە نێوکۆمەڵگایی کوردەوارییدا، سەرەرای ئەوەی کە لە گوندەکانی کوردستاندا، هەموو ماڵێک سەگێکی هەییە بۆ پاسەوانی لە دێییەکان، ماڵ و ئاژەڵەکانیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا" سەگ" بەوە ناسراوە کە ئاوەگڵە، نابێت دەستی لێبدرێت یان نزیکی ماڵ بکرێتەوە. بەڵام ئێمە کۆمەڵێک پێشمەرگە بووین، بە شێوەیەکی تر مامەڵەمان لەگەڵ غەسانی سەگ دەکرد، یاریمان لەگەل دەکرد، دەستمان بەسەریدا دەهێنا، هەموو کاتێک لە دەورو بەرماندا بوو، ببوە جێگەی سەرەنجی خەڵکی گوندی سەرگەڵوو، وەکو خاڵێکی خراپ هەژماریی بۆ دەکرا. لەئەنجامی ئەو جۆرە مامەڵە کردنە نەرمەی ئێمە، غەسان هەر کەسێکی بە جلی خاکی پێشمەرگانە بدیتبا پێی نەدەوەڕی، رای دەکرد بۆ لایان بۆ یاری کردن، لە بارەگاییی ئێزگەش بە کەیفی خۆی دەسوڕایەوە.
 پیاوێک هەبوو ناوی حەمە، خەڵکی گوندی سەرگەڵوو بوو، لە بارەگایی ئێزگە موچەی هەبوو، کاری چێشتلێنان بوو، هەر کە ئەو سەگەی دەدیت، دەستی دەدا بەدارێکی درێژ لێی دەدا، رۆژێکیان، لە زیرەی دەنگی غەسان چوومە دەرەوە، دیتم حەمە، خەریکە بە دارێک لە سەگەکە دەدات، سەگەکەش کە منی دیت ڕای کرد بۆ لام، خۆی لە پشتمەوە مات کرد، منیش زۆر رقم هەستا، ووتم کاک حەمە، خۆ ئەوە ئازاییەتی نییە، پیاوێکی زرت و زەلامی وەک تۆ ، دارێکت گرتۆتە دەستت، لەو سەگە دەدەیت. دیار بوو پێیی ناخۆش بوو، گوتی ئەو سەگە گڵاوەو نابێت نزیکی ئەو ناوە بکەوێتەوە، ئێوە دەستتی لێدەدەن هەموتان ئاوەگڵ بوونە. 
 سەربەست، جوان، گوندی ئاڵوەتان ١٩٨٨
غەسانی سەگ، کێشەی زۆری بۆ سەربەستی خاوەنی دروست دەکرد، وەکو لە برسان هەموو جار دەچووە کولانەی مریشکەکانی ماڵی ئەرسەلان بایز، لەوێدا هێلکەی مریشکەکانی دەخوارد، ئەرسەلان وخێزانی، ئەوەیان وەکو بیانوویەکی گەورە بەکار دەهێنا دژ بە سەربەست.  رۆژێک سەربەست سەگەکەی هێنابوو رای دەهێنا، هێلکەیەکی لە پێش دانابوو، بە تورەیەوە دەیگوت نەیخۆیت، جارێک بە گاڵتەوە بەسەربەستم گوت رێوی خۆی بە کونەوە ناچێت تەنەکەیەکیشی بە کلکیەوە بەستۆتەوە، من تەنیا لەسەر خۆت توشی شەر و کێشە نابم، دەبێت شەر لەسەر سەگەکەشت بکەم.
حەمە پیاوێک بوو تەمەنی نزیک سی و پێنج ساڵێک دەبوو، ئەسمەر، باڵایی لە مام ناوەندی بەرز تر بوو. کە ئێزگە لە بەرگەڵوو دامەزرا، لە کاتی مفاوەزاتەکە لە ساڵی ١٩٨٤دا، بەهۆی ئەوەی پێشمەرگەکان خەریکی نووسین، تۆمارکردنی بەرنامە بوون، کاتی چێشت لێنانیان نەبوو، ئەو حەمەیە مانگی سەد دیناری موچە وەردەگرت، کاروباری چێشت لێنان، قاپ شوشتنی ئەنجام دەدا. لە لادێیکانی کوردستاندا چێشتلێنان تەنیا کاری ئافرەتە، زۆر شورەییە پیاو چێشت لێبنێت، بۆیە ناوی حەمە لە نێو گوندی سەرگەڵوو گۆڕدرا بوو بە "حەمە کچانی". 
حەمە کە هات بۆ بارەگایی ئیزگە، کابراییەک بوو جلێکی کۆنی کوردیی لەبەردابوو، پشتێن، کڵاو جەمەدانی لەسەری. لە کەلتووری لادێدا پیاو دەبێت کڵاو جەمەدانی بخاتە سەر. پاش ماوەیەک حەمە تەنیا بە شەرواڵیک و کراسێک دەسوڕایەوە، کڵاو جەمادنییەکشی لێ فرێدابوو، قژی بۆ سەرەوە دادەهێنا، هاوێنان هەر سەرپاییەی لە پێدا دەکرد. 
سابیر رەسوڵ، پێشمەرگە تەمەنی نزیک لە پەنجا ساڵیک بەرەوسەرەوە بوو ئەو کات،  لێپرسراوی عەسکەری مەڵبەندی سێ بوو، ، دوای بوو بە سەرتیپی بیست و یەک، خەڵکی گوندی بنسڵاوە، گوندێکە لە نزیک شاری هەولێر، کاتی خۆی باوکم لە دێیەکەی ئەوان بارەگایی هەبووە، ئەو کات ئەو گەنج بووە، بەهۆی ئەوەوە باوکمی زۆر خۆش دەویست، هەر کاتێ کە دەهات بۆ سەرکرداییەتی، دەهات میوانی من دەبوو، دەیگوت من لەماڵی برازای خۆم زیاتر ناڕۆم بۆ لای کەسێکی تر.  لە شەڕی داباندا لە بەرواری ١-١-١٩٨٥دا، هێزەکانی خوارەوە هاتبوون بەرەو سەرکرداییەتی، سابیر رەسوڵ لە بەرگەڵوو بەرەو ماڵی ئێمە دەهات، حەمەی دیت بوو لە نزیک مەنجەڵەکانی چێشت، خەریکی چێشت لێنان بوو، رەختی لەخۆی بەستابوو، تفەنگ بە شانیوە، سابیر رەسوڵیش  ئاورێکی لێدابووەوە، گوتبووی ئەرێ کاکە تۆ بۆ وا خۆت تێکداوە لەدیار ئەو مەنجەڵانە؟
 ژیانی پێشمەرگاییەتی جگە لە تۆپبارن، بۆردۆمانی فرۆکە و هێڕشەکانی سەربازیی حکومەتیی بەعس، نەبوونی خواردن یەکێک بوو لە کێشە هەرە گەورەکان، بەردەوام رووبەرووی پێشمەرگە دەبووە وە.  سەربەست زۆر حەزی بە خواردن بوو، هەموو جار دایکی لە شارەوە کێک و کولیچەی بۆ دەنارد، سەربەست سەندوقێکی هەبوو قفڵێکی بچووکی پێوە کردبوو، خواردنەکانی تیادا دادەناو قفڵی دەکرد، رۆژێک پێشمەرگەکانی تر هەر بۆ خۆشی چوو بوون، بەدزیەوە قفڵەکەیان شکاند بوو، زۆربەی کێکو کولیجەکانیان دەرهێنابوو و خواردبوویان، دوایش قفڵەکەیان وەکو خۆی داخست بوو. 
لە ساڵی ١٩٨٤دا لە نێو مفاوەزاتی یەکێتی و حکومەتدا، سەربەست چوو بۆ شار ژنی هێنا کچێک بە ناوی جوان. لە دایک بووی ساڵی ١٩٦٢، لە دایکێکی خەڵکی سلێمانی و باوکێکی عەرەب، دانیشگای بەشی کشتوکاڵی تەواو کرد بوو لە بەغداد، لە کۆمپانییەکی گەشت و گوزار کاری دەکرد. جوان، کچێکی باڵا بەرز، قژێکی ڕەشی درێژ، ئەسمەر دەم و چاوێکی درشتی خاڵ خاڵی  هەبوو.  ئەوەی لای من جێگەی رێز لێنان بوو، ئەوە بوو کە ئەو کچە دەستی لە کارێکی باش هەڵگرت بوو، ژیانی بەغدادی بەجێهێشت بوو، رازی ببوو شو بکات بە پێشمەرگەیەک، بێت بۆ شاخ. کاتێک جوان گەیشتە گوندی بەرگەڵو یەکێتی نیشتمانی بە سختترین کاتیدا ڕەت دەبوو، هەموو رۆژێک فرۆکە دەهات بۆ بۆردومان، هەموو رۆژێک تۆپباران دەکراین، دوو جاریش کیمیا باران کراین، زۆربەی کاتەکانمان لە نێو سەنگەر و بن بەرد بەسەر دەبرد. جوان، مانگی هەنگوینیەکەی لە نێو سەنگەردا بەسەر برد. ئەو کچە ئەو کات زۆر پۆزەتیفانە بیری دەکردەوە، هەر زوو هاوشێوەی سەربەست بوو بە هاورێییەکی نزیکم.  
سەربەست بەوە ناسراو بوو کە زۆر گرنگی بە پاکو خاوێنی دەدا، هەموو کاتێک دەستەسڕ، فڵجەو مەعجونی ددانی، لە کۆڵە پشتەکەیدا هەبوو، پێش ئەوەی بێت بۆ ئیزگە لە تیپی جوتیاران پێشمەرگە دەبێت، لە شەوێکی زستانی ساردی سەختدا، بەفر دونیایی دادەپۆشێت، لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٢دا دەبێت، لەسەر چیایی ئاسۆس، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک لە واجب دەبێت، سەربەست کاتی سرەی ئەوەی دێ بچێت بنوێت، فڵجەو مەعجونی ددان دەردەهێنت، بە بەفر ددانی دەشوات، پێشمەرگەیەک لە تیپی جوتیاران، پێدەڵێت، پەکو، ئەوە تۆ هەر دەبێت ددانت بشۆیت، ئەی لە کاتی لێقەومان چی دەکەیت برا؟ سەربەستیش، دەگەڕێتەوە پێی دەڵێت، مردوت نەمرێ ئینجا لەوە لێقەومان زیاتر دەبێت چیتر هەبێت!  
----------------------------------------
تێبینی یەکەم:
داوای لێبوردن دەکەم لە خوێنەری بیرەوەرییەکانم، بەهۆی ئەوەی کوردستانپۆست ماڵپەرەکەیان گواستەوە و کارکردن تیایدا تەواو نەبوو، بوو بە هۆکاری ئەوەی ئەو دوو ژمارەی ئەخیر لە بیرەوەرییەکانم لە کاتی خۆیدا نەنێرم بۆ بڵاوکردنەوە. 
تێبینی دووەم:
نوسینەکانم بە تایبەتی بیرەوەریەکانم، بوونتە مایەیی سەخڵەتی بۆ هەندێک لە دەستەڵاتدارە پارەدارەکانی خاوەن کۆشک و تەلاری نێو حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم. لێرەوە ئەو مزگێنییەیان پێڕادەگەیەنم، کە من لە نوسینەکانم هەر بەردەوام دەبم و وازیش ناهێنم. 
تێبینی سێیەم: بڕیاڕم داوە هەرچی لە بیرەوەریەکانی شاخدا کە تاکو ئێستا لە یادم ماوە، لە چەندزنجیرەیک بیان نووسمەوە، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستان پۆست"ە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە