لیستی ناوی رۆشنبیرەکان کەمترە لە چاو ئەو جەماوەرەی کە پارتی لە کاتی دەنگدانەکاندا پرۆپاگەندەی بۆ دەکرد

Wednesday, 05/08/2015, 23:42

5372 بینراوە


سایتی باس نیوز، کە سایتێکی سەر بە دەزگای پاراستنە رۆژی ٣ – ٨ -٢٠١٥  بە ناونیشانی (رۆشنبیرانی کوردستان داوای مانەوەی بارزانی دەکەن) لیستێکی بڵاوکردۆتەوە کە ناوی ٢٢٤٣ گرتۆتە خۆی، ئەو کەسانە لە کەمپینەکەدا هەڵمەتی نیشتمانیان بردووە و واژوویان لەسەر کردووە، گوایە بۆ پشتیوانی لە یەکڕیزی و تەبایی لە کوردستان و زەروورەتی مانەوەی سەرۆک بارزانی لە پۆستەکەی ئەم چالاکییەیان دەست پێکردووە.
من نامەوێت لێرەدا رەخنەیەک ئاڕاستەی کەسەکان بکەم ئەوەی لێرەدا مەبەستمە قسەکردنە لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ و بە پێچەوانەی ئەو کەسانەوە قسە دەکەم، کە پێیان وایە ژمارەکە زۆرە، منیش دەڵێم ئەو ژمارەیە بۆ پارتیی زۆر نییە، چونکە لە رۆژانی دەنگدانەکاندا پارتیی و ئەندامەکانی پرۆپاگەندەی زۆریان دەکرد گوایە لە ٧٠% ی خەڵکی کوردستان دەنگ بە پارتیی دەدەن، ئەو جەماوەرەی کە پارتیی قسەی لەسەر دەکرد، ئەم ژمارەیە دیوێکی ترمان بۆ دەردەخات، جگە لەوە زۆر لەوانەی کە بە پارتیی ناسراون و لە زۆر بۆنەدا لەسەر پارتییان کردۆتەوە و بەگژ لایەنەکانی تردا دەچوون، یان لە فەیس بوکدا رای جیاوازیان دەردەبڕی و پشتگیری سیاسەتی پارتییان دەکرد، ئەگەر سەرنج بدەین ئەو ناوانەی تێدا نییە، ئەوانە لە پارتیی سودمەند بوون، کەچی بۆ ئەم کەمپینە خۆیان دزیوەتەوە، ئەم هەلپەرستانە رەنگە بۆ ئەوە خۆیان دزیوەتەوە، کە بۆ خاتری ئەوەی سبەینێ سنگی خۆیان دەربپەڕێنن و بڵێن ئێمە واژوومان لەسەر ئەو لیستە نەکردووە، هەندێک لەوانەش کە سەر بە باڵی نێچیرەڤانن نایانەوێت هاوبەشی ئەو لیستە بکەن دوورکەوتوونەتەوە، بۆ نمونە حەمە سەعید حەسەن، حەمە فەریق حەسەن، ستیڤان شەمزینی، د. فازیل جاف، سەباح غالیب، هیوا قادر و ... هتد، تەنانەت کۆمەڵێک لەو نووسەر و رۆشنبیرانەش کە لە باسنیوزدا دەنووسن وەکو بەختیار عەلی و دەیان نووسەری دیکە، ناوەکانیان لەناو ئەو لیستەدا نییە، ئەم خۆ دزینەوەیە، ئەگەر هیچ نەگەیەنێت هەڵوێستی دووفاقەیی تێدایە.
لیستەکە بە ژمارە  ٢٢٤٣ کۆتایی دێت، لەوە زیاتر تێنەپەڕیوە، چونکە لە دواییدا نووسراوە کە (بێجگە لەو ناوانە، ناوێكی زۆری دیکە ماون كە تایپ نەكراون و نەخراونەتە ناو لیستەكەوە، چونكە ڕۆژانە ژمارەی ئەو كەسانەی پێشتر پێوەندیمان پێوە كردبوون پەیتا پەیتا لیستەكانمان بۆ دەنێرنەوە). باس نیوز دەیەوێت پێمان بڵێت ناوەکان لەو ژمارەیە زۆرترن، لێرەشدا ئەمانە راست ناکەن، چونکە  وا چەند رۆژ بەسەر ئەو ژمارەیەدا تێدەپەڕێت، لیستی ناوەکان لە شوێنی خۆیدا چەقیوە.
سەرنجێکی دیکەش ئەوەیە کە ئەو ناوانە زۆربەیان دانیشتووی دەڤەری زەردن، واتە پارتی دەستی نەگەیشتۆتە سلێمانی، کە پێشتر پرۆپاگەندەی ئەوەشیان دەکرد گوایە  لە سلێمانی خەڵکی زۆریان لەگەڵدایە، کۆمەڵێک لەو نووسەرانەی کە لە چایخانەی شەعب دادەنیشن و لە سەر حیسابی پارتی رەخنە لە لایەنەکانی دیکە دەگرن. لە ئەوروپاش پارتی دەستی نەگەیشتووەتە زۆر لەو رۆشنبیرانەی کە یارمەتیی و خانەنشینی پارتی وەردەگرن، ئەمەش  دیوێکی دیکەی جەماوەری تێکشکاوی پارتیی پیشان دەدات، کە پێیان شەرمە خۆیان وەکو پارتیی ئاشکرا بکەن.
ئەمە وردە سەرنجێکی من بوو لەسەر ئەو لیستە. ئەم سەرنجانەم بۆیە نووسی، ئەگەر پارتی راست دەکات، با هەڵسوراوانی چالاکی کامپینەکە ناوەکانی دیکە بڵاوبکاتەوە، چونکە ئەم ژمارەیە درۆی زلی پارتی دەردەخات  گوایە جەماوەری پارتی لە هی لایەنەکانی دیکە زۆرترە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە