کۆبوونەوە و هەڵپەڕکێی پێنج پێیی حیزبەکان

Thursday, 17/09/2015, 19:55

2703 بینراوە


یەکەم ساڵی ناوەندیم  ئەبوو پێش هاتنی جەژنی نەورۆز فێری شایی و هەندێ گۆرانی ببوم وەك هەر گەنجێکی ئەو سەردەمە، لەبەرئەوەی لانی کەم کە نەورۆز ئەهات ئەبوو سروودەکەی پیرەمێردمان لەبەربوایە و لەو جەژنە نەتەوەییەدا بمان ووتایەتەوە . لە دوا ناوەندی ڕۆشنبیر لە سلێمانی دەمان خوێند  ولەلایەن چەند هاوڕێیەکەوە بۆ یەکەم جار فێری هەڵپەڕکێی سێ پێی بووین، کە ئەمەش جۆرێکە لەشایی کوردەواری و لەسلێمانی گەلێک بەربڵاوە. خۆ ئەگەر باسی چەپی بکرێت و بڵێی تەنها ئەوە ئەزانم،ئەوا گەنجانی ئەو کاتە گاڵتەیان پێ ئەکردیت و ئەیان ووت؛ شایی چۆپی تەنها هی کچانە. بۆیە پێوست بوو کە هەر زوو فێری سێ پێی ببویتایە و تەپ و تۆزت لەو ناوە هەڵبسەندایە. 
لەسەرەتادا، هەریەکەمان بەشێوەیەك هەڵئەپەڕین و خۆمان شین و مۆر ئەکردەوە و بەبێ ئەوەی ئەو جۆرە هەڵپەڕکێی سێ پێیە بێ کەوا گەورەکان نمایشیان ئەکرد. بۆیە لەسەرەتادا بەوەی ئێمەیان ئەووت ٣ جرتەکی. چونکە هەریەکە و لەئاوازێك و بەشێوەیەك پێی لەزەوی ئەچەقاند کە لە هی گەورەکان و شارەزایانی ئەم جۆرە شاییە نەئەچوو. بەهەرحاڵ کاتێکی وویست و ڕاهێنانی باشمان کرد تا ماوەیەك و بەتەواویی فێر بووین و تا وای لێهات  دواتر دەستمان لێبەرئەدا.
هەنووکە ئەم بەناو پێنج حیزبە سەرەکییەی بنکە فراوانەی حکومەتە خەمساردەکەی کوردستانی باشوور هەریەکە و لەئاوازێك ئەخوێنێ و خۆی بەڕاست لەوی تر دائەنێ و هەر لەگەڵ ڕۆژ بۆوە خەریکی ڕاهێنانی کۆبونەوەن لەسەر کۆبونەوە، ئەوەندە بێ شەرمییان لێدەچۆڕێت هێشتا کۆبونەوەکە تەواو نەبووە، کەچی خەریکی پلان و خۆئامادەکردنن بۆ دانانی کۆبونەوەی داهاتوویان. ئەم پێنج  بەناو حیزبانە کەهەریەکەیان گرێدراوی لایەنێکی دەرەکین، نازانن چۆن فێری کۆبونەوە راستەقینە یەکلاییکەرەکەوە ببن و چیتر کۆبونەوەی پێنج پێی نەکەن و بگەنە کۆبونەوەی سێ پێی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە