دانیشتنەکەی مەسعود بارزانی و سەفەرەکەی نەوشیروان مستەفا

Wednesday, 14/10/2015, 19:19

7853 بینراوە


ئۆشۆ دەڵێ:"چەند زیاتر بزانیت، ئەوەندە کەمتر دەتوانیت بچیتە ناو قوڵایی ژیانەوە".
بۆ پەیبردن بەو شتەی کە بەگومان دەوری گیراوە، دەبێت بچیتە سنوورەکانی سەروی هزرەوە، بۆ ئەمەش پێویستت بە گۆڕانێکی بنەڕەتییە و دەبێت تەلیسمی ئەو گومانە تاوتوێ بکەیت.
کاتێک خەڵک کەوتنە ئەوەی دەست بکەن بەلێپێچینەوە لەوەی دوو پارتەی دەسەڵاتدار، کە سامانی ووڵات و چارەنووسی گەلێکیان خستۆتە مەترسییەوە، ئیساش لە سەر لێواری مەرگ و مردن و لەناوچووندایە، دەبوو هەر زوو لەناو جەماوەردا هێزێک لە دایک بوایە رێگای لەو مەرگە بگرتایە، هەڵبەت ئەوسا نە بنەماڵەی بارزانیی و نە بنەماڵی جەلالی وەک ئەمڕۆ قورسایی خۆیان شۆڕ نەدەکردەوە بەسەرماندا.
ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ئەرشیفی ئەو کاتانە دەیان دۆکۆمێنت، قسەکانمان پشتڕاست دەکاتەوە، کە چۆن تاڵەبانی و بارزانییش دەیان ووت: یەکێتی و پارتی ڕەگیان لەناو خەڵکدا هەیە و بەهیچ باو بۆزانێک هەڵناکەنرێن. لە ناوچەی بادینان ئیسلامییەکانیش گەشەی باشیان کرد و خەریک بوو دەبوونە ژمارەی بەرچاو، ٣١ئاب چووە خانەی لێپرسینەوە ئیتر خەڵک فێربوو بەدوای ئەو مەلەفانەدا بگەڕێت کە خیانەت و نیشتمان فرۆشی و داگیرکردنی لەهەناودا بوو. خەڵک فێربوون لێرەو لەوێ بەگژ ئەوانەدا دەچوونەوە کە بەرپرس بونایە. هەرچەندە وردە وردە خەڵکی ناڕەزایی دەرکەوتن. لە ناکاو ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە دەنگی ناڕازی. "کوردستانپۆست" بووە ئۆپۆسیسیۆنێکی بەرچاو بەدوایدا ژوورەکانی پاڵتاکیش نەخشی دیاری کراویان هەبوو. 
ئۆپۆسیسیۆن تاک تاک و کۆمەڵ کۆمەڵ لە کۆبونەوەو خۆڕێخستندابوون، لەم کاتەدا نەوشیروان مستەفا جیابۆوە و خۆی وەکو ڕیفۆرمخوازێک خستە ڕوو، سەرەتا وەکو رێکخراوی رەگ، خۆی دەرخست و هەرچەندە کەسانی زۆر کاریزمە نەبوون، نەوشیروان دەیویست بڵێ ڕەگ پەیوەندی بەمنەوە نییە، بەڵام زوو دەرکەوت کە ڕەگ نەخشە بۆ داڕێژراو بوو، بەڵام خەڵکانێک لە ئەورپا لێیان کۆبۆوە، جارێ برەوی سیمینارکردن مابوو، سۆسیال مێدیا هێندە گەشەی نەکردبوو، خەڵکی دەچوونە کۆڕ و کۆمەڵەکان. لەم ماوەیەدا تاڵەبانی ١٠ملیۆن دۆلاری دا بە نەوشیروان مستەفا و ئەویش بانگەوازی ئەوەی کرد کە سەنتەرێکی ڕۆشبیری دروست دەکات لەژێر ناوی"دەزگای ووشە" لێرەوە دەست کرا بە دەستەمۆ و ڕامکردنی ئەوانەی کە خەریک بوون دەبوونە دەنگی ناڕازیی و بەدوای نەفەسێکدا دەگەڕان خۆیان تێدا بدۆزنەوەو دەست بەکاربن بۆ ژیانێکی باشتر و گەڕانەوەی تۆزێک کەرامەت.
دەسەڵات زانی دەزگایەک ناتوانێ هەموو ماسییەکان ڕاوبکات بۆیە ڕێگە درا نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەیەک ڕابگەیەنێت بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان ". ئەم بزووتنەوەیە کەوتە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە و توانی بەناوی ئۆپۆسیسیۆنەوە ٢٥کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت. قورسایی بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر لە سلێمانیی (زۆنی سەوز) بوو. ئەگەر سەیری ئەرشیفی کارەکانیشیان بکەین دوو بابەتی جدی لەسەر بادینان و هەولێر (زۆنی زەرد) نادۆزینەوە، بیشی دۆزینەوە لە خانەی ڕێگە پێدراو دایە، وەک باسکردنی "سینەما، شانۆ، کتێب، گۆڕستان، شەقام، خەستەخانە..هتد"، بەڵام باسی هەڵویستی سیاسی و پرسیارکردن لە تیرۆر پەیوەندی دەسەڵات لەگەڵ داگیرکەران رێگاپێدراو نەبوو، بۆ نمونە بۆ تاکە جارێک باسی ئەم کەیسانەیان نەکرد، وەک "سەربازخانەی تورکان لە ناوچەی بادینان، مەسەلەی تەعریب، دەرهێنانی نەوت، پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی پارتی بەداگیرکەرانی تورکیا، تیرۆری خەڵک، زیندانی ئاکرێ و چیای شیرین"، تەنانەت نەیان توانی بۆ تەنها جارێکیش بچنە بلە و بەرزان ڕاپۆرتێک ئامادە بکەن، یان کاتێک یادی جەوهەر نامیق دەکەنەوە کە بکوژی هاوڕێکانی نەوشیروان بووە لەکارەساتی هەکاریدا، خۆیان لە قەرەی ئەو مەلەفە هەستیارە نەکرد! هەرچەندە یادی جەوهەر نامیقیان کردەوە، وەکو ئەوەی دەسەڵات سنوری بۆ دانابوون، لێ بەڵێ یادی حەسەن کوێستانیان نەکردەوە، کە بەدەستی ئەدهەم بارزانی شەهید کرا، لێ بەڵێ نەوشیروان مستەفا بۆ دایکی مەسعود لەڕیزی پێشەوە دەبینرا. لەکاتی ١٧ی شوباتدا، گەرچی نەوشیروان سەرەتا ئەوانەی بە گێرەشێوێن، دوای وایان پینەکرد، کە "ڕێبین هەردی" خۆی کردە خاوەنی ئەو قسەیە و بەویش ڕاست نەبۆوە، نەوشیروان سەرەتا خۆی شاردەوە دەنگۆی ئەوەش هەبوو، کە تا سنوری ئێران چووبێت، بەڵام نەخش و دەورێکی بەر چاوی نەبوو، ئەوانەی هەڵسوڕابوون دەگێڕنەوە کە داوایان لە نەوشیروان کردوە با سلێمانی پاک بکەینەوە و هێز لەو ڕێگایانە دابنێن کە مەترسی هاتنەناوەیان هەیە، بەڵام نەوشیروان ڕازی نەبووە، ئەوان ئازایەتی ئەوەیان تێدا نەبوو کە بە٢٥ پەرلەمانتارەکەیان بڵێن با لە هەولێر دەست بکەن بەخۆپیشاندان و جەماوەری گۆڕانیش لەگەڵ خۆیان هاندەن. دواییش ١٧ی شوبات بۆ گۆڕان بووە خێر و بەرەکەت و پەیتا پەیتا وەک ئێستا دادەنیشتن و لەکۆبونەوەدابوون تاکو بووە ئەوەی ئەویش لە بار برا، ڕۆژانە دایک و باوکی قوربانییەکانیان دەهێنا بۆ شاشەی (KNN) و مۆسیقای غەمگینیان لێ دەدا و لەپشتەوەش دانیشتنی گەرمووگوڕیان دەکرد.
نەوشیروان مستەفا کە بزووتنەوەی گۆڕانی دروستکرد ووتی دەبێ ئیتر هیچی شاراوە نەمێنێت و کەس لە ژوورە داخراوەکاندا قسە نەکات، بەڵام خۆی مەسعود بارزانی چەند جار یەکیان دی، وەک مەتەڵیش، خەڵکە کۆیلەکان قسەیان دەکرد، کە چی کراوە و چی وتراوە، نەوشیروان مستەفا بیری چۆوە، کە سەرەتا چ پەیمانێکی بە خەڵکی دابوو؟
 دوایی ئۆپۆسیسیۆن بونی گۆڕان بۆجاری دوهەمین بڕیاری چونە دەسەڵاتییان دا و چونکە ناو حکومەتێکی پۆخڵی پیسەوە، گەرچی ململانێیەکی سەخت لە سلێمانی ڕوویدا، بەڵام پیاوە ئاسنینەکەی ئیتڵاعات هات و هەمووشتێک بەخێر گەڕایەوە مەبەست لە"ئاغای سلێمانیی یە". 
 نەوشیروان مستەفا : گەرچی لە مێژ ساڵە سیاسەت دەکات بەس پێناچێت زۆر شارەزا بێت، چونکە ئەویش دەرچووی هەمان قوتابخانەیە، خۆی وەکو گاندی پیشان دەدا و بە ئیستاشەوە داوای ئەوە دەکات ئەم بزوتنەوەیە بڕوای بە هەڵگرتنی چەک نییە، لەکاتێکدا لەناو حکومەتە فاشلەکەدا وەزارەتێکی وەک پێشمەرگە وەردەگرێت و کەسێکی لاواز دەنێرێت، پێدەچێ وەزارەتی پێشمەرگە وەزارەتی سەماکردن بوو، کەسێکی نەشیاوی ناردوە تا لە قسەی مەسعود بارزانی دەر نەچێت، خۆشی هات و بە گوێی مەسعود بارزانییدا دا و گەرەنتی ٤ساڵ ئارامی شەقامی خستە ئەستۆی خۆی، وەزارەتی دارایی وەرگرت، کە قاسەیەکی بەتاڵ بوو، وەزارەتی ئەوقاف وەرگرت، لە کاتێکدا زیاتر لە ناو ٧٠ مزگەوتدا مەلاکان بانگەشەیان بۆ داعش دەکرد و سەلەفیان لێفڕێدەدایە دەرێ و پەروەردەیان دەکرد.
گەر ئەم بزوتنەوەیە دەستکردی تاڵەبانی و پاشان بارزانی و ووڵاتە داگیر کراوەکان نییە بۆچی لەماوەی دروست بوونیەوە، نەوشیروان مستەفا قسەیەکی لەسەر رووداوەکانی داعش نەکردووە!؟ پاشان ئەوانەی کە ناردویەتیی بۆ پەرلەمانی عێراق و کوردستان بزانە هەڵگری چ ئایدیایەکن؟ زۆربەیان ئیسلامیین و لە ڕێگەی نەوشیروانی سکرتێری کۆمەڵەی مارکسی لێنینی، کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە خاوەنداریان لێ دەکرێت. دیارە کارەکەی نەوشیروان هەر ئەوەندە بووە، کە دەنگی ناڕازیی و ئۆپزیسیۆن بەو شیوەیە سووک و ریسوا بکات و ببێتە رابەڕیکی درۆزن و دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە بەو شێوەیە بهێڵێتەوە. ڕێکەوتنەکەی دەباشانیش گەر تاڵەبانی بەسەردا نەخۆش نەکەوتایە، ئەوە لە مێژبوو گۆڕان گەڕابوویەوە بۆ ناو یەکێتی، یان بەرەیەکیان دروست دەکرد لەچەشنی "کۆمەڵە و هێڵی گشتیی و بزوتنەوە "، کە ئەودەم بۆ ٢٠ساڵی تر ئۆپۆسیزسیۆن لەو بەشيدا لەبار دەچوو.
سەمەرەی نەوشیروان لەوەدایە یەک ووشەی نییە لەسەر شەنگال و بازرگانی سەرە بۆیاخکراوەکان لەگەڵ داعشدا. ئەو خیانەتەی کە مەسعود بارزانی ئەنجامی دا دژ بە گەلەکەمان لەشەنگال. ئەمڕۆش سێ مانگە کێشەهەیە بۆ دانانەوەی پیاوە هەرێم لەباربردووەکە، ئەم نەوشیروانە ووشيیەک لەدەمی نەهاتۆتە دەرێ، لەکاتێکدا ئەو سەرۆکی بزوتنەوەیەکە خەڵکی متمانەیان پێکردوە. سەرەڕای ئەوەش ئەم سەفەرەی لەم کاتەدا بەهەر بیانویەک بێت، جێگەی گومانە، خۆی بۆمان دەگێڕێتەوە لە بیراوەرەکانیدا "لەبناری دانوبەوە بۆخڕی ناوزەنگ" کاتێک بە مامۆستاکەی دەڵێ من دوا تاقیکردنەوە نادەم و دەگەڕێمەوە بۆشۆڕشکردن مامۆستاکەی دەڵێ شێت بوویت؟ پاشان باسی دڕانی پاسپۆرتەکەی دەکات کە بڕیار دەدات لە نیشتمان شەهید بێت، کەچێ ئێستا لەناو ئەو هەموو ئاڵۆزی و قەیرانەدا قسەیەک ناکات، لەکاتێکدا مێدیای پارتی وەک سەگ دەڕشێنەوە، ئەو هیچ ناڵێت. خاڵێکی تریش دەبێ ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە نەوشیروان ووتی : کاک مەسعود پێی ووتم من هەڵە لە تۆ گەیشتبووم، نەوشیروانیش بە مەسعودی وتوبوو: تۆ کەسێکی ئەمینی، پێش هێرشی داعش بۆ سەر موسڵ و شەنگال، نەوشیروان لە گردەکە لای پیاوەکانی خۆی ئەو نهێنییەی دەرکاند و وتی کاک مەسعود هەمووشتێکی بۆ باس کردووم، دیارە پلانی هاتنی داعشیشی بۆ باس کردووە.
وا لە کاتی نووسینی ئەم کورتە نووسینەدا، کە نەوشیروان لە ئەڵمانیایە و دیسان پیاوەکانی دەڵێن خێزانەکەی نەخۆشە و بەدیارییەوەیە، دەشڵێن وتوویەتی لەم چەند رۆژانەدا لە رێگای فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەگەڕێتەوە، دەمەوێت ئەو پێشنیارەی بخەمە بەردەست پێی دەڵێم: ئەتۆ دووڕێگە لەبەرمتدایە.
یەکەم: ئەوەتا بزوتنەوەکەی بەرێتەوە ناو یەکێتی و لەگەڵ هاوڕێ کۆنەکانیدا ئاشت بێتەوە و ڕەنگە شانسی ئەوەشتان هەبێت بشکرێتە سکرتێری گشتی، چونکە یەکێتییەکان هەمیشە سۆزیان بۆت هەیە.
دووەم: وەک چۆن لە شاخ کۆمەڵەتان هەڵوەشاندەوە و دوایش لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تالەبانی ژوان بۆونەوە و بەهەڵەیەکی گەورەتان زانی، ئاوا گۆڕانیش هەڵوەشێنێتەوە، گەرچی کۆمەڵە غەدرێکی زۆربوو لەهەموو ئەو جەوامێری و قوربانیدانە، لێ بەڵێ گۆڕان هێندە ئازار بەخش نابێت، ئەگەر گۆڕانیش هەڵبوەشێنیتەوە، دڵنیام بزووتنەوەویەک لەدایک  دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە