عەلی باپیر و کۆنگرەی نەتەوەیی کوجامەرحەبا

Sunday, 27/09/2015, 7:57

4611 بینراوە


عەلی باپیر لەگەڵ هاودینەکانیدا ٢٠دەقیقە خۆیان دوادەخەن، بۆئەوەی لەحزوری سرودی نیشتمانی کورد (ئەی ڕەقیب) هەڵنەستن و ئەو سرودە نەژنەون، کە بۆتە مارشی نەتەوەیی کورد.
دوای ئەوەی عەلی باپیر چووە تورکیا بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەی ئاکپارتی، ئەو کاتەش بوو، کە فاشییەکانی تورک هەموو دەروازەکانی جزیرەی بۆتانیان داخستبوو، شارێک لە ژێر ڕەحمەتی فاشییە ئیسلامییەکانی تورکدا دەیناڵاند و قوربانی دەدا. ئەوانەی کە چوون بۆ بەشداری لە کۆنگرەی ئاکپارتی بەرنەفرەتی خەڵک کەوتن. من تێناگەم چۆن بەڕێوەبەر و دەسەڵاتدارانی کۆنگرەی نەتەوەیی رێگا دەدەن کەسانی خائین و نانەتەوەیی و دوژمن بە کێشەی کورد داوەتی ئەو کۆنگرەیە دەکەن، داوەت کردنی میتی تورک و ئیتیلاعات و موخابەراتی دەوڵەتە داگیرکەر و دوژمنەکانی کورد زۆر گونجاوترە وەک لە هێنانی ئەم دەموچاوە پیس و خائینانە، کەوا ئەمانە لەگەڵ دەسەڵاتی پۆخڵی کوردیی و دوژمنانی کورددا لە باشوور خەریکن کورد وەک نەتەوە لە نیشتیمانی خۆی هەڵدەتەکێنن و بە ناوی ئیسلامەوە ناسنامەی کوردبوونمان لێدەسندنەوە!؟
ئەگەر "کەنەکە" بەم عەقڵەوە دە پانزە ساڵی تر کۆبونەوە بکات و کۆنگرە ببەستێت بەهیچ ئەنجامێک ناگات و هیچی لێ سەوز نابێت، چونکە کۆنگرەی نەتەوەیی دەبێت ئازایانە و زۆر ڕادیکاڵیانە میوانەکانی هەڵبژێرێت، نەک کەسێکی وەک مەسعود بارزانی، کەمال کەرکوکی، نێچیر بارزانی، سەعدی پیرە، (مەبەست لێرە کۆنگرەی پاری هەرێم بوو) بهێنێت، پاشان عەلی باپیر، فاخیر مەخموری، یان دەیان خەڵکی قێزەوەندی تر، کە خیانەت کردن و بەعسی بوون و جاشبوونیان تێپەڕاندەوە، ئێستاش ئەمانە دێن لە کۆنگرەی نەتەوەیدا بەناوی هەموو کوردەوە قسەی بێ مانا دەکەن و مایک دەگرن و لەمێدیاکاندا دەردەکەون.
عەلی باپیر لە ووتارێکدا ووتی: "کەس بۆی نییە خۆی بکاتە کەڵەگا، بەسەر بەشەکانی تردا" مەبەستی عەلی باپیر پارتی کرێکارانی کوردستانە. من بۆخۆم باوەڕم نییە عەلی باپیر ئەو ئازایەیتیەی هەبێت قسە بە مەسعود بارزانی بڵێت، چونکە پار تەقەیان لە بارەگاکەیان کرد و پۆلیسێک بووە قوربانی و زانرا ئەندامانی پارتی بوون کە بەو کارە هەستاون، عەلی باپیر لە سوڵحێکی عەشایریدا لەگەڵ برایانی پارتیدا ڕێککەوت.
عەلی باپیر کەسایەتییەکە تەنها دەیەوێت دەرکەوێت و حەزی بە هەموو جۆرە دەرکەوتنێکە کە مێدیای لێبێت، ئەویش ئاسودانە خەوە قەشمەرەکانی دەگێڕێتەوە لەگەڵ خوا و ئەسحابە و پێغەمبەردا و بەرەو جیهاد و نیکاح و غەنیمە لەگەڵ داعشدا هاوبیر و هاو خەباتە، ئەوە نییە دەڵێت داعش نوێژ دەکەن و شایەتمان دەهێنن، من ناتوانم پێیان بڵێم برای ئیسلامییمان نیین!
بەر لە چەند مانگێک ئێوارەیەکیان لەگەڕەکی ئەقاری شاری سلێمانی خۆم کرد بەمزگەوتی "نالی"دا، سەیرم کرد چەند ڕیشدارێک بە تفەنگەوە وەستابوون، ووتم تۆ بڵێ داعش ئێرەیان گرتبێت، کە چومە پێشەوە سەیرم کرد حیمایەی ئەمیری ئیسلامین و ئەمیر هاتووە بۆ نوێژی کۆمەڵ، ووتم خودایە ئەم پیاوە دینی و واعیزانەی تۆ چەند تۆیان ناشرین کردووە، جاران مزگەوتەکان جێگەی عیرفانیەت و خۆشەویستی بوو سەدان کەسیان فێری خوێندەواری دەکرد، مەلا و کەسە دینییەکان هێندە مەجلیسیان خۆش بوو هەر بۆنی ژیانی لێدەهات. خوێنەر دەتوانێت سەیری "ڕشتەی مرواری" عەلادین سوجادی بکات ئەوسا دەبینێت چۆن نوکتە و قسەی نەستەق و خۆشی لای شێخ و مەلاکانەوە دەهاتە ناو کۆمەڵگا.
کورتەی باس:
کۆنگرەی نەتەوەیی دەبێت لە داهاتوودا زۆر ڕادیکاڵانەتر لە کارەکانیدا بەردەوام بێت، ئەوانەی خیانەت و خۆفرۆشییان کردۆتە گاڵتەی منداڵان دووری بخەنەوە، ترسنۆک و بێهەڵوێستەکان نزیک بە کۆنکرەی نەتەوەیی نەکەن، ئەگەر نا کۆنگرەی نەتەوەیش وەکو هەموو کۆبوونەوە و هەوڵەکانی تر بەرەو گۆڕستان مل دەنێت و هیچی لێ بەرهەم نایەت. ئەگەر سیاسەتی خۆیان نەگۆڕن، با ناوی کۆنگرەی نەتەوەیی لە خۆیان بکەنەوە، ناوی بنێن کۆنگرەی بێمەرج بۆ جاش و باشی کورد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە