کۆسرەت رەسوڵ لەنێوان مانەوەى مەسعود و بەرژەوەندەیەکانى

Sunday, 18/10/2015, 0:46

3237 بینراوە


پارتى کەلەرووى یاساییەوە شکست بهێنێت پەنا دەباتە بەر سیاسەت، کە لەسیاسەتیشدا شکستى خوارد پەنا دەباتە بەر شەڕ،گەر لەشەریشدا دۆڕا ، پەنا دەباتە بەر دوژمنان، ئەمە راستى و هەقیقەتێکە کەس ناتوانێت نکوڵى لێ بکات. ئێستاش کە تەواو تەنگە تاو بووە ولەئەنجامى ئەو فشار و  خۆپشاندان ونارەزایانەى رووبەرووى بونەتەوە، تووشى هێستریاى سیاسى بووە،نازانێت بەچ شێوە و فێڵێک خۆى لەو گێژاو  و قەیرانە قوتار بکات!، جارێک گۆڕان تۆمەتبار دەکات، جارێک پەکەکە، جارێکیش داعش. کە لەواقیعدا  هیچ کام لەوانە تاوانبار نین و دەستیان لەو ناڕەزایەتی و،قبوڵ نەکردنەى مانەوەى مەسعود نى یە.  وەک دەبینن  لەئەنجامى هەڵە سیاسى و نەخوازراوەکانى پارتى و مەسعود رووبەرووى رەخنەو سەرزەنشتێکى زۆر بۆتەوە،کە چۆن دەخوازێت  تاک لایەنانە بڕیار بدات و خۆى ببێتە کوێخاى گۆڕەپانەکە.
تا هەنوکە رەوشە لەبەرژەوەندى گەل و نەیارانى پارتیدا یە، خەریکە لەکایەى سیاسى و نێو دەوڵەتیدا تەریک دەخرێت و رووى ناشیرن و مەرامى نەگریسى  بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت و،ئەکەوێتە بەر رەخنەو نەفرەتى هەموو لایەک، جا بۆ ئەوەى خۆى لەو نەهامەتى و گێژاوە قوتار بکات و، لەدەستى رزگارى بێت، وەک پیشەى هەمیشەى بەدواى هاوپەیمان  پاڵپشت و دۆستێکدا دەگەڕێت ،کەرووى ناقوڵا و کارە پڕ تاوان شورەییەکانى بۆ رەنگین بکات،  بۆ ئەوەش وەک هەموو جارەکان پشت بەیەکێتى دەبەستێت ،وەک ئاشکرایە تاکو ئێستا چەندین جار یەکێتى بەهانایەوە هاتوە،  لەلێوارى مەرگ قوتارى کردوە، بەڵام هەمیشەو بەردەوام پارتى پاش ئەو سازش و  تەسلیمکاریەى یەکێتى بێ منەت بووە ،نەک پاداشتى نەداوەتەوە، بەڵکو ئەوکارەى یەکێتى بەتەسلیمکارى و توانەوە لەبۆتەى پارتیدا وەسفکردووە، کەچى بەداخەوە یەکێتى ئەزموونى لەو هەڵەیەى خۆى وەرنەگرتوە، بەردەوام بووە لەسەر ئەو کارە نەخوازراوەى ، بەمەش جەماوەر و پێگەى خۆى پێ لاواز کردووە،  بەهۆیەوە بۆتە حزبى پلە چوار وپێنج،کە ئەوکارەش بۆ بەرژەوەندى تاکە کەسێک، یان تەکەتولێکى ناو یەکێتى کراوە، بۆیە ئەمجارەش ترس و نیگەرانیم لە یەکێتى هەیە، بۆ ئەوەى ئەمجارەش بەفریاى پارتى بکەون ، هەوڵ وتەقەلاکانیان چڕکەنەوە بۆ سەلامەتى کورسى و پۆستەکەى مەسعود، بەتایبەتیش  لەلایەن هەر یەک لە شێخ جەعفەر،کە لەوەتەى بۆتە راوێژکارى مەسعود بارزانى،دید و عەقڵ وبیرو هۆشى یەکپارچە بۆتە پارتى، وەک ئەندامێکى بنەماڵە بیر دەکاتەوەو، کار بۆ بەرژەوەندى وپاراستنى دەسەڵاتیان  دەکات، جوداى ئەویش کۆسرەت رەسوڵ، کە ئەویش من زیاتر وەک ئەندام مەکتەب سیاسى یەکى پارتى دەیبینم،چونکە لە نێو ئەو گرژى وئاڵۆزى خۆپیشاندان و خوێن رشِتنەدا،لەنێو ئەو سوکایەتى و بێ رێزیەى کە بەرامبەر بە خەڵکى زۆنى سەوز و پارتەکانى دیکە کرا، یەک وتە چى یە نەیگوت و بچووکترین ناڕەزایى نیشان نەدا، ئەمەش بۆ کۆسرەت شتێکى نوێ و چاوەڕوان نەکراو نى یە، چونکە گەر بیرمان بێت ،پێش دروست بوونى گۆڕان و، بەرزبوونەوەى دەنگى ناڕەزایى لەدژى تاڵەبانى ،لەنێو سەرکردایەتى یەکێتیدا،کە بەباڵى ریفۆرم ناسرابوون، کۆسرەتیش یەکێک بوو لەوان، بۆ گەیاندنى دەنگى نارەِزایى  و پاوانخوازى تالەبانى و بنەماڵە  چووە بەغدا، تا هۆشدارى بداتە تاڵەبانى، کە ئیدى رەوشەکە بەو جۆرە ناچێتە سەر،هەمووان چاوى ئومێد و هیوایان لەسەر ئەوە بوو کە کۆسرەت  بەهەگبەى پڕەوە بگەڕێتەوە، بەڵام بەداخەوە بەگیرفانى پڕەوەهاتەوە، دەستێکى تەڕى بەهینى ئەواندا هێناو  بۆخۆى کۆمەڵێک ئیمتیاز و دۆلارى وەرگرت. ئێستاش عەرەب واتەنى (ماشبهە الیوم بالبارحە) دڵنیام هەمان سیناریۆ و پەرەچکردارى کۆسرەت دووبارە دەبێتەوە، بەخۆى و تەکەتولەکەیەوە پشتگیرى و پیشتوانى لە مەسعود دەکەن ، لەبەر ئەوەى گەورەترین بەرژەوەندى و  پڕۆژەو وبەرهێنانى کۆسرەت لەهەولێرە،گەر یەکێتى هەر  هەڵوێستێک بنوێنێت لەدژى پارتى و کورسى یەکەى مەسعود،ئەوا کۆسرەت و کوڕ و بنەماڵەکەى زەرەرمەندى یەکەم دەبن. بۆیە  کۆسرەتیش ناخوازێت هەمان هەڵەى رۆژگارى 31 ئاب و پاشترى دووبارە بکاتەوە،  بەدورى نازانم بۆ سەلامەتى پڕۆژەو  بەرژەوەندیەکانى دەستبەردارى یەکێتى ببێت ،یان دابنیشێت یان ئەویش بچێتە ژێر سایەى پارتى  و، ببێتە ئەندامى ئەوان. چونکە تەکەتول هەوادارانى کۆسرەت لەنێو یەکێتدا تادێت بەرەو لاوازى دەچێ، بۆخۆشى پیر و پەککەوتە بووە.  بەهۆى بێ هەڵوێستى و بەرژەوەندى تایبەتى خۆى، سەنگ و پێگەى بەرەو پوکانەوە دەچێت. باشترین چارەش بۆ کۆسرەت سەرکزکردن و دانیشتن و بێدەنگ بوونە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە