گریلاکانی تەڤگەری ئازادی لە کوێن؟

Sunday, 18/10/2015, 1:37

3172 بینراوە


لە باشووری کوردستان. پێش شەڕی داعش مرۆڤ لەو بەشە لە وڵات ئەگەر باسی دامەزراندنی سیستمی گریلاییت کردبایە، هەتا رادەیەک جێگای پرسیار دەبوو جگە لە وەش ڕای گشتی خەڵک ئامادە نەکرابوو! چەند ساڵێکە پاڕتی چارەسەری کورستان دامەزراوە. ئەو حەڕەکەتە پاشان ئاڵوگۆڕی بە سەر هات وبوو بە/ تەڤگەری ئازادی کوردستان/. بەربەستەکانی کە لە پێشوەچوونی ئەو حەڕەکەتە چێ بون ، لە لایان بەعسیەکانەوە نەبوو، بەڵکوم لە لایان دەسەڵاتێکەوە تووشی گرفت وئازار دەهاتن کە خۆیان بە کوردو بە رزگاریدەری کورد پێناسە دەکەن. بە بیانووی ئەوەی کە تەڤگەری ئازادی دۆست وهاوپەیمانی پ،ک،ک، یە سەدان جار بیانوویان پێ دەگیرا تا بارەگاکانیان پێداخەن!تەنانەت بەعسئاسا ئەندامەکانیشیان دەخستنە زیندان ولێدانی پیاوەکانی بارزانی وتاڵەبانی بە لێشاو بوو!
بە دەرکەوتنی داعش ئاڵوگۆڕی مەزن لە سیاسەتی زلهێزەکان وناوچەکەدا هاتە پێش. ئەوەی کە ئێستێ لە بەر چاوانە شەڕێکی شاراوە، نەهێنیی سێهەمی دونیاگرە، سیاسەت وئابوری،داگیرکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سێ تەوەری گرینگن بۆ بەر بەرەکانی ئیمپریالیستەکانی خاوەن مۆنۆپۆل وچەکی مەزن.لەو ناوەدا زەرەدمەندی مەزن کوردی هەژارە.هۆیەکەش روون وئاشکرایە. نەتەوەیەک کە تاڵەبانی و بارزانی کورد کوژ دەسەڵاتداری بێ هەر وای لێ بەسەردێ کە لەسەرعەرزی ئەو خاکە تەنیا فەقیری ونەهامەتی ریشەی خۆی داکوتێ.!
هاتنی داعش بۆ نزیک هەولێر، چۆلکردنی ئەو شارە لە بەر ترسی داعش،رادەستکردنی شەنگال بۆ داعش، نە بونی هێزێکی یەکدەست بۆ بەرگری میللی، مەشآندنی سیاسەتێکی دووفاقی بەرابەر بە شەڕی داعش، بێچارەیی لە ئاست بژیوی رۆژانەی خەڵک ومامۆستایان، نە بوونی پڕۆژەیەکی سەردەمیانە لە ئاست هەناردەوهاوردەی سەر سنورەکان،فرۆشتنی نەفت بە دزی وفزی وسەتان گرفتی دیکە وایکردوە کە هیچ هیوایەک بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکەمان بۆ داهاتوو بە دی ناکرێ.
هەتا دوێنێ بیانوو پاراستنی ئەزمونی باشووری کوردستان بوو. ئەوڕۆکەش بیانوو شەڕی داعشە.شەڕێک کە دەبێ بەویستو خواستی عەشیرە ییوو بنەماڵە یی بەڕێوە بچێ. یانی ئەوشەڕەی کە پێشمەرگە دەیکا هەرچەند پیرۆزیش بێ ( کە هەیە)، شەڕێکی نیشتمانی نەتەوەیی نییە چون لەداهاتوودا دابەش دەبنەوە بەسەر حیزبەکان، تێروانین لە خۆنیشآندانەکانی ئەو دواییەی خەڵک دەریخست دوای شەڕی داعشیش ، گۆزە چی تێدا بێ دەیدەڵێنێ.
هەموومان دەزانین گریلا چۆن شەڕی کرد وچۆنیش بەردەوامە. لەو بارودۆخەدا ئەگەر حەڕەکەتێکی سیاسی وەک تەفگەری ئازادی تووشی / شەرمی سیاسی / ببێ، دەبێ لە داهاتوودا جوابی خەڵک بداتەوە. چون هیچ کوردێک لەسەر خاکی مەزنی کوردستان میوان نییە. موڵکی وڵاتیش هی ئەو رێکخراوەیە کە سەربەخۆیانە شەڕی بۆ دەکا وئیزن لە هیچ داگیرکارێک وەرناگرێ. یەکەمجار نییە کە زلهێزەکان خۆیان لە کورد نزیک دەکەنەوە. بەڵام یەکەمجارە داوای هاوپەیمانی لە کورد دەکەن بۆ شەڕدژی داعش. باری گران و بەرپرسایەتی داهاتووی ئەو قۆناغەش بە بارزانی وتاڵەبانی هەڵناگیرێ. دەسەڵاتێک کە مووچەی مانگانەی هەژارترین توێژی کۆمەڵگای بۆ نەدرێ کوا جێگای متمانەی ڕای گشتی ناوخۆودەرەوەیە؟
تەفگەری ئازادی( پاڕتی چارەسەری پێشوو) دەبێ لەو قۆناغە هەستیارە تێبگا وبۆ خۆی بە یارمەتی دۆستەکانی خاوەنی هیزی پاراستن بێ لە باشووری وڵات بەناوی( ه،پ،ب،ک)،، هێزی پاراستنی باشووری کوردستان،،.حال خاڵی نییە. ئەو بارودۆخە جارێ وازوو یەخەمان بەرنادا. جگە لەوانەش بارزانی ووەزارەتی پێشمەرگەی ژێر دەستی ئەو جووتە ڕەنگە قەت ئەو هێزە بە ڕەسمی نەناسن. ئەو خاڵە هیچ گرینگ نییە کە ئەوان چۆن بیر دەکەنەوە. ئەوەی گرینگە تەفگەری ئازادی بە پێی بڕیاری خاڵەکەنی نەتەوەیەکگرتوەکان کاردەکا. ئەو خاڵەش رێگای بەو نەتەوانەداوە کە خۆیان لە قڕکردن وئاسمیلە بوون بپارێزن. هیچ دوور نییە پۆل پۆل پێشمەرگەش بچنە ژێر باڵی ئەو هێزە کە گریلاکانی تەفگەری ئازادی دایدەمەزرێنن. ئەوهێزەی کە لە رۆژئاواهەیە. ی.پ.گ، بەشێکە لەو رێکارە ئەگەر لە باشوور جگە لە هێزی پێشمەرەگە دابمەزرێ. بۆ پاراستنی خاکی کوردستان ونەتەوەی کورد نابێ ئیزن لە هیچ زلهێزێک وەربگیرێ، جا چدەگا بە سالاردزەکانی دەسەڵاتداری بارزانی وتاڵەبانی.رێکخستنی سیستمی گریلایی، باڵی سەربازیی تەفگەری ئازادی خەڵکی هەر بەشێکی وڵات بن کارێکی پیرۆز وڕەوایە.بۆ رزگار بوون لەو قۆناغە گرینگەی کە کوردی تێدایە،سنورەکانی شەرمی سیاسی، سنورەکانی جوغڕافیایی،نەتەوەیی، رەگەزی، دینی هاوخەباتی دەبێ وەلانرێن. کاری تەفگەری ئازادی بەڕیوەبردنی سیاسەتێکی سەردەمیانەیە لە ئاست  کێشەکانی باشووری وڵات. لە هەمان حاڵدا ئەو تەفگەرە بەرانبەر بە دڕندەیەکی وەکو داعش دەبێ هێزی پڕاکتیکی خۆی کە / گریلایە/ بۆ پاراستنی نیشتمانی کورد وەگەڕ بخا. کاتی ئەوە هاتووە ئیزن نەدەین بە بێ پرسکردن بە کورد هیچ دەوڵەتێکی بیانی و هیچ حیزبێکی خۆ سەپێن مامڵەی سیاسیمان لە سەر بەڕێوە بەرن. سیاسەتی نەرم وشەرمنانەی تەفگەری ئازادی لە حاند بارزانی وتاڵەبانی ناگاتە هیچ ئامانجێک. هەبوونی گریلاکانی تەفگەری ئازادی نیشانەی هیچ دژایەتیەک نییە لە گەڵ دەسەڵاتی هەیی. بەڵام ئەرکێکی نیشتمانی ونەتەوەییە بەرانبەر بە خاکی پیرۆزی کوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە