ئیمپریالیزمی کۆشکی سپی وکرملین هیچ جیاوازیەکیان نییە

Friday, 23/10/2015, 12:33

3050 بینراوە


لە ئاست کێشەی نەتەوەکەمان. دەستەواژەی ئیمپریالیزم بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٩٠ لە وڵاتی ئینگلستان هاتە سەرزاران. ئیمپڕاتوڕەکانی ئەو زلهێزانە بە بەزاندنی سنورەکانی میللی ونەتەوەیی خۆیان بۆ دەست بەسەرداگرتن بە سەر سەروەت سامانی نیشتمانی نەتەوەکانی دیکە لە هیچ رێکارێکی بێ ئەخلاقانە ودوور لە مرۆوایەتی کۆتایی ناکەن. ئەوان بە پێویستی دەزانن لە ژێر پەردەی سیاسەت ودێمۆکڕاسی ومافی مرۆڤ هێرش بکەنە هەر جوغڕافیایەک کە هەستی پێ بکەن ئاسایشی نەتەوەیی وئابوری وسیاسیان دەکەوێتە ژێر مەترسی. دیکتاتۆڕی مەزن وچووک دروست دەکەن تا دەگەنە ئامانج. بۆ سەرکوتی نەتەوەکانی ژێردەست لەو دیکتاتۆڕانە کەڵک وەردەگرن کە دەستکردی خۆیانن.نموونەی هەرە بەرچاو،، بەهاری عەڕەبی،، ئاغای ئۆبامایە! ئەوە دەبینین چۆن خەڵکانی هەژار لەسەر خاکی خۆیان دەردەکرێن تا پەنا بەرنە وڵاتانی ئورووپی وئامریکا. کارەساتێکیان بەسەردێنن کە هەتا ماون ببنە کۆیلەو ژێردەستەی خۆیان.
دەڵێن مێژوو بۆ کورد دووپات دەبێتەوە؟ ئەورێکارە تەنیا لایەنێکی بۆدۆزی نەتەوەکەمان هەبووە. ئەویش لایەنی / نەرێنی/ بۆ سەرجەم شۆڕشەکانی کورد. بەوواتایە هەموو جارێک بە شیوەیەک لە خشتە یان بردووین. ساڵی ١٩١٤ سەردەمی ئیمپڕاتووڕی عوسمانیەکان وبەڵێنی ئامریکا و زلهێزەکانی دیکە لە ئاست کێشەی کورد، ئەو کات زۆر بەڕاشکاوی بووینە سووتمانی سیاسەتی نێونەتەوەیی وکێشەی کورد بوو بە قوربانیی زلهێزەکان وخامۆشکرا!بەشی هەرە مەزنی خاکی کورد کەوتبوە ژێر چەکمەی ئیمپڕاتۆڕی سوننە ئایینی عوسمانی. ساڵی تێوەرنەسووڕا قەتڵوبڕی ئەرمەنیەکان پێکهات ودونیای بێ ڕەحمی نێونەتەویش هەتا ئەو رۆکەش بێدەنگی هەڵبژاردوە! ( ئەو کوشتارە بە کوشتاری ئەرمەنیەکان ناو نراوە).
ساڵی ١٩٤٦ کۆماری کورد لە مهابادیان بۆ ساز کردین. سۆڤیەتی پێشووی کومونیست کە خۆی بە دۆستی کوردوشەهید قازی موحەممەد دەزانی بۆ ئەوەی کە لە ئینگلیسیەکان دوا نەکەوێ مافی کوردی بە نەفتی باکوری ئێران گۆڕیەوە وکۆماری تەمەن کورتی کورد کۆتایی پێهات! لەو پەیوەندیەدا ئاماژە بە دوووتووێژی کورتی مێژوویی دەکەم لە گەڵ یەکێک لە نوێنەرانی سۆڤیەت لە نەتەوەیەکگرتوەکان بەناوی،، ئاندرە گرۆمیکۆ،، کاتیک لێیان پرسی: ئێوە لەئێران دەچنەدەرێ، ئەدی چارەنوسی کورد چی بەسەردێ؟ ( مەبەست کۆماری مهاباد بوو). ئەو بێئەخلاقە ئەو کات جوابێکی سرنجڕاکێشی داوە وگووتی:ئەوە پرسێکی ناو خۆیی ئێرانە! ئێمە ئەو مافە بە خۆمان نادەین دەست لە کاروباری ناوخۆیی ئێران وەردەین!
لە پەیوەندی لە گەڵ ئەو پرسەدا، ئاغای،، جۆرج وی ئالن،،گەورەبەرپرسی ئەو کات وسەفیری ئامریکا کە لێی دەپرسن:چۆنیەتی هەڵسووکەوتی دەوڵەتی ئێڕان لە گەڵ بەرپرسانی کۆماری مهاباد چۆن هەڵدەسەنگێنی؟دەڵێ: تێکدانی کۆمارو ئێعدام وگرتنی بەرپرسانی ئەو کۆمارە بۆ گەڕآنەوەی ئاسایشی ناوچەکە پێویست بوو!
ساڵی ١٩٧٥ وسەرهەڵدانی سەرۆک عەشیرەی بارزانی بە دەستی مستەفابارزانی وشکستی چاوەڕوان نەکراوی ئەو سیاسەتەی کە بە شێوەی عەشیرەیی ولە ماوەیەکی کورتدا پێکهات. هەرچەند مەلا مستەفا بۆ هاوکاری دەرەجە یەکی سازمانی/ سیای/ ئامریکاو سازمانی/ ساواکی/ ئێران بەڵام ئەو کاتیش ئامریکاوروسەکان بە ئاشکرا پشتیان لە کورد کردوکورد بوو بە سووتمانی لاوازی سیاسەتی خۆی وسیاسەتی دەرەوەیی خۆی! رۆڵی سەرەکیش هی مستەفا بارزانی بووکە سیاسەتمەدارێکی کەم ئەزموون دوور لە ئەقڵی سیاسەت بوو. ئەو کابرایە پێی وابوو هەر رێکخراوەیەک چەکداری زۆر هەبێ سەردەکەوێ. مەسعودی کوڕیشی خەریکە بە دەردی بابی دووچار دەبێ.وادەزانێ چەکی بە قەرز وچەکداری زۆر پێوانەیەکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی! مووچەی مانگانەی مامۆستای هەژاری پێنادرێ باسی دەوڵەتی کوردی دەکا!!
ساڵی ١٩٧٨ کاتێک ئۆپێک وسازمانی / سیا / بۆ چێ کردنی پشتێندی دژە کومونیزم لە ئەفغانستان وئێران لە ماوەیەکی زۆر زوودا کۆماری ئیسلامیان دامەزراندو تالیبانیان قووت کردوە. زۆر بە سانایی هەمیسان کورد کەوتە بەررێکاری بێ سیاسەتی خۆی وبەرژەوەندی دونیای دەرەوە.هەتا ئەورۆش لە رۆژهەڵاتی کوردستان گورگ ومەڕ پێکەوە ئاو دەخۆنەوە وحیزبەکانیشمان لە کۆیەو زڕەگوێز لە کۆشی دەسەڵاتی گەندەڵی هەیی لە باشوور گوێزان دەژمێرن!دەتوانین بڵێن هەتا ئەو سەردەمەش سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا کوردی چاک وخراپە!عەشیرەی بارزانی وتاڵەبانی کوردی باشن!ئەوانی دیکەش ترۆریستن!لە سەدەی پێشکەوتوودا قڕێژترین سیاسەت ئەو رێکارەیە کە ئامریکاوهاوپەیمانەکانی بە ڕێوەی دەبەن. بەڵگەی مێژووییش هێشتنەوەی رێزدارئۆجەلانە لە زیندانی ئیمڕاڵی.
ئەوە کورتەیەک بوو لە سیاسەتی ئامریکاو رووسەکان لە چەند دەیەی رابوردوودا. بەوواتایە نە ئامریکاو نە روسەکان دۆستی ئێمە نین ونابن. زۆر جار پرسیار کراوە بۆ سەرۆکی کاخی کرملین/ پووتین / ئاوا درنگ راستەوەڕاست بەشداری لە شەڕی داعشدا کرد؟ ئایا بۆ پاراستنی بەشآر ئەسەدە؟ بۆ پاراستنی کوردە؟ بۆ دژایەتی لە گەڵ ئامریکایە؟ بۆ دژایەتی لەگەڵ ناتۆیە؟ ودەیان پرسیاری دیکە.کێبڕکێی ئامریکاوروسەکان لە پەیوەندی لە گەڵ یارمەتیکردنی کورد لەرۆژئاوا رێک ئەو کاتمان وەبیر دێنێتەوە کە هەمیسان کێشەی کورد خەریکە بکەوێتە ژێر کاریگەری بەرژەوەندی وئاسایشی ناوچەیی وناونەتەوەیی.
ئەوپرسەی کە دەبێ لەو سەردەمەدا جێگای نیگەرانیەکی مێژوویی بێ ئەوەیە. ئایا، پ،ی،د، وسەرجەم هێزی پاراستنی کورد لە رۆژئاوای وڵات وڵامدەرەوەی ئەو بارودۆخە گرانە هەن؟ ئەرکی مێژوویی ئەو سیاسەتە دەتوانن بەڕێوە بەرن؟ ئایا ساڵەکانی ١٩١٤ و١٩٤٦ و١٩٧٥و١٩٧٨ هەمیسان بۆ کورددووپات نابنەوە؟ ئایا دووبارە ئامریکا پشت لە کورد ناکاتەوە؟ سیاسەت ولۆبیگەری کورد لە ئاست سیاسەتی دەرەوەی وڵات بەکام ئاقاردا تێدەپەڕێ؟ ئامریکا زۆر بێ ئەخلاقیانە،پ،ک،ک، خستۆتە لیستی ترۆر( فشە لیست)، لە هەمان حاڵدا دەفەرموون: پ،ی،د، لەلای ئێمە لە لیستی ترۆردا نییە. بۆیە چەکیان بۆ دەنێرین.! باوەڕکردن بەوسیاسەتەی کە لەو سەردەمەدا روسەکان وئامریکایەکان لە رۆژئاوای وڵات پەیرەوی دەکەن زۆر ساویلکانەیە. چارە چییە؟ ئایا کورد دەبێ لەهەموو زلهێزێک خۆی بە دوور ڕاگرێ؟ جەغزێکی سیاسی بە دەوری خۆیدا ڕابکێشێ؟ پەیوەندی سیاسی وئابووری خۆی بە هیچ دەوڵەتێک گرێ نەدا؟ بێ گومان/ نا /. دونیای سەردەم دونیای هێزو هونەری دیپڵۆماسی و پشت بەستن بە گەلە. بەرپرسانی کورد لە رۆژئاوای وڵات ئەگەر لەسەر رێبازی ئەو قارەمانانەی کە لە کۆبانی شەڕیان کرد لە گەڵ دونیای دەرەوە هەڵسوکەوت بکەن سەردەکەون. پێویستە دەرس لەودەسەڵاتە گەندەڵە وەربگێرێ کە سیاسەت لە باشووری وڵات وەک کەلاکێکی بۆگەنیان لێهاتووە، بوونەتە دۆستی دوژمن.لە هەمان حاڵدا دوژمنی نەتەوەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان. بارودۆخی هەیی لە رۆئاوای وڵات بە تایبەتی، کوردستان بە گشتی من وەبیر ساڵی ١٩٤٦ دێنێتەوە کە چۆن زلهێزەکان کوردیان فیدای سیاسەتی چەپەڵ وبەرژەوەندی ئابوری خۆیان کرد. بە بێ هیچ گومانێک لەوسەردەمەدا نە عەشیرەی بارزانی ونە ئەیاغەکانی تاڵەبانی توانای بەڕێوەبردنی ئەوبارودۆخەیان نییە.دەسەڵاتی بەشآرئەسەد بڕووخێ یان بمێنێتەوە پێویستە نەتەوەکەمان لە رۆژئاوای وڵات سیاسەتێکی سەربەخۆ بمەشێنن. چەک وەرگرتن لە روسیەوئامریکاهاسان نییە،ئەوانیش هاسان چەکمان نادەنێ،گرینگ بە فیڕۆنەدانی ئەو هەمووە رەنجەیە کە لە پێناوی رزگاریدا کێشراون.
جەعفەرکەریمی
سندوقی کوردستانپۆست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە