پارتی ڕێوی دەرەوە و شێری ناوخۆ!

Sunday, 25/10/2015, 12:36

3018 بینراوە


پارتی بە ناو دێموکڕاتی کوردستان کە ٩٩ لەسەدی ئەندامەکانی نازانن دێموکڕات مانای چی یە وە دوای کەوتوون کوێرانە. یاخود دەزانن مانای چی یە بەڵام چاوپۆشی دەکەن لە هەموو ئەو پێشێڵکاریانەی کە بارزانی یە ئاغاکانیان فەرمانیان پێدەکەن بۆ ئەنجامدانی. پارتی جگە لە دەسەڵاتدارێتی بارزانی یەکان بە سەریدا ئەوانەی دەرەوەی بنەماڵەی بارزانی وەک گوێ لە مست و چاوەش و چاودەبەری بە پارە کڕدراو و پۆست شتێکی تر نین. ئەوانەی دەرەوەی بارزانی ئەگەر قسەیەک بە دڵی بارزانی یەکان نەکەن ئەوا زۆر ئاسان و سادە بە دەستی بارزانی یەکان یان ئەلقە لە گوێگان فڕێدەدرێنە ناو زبڵخانەی مێژووەوە یانیش بە جۆرێک دەمرێنرێن کە نیشانەی پرسیاریان لە سەر بێ، وەکو جەوهەر نامیق و فەرەیدون جوانڕۆیی، کە هەردوکیان ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بوون.
پارتی لەوەتەی هەیە بێ دوژمنی ناوخۆیی هەڵناکا، هەمیشە خۆی دەکاتە شێری ناوخۆو ڕێوی دەرەوە، چونکە لەوەتەی هەیە زۆرتر شەڕی لە ناوخۆ لە دژی هێزە کوردی یەکانی تر ئەنجام داوە. ئەگەر نەشبێ ئەوا بێ سێ و دوو ئاوی لێ ناخواتەوەو ملی یەکێکی بەدبەخت دەگرێ و هەرخۆشی دەست دەکا بە شەڕ لەگەڵی و شەڕی پێ دەفرۆشێ. پارتی باوەڕی بە خۆفرۆشتن بە یەکێ یان زیاتر لە داگیرکەرەکانی کوردستان هەیە و بە هێز و زۆری ئەوان دەیهەوێ زۆرینەی میللەت و حیزبەکانی تر دەستەمۆ بکات. چونکە هیچ کاتێ وەک بەشی دەنگەکانی خۆی ڕەفتاری نەکردووە. باوەڕی بە بەش و دەسەڵاتی کەسانی تر نی یە لەناوخۆی کوردستان و کوردەواریدا.
لەشەستەکانی سەدەی ڕابردوو ئامادە نەبوو بە هیچ جۆرێک گوێ بۆ زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەو کاتەی پارتی بگرێ کە بە سەرکردایەتی ئیبڕاهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی بوون. بەمەش شەڕێکی ناڕەوای پێ فرۆشتن کە تاوەکوو ئێستاش هیچ دڵنیایەک نی یە کە ڕۆژێ لە ڕۆژان هەڵنەگیرسێتەوە بۆ چەندەمین بار. لەو شەڕانەی کە کران لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی دەتوانین ناوی کارەساتی هەکاری (١٩٧٩) و شەڕی براکوژی ساڵانی ١٩٦٣ و ١٩٦٦و ١٩٦٩ و ١٩٧٠و ١٩٨٢، وە ١٩٩٤-١٩٩٧ بێنین. ئەمە جگە لەوەی کە چەندین تاوانی گەورەیان دەرهەق بە کوردەکانی پارچەکانی تریش ئەنجام داوە، وەک تەسلیم کردنەوەی سڵێمانی موعێنی ڕێبەری حیزبی دێموکڕات و خەلیلی خۆشەوی و مەلا ئاوارەو چەندەها ئەندامی تری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و شەمدین ساکیکی لە پارتی کرێکارانی کوردستان و دکتۆر شوانی کوردستانی باکوورو... هتد.
لە کوردستانی ئێران دوای ئەوەی ئاخوندە دژ بە کوردەکان لە ساڵی ١٩٧٩ دەسەڵاتی ئێرانیان بە دەستەوە گرت و حوکمی شاهەنشاهی یان کۆتایی پێهێنا، بنەماڵەی بارزانی و حزبەکەیان کەوتنە خۆ نیزیککردنەوە لەگەڵ جمهوری کۆنەپەرەستی ئیسلامی ئێران دژی کوردەکانی ئێران بە تایبەتی حزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئەو کاتە. کە ئەو کاتە هەندێ لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات ئازادکرابوون و لەژێر دەستی حزبی دێموکڕات و کۆمەڵە دابوون. پارتی دوای خۆفرۆشتن و خۆ خاڵیکردنەوە لە هەموو بەهایەکی سیاسی و ئەخلاقی کوردەواری بۆ جمهوری ئیسلامی کەوتە ساز کردنی سیناریۆیەکی چەواشەکارانە و درۆو بوختان بە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران کە ئەویش ئەوەبوو ووتیان کە سەید ڕەسوڵی بابی گەورە کە لێپرسراوێکی ئەو کاتەی حیزبی دێموکڕات بوو تەرمی مەلا مستەفای بارزانی یان لە گۆڕ دەرهێناوەتەوەو سووکایەتی یان پێکردووە و ئەمەش جێگای قبوڵ نی یە. هەر لەبەر ئەوە کە بنەماڵەی بارزانی ئەوەیان کردە بەهانە بۆ شەڕکردن لە گەڵ حیزبی دێموکڕات و دواتریش کۆمەڵەش. پێش پاسداران کەوتن تاوەکو بست بە بستی خاکی کوردستانی ئێرانیان لە ژێر دەستی کوردەکان دەرهێنایەوەو تەحویلی جمهوری ئیسلامیان دا.
ساڵی ١٩٩١ تاوەکو ١٩٩٤ ساڵی خۆ مەڵاس دان بوو بۆ پارتی و گەڕان لە بەهانەیەک بۆ دزینی داهاتی گومرگی ئیبڕاهیم خەلیل کە داهاتەکەی بۆ ئەو کات خەیاڵی بوو. شەڕ و تێکهەڵچونەکانی پارتی و یەکێتی لە شاری قەڵادزێ کە هەر بە دەستپێشخەری پارتی هەڵگیرسا. (بێگومان لێرەدا مەبەستم بەرگری نی یە لە یەکێتی، بەڵکو ڕاستی مێژوو وەک خۆی باس دەکەم) ئیتر شەڕی براکوژی و دوو ئیدارەیی و لەتکردنی کوردستان بۆ دوو بەشی زۆنی زەرد و سەوز بۆ چەندین ساڵ درێژەی کێشاو، کە هەرچەندە بە ناو لە دوای ٢٠٠٣ وە کۆتایی هاتووە بە دوو ئیدارەیی، بەڵام لە دیدگای من بۆ یەک چرکەش کۆتایی نەهاتووە و هەر بەردەوامە.
لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات چەند ساڵ لەوە پێش، کە لە لایەن گەل و خۆرسکانە بەرپابوو، ئۆباڵەکەی خستە ئەستۆی گۆڕان و شەڕی بە دژی گۆڕانیش لە لێواری شەڕی براکوژی دا بوو، هەرچەندە گۆران ئەوسا و ئێستاشی لەگەڵدا بێ هێزی نی یە، کەچی پارتی هێزێکی زۆری ناردە سلێمانی بۆ شەڕکردن دژی میللەت و گۆڕان.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە دژی خۆپیشاندەران پارتی هێز و چەکی بەکارهێنا و سێ کەس لە خۆپیشاندەران شەهید کران لە شاری قەڵادزێ، لە ئەنجامی ئەو کاردانەوەیەشدا هەر سێ بارەگای پارتی لە قەڵادزێ دوو و لە ژاراوە یەک ئاگریان تێبەردرا و دواتریش پڕیشکی ئەم ئاگرە تەشەنەی کرد بۆ شارەکانی تر لە کەلار و هەڵەبجەو سەید سادق و سلێمانی و چەندەها شوێنی تر وە ژمارەی قوربانیش زیادی کرد. پارتی دەیزانی کە ناتوانێ ڕاستەوخۆ میللەت بکاتە دوژمن. لەبەرئەوە ئەمجارە باشترین کەس و لایەن کە بیکاتە دوژمنی ناوخۆیی، گۆڕان بوو. لەبەر ئەوەی گۆڕان هێزی چەکداری نی یە، ئاسان دەتوانێ بە سەریدا زاڵ بێ، گۆڕان ڕشدانە دەیویست گۆڕانکاری لە سیستەمی سەرۆکایەتی هەرێم بکاو، بە هیچ جۆرێکیش لەگەڵ نوێ کردنەوەی پۆستەکەی مەسعود بارزانی نەبوو، گۆڕان توانیبووی هێزێکی چوارقۆڵی پێک بهێنێ (یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ) وەک ئۆپۆزیسیۆن لەلایەک بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و ئاڵوگۆڕ کردنی سیستەمی سەرۆکایەتی و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات لە کوردستان. وە پارتیش بە تەنها مابۆوە. ئێستا لە ئەنجامی بەکارهێنانی هێزو سازکردنی دوژمنێکی تازەی ناوخۆوە، گۆڕانی لە حکومەت دەرکرد و ڕێگریش لە سەرۆکی پاڕلەمان دەکا کە بگەڕێتەوە هەولێر بۆ ئەنجامدانی کارو ڕێکارە یاسایی یەکانی خۆیی. وە پارتی بۆ مانەوەی خۆی و لە دەست نەچوونی کورسی سەرۆکایەتی بە هەمان دەسەڵاتی ئێستایەوە، وە لە دەست نەچوونی شاری هەولێر وەک پایتەخت. پارتی لە هەر شکستێکدا دوژمنێکی ناوخۆیی کوردەواری بۆ خۆی ساز دەکا و لەگەڵی دەکاتە شەڕ. لەبەرامبەردا هەمیشە گوێ لە مست و نۆکەر سفەت و چاودەبەر و لە سەر ئەژنۆ نووشتاوەیە لە بەرامبەر دەرەوەدا. هەر لەبەر ئەوەیە کە پارتی شێری ناوخۆ و ڕێوی دەرەوەیە چونکە تاوەکو ئێستا هیچ شەڕێکی دژی دوژمنانی کورد و داگیرکەرەکانی کوردستان نەک هەر نەکردووە بەڵکو هەمیشە بە فیتی ئەوان دژی لایەنەکانی تر کوردی شەڕی کردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە