چی دی پێویست بە ڕیکلام ناکا ، فلیمی ئەمجارەی هۆلیود لە هيچکوێ پارە ناکا

Tuesday, 27/10/2015, 22:52

2931 بینراوە


لە چەند ڕۆژی ڕابردودا بینەری فليمێکی ئەکشنی هۆلیودئاسای ئەمریکیەکان بوین
ناوی فلیم / ڤێرژنی ٢٠١٥ ی پریزن برێک ( واتە شکاندنی زیندان)
ئەکتەری لاوەکی / دژە تیرۆر 
شوێن / حەویجە
چەند ڕۆژێکە ڕووداو پەیتا پەیتا بڕگە و گرتە و ترەیلەری فلیمە نوێکەی هۆلیودمان بۆ بڵاودەکاتەوە کە تیایدا هاوشێوەی فلیمە بەناوبانگەکەی ( پریزن برێک ) چەند گومانلێکراوێک ڕزگار دەکەن، دیارە کە دەڵێین گومان لێکراو واتە لە لایەن ئەوانەی کە زیندان و دەست بەسەریان کردون هەرچەندە فلیمەکە بۆ ئەوە بەرهەم هێنراوە کە زیندانیەکان وەک فریشتە و جیڤارای سەردەم نیشان بدەن نەک گومانلێکراو.
لەم فلیمەدا ئەمریکا دەیەوێ بە هانای پارتی و حکومەتە شەق و شڕەکەیەوە بێت چونکە ئەمریکیەکان ئاگادارن کە ئەگەر بێت و ڕوسیا ژێر بە ژێر هەندێ لە سەرۆکە کوردەکان بکڕێ ئەوا ڕەنگە پارتیش واز لە خۆهەڵواسین بە بەرەی ئەمریکاوە بهێنێت و ئیتر بای باتەوە سەر بەڕە کۆن ( مەبەستم لەو سەردەمەیە کە مەلا مستەفای بارزان لە سۆڤێت لە خزمەت پارتی کۆمۆنیستدا شەو ڕۆژی دەکردەوە و دەڵێن گوایە کۆرسی جەنەڕاڵی دەخوێند).
هاوشێوەی سوتاندنی فڕۆکەوانە ئەردەنیەکە لەناو قەفەسدا هەر لە سات و چرکەی یەکەمی ڕیکلامی ڕووداو و چەند کەناڵێکی تردا بۆ ئەم فلیمە نوێیە خێرا دەرکەوت کە ئەو فلیمە شایانی یەک چرکە تەماشا نییە و وەک پەندە کوردیەکەی خۆمان وتیان :
ئەو فلیمە زۆر کۆنە!
جا بۆ ئەوەی ڕوداو و ئەوانەش کە لە فەلەکی ڕوداودا دەسوڕێنەوە باشتر لەم چەند دێڕەی سەرەوە بگەن و ئیتر چیتر ڕیکلام بۆ فلیمی هۆلیود و نەخاسمە کۆنیش نەکەن! فەرمون با دوور لە تەنز و بە کورتی و بە پوختی ئەوەی لە پشت پەردەیە بخرێتە پێشی پەردەکە (دیارە ئەمە بۆچونێکە ئەگەر هەڵسەنگاندنەکەش ڕاست نەبێ دەکرێ خوێنەران بۆ خۆیان لێکدانەوەی ڕاستر بۆ ئەم جۆرە سیناریۆیانە بکەن):
- ئەمریکا لە دوای ئەوهەمو شکستەی کە بەسەر سوپا داگیرکارەکەیدا هات لە عێراق، دەیەوێت لە سونە و بەعسیەکان بدات و لەم کارەشدا کەسی تری لە کورد باشتر دەست ناکەوێ کە وەک دەست کێش و مەقاش بەکاریان بهێنێ و هەر ڕۆژەی فلیمێکیان پێ دەردەکا ( خودی بەشداری پێکردنی پارتیش لە دروستکردنی داعش و پاشان پەلاماردانی شنگال بەشێکە لەو فلیمانە)
- ڕوداوەکانی چەند ساڵی ڕابردو ئەوەیان سەلماند کە داعش دروستکراوێکی ئەمریکی بو بۆ لە قاڵب دانی سونە و بەعسیەکانی عێراق و سوریا و لەوکاتەوە هەر جارەی بە شێوازێ هاوشێوەی پاڵەوانەکانی هۆلیود فلیم لە دوای فلیم دەردەکەن و هەموجارێکیش هەر خودی کەناڵە جیهانیەکانی وەک بی بی سی و ڕوسیا تودەی بە نمونە پەردە لەسەر فێڵ و تەڵەکەکانیان هەڵدەدەنەوە.
- لە دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی ئەکشنەکەی حەویجە یەکێتی و ڕاگەیاندنەکانی بە جۆرێ ڕوماڵی ڕووداوەکە دەکەن کە جیاوازە لە ڕوماڵی ڕاگەیاندنەکانی پارتی ، هەر ئەمە بۆ خۆی سوک و چروکی ئەو دەرهێنەرە دەردەخات کە ئەم فلیمەی دەرهێنا چونکە لە سەرەتاوە نەیتوانی باش ڕاهێنان بە ئەکتەرەکانی بکا و وا دیارە لە دابەش کردنی ڕۆڵەکاندا سەرکەوتو نەبو.
- ئەگەر ئەمریکا دوور لە فلیمی ئەکشن و لەسەر ئەرزی واقیع بە ڕاستی دەیەوێ زیندانیەکانی کورد ڕزگاربکات؟ ( جا مەگەر بەس خوا بزانێ چەند زیندانی کورد هەیە لە لای سونە و بەعسیەکان – مەبەستم داعشە -  بە تایبەتیش ژمارەی ئەو شنگالیانەی کە وەک دەڵێن هێشتا دەست بەسەرن) پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ئەمریکا بە ڕاستیەتی با واز لە پەکەکە و یەپەگە و هێزەکانی پاراستنی شنگال بهینێ بزانین چۆن لە کورترین ماوەدا هەمو شنگال ڕزگار دەکەن (هاوشێوەی کۆبانێ) و چیتر پێویست بەم فلیمە ئەکشنانە ناکات.
- پەیامەکەی ئەمریکا ڕوونە لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەم فلیمانەوە دەیەوێ بڵێ:
هەتا سونە و بەعسیەکان تەسلیم بە ئیرادەی ئەمریکیەکان نەبن من هانی کورد دەدەم و وەک دەست کێشێ بەکاریان دەهێنم. هەتا کوردیش ساویلکانە ڕوداو ئاسا بەم فلیمە هۆلیودانە بڕوا بکەن من هەر پەرە بە داعش دەدەم و لە پەناوە و لە ژێر چاودێری تورکیا و ئەوروپادا ڕۆژانە ڕيش پان و چاو سەوز و چاوشينی نێر و مێ دەخزێنمە نێو ڕیزەکانیانەوە، واتە بە کوردیەکەی لە ناڵيش دەدەم و لە بزماریش.
- ئەو کەسانەی کە شت زوو لە یاد ناکەن باش ڕووداوەکەی فڕۆکەوانە ئەردەنیەکەیان لەبیرە هەر دوا بە دوای ئەو ڕووداوە لە چەندین ڕاگەیاندن و میدیاوە زۆر بە ڕوونی باس لەو تەکنیک و کارە هونەریانە کرا کە چۆن ئەو فلیمەیان پێ دەرکردوە بۆیە ئیتر لەمەودوا هەر کەسێ نەزان نەبێ نابێتە بینەری ئەم جۆرە فلیمانە. 
- ڕووداوی سوتاندنی ئەو فڕۆکەوانە لەوانەیە لە ڕاستیدا بە شێوازێکی تر ئەنجام درابێ و وەک دەرئەنجام ئەو کەسە کوژراوە بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەو فلیمە هۆلیود ئاسایە تەنها بۆ خوێ کردن بو بەسەر زامەکەدا و لەگەڵیدا ویستیان قەبارەی زیاد لە پێویست بکەن بە بەری دڕندەیی داعشدا چونکە ئەوکات گەرمەی فوکردن بو بەم مڵۆزمەدا.
- پەیامێکی تری ئەمریکا لە بڵاوکردنەوەی ئەم ئەکشنە وشیارکردنەوەی ڕوسیا و بەعسیەکانە کە نەکەن بیر لە دەرکردنی ئەمریکا بکەنەوە لە هاوکێشەکە ، چونکە ئێمە ئەگەر بە ڕاستیش هیچمان پێ نەکرێ دەزانین خەڵکی ساویلکە لەو ناوچەیەدا بە کام فلیم هەڵدەخەڵەتێ.
- بینەری هۆشیار دیقەت بدات لەم چەند ڕۆژەدا لە کاتێکدا ڕوداو وەک هەنگوینیان لە داری کلۆردا دۆزیبێتەوە هەر ڕۆژەی بە ڤێرژنێکی تازەوە ئەم فلیمە دەگێڕنەوە کەچی زۆرێک لە کەناڵە جیهانیەکان هەر بە تەنها دێڕێکیش باسیان لەم فلیمە نەکرد چونکە دەزانن بلیتەکەی سوتاوە و پارە ناکات.
- لە هەموشی گرنگتر ئەو لێدوانە دژ بەیەکانەیە کە ئەمریکیەکان و هاوپەیمانەکانیان دەیدەن سەبارەت بە شەڕی داعش! لە لایەکەوە دەڵێن ئەم شەڕە درێژخایەنە و بەم زوانە تەواو نابێ لە لایەکیشەوە زۆر بە ئاسانی وەک فلیمی هۆلیود کام شوێنەی سونە و بەعسیەکان (واتە داعش ) حەساسە لە کرتەیەکی چەند خولەکیدا فلیمی لێ دەردەکەن و کەسیش نە بای دیوە نە باران! کەسی وشیار دەبێ بپرسێ ئەگەر چونە ناو شوێنە هەستیارەکانی داعشەوە هێندە ئاسانە ئەی بۆ دەبێ شەڕەکە درێژ خایەن بێ؟ 
- هەمومان لە یادمانە لە کاتی حەڤدەی شوباتدا دژە تیرۆری یەکێتی بۆ گۆڵ کردن لە خەڵکی سلێمانی بە سەرپەرشتی لاهور هەر ڕۆژەی سیناریۆیەکیان لە سلێمانی و کەرکوک و دەوروبەری دەردەهێنا دیارە ئەوکات یەکێتی گیری بە دەست گۆڕان و جەماوەری ناڕازیەوە خواردبو بۆیە خەریکی دەرهێنانی ئەو فلیمە کرچ و کاڵانە بو! دیارە سیناریۆکانی ئێستاش بەختیان لەوسا باشتر نابێ.
- لە گەرمەی فوکردن بە داعشدا کردەوەی دڕندانەی داعش کە هەندێکیان لەوانەیە ڕاست بن هەندێکيشیان تەنها بۆ بازاڕکردن بۆ سیناریۆ ئەمریکیەکە لە ڕێگەی فۆتۆشۆپ و تەکنیک و دەستکاری کردنی کۆمپیوتەرەوە ترش و خوێی پێوە دەکرا و بە هەمو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بڵاودەکرایەوە! کەچی بۆ بەدبەختی کورد زۆربەی میدیاکانی کورد زۆر ساویلکانە و زۆر بە ئەمانەتەوە دەقاودەق هەمو ئەو کارە پيس و ناشرین نامرۆڤانە دوور لە ئەخلاقانەیان پەخش دەکرد و بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەو ڕاستیەی کە ئەمانە بە بێ بەرامبەر ڕیکلامێکی باش بۆ کۆمەڵێ لە دز و جەردە و چەتە دەکەن و لە شان و شەوکەتی دەوڵەتە کارتۆنیەکەیان قەبە دەکەن و بە هۆی ئەم کارەیانەوە خەڵکی کوردستان هەموی بەچکە ترسێن کراو وەک لە ئەنجامدا بینیمان شنگال لە ماوەی چەند سەعاتێکدا داگیرکرا، جێگەی خۆیەتی لەمەیاندا دەست خۆشی لە کوردستان پۆست بکەین کە هەرگیز نەکەوتە ئەو داوەوە و هیچ کردەوەیەکی داعشی پەخش نەکرد ئەگەر ڕاستیش بوبێ.
دوا پرسیاریش ئه‌وه‌یه‌ ,له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا دیار نیه‌ که‌ ئاخۆ ئه‌وانه‌ی ڕزگارکراون کوردن یان عه‌ره‌بن که‌واته‌ دیار نیه‌ کورد ئه‌م شه‌ڕه‌ بۆ کێ ده‌کا؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە