رۆڵی رۆشنبیرە بێلایەنەکان لە چارەسەرکردنی قەیرانی کوردستان

Saturday, 07/11/2015, 20:35

1313 بینراوە


دیارە زۆر کەسی بێ لایەن واتە ناحزبی ئەمرۆ بە وریایی و ترسەوە،  را و بۆچونی خۆی دەردەبرێت نەوەکو لە دەرئەنجامی تێنەگەیشتنی قسەکانی بکەوێتە سەنگەری لایەنێکەوە و خەڵک لەسەر ئەم یان ئەو حسابی بۆ بکەن ، ئەو ئاڵۆزیەی کوردستانی باشوری تێکەوتوە وا خۆی دەسەپێنیت بەسەر هەمواندا، بێ لایەنەکان پێش هەر کەسێکی تر، ئەگەر بە هەر شێوەیەک رێگەچارە و بۆچونی راست و پلان بخەنە بەر دەستی جەماوەر، بە گوێرەی توانا و  شارەزایی خۆیان، ئەوا خزمەتێکی باش بەم رەوتە سیاسیەی کوردستان دەکەن و، تا رادەیەک یارمەتی قوتاربونی کوردستان لەم زەلکاوە دەدەن .
لەدونیادا، هیچ رۆشنبیرێک بێلایەنی فکری و فەلسەفی و تەنانەت سیاسی نیە، بەڵام بێ لایەنی حزبی و دووری لە ئینتیما بوون بۆ حزب زۆرن، ئەگینا عەقڵیەت و بۆچونی راست هەمیشە دەکەوێتە لایەکی ململانێ هەمەچەشنەکانەوە . لێرەدا نامەوێت رۆشنبیران لەسەر هەڵوێست و فکر و فەلسەفەیان پۆلێن بکەم، بەڵام رۆشنبیری شۆرشگێر لە بەرامبەر رۆشنبیری هێمن و بێوەییش هەیە، کە تەنها بەرژەوەندی هەمەجۆر لەبەرچاو دەگرێت و  ئاشتیخوازە و چاوەروانی گۆرانکاریەکان دەکات، نەک بەشداری تێدا بکات .
بۆیە پێویستە لەم قۆناغەدا رۆشنبیران دوور لە دڵەراوکێ و حساباتی تایبەت و کاریگەریە سلبیەکانی ئاڵۆزی  بارودۆخەکە رۆڵێکی یەکجار کارا لە چارەسەرەکان ببینن، بۆ ئەمەش وا پێویستە دەرگاکان بکەنەوە، چۆن ؟
1- هەڵسەنگاندنی رەوشەکە کاری مەبدەئی هەموو لایەکە بە سەرجەم بێ لایەنەکان  و لە پێشەوەشیاندا رۆشنبیران، لەو نێوەندەشدا دیاریکردنی رەفتاری یاسا شکێنی لە بەرامبەر ناساندنی  رێرەوی راستی ژیانی خەڵک و چۆنێتی مامەڵە کردنیان لەگەڵ رووداوەکان بۆ هەمو  لایەک روون بکرێتەوە  و، دیاریکردنی  رێگریەکان و لایەنی بەربەست و چۆنێتی رەفتارکردن لەگەڵیدا لەەهەموو بوارەکاندا، رێگە چارەی قەیرانە هەمەجۆرەکان  دەکات، کە ئەرکی سەرەکی هەمووانە .
2- دەربرینی هەر هەڵوێستێک بێ ترس لەوەی بکەوێتە قازانجی هەر لایەنێکی کوردستانەوە لە مەهامەکانی رۆشنبیرانە بۆ ئاشناکردنی جەماوەری کوردستان بە هەڵە و راستەکان بێ سڵەمینەوە لە زبری و چاوسورکردنەوەی لایەنی خەتابار .
3- چاوپۆشی نەکردن لە هەڵە و کەموکوری سەرجەم لایەنەکان، بەمەرجی ئەوەی هەمویان نەخرێنە تای تەرازویەکەوە، لەبەر ئەوەی هەریەکە و بە گوێرەی هەڵە و کەموکورتی و بەرپرسیارێتیەکانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و، تاوانەکانی دیاری بکرێت لە گەیاندنی دۆخەکە بەم حاڵە، بۆ ئەوەی بە سزای یاسایی خۆی بگات و یاسا سەروەر بێت .
4- دانانی بەرنامە و پلانی راست و دروست و دیاریکردنی رێگە چارەسەر ی گونجاو لەلایەن رۆشنبیرانی بێ لایەنەوە  زیاتر متامنەپێکراوتر دەبێت و، لەسەر هیچ لایەنێک حسابی بۆ ناکرێت .    دیارە خەڵک بە خۆی دەزانێت مەیلی هەر کەسێک بۆ چ لایەنێکە بەڵام خەڵکی بێ لایەن لەدوورەوە دیارن کە زۆر نین، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە رۆشنبیرە حزبیەکان هەڵوێستی راستیان نابێت .
5- بەگەرخستنی سەرجەم دام و دەزگا پەیوەندیدراەکانی بەردەست و بەکارهێنانی  رێگە هەمە چەشنەکان لە راگەیاندنی ئەرێنی و خستنە رووی راستیەکان و دیاریکردنی لایەنی سەرپێچیکار لە لایەن بێ لایەنەکانەوە هەڵوێستێکی متمانە پێکراو تر دەبێت  و، خەڵک بروای زیاتر بە گفت و بۆچونی ئەوانە زیاتر لە خەڵکە حزبیەکەی سەرجەم لایەنەکان .
6- رۆڵی یەکجار کارای دەزگا راگەیاندنە بێ لایەنەکان، ئەوانەی  کە تا ئێستاش متمانەیان ماوە لای رێژەیەکی زۆری خەڵک، لەم کاتەدا پێویستیەکی گەورەی قۆناغەکەیە، بۆ دەرخستنی را و بۆچونی رۆشنبیرانی کوردستان بە سەرجەم جۆرەکانیانەوە  .
7- هەوڵی رۆشنبیران لە رێکخستنی پانێڵ و کۆر و کۆبونەوەی تایبەت دوور لە حزبەکان کاریگەری راستەوخۆی خۆی دەبێت لەسەر پرسەکەی ئەمرۆی کوردستان .
8- پەیوەندی کردن بە دەزگا و ناوەندە سیاسی و رۆشنبیریەکانی جیهان و رۆشنکردنەوەی رەوشەکە و دیاریکردنی خەتارباری راستەقینە بۆیان و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بە هاوکاری ئەوان و هەواڵدان بۆ رازیکدرنی لایەنی جێ متمانە و خاوەن قورسایی جیهانی و دڵسۆزی گەلی کوردستان، لە لایەن رۆشنبیرانی بێ لایەنەوە بۆ یارمەتیدانمان رۆڵی یەکجار کاریگەری دەبێت و لە چارەسەری راست و دروست نزیکمان دەکاتەوە. نەک کۆر و کۆبونەوەی حزبی .
9- جەخت کردن لە هەوڵە هەمەجۆرەکان و پەنا بردن بۆ هەموو رێگە راستەکان بۆ سەپاندنی رای راست و یاسایی و چارەسەری بێ بەرژەوەندخوازی و دوور لە حزبەکان و فەرزکردنی بەسەر حزبەکاندا، بە هەموو شێوەیەکی ئاشتیانە ئەرکێکی قورس بەڵام مومکینی خەڵکانی رۆشنبیرە بەڵام دوور لە نایەکگرتوویی وخود پەرستی و هەلپەرستی هەندێک کە لە چالاکیەکانی پێشوودا تاقیکراونەتەوە .
10- پەنا بردن بۆ رێگەی دیموکراسی و ئاشتیخوازیەکان و هاندانی خەڵک و بەشداریکردنی رۆشنبیران بە رێژەیەکی گەورە لە هەر چالاکیەک  وەک پێشەنگێکی باوەرپێکراو، باوەربونی خەڵکیش بە چارەسەری رەوشەکە زیاتر دەکات .
لەم بارە قورسەی کوردستان کە بە ملهوری سیاسی و حزبی و بەرژەوەندخوازی تەسک، بەم حاڵە گەیشتوین، جگە لە راشکاوی لە هەڵوێست و قسە کردن و دیاریکردنی لایەنی تۆمەتبار و راستکردنەوەی تێروانینی هەڵەی دەسەڵات، هیچ رێگەیەکی تری تێدا نابینیتەوە . ئەمەش ئەرکی رۆشنبیرانی بێ لایەنی نیشتمان پەروەرە رۆڵی خۆیان تێدا بگێرن و مێژوو بۆ خۆیان تۆمار بکەن  دەکەن ؟ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە