مەسعود بارزانیتان لێ دیارە ؟

Friday, 20/11/2015, 0:05

3690 بینراوە


درۆزنترین مرۆڤی سه‌ر زه‌وى به‌درێژایی ته‌مه‌نی، هێنده‌ی یه‌ک رۆژی بچوکترین سیاسه‌تمه‌دار درۆی نه‌کردووه‌.(میشێل فۆکۆ)
ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە قارەمان مەسعود بەناوی ڕزگار کردنی شەنگالەوە لەپەنا ئەو کەڵەکە بەردانەدا خۆی شاردبۆوە و دوایش لەووتارێکی ناشرین و قێزەوندا لافی ئەوەی لێدەدا کە سەرپەرشتی ئازادی شەنگالی کردوە.
مەسعود بارزانی نازانێت، سەلامەتی ژیان تەنها لەمردندایە، مرۆڤێک کە خۆی ناونا سەرکردە، دەبێت لەمردن نەترسێت، ئەو بۆئەوەی مردن تاقی بکاتەوە دەبێت خۆی بەشداربێت لەهەڵزنان بۆ دوندەکان و تروپکەکان.نەک وەک مەسعود خۆی لەبن بەردان ناوە و دەڵێت من لەبەرەکانی شەڕدام.مەسعود تەنها نییە زۆر وێنەمان دی لە بەرپرسە هیچەکان کە پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد لە بەرەکانی شەڕدان.یەکێک لەسەر کوردسی نایلۆن دانیشتبوو، یەکێک لەکونێکەوە سەیری دەشتە بەرفراوانەکەی دەکرد یەکێک گولەی دەنا بە ئۆتۆمۆبێلەکەیەوە، یەکێک لەسەرشەقامەکان نان و ماستی دەخوارد.یەکێک دۆشەکی داخستبوو تا ئەژنۆی نەڕوشێت، کەچی کەسیان نەبونە پاڵەوان و هەمووشیان وەک بەفری بەرهەتاو توانەوە.مەسعود بەبڵاو کردنەوەی ئەم وێنانە دەیەوێت هەموومان سزا بدات و بڵێت، ئێوە لەماڵی خۆتان دانیشن من دەچم داعشتان بۆ تێک دەشکێنم و ئێوە تەنها دەتوانن سوپاسم بکەن.لەکاتێکدا داعش دەزانێت تۆ هیچ نیت بۆیە باست ناکەن و بەدێرێکیش بەسەرت ناکەنەوە.دەڵێن هەموو کردارێک لەبێدەنگیدا سەرهەڵدەدات، لەدەرەوەی بێدەنگیدا هەرچیەک بکەیت کاردانەوەیە و بەپلان دەیکەیت، بۆ ناوبانگ دەیکەیت.ئەم وێنەیەی تۆ کەبڵاوتان کردۆتەوە ئێوە تەنها دیوێکیتان لێک داوەتەوەو دەڵێن سەرۆک لەبەرەکانی شەڕە.ئێمە گەر شەڕیشمان نەکردبێت وەک تۆی سەرۆکی ماوەبەسەرچوو، ئەوەشەڕمان دیوە.دەزانین شەڕ چییە و چۆن دەکرێت ؟ ئەم وێنەیە سەدان پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت و گومانمان لاناهێڵێت کە تۆ چەندە پیاوێکی ترسنۆکی ؟
ژیان مەتەڵە، پڕێتی لەنهێنی، گەر ئەم بەڕێزە دانیشێ و وێنە دوای وێنە بڵاو نەکاتەوە ئەوە کەس بیری نییە کە چۆتە بەرەکانی شەڕ، سەدام کە دەچووە بەرەکانی شەڕ لە دووریشەوە بوایە دووتۆپی دەتەقاند، ئاربیجیەکی دەتەقاند و قسەی دەکرد لەکاتی شەڕی ئێران عێراقدا.
بڕوا ناکەم مەسعود بارزانی بزانێت کە حەقیقەت لای تاکەکان دێنە دی نەک لای حەشامات وخەڵکی عەوام، هەربۆیە هێز و دەسەڵاتی دەسەڵاتدارەکان لەلاوازی و بێدەسەڵاتی خەڵکی ترەوە سەرچاوە دەگرێت.کاتێک مرۆڤی کورد لەو بەشيدا دەڵێ ئاگرەسورە لەخۆم دورە ئیتر ئەم پاڵەوانە پەشمەکانە دروست دەبن، کە مرۆڤ دەستبەرداری ئازادی خۆی بوو یان ڕادەستی خەڵکانی تری کرد ئیتر ئەمە دەچنێتەوە کە لەم وێنەیەی مەسعودا نمایش دەبێت.هەر لێرەوەیە دور لە ویستی خۆت ئەم پیاوە ترسنۆکە دەبێتە ئاغا و تۆش دەبیتە کۆیلە.مەسعود بارزانی گەرچی ٥٥ساڵ تەزکییەی پێشمەرگایەتی بۆ خۆی کردوە، لێ بەڵێ بۆ تاکە جارێکیش بەکردار نەچۆتە شەڕەوە، کاتێکیش گەنج بووە هیچ یاریەکی وا نەبووە لەڕێگەی پلەی ستێشن وکۆمپویتەر و موبایلەوە تا چەند گوللەیەک لە یارییەکانیاندا بتەقێنێت، ئەوەی مێژووی ئەم کابرایە بۆمان دەگێڕێتەوە تەنها وێنەکانە بەچەکەوە کە ئەویش لەو خەنجەرانە دەچن کە لە مۆزەخانەکاندا دانراون و هەرگیز لە کالان نایەنە دەرەوە مەگەر بۆ پاکردنەوەی تۆزەکانیان نەبێت.
ژیان دیاردەیەکی وەستاو نییە، گەر مەسعود سەرپەرشتی ڕزگارکردنی شەنگالی کردوە ئەی بۆ غیرەتی نەبوو یەک دووڕۆژ لەو شارە بریندارەدا بمێنێتەوە؟ مەگەر ئەوە ئەرکی کەسێک نییە کە پڕوپاگەندەی ئازادی بکات؟ هەرجەندە ئەم پرسیار و ئەگەرەی من لە شوێنی خۆیدا نیی، چونکە ئەو پێچەوانەکەی کاری دژی شەنگال و کوردە یەزیدییەکان کرد و یەکێکە لەو کەسە تاوانبارە سەرەکیانەی کە ئەو شارەیان دایە دەست دوژمن و ژن و کچانی شارەکەی خستە باوەشی داعشەوە.سەرکردە و رابەر دەبێت کەسێکی شەریف بێت.مەسعود جگە لە ژن و کچەکانی خۆی ئامادەیە شەرەفی هەموو ژن و کیژانی کورد بفرۆشێ، بەشی خۆشی کردووە.
لە کۆتاییدا دەڵێم...خەڵکینە گەر دەتانەوێت لە ژیاندا ئازادبن و سەربەرزبن مەبن بەبەشێک لە پڕوپاگەندە بۆ کەسێکی نەفام و ترسنۆک کە لە مانای شەرەف و کەرامەت نەزانێت، مەسعود دەیەوێت مێژوو بە ساختەکاری بنووسێتەوە، ژیان بەم جۆرەیە لە ڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی تردەگۆڕێت، پارساڵ مەسعود شەنگالی بەو دەردەبرد و تەسلیمی چەتەکانی داعشی کرد، خەڵکی نەفس نزم پاساویان بۆ دەهێنایەوە، ئەمڕۆ شەنگال بەخوێنی سەدان مرۆڤی ئەمەکدارو گەریلا و شەڕڤان ئازادبوە، مەسعود وێنەی خۆی نمایش دەکات و هەمان ئەو نەفسنزمانە ستایشی دەکەن و هۆنراوە و شانامەی لەسەر دەنووسن.رەنگە سەرتان زیاتر سوڕبمێنێت گەر بڵێم ئەم وێنەیە کە گیراوە دەیان موستەشاری پارتی گفتوگۆیان لەسەر بڵاوکردنەوەی کردوە، تا کو بیکەنە پاڵەوان کەچی بووە شورەیی بۆ ئەم پیاوە دەسەڵات و ئابڕوو بەسەرچووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە