کەرکوک لە بەردەم مەترسیەکی تر دا

Monday, 07/12/2015, 1:07

3104 بینراوە


ئامانجی تورکیا لە بەشداری شەری گرتنەوەی موسل چیە؟
چ گرنتیەک هەیە کە هێزەکەی تورکیا لە دوای موسل نەچیت بۆ شاری کەرکوک ؟
کەرکوک ئەو شارەیە کە نەوتەکەی بووە بە بەلا بۆی لە بری ئەوەی ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆی ، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەمیشە کێشمەکێشمی ئەوەیان بووە کە لە کەرکوک دا بالا دەست بن تا سود لە داهاتەکەی ببین (ئەمە لە کاتێکدا کە خەلکی شارەکە پێویستیان بە ژیانە نەک چوونە سەر حکومەتی ناوەند یا گەرانەوەیان بۆ سەر کوردستان) ، ئەمە جگە لە دەولەتانی تر بۆ وێنە تورکیا هەر بۆی لوابێت هەولیان داوە شوێن پێی خۆی بکاتەوە تێیدا .
لە دوای رێکەوتنی (سایکس بیکۆ) وە کە تورکیایی تازە لە دایک بوو ویلایەتی موسلی تێدا لە دەست دا،لەو کاتەوە تا ئێستا چاوی لە گەرانەوەی ویلایەتی موسل بووە بۆ سەر خاکەکەی کە شاری کەرکوکیش بەشیک بووە لە ویلایەتی موسل ، بۆیە هەمیشە دەسەلاتدارانی تورکیا خەونیان بە گەرانەوەی ویلایەتی موسلەوە بینیوە یا لایەنی کەم شوێن پێی خۆیانی تێدا بکەنەوە تا سود لەو سامانە نوستوەیەی ژێر خاکەکەی ببینن بەتایبەت سامانی ژێر زەوی کەرکوک .
ئێستا کە نزیک بووینەتەوە لە تێپەر بوونی سەد سال بە سەر ڕێکەوتنەکە دا " لە (٢٠١٦/٥/١٦) رێککەوتننامەی (سایکس-بیکۆ)ی نێوان بەریتانیاو فرەنسا؛ یەک سەدە (١٠٠ ساڵ) تەواو دەکات، ئەو رێککەوتنە لە (١٩١٦/٤/١٥) بۆ (١٩١٦/٥/١٦)و بە شێوەیەکی نهێنی لەنێوان دوو وڵاتی داگیرکەری ئەوسا نوسرایەوەو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەش کرد " سەرەتایی هەلوەشانەوەی رێکەوتنەکەش دەرکەوتووە بە هۆی داعشەوە (کە پێموایە داعش پرۆژەیەکی وەبەرهێنانە) دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە بە سەر لایەنە براوەکاندا تورکیاش دەیەوێت ڕۆلێک ببینێت تا بەبێ دەستکەوت دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە دەرنەچێت هەر بۆیە دەیەوێت بەشداری شەری ئازادکردنەوەی شاری موسل بکات لە دەستی داعش بۆ ئەم مەبەستەش هێزێکی خۆی بە پال پشتی تانک و چەکی قورسەوە لە نزیک موسل جێگیرکردووە .
(کەرکوک لە بەردەم مەترسیەکی تر دا)
بێگومان دوای گرتنەوەی موسل ئەو هێزە تورکیا ناگەڕێتەوە بۆ تورکیا بەلکو بۆ ئامانجەکەی هەنگاو دەنێت ئەو هێزە بەرەو کەرکوک بەڕێدەکەوێت بە بیانووی پاراستنی ژیانی تورکمانەکانی شارەکە (بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە تێکدانی باری ئەمنی شارەکە هەیە ، بۆ وێنە کوشتنی جەند کەسایەتیەکی تورکمان لەو شارە ) ، چ گرنتیەک هەیە کە هێزەکەی تورکیا نەیات بۆ شاری کەرکوک ؟ بێگومان هیچ گرنتیەک نیە ، ئەی چ هێزێک هەیە جوولەی هێزەکەی تورکیا راگرێت ؟ (ئەوەیان با بمێنێتەوە بۆ کاتی خۆی) ، ئەمە تەنها ئەگەرە هەموو ئەگەرێکیش دەگونجی ڕووبدات (بەهیوام ئەمەیان ڕوونەدات) .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە