کورد تەنیا خاکی داگیرنەکراوە، مێشک و بیرکردنەوەشی داگیرکراوە

Thursday, 17/12/2015, 14:38

4426 بینراوە


رۆشەنبیرانی میللەتی کورد، بە شێوەیەکی گشتی بە درێژایی مێژوو پاشکۆی رۆشەنبیران و موفەکیری بیانی بوونە. گومان لەوەدا نییە کە ئەمە هۆکاری زۆری سیاسیی هەییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رۆشەنبیریی کورد نەیتوانیوە پانتاوێک دروست بکات لە فرەوان کردن و بازدان بە سەر قۆناغەکانی خۆ ڕۆشەنبیر کردندا، بەزاندنی سنورێک کە تیایدا ئاستی رۆشەنبیریەکە و زانیارییەکانی قاڵ بێتەوە، بگات بە ئاستی قوڵبونەوە لە بواری فەلسەفەدا بۆ دۆزینەوەی ئایدۆلۆژیایەکی لە دایک بووی ناو رەحمی ئازار و دەردەکانی میللەتی کورد،  کە لە ئەنجامدا ببێت بە" قوتابخانیەکی تایبەتی فەلسەفەی کوردیی" بۆ رێنمایی کردن بەرەو رزگاری بوون.
رۆشەنبیر و سیاسییە کوردەکان، زیاتر پەنیان بۆ ئایدۆلۆژیایی ئەزمونی سەرکەوتووی گەلانی تر بردوە، بۆ شۆڕش هەڵگیرساندن، یان بۆ ناساندنی ئایدۆلۆژیایی نەتەوەکانی تر بە میللەتی کورد ئینجا ئەو ئایدۆلۆژیایە چی دینی بووبێت، چی عیلمانی.
 بێگومان هەریەک لەو ئایدۆلۆژیانە ئەنجامی هەڵقوڵانی گرفت و بەرژەوەندیی نەتەوەیی تر بوونە. نمونە مارکسیزم، کریستیانەتی، یەهودی، ئیسلام، ماوی، ترۆتسکیەت، لینینی و شۆرشی روسیا، شۆرشی فرەنسا یان بیرۆکەی فەیلەسوفە یۆنانییەکان، فرەنسیەکان و ئینگلیزەکان.
ئایدۆلۆژیایی هاوردە دەتوانرێت سود، پەندو حیکمەتی لێوەربگیرێت، بەڵام ئەزمون سەلماندویەتی کە هەرگیز ناتوانرێت کۆپی بکرێت و هەوڵی چەسپاندنی بدرێت لە کۆمەڵگایەکی تر کە لە قۆناغێکی تری کۆشش دایە، سروشتی بیرکردنەوە، پەروەردە کردن، گرفتەکانی و دەردەکانی جیایە.
هێز،
هێز جۆرەهای هەیە، هێزی سیاسیی، هێزی ئابووریی، هێزی سەربازیی، هێزی ئایدیۆلۆژی. 
میللەتانی ژێر دەستی وەک میللەتی کورد، هێزی سەربازیی، ئابووریی، سیاسییان نییە. تەنیا ئامرازێک لەدەستیان دا هەبێت، هێزی جەماوەرییە، کە دەبێت کاری لەسەر بکرێت، چەکداری بکەن بە "ئایدۆلۆژیا"ی گونجاو بۆ دروست کردنی ئیرادە و رۆحی بەرەنگاری بوونەوە. 
بە درێژایی مێژووی میللەتی کورد، بۆشایەکی گەورە هەیە کە تا ئێستا پڕ نەکراوەتەوە، ئەویش مەسەلەی نەبوونی ئایدۆلۆژیایەکی ناوەخۆیە کە لە ئەنجامی هەڵقوڵانی زام و گرفتەکانی نێو کۆمەڵگای کوردییدا  هاتبێتە کایەوە. 
 گرنگی بەهێزی ئایدیۆلۆژیا لەوە دایە کە بتواندرێ ئەو میللەتەی کە ئازار دەچێژێت، مەبەستیەتی رزگاری بێت، بڕوای پێ پەیدا بکات و هەوڵی سەرکەوتنی بدات.
لە دوای هیلۆکۆست، رۆشەنبیرانی نێو کۆمەڵگای جو کەوتنە بیر کردنەوە لە چۆن هاندانی رۆحی بەرەنگاری بوونەوە لە نێو ناخی تاکی جودا. لە ساڵی ١٩٤٨دا کە دەوڵەتی جو ئیعلان کرا هەولێان دا کاردانەوەیان هەبێت لەسەر هەموو جوەکانی دنیا بۆ ئەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەو وڵاتە بە مەبەستی زیاد بوونی دانیشتوانەکەی. لە ساڵی ١٩٤٨دا کە دوڵەتی زایۆنیزم ئیعلان کرا  تەنیا٨٠٠.٠٠٠ کەس لە دەولەتی ئیسرائیل هەبوو، لەو ژمارەیەدا ٦٥٠،٠٠جو بوون، لە ساڵی ١٩٦٧ بوو ٣.٨میلیۆن ٢.٤ میلیۆن جو بوون. کە دەکتا لەسەدا ٨٥، هەژدە سال دواتر لە سای ١٩٨٥دا بوون بە ٤.٣ میلیۆن.
سێ هێمای گرنگ هەیە دیاری دەکات کە چۆن هێزی"ئایدیۆلۆژی" بەکارهاتوە،
یەکەم، کێ سوودمەند بووە لە بەکارهێنانی ئەو هێزە.
دووەم، كێ بەرێوەی دەبات؟ 
سێیەم، کێ براوەیە؟

گرنگی بوونی ئایدۆلۆژیایی ناوەخۆ....
بزوتنەوەیی سیاسیی لە نێو هەر کۆمەڵگایەکدا لە هەر قۆناغێکدا بووبێت، بە گوێرەی قۆناغەکە پێویستی بە "ئایدۆلۆژیایەک" هەبووە کە وەکو ئامرازیک بەکارهێنراوە، بۆ کۆکردنەوەی خەڵک و بە جەماوەر کردنی. پێکهێنانی هێزێک لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا، بە هەوڵدان بۆ دروست کردنی بڕوا لەناخی تاکەکاندا، بۆ پەیداکردنی ئیرادە و بڕوا بوون بەخۆی، هێزو تواناکانی، بۆ ئامادەکردنیان بۆ بەگرخستنیان لە پێناو ئەو ئایدۆلۆژییە دیاریکراوەدا. 
ئایدۆلۆژیایی سەرکەوتوو ئەوەیە کە توانای دیتنی گرفەتەکانی هەبێت، کە کۆمەڵگا پێوە دەناڵێنی، نزیک بێت لە زهرو بیر کردنەوەی خەڵک، تێڕاونینیان بۆ کێشەکان و تیگەیشتنیان بۆی، کە راستەخۆ کاردانەەی هەیە لەسەر ژیانیان و ئازادییەکانیان. شان بە شانی ئەوەش،  ئامانجەکانیان و خوازەکانیان چین؟ بۆ چارەسەری گرفتەکان. بە  گوێرەی ئەو تێگەیشتنە ئایدۆلۆژیایی گونجاو دەناسێندرێت بە کۆمەڵگا. 
ئەزمونی گەلان لە مێژوودا دەریدەخات کە ئەو ئەرکە کەوتۆتە ئەستۆی نوخبە لە فەیلەسوفەکان و رۆشەنبیرەکانیی نێو کۆمەڵگاکە کە لە دایک بوو و هەڵقوڵاوی نێو ئەو کۆمەڵگا دیاری کراوە بوونە. 
لە میژووی کۆندا هاتووە کە فەیلەسوفە یۆنانییەکان پێش ئەوەی کۆمەڵگایەکی تر سوودمەند بێت لە بیرۆکەکانیان، فەلسەفەو تیۆرەکانیان، لە یەکەم هەنگاو دا و بە پلەی یەکەم لە نێو کۆمەڵگای یۆنانییدا ناسراون، بیرۆکەکانیان لە لایەن سەرکردە سیاسییەکان، سەربازییە یۆنانییەکاندا خراوەتە بواری جێبەجێ کردن. ڕاو بۆچوونەکانیان کارێگەری هەبووە لەسەر پلان و بڕیارە یەکلا کەرەوە سیاسیی و سەربازییەکاندا. 
فەیلەسوفە یۆنانییەکان بوون بە راوێژکاری سەرکردە سیاسییەکان و سەربازییەکان، ئامۆژگاریەکانیشیان لە سەر بیناغەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یۆنان و یۆنانییەکاندا داڕشتوە و ئاراستەی سەرکردەکانیان کردوە.
لە پەرتوکی" نهێنیەک لە نهێنیەکان"ی فەیلەسوفی یۆنانی "ئەرستۆ"دا هاتوە کە ئامۆژگاری "ئەسکەندەری مەزن" دەکات.
ئەسکەندەری مەقدۆنی، دوای ئەوەی هێزەکەی دەگاتە وڵاتی "فارس"، نامەیەک بۆ ئەرستۆ دەنوسێت،
"بۆ مامۆستام و وەزیری داد، پێت رادەگەیەنم، لە وڵاتی فارسدا، نوخبەیەکم دۆزیوەتەوە، کۆمەڵێک پیاون توانای دەستەڵاتداریەتیان هەیە، هێز و توانای بیرکردنەوە وتێگەیشتنیان هەیە. ئەمە هۆکاری ئەوەیە بڕیارم داوە بیان کوژم. تۆ ڕات چیە؟ ".
ئەرستۆ لە وەڵامدا دەنوسێت،
"پێویست ناکات ئەو پیاوانە بکوژیت کە وڵاتەکەیانت داگیر کردوە. بە بەگوێرەی یاسای سروشت لەو ناوچەیدا، نەوەی تازە لە دایک دەبێت بەهەمان شێوەی ئەو پیاوانە زیرەک دەبن. کارئەکتەری ئەو پیاوانە لە ئەنجامی سروشتی ئاو هەوای وڵاتەکەیاندا و جۆری پەروەردە کردنیان دروست بووە. باشترین ئامۆژگاریم بۆت ئەوەیە کە نەیان کوژیت، باشترین شت بیکەیت ئەوەیە، کە چۆنن وەک خۆیان قەبوڵیان بکەیت، بە میهرەبانی، سۆز، نەرم و نیانی هەوڵبدە بیانکە بە لایەنگری خۆت، بیانخە ژێر کاردانەوەی بۆچوونەکانت و سودمەند بە لێیان". 
ئەسکەندەری مەکدۆنی ئامۆژگاریەکەی ئەرستۆ قەبوڵ دەکات و ئەو پیاوانە ناکوژێت و لە خۆیانی نزیک دەکاتەوە.
کاردانەوەی ئایدۆلۆژیایی هاوردە لە سەر بزوتنەوەی رزگاری کورددا،
ئایدۆلۆژیاو فەلسەفە هاوردەکان، کاردانەوەی سلبی هەبووە لەسەر بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەمان. ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین دوو فەلسەفە کارێگەری هەبووە لەسەر بزوتنەوەی نیشتمانی و نەتەوەی کورددا، یەکیان دینی کە فەلسەفەی " ئیسلام"ە، دووەم عیلمانی کە "فەلسەفەی مارکس"ی بووە. یەکمیان لە دورگەی عەرەبی سەری هەڵداوە دووەمیان لە کۆمەڵگای ئەوروپی. 
لە یەکەم رۆژی سەرهەڵدانی "دینی ئیسلام" بە پلەی یەکەم کارێگەری سەرەکی هەبووە لە پانتاوکردنی دەستەڵاتە سیاسییەکانی نەتەوەی عەرەب. پاراستنی یەک رێزی نەتەوەی عەرەب، سەڕەرای بوونی جیاوازی کێشە لە مەزهەبەکاندا. بەڵام بۆ نەتەوەی کورد هۆکاری زیاتر ژێر دەستی بووە، کاردانەوەی هەبووە لەسەر بڕیاری هەڵەی سەرکردە کوردەکاندا لە مێژوو کە بە زەرەری بزوتنەوەی رزگاری میللەتی کورددا شکاوەتەوە. بۆتە هۆکاری لاواز کردنی هەستە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان و تواندنەوەیان لە نێو پلان و بەرژەوەندیی نەتەوەیی وەک تورک،عەرەب و فارس دا.

فەلسەفەی مارکسی،
مارکس، فەیلەسوفیکی ئەڵمانی بوو، بیرو هزری لە ژێر کاردانەوەی فەلسەفەی ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی، سۆسیالیسمی فرەنسی و زانستی ئابووریی سیاسیی ئینگلیزدا بوو.
 مارکس زیاتر دیراسەی کۆمەڵگای ئەڵمانیی و کۆمەڵگای سەرمایەداری کردوە. کە ئەو کات چینی سەرمایەداری لە گەشە سەندندا دەبێت. پەیوەندی نێوان "سەرمایەدار و هێزی کار" ،سیستەمی ئابووریی، یاسای کارکردن، بارودۆخی کارکردن بە گوێرەی پێویست نابێت بۆ کرێکار. مارکس گوتویەتی" ئەڵمانیا لە رووی فەلسەفە و تیۆرەوە پێشکەوتوە، بەڵام لە رووی سیستەمی ئابووریدا دواکەوتووە، پێویستی بە گەشەپێدان هەیە". 
مارکس لە هیچ گوتەیەکیدا باسی لە مێللەتێک نەکردوە کە چەند سەعاتێک لە وڵاتەکەی دوور بووە ئەو کاتیش هەر ژێر دەست بووە کە ئەویش "کوردستان" ە.
سوودمەند ترین دەوڵەت لە بیرۆکەکانی مارکس، دەوڵەتانی سەرمایەداریە، ئەویش بەوەی دەست دەکەن بە گۆڕینی کەش و هەوای کارکردن، ریفۆرم کردن لە یاسایی کارکردن، کەم کردنەوەی  سەعاتەکانی کارکردن، ئۆڤر تایم،  یەکسانی موچەی نێوان رەگەزی مێینەو نێرینە، دامەزراندنی ساندیکای کرێکاران، پشوی نەخۆشی، پشوی بۆنە نیشتمانیی نەتەوەییەکان و ئایننیەکان، پشوی ساڵانە، قەرەبوو کردن، خانە نشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی، گەلێک دەستکەوتی تری ئابووری بۆ چینی کارگەر. 
 ئەم چاکسازییانە لە سیستەمی سەرمایەداریدا لە ئەنجامدا کاری کردە سەر لاواز بوونی بزوتنەوەی پارتە کۆمینیستەکان و شوعیەکان لەو وڵاتانەدا هەتا دەگات بە لاواز بوونی سەندیکای کرێکاران. 
حزبی شیوعی و پارتە کۆمینیستەکانی تری وەکو حیکمەتیەکان، کە ئایدۆلۆژیایی "مارکسی"یان بەکارهێناوە بۆ پەیدا کردنی هێزی جەماوەریی لە نێو کۆمەڵگای کورددا و بەکاریان هێناوە بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆیان، کە بەهیچ شێویەک خزمەتی بە بزوتنەوەی کورد نەکردوە. بە پێچەوانە ئەو هێزە "ئایدۆلۆژیا"یەئەوەندەی زەرەدمەند بوونە، لە سارد کردنەوەی رۆحی نیشتمانیی و نەتەوەیی کورد، غافڵ کردنی چەند نەوەیەک بە ئایدۆلۆژیاو بیرۆکەیەک کە خزمەت بە دۆزی ڕوای میللەتی کوردیی نەکردوە.  
"فەهەد" سکرتێری حزبی شیوعی عیراقی، تەنیا کەسێکە کە باسی مافی "چارەی خۆ نوسینی کورد"دی کردوە، کە ئەویش ناکات "ئازاد" بوون. هەرچی ئەحزابی شیوعی عیراقی، ئێرانی تورکی هەیە باس لە پیرۆز کردنی سنور و یەکێتی ئێران، عیراق و تورکیا دەکات. کە ئەم بیرۆکانە هەموویان دژ بە بیرۆکەی سەربەخۆی و کوردستانێکی ئازادن.

ماوی،
لە سەرەتای سەدەی بیستدا، چین لاواز بوو، هێزی جەماوەریی چینی دابەش ببوو لە نێوان چەند پارتێکی سیاسیی چینیدا. گەورەترین کێشەی چین کە لە مەترسیدا بوو دابەش بوون بوو، کە دەبوایە هەوڵبدرێت ئەو وڵاتە یەک بگرێتەوە. ماوتستۆنگ لە سەرەتادا کابرایەکی نەتەوەی بوو، دژ بە ئەمریکاو ئیمپریالیست بوو. پارتێکی تری چینی کە ناسیۆنالیست بوو لە گەڵ ئەمریکادا دەستی تێکەڵاو کرد بوو. ماوتستۆنگ بۆ ئەوەی رٶحی بەرەنگاری بوونەوە لای چینیەکان دروست بکات، ئیرادەیەک لە خوێن و ناخی تاکی چینی دا دروست  بکات، هەستا بە زەق کردنەوەی فەلسەفەی مارکسی، بەکار هێنانی وەکو ئامرازێک بۆ بەهێز کردنی هێزی جەماوەریی بەرەنگاری بوونەوە لە نێو چینیەکاندا. ئەو کات چینی هەژاری نێو کۆمەڵگای چینی هێزێکی جەماوری پتەو بوو، بۆ ڕاکێشانی ئەو چینە سەرنج راکێشترین دروشم هەڵگرتنی دروشمی چینی "پرۆلیتاریا" بوو.  بەو جۆرە ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە ماو بەکاری هێنا بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی چین ئایدۆلۆژیایەکی ڕاست بوو بۆ مانەوەی سەربەخۆی دەوڵەتی چین و بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەی، نەک بەرژەوەندیی چینایەتی.
دەرئەنجامی باس
بۆشایی فیکر و ئایدۆلۆژیا لە نێو کۆمەڵگای کوردییدا هەبووە و هەیە، بە تایبەتی لە باشووری وڵاتدا. پێویست دەکات رۆشەنبیران و دڵسۆزانی  میللەت یەکبگرن، بیرێک لە گەشە کردنی جۆرێک لە "ئایدۆلۆژیای کورد"ی بکەنەوە بە مەبەستی پەروەردە کردن و چاندنی رۆحی بەرەنگاری بوونەوە لە نیو تاکی کورددا. ناکرێت هەتا هەتایە کوردستان ببێت بە مەیدانی داگیرکەران و لە هەر دە ساڵ جارێک ئەو میللەتە هێرش بکرێتە سەری، پیاوەکان یان بکوژرێن یان ڕا بکەن، ژنەکانیش بفرۆشرێن و دەستدرێژی ناموسیان بکرێتە سەر هەر وەکو چۆن لە ئەنفال و شەنگاڵدا روویدا.
سەرچاوە:
٢)
٣)
٤)
٥)
٦)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە