سەربەخۆیت باش مەسعود

Thursday, 31/12/2015, 20:54

3430 بینراوە


تەمەنێکم بەسەر بردووە، و بەدرێژایى ئەو ماوەیە هەرگیز بیرم لەناپاکى و خیانەت تەکردۆتەوە، سیخوڕیم بۆهیچ وڵاتێک نەکردووە، لەگەڵ هیچ دوژمن وناحەزێکیشدا هاوکار نەبووم، تاملى هاوماڵ و دۆستەکانم بشکێنم. تاکە تاوانێک کە هەمە ونیمە و بێ ویستى خۆم خستویانەتە گەردنم ئەوەیەکە ناسنامەکەم لەشارى سلێمانى دەرچووە، لەودیو سنورى دێگەڵەش ئەژیم.
کاتێک بیستم کە هەوڵ و هیمەت دەکەن بۆ سەربەخۆى کوردستان و، بەیت و بالۆرەى ئەوە لێدەدەن، زۆر خەنى وئاسودە بووم، ئاهێک بەدڵما هاتەوە،کە شوکور بۆخوا خەریکە ئێمەش ئەبین بە خاوەن وڵات و ناسنامەى نەتەوەیى، شەوتا بەیانى بەو خەیاڵە مەست دەبووم، لەناو ماڵ، لەبازاڕ، لەسەر کار، لەناوپاس، لەهەموو جێگایەک ئەو بەیتەى تۆم کردبوو بەوێردى سەرزمانم، قەوان ئاسا وەخت و ناوەخت ئەم وتەوەو گفتو گۆم لەسەر دەکرد، لەسەر ئەوەش دڵى زۆر دۆست و ئازیزم رەنجان کە گاڵتەیان بەو کارەى تۆ و بەو خەیاڵ پلاویەى من دەکرد.
تا دوێنێش منیش یەکێک بووم لەهەواداران و شوێنکەوتوانى ئەو ئەوپرسەت، بۆ ئەو بۆنەیەش جلى کوردى و کڵاش و جامانەو ئاڵاى کوردستانم ئامادەکردبوو. بەڵام بەسەردانێکم بۆشارى هەولێرى بەناو پایتەخت سەرلەبەرى ئەو خەیاڵەم بوون بە بڵقى سەرئاو. شەلڵا ملم بشکایە وئەو سەفەرەم نەکردایە، بۆ ئەوەى تا ئەبەد بەو خەون و خەیاڵە مەست و حەیران بوومایە.. جێگەى خۆیەتى کەلەسەر ئەو پرسى سەربەخۆیە چەند پرسیارێک بکەم، تاجارێکى دیکە نەکەومە هەڵەوە و، بەبێ پاسیۆرت و گوزەرنامە پێ نەخەمە ئیماراتەکەتەوە، نەخۆم دڵتەنگ بکەم، و نە ئاسایشەکانیش بەپشکنین و لێکۆڵینەوە ماندوو بکەم. وەک ئەوەى کە دوێنێ لەبازگەى قوشتەپە بەسەرم هات، کاتێک چوومە بەردەم کابراى ئاسایشى بازگەکە، هەر کەلەدوورەوە تابلۆى ئوتومبیلەکەى بینیم کە سلێمانى بوو،دووکەڵ لەلووتیەوە هاتە دەرێ، کەداواى ناسنامەشیکرد ناسنامەکەم سلێمانى بوو، هێندەى دیکە پەست و توڕەبوو،کە دوا جاریش پرسیاریکرد خەڵکى کوێم و لەکوێوە هاتووم،وتم سلێمانى ئیدى کار لەکارترازا، هێندەى دیکە رق ئەستوربوو، ئەتگوت جولەکەم و پێم ناوەتە مزگەوتى ئەقساى شەریفەوە. یەکەو راست دایبەزاندم، تەواوى جل ویەرگ وپیڵاو و گۆرەوى و ناو باخەڵەکانى  پشکنیم، بەوەش دڵى ئاوى نەخواردەوە، ئەمجارە کەوتە پشکنینى ئوتومبیلەکەم، ناو چەکمەج، ژێر کوشن، سندوق، بنى ئوتومبیل.،ناو مەکینە. ئەوجا مەرەخەسى کردم، بِروا بکەن سەردەمى بەعس بەو هەموو زاڵمیەى بەو بازگە ترسناک و تۆقێنەرانەى ئاوها مامەڵەیان لەگەڵ نەیارەکانیا نەئەکرد. بەوە دڵ خۆشى خۆم دایەوە، وتم رەنگبێت، هەواڵێکى هەستیاریان بۆهاتبێت ،یان  ئەوە کارو پشەى رۆژانەیان بێت . بۆیە ئەبێت بەناچارى وابکەن. بەڵام وانەبوو، چونکە بەوردى سەرنجم  لە تەواوى بازگەکەدا تەنها ئەو کارە یان چاکترە بڵێم ئەو سوکایەتیەیان  دەرهەق بە ئوتومبیلەکانى تابلۆ سلێمانى ئەکرد، تەنانەت عەرەبەکانیش کە ئاشکرایە  دۆست و کەسى داعشن هەوێنى تیرۆرو  کوشتنن، وەک ئێمە مامەڵەیان لەگەڵ نەئەکرا، تەنها  چەند کارێکى رۆتینیان لەگەڵ دەکردن و رزگاریان دەبوو.
بۆیە هەقى خۆمە بپرسم، بڵێم،ئایا مەسعود سەربەخۆى راگەیاندوە؟ ئەگەر رایگەیاندوە، قەڵەمڕەوى دەسەڵاتى تاکوێ بڕدەکات؟ ئەگەر تادێگەڵەیە، ئەوا پێمان خۆشە بزانین بۆئەوەى ئێمەش  لاى خۆمانەوە ئەو بیرۆکەیە لەبیرى خۆمان دەربکەین، سەرەتا وێنەکانى لابەرین، و پاشانیش سەرجەم بنکەو بارەگا و لق و ناوچەکانیان بۆ ویلایەتەکەى بگێڕنەوە.چیتر رێگە نەدەین لەودیو سنورى دیگەلەو باسى سەربەخۆى و سەرۆک بکەن، بەو چەمکە چەواشانە هزرمان داگیرنەکەن. ئێمەى هاوڵاتى ئەو دیو بازنەى دەسەڵاتت، بیر لەحاڵ و رەوشى ژیانى خۆمان بکەینەوە.تا هەر کاتێک بەناچارى رێمان کەوتە هەولێر، وەک ئەوەى بچین بۆوڵاتێکى دیکە خۆمان ئامادەبکەین و، داواى ڤیزە ومانەوە بکەین، وە بەبڕواى من واش چاکترە لە پایتەختى ئیماراتەکەت رێگە بکردنەوەى قونسولگەرى ونوسینگەى شارەکانى دیکەى وەک سلێمانى  و هەڵەبجە و گەرمیان بدەیت، تاکاتێک وەک حەمە سیاسى و کەریم عوسمان سەرەنگومکراین و دیار نەماین  کەس و کارمان خەبەریان هەبێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە