ڕۆڵ و گرنگى تەوقەکردن لە زمانى جەستەى سیاسیەکاندا ( بەشى هەشتەم)

Sunday, 06/03/2016, 22:10

3070 بینراوە


بە پێى زۆرێک لە سەرچاوەکان تەوقەکردن وەک نەریتێک لە سەردەمە سەرەتاییەکانى مرۆڤایەتیەوە بەردەوامى هەیە، لەو کاتەوە تا ئێستاش هۆکارێکى گرنگە لە پەیوەندى نێوان مرۆڤەکاندا ، کلتور  و چۆنیەتى پێکهاتەى کۆمەڵایەتى و جیاوازى لێکتێگەیشتنى کۆمەڵگاکانیش فۆڕم و لێکدانەوە و بەکارهێنانى جیاواز دەبەخشێت بەم جۆرە نەریتە، کەواتە تەوقەکردنیش بە پێى تێپەڕبوونى سەردەم و چەرخە جیاوازەکان گەشەى کردووە و لەگۆڕاندا بووە و هەر لەبەر ئەمەش لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکى دیکە و لە کلتورێەوە بۆ کلتورێکى دیکە و لە تێگەیشتنى کەسێتیەکى سیاسى بۆ دانەیەکى دیکە جیاوازى هەیە و بە پێى بارودۆخ و تەمەن و ڕەگەز و ئاین و جۆرى پەیوەندى کەسێتى ... هتد فۆڕمى جۆرێتى و کاریگەرێتى و چۆنیەتیەکەى دەگۆڕێ.
 پەیوەندى نێوان تەوقەکردن و سیاسەتکردن
هەروەک لەبەشەکانى پێشووتردا باسم کرد ، ڕەفتار و جوڵەى سیاسیەکان زۆر جار لەگەڵ هەست و نەست و ناخیان یەکانگیر نابێتەوە، دەگونجێت لە ناخەوە هەستێکى شاراوە هەبێت و بە ڕق و توڕەیى و خۆپەرستى و هەستى دوژمنکارى نەخشەسازى بۆکرابێت، بەڵام بە پێچەوانەوە لە ڕەفتار و ئاماژەکانى جەستەیدا نوێنەرایەتى ڕاستەقینەى هەستەکانى ناوەوەى ناکان، هەر لەبەر ئەمە کەسى سیاسى دەرکەوتە چەندەها شێواز دەگرێتەر بەر گەر بە شێوەیەکى ساختەش بێت تەنها بۆ ئەوەى وەک کەسێکى نیان و دڵسۆز و خودان متمانە دەربکەوێت، هەر بۆیە تەوقەکردن و دەست ئاڵاندن لە دەستى بەرامبەردا لەیەکەم ساتى بەیەکگەیشتدا یان لەبەر دەم  فۆکسى کامێراکاندا یان لەسەرەتا و کۆتایى کۆنگرە و کۆبوونەوە و دانوستانەکاندا یان لە ساتى ماڵئاوایى خوداحافیزیدا وەک نیشاندانى ڕێز و شکۆ بۆبەرامبەر پیشانبدات و لەم ڕێگەیەوە وەک موجامەلە و ڕێزێکى گەرم هەست و نیازپاکێتى خۆى بۆ بەرامبەر  بسەلمێنیت، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا تەوقەکردن نابێتە دەربڕینى هەستى نیازپاکى و خۆشەویستى دەکرێت کەسێتیەکى سیاسى لە تەوقەکردنێکدا ڕقى ناخى خۆى بە بەرامبەرەکى بگەیەنێت، یان لە شێوازى تەوقەکردنەوە هەستى دوژمندارى خۆپەرستى و ڕکابەرى بگەیەنێت ئەویش بە پەنابردن بێت بۆ شێوازى تەوقەکردنى زاڵ یان گوشینى نائاسایى و توندى جومگەکانى دەستى بەرامبەر یان تەوقەکردنێکى سارد و سڕ و ناچاریانە، 
یاخود دەکرێت شێوازى تەوقەکردن نیشانەى پاشکۆیەتى و ملکەچى لایەنێک بۆ ئەوى تر دەربخات یان بە پێچەوانەوە هەستى هاریکارى و هەماهەنگى پیشانبدات، یان نەکردنى تەوقەکردن یان دەستبردن  بۆ بەرامبەر و ڕەتکردنەوەى تەوقەکردن هەموو ئەم شێوازانە بە پێى بارودۆخ و کلتور ڕۆڵ دەبینن کە دواتر و بە بەشێکى دیکە ورتر و چڕتر لە بارەیەوە دەدوێم.

پێویستە چەند خاڵێک لەبەر چاوبگرین لەکاتى تەوقەکردندا
یەکەم: لەبەرچاوگرتنى کلتور: کەسى دەستپێشخەر لەکاتى تەوقەکردندا دەبێت ئاگادارى کلتورى ئەو دەوڵەتە بێت کە سەردانى دەکات یان وەک نوێنەرێکى دبلۆماسى و کونسوڵى وەزیفەى خۆى دەبینێت تێیایدا، چونکە کلتور ڕۆڵێکى مەزن دەبینێت لە نەخشاندن و دروستکردنى داب و ڕێسا کۆمەڵایەتیەکان هەر لە شێوازى پۆشینى جل و بەرگەوە تا دەگاتە شێوازى مامەڵە و گفتوگۆکردن و ڕۆیشتن و خواردن ... هتد ، بۆیە دەبینین دەوڵەتانى ئەروپایى لە ڕووى کلتور و داب و نەریتەوە کراوەتر و بێ بەربەستترن بەراورد بە کلتورى ڕۆژهەڵاتیەکان یان ئاسیاییەکان، بۆنمونە لە دەوڵەتێکى وەک ئەڵمانیا تەوقەکردن لەگەڵ ئافرەت تەنانەت ماچ کردن و لە ئامێزگرتنیشى زۆر ئاساییە گەر کلتوریش نەبێت.
بەڵام ئەم شێوازە لە مۆدێلى کۆمەڵایەتى و سیاسى بۆ دەوڵەتانێکى وەک ئێران و عێراق  و سەرجەم دەوڵەتە عەرەبیەکان  نە گونجاو ئاسایى دەبێت. 
دووەم: لە بەرچاوگرتنى ڕێسا  ئایینەکان: ئاین کاریگەرى زۆرى هەیە وەک باکگراوندێک لە پشتى سیستەمى سیاسى و کۆمەڵایەتى دەوڵەتانەوە بە جۆرێک زۆر دەوڵەت لە مامەڵە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتى و سیاسیەکانیاندا وەک خۆى جێبەجێى دەکەن، بۆنمونە دەوڵەتى سعودییە یان پاکستان یان ئێران بە پێى بنەماکانى دینى ئیسلام حوکم دەکەن و بە لایانەوە ڕێگە پێدراو نیە نوێنەرێکى سیاسى ئافرەت یان ئافرەتێکى خاوەن پۆستى سیاسى لەگەڵ بێگانەیەکدا یان تەنانەت  لەگەڵ هەر پیاوێکى ترى نامەحرەم تەوقەبکات، بەڵام دەکرێت حاڵەتى دیکە هەبێت دەوڵەتێک بانگەشەى ئیسلام بوونى سیستەمەکەى بکات بەڵام بەلایەوە ئاسایى بێت تەوقە لەگەڵ ئافرەتێک بکات وەک دەوڵەتى تورکیا کە چەندین جار ئەردۆگان و داود ئۆغلۆ بە ئاسیایى ئەم کارەیان کردووە.
سێهەم: خاڵێکى دیکە پێویستە لەبەر چاوى بگرین نابێت بەرامبەر ناچار بکەین بەوەى تەوقەمان لەگەڵ بکات ڕەنگە نەیەوێت یان حەز نەکات ئەم کارە بکات ، بۆیە ناچارکردنى دەبێت دروستکردنى کەشێکى بێزارکەر.

چوراەم: پێویستە چاوەڕوانى ڕەخسانى دەرفەتى تەوقەکردن بین تا ئەو کاتەى بەرامبەر مەجالى بۆ دروست دەبێت ئەوسا دەست  درێژبکەین بۆ تەوقەکردن.


پێنجەم: پێویستە کەسێتى سیاسى لە یاساکانى دبلۆماسییەت شارەزا بێت ، دەبێت بزانێت کەى خۆى دەستپێشخەرى دەکات بۆ ئەم کارە و کەى پێویستە بەرامبەر دەستپێشخەرى بکات چوونکە بە پێى چۆنیەتى سەردان کردن و پێشوازى کرد  چۆنیەتى تەوقەکردن دەگۆڕێت، نوێنەرى دەوڵەتى سەردانکەر پێویستە یان جوانترە تەوقەى لەگەڵ بکرێت نەک خۆى دەست پێشخەرى بکات ، پێچەوانەوەى ئەم دۆخەش ڕاستە.
شەشەم: پێویستە لە کاتى تەوقەکردندا مەوداو سنورى یەکتر نەبەزێندرێت، پێویست ناکات سنورى گەرمى بەرامبەر ببەزێندرێت  ، و تا ئاستێکى زۆر لە بەرامبەر نزیک بیتەوە تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت ئەو کەسەى چویتە سەردانى یان هاتۆتە سەردانت هاوڕێیەتى و پەیوەندیەکى توند وتۆڵ لە نێوانتاندا هەبێت.
حەوتەم: پێش ئەوەى بگەى بە ئەو کەسەى چاوەڕوانتە یان چاوەڕوانى دەکەیت پێویستە خۆت یەکلاى کردبێتەوە کە چ جۆرە تەوقەیەکى لەگەڵ دەکەیت و یان چۆن وەڵامى تەوقەکردنەکەى دەدەیتەوە لە حاڵەتێکدا کە هەستت کرد لە پێناو بەرژەوەندى خۆیدا ئەم پرۆسەیە ڕێکدەخات .

هەشتەم: ئەگەر زانرا بەرامبەر ساردووسڕە یان ترسى ئەوەى هەیە ڕەتى تەوقەکردن بکاتەوە باشترە خۆ بە دوربگیرێت لەم حاڵەتە.
نۆیەم: لە هەموو حاڵەتەکاندا زەرورە نوێنەرى سیاسى دەوڵەت پەیوەندى خۆى و دەوڵەتى بەرامبەر لەبەر چاوبگرێت ئینجا بڕیارى تەقەکردن یان بڕیارى جۆریەتى و چۆنیەتى تەوقەکردن بدات.
دەیەم: مەرج نیە وا بیربکرێتەوە کە کەسێتیەکى سیاسى یان نوێنەرێکى سیاسى لەکاتێکدا خودان دەوڵەتێکى بچوکە لە ڕووى سەرجەم فاکتەرەکانى هێز و ئابورى و ڕووبەر و سیاسى  و تەکنەلۆجى ، هەر لەبەر ئەم هۆیە دەبێت ئەویش بە بچوکى دەربکەوێت بەڵکو شارەزایى ئەو لەوەدایە کە بە تەوقەکردنێک یان هەر ئاماژەیەکى تر گەورەیى بەهێزى خۆى بسەلمێنیت، زۆر جار ئەم حاڵەتانە ڕوویداوە باشترین نمونە دەرکەوتنى ئۆباما و کەسێتیەکى سیاسى دەوڵەتى سعودییە بوو دواى تەواوبوونى کۆبوونەوەیەک لەمەڕ پرسى نەوتى کەنداو کەسێتیە سیاسیە سعودیەکە بە شێوەیەکى زاڵ تەوقەیەکى لەگەڵ ئۆباما کرد  و ئۆباما لەم شێوازەدا بە بچووکى دەرکەوت، یان جوانترە وەک دۆڕاو و یان کەم بەرژەوەندى کۆبوونەوەکە دەرکەووت، هەر چەندە لە واقیعدا دەوڵەتەکەى ئۆبامە (100) هێندەى سعودیە بەهێتر و کاریگەرترە لە سەر ڕووبەرى سیستەمى سیاسى جیهان.
دەیەم:لە کاتى سەرداندا، پیاو دێتە پێشەوە بۆ لاى ئافرەت ، ئافرەت نایەت بۆ لاى پیاو، تەنیا لە کاتى پێشوازى سەرۆکى دەوڵەتدا نەبێت، کە پێویستە ئافرەت و پیاو بچن بۆ لاى لە کاتێکدا ئەو وەستاوە یان دانیشتوە، گونجاو نیییە ئافرەت دەست بەرێت بۆ تەوقەکردن لەگەڵ پیاودا ئەمە لە کاتێکدا کە کلتور و دابو نەریتى دەوڵەتى بەرامبەر ئەوە بە ڕێگە پێدراو دانەنێت.
 گرنگى تەوقەکردن لە لاى کەسێتیە سیاسەکان
یەکەم: وەک موجامەلەیەکى گەرم خوێندنەوەى بۆ دەکرێت لە چوارچێوەى پەیوەندیە دبلۆماسى و سیاسیەکانیشدا، لە حاڵەتى نەکردنى یان ڕەتکردنەوەى تەوقەکردنیش ڕەنگە کاریگەرى هاومامەڵەیى دروست بکات.
دووەم: سەلمێنەرى کەسێتى بەرزە و دەبێتە ڕەفتارێکى ئەرێنى بە نیسبەت  لەسەر کەسایەتى کەسى دەستپێشخەرەوە.
سێهەم: دوپاتکردنەوەى ڕێز و خۆشەویستیە و هۆکارێکە بۆ دروستکردنى متمانە و نیاز پاکى لە پێش هەر دانیشت  و گفتوگۆ و کۆبوونەوەیەکى سیاسیدا.
چوارەم: ڕەنگە لەیەکتر نزیک بوونەوە و تەوقەکردنى سەرکردەکان لە دواى جەنگێکى دەرونى یان جەنگێکى خوێناوى و گرفت ئامێز باشترین میکانیزم بێت بۆ ئاشتبوونەوە و دووبارە دۆستایەتى کردن باشترین نمونەش تەوقەکردنى نێوان ( جەلال تاڵەبانى و مەسعودبارزانى) بوو لە (7/ ئەیلولى/1998) دواى جەنگى ناوخۆ و ئاشتوونەوەیان لە واشنتۆن.
پێنجەم: زۆر جار مەبەست گەلێک هەن بەدەم ناوترێن یان بۆ وتن ناشێن ، بۆیە لە ڕێگەى تەوقەکردنێکەوە ئەم مەبەستە دەگەیەندرێت لە نمونەى ئەو مەبەستانەش ڕازى بوونە بە دۆڕان یان ملکەچى و پاشکۆبوون لەگەڵ کەسى بەرامبەردا.
شەشەم: دەرخەرى پەیوەندى نێوان ئەو کەسێتیە سیاسیانەیە کە لەگەڵ یەکترى تەوقە دەکەن، لە ڕێگەى شێوازى تەوقەکردنیانەوە دەتوانین حوکم لە سەر باشى و خراپى پەیوەندى وڵاتەکانیان یان پەیوەندى شەخسیان بدەین، باشترین نمونە تەوقەکردنى نێوان سەرۆکى وەزارەتى دەرەوەى ئێران و ئەمریکایە لە کۆبوونەوەکانى جنێف لە مەڕ پرسى چەکى ئەتۆمى ئێران ئاشکرایە زۆرینەى تەوقەکان لە شێوازى هاریکارى بەروەو ئاسایى بوونەوە دۆخەکە دەچوون. 
حەوتەم: تەقەکردن تەنیا لایەنى ئەرێنى نیە بەڵکو دەکرێت بۆ مەبەستى دوژمنکارى یان دەمارگیرى و خۆپەرستى و زاڵدەستى کەڵکى لێوەربگیرێت کە لە بەشى نۆیەمدا باشتر شێوازەکانى تەوقەکردن ڕووندەکەمەوە.
ڕێکارەکانى تەوقەکردن لە کاتى دانیشتندا
زۆرجار سەرکردە سیاسیەکان لە کاتى دانیشتندا  لەگەڵ یەکتر تەوقەدەکەن ،  پێویستە لەم کاتەدا ئامادە باشیەکان بیریان لیبکرێتەوە و  جوڵە و ڕەفتارى بەرامبەر و زمانى جەستەى بەگشتى سودى لێببینرێت هەتا جۆریەتى زمانى جەستەى خۆى لەسەر بنیات بنێت ، لەبەردەم کامێرادا پێویستە سەیرى کامێرا بکات، ئەگەر بەرامبەر سەیرى کرد و ڕوانینەکانى ئاراستەى کرد پێویستە ئەویش وەڵامدانەوەى هەبێت و بە زەردەخەنە و بزەیەکى نەرم و ڕاگرتنى سەر بە بەرزى وەڵامى بەرامبەر بداتەوە، پێویستە قاچەکان لە تەنیشت یەکتر دابنرێن و زۆر بڵاو نەکرێن تا ڕووکارێکى شپرزە نەبەخشن بە کەسەکە، سوڕاندنى قاچیش ڕووە و قاچى بەرامبەر یان سوڕاندنى جەستە بۆ نیشاندانى هاوڕایى و وەرگرتنى پەیوەندیەکە بە گەرموگوڕى گەلێک پێویستن، بەڵام پێویستە سەرکردەى سیاسى پێش تەوقەکردن بیرى لەو جۆرە تەوقەیە کردبێتەوە کە دەیەوێت لەگەڵ بەرامبەرەکەى ئەنجامى بدات و بە شێوەى هاوسەنگ و لەسەر خۆ و بێ شڵەژان پرۆسەکە بەرێت بە ڕێوە.
ڕێکارەکانى تەوقەکردن لە کاتى بە پێوە وەستاندا
باشترین جۆرى تەوقە کردن لە کاتى وەستاندا بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى زاڵ و سەرکەوتوانە دەربکەویت پێویستە ڕاهێنان بکرێت بۆ ئەوەى بە قاچى چەپ ڕووبەڕووى بەرامبەرەکەت ببیتەوە، پاشان بە قاچى ڕاست بە رەو  پێشەوە هەنگاو هەڵدەگیرێت و کەسەکە بە بزە و ڕووخۆشیەوە دەچێتە ناوچەى سنورى کەسێتى بەرامبەر، ئەو جۆرى تەوقەیەى کە مەبەستیەتى لەگەڵ بەرامبەر بیکات بە ئەنجامى دەگەیەنێـت ، ئەم ڕێکارە واتا پێشخستنى قاچى چەپ پێش قاچى ڕاست و ڕاوەشاندنى دەستى کەسى بەرامبەر و بزەیەکى دروستکراو وا دەکات بەرامبەر بکەیتە کەسێکى گوێڕایەڵ و ڕێگا بگریت لە زاڵدەستى و هێزى بەرامبەر ئەگەر ئەم مەبەستەى هەبێت، ئەگەر هاوکێشەکە پێچەوانە بکرێتەوە و قاچى ڕاست پێشبخرێت لە کاتێکدا زۆربەى مرۆڤەکان ڕاستەن، بۆیە لەم حاڵەتەدا دەبینین توشى حاڵەتێکى خراپ دەبن و لە ئەنجام گەیاندنى تەوقەیەکى سەرکەوتوودا شکست دەهێنن، ئەم شێوازە زیاتر ئەو کەسێتەیە سیاسیانە پەیڕەوى لێدەکەن کە بنەماکانى ئایبنى ئیسلام و سونەت بەسەریاندا زاڵە کە لە کاتى چوونە ناو هۆڵێکەوە یان کۆڕێکى کۆبوونەوە قاچى ڕاستیان پێشدەخەن ئەگەر لەم کاتەدا توشى هاوڕێیەکى سیاسەتمەدار هاتن  ترسى ئەوە هەیە توشى شڵەژان بن هەرچەندە ئەم حاڵەتە ڕەنگە دەگمەن بێت.
تێبینى: نوسینى ناوى خۆم لەسەر وێنەکان تەنیا وەک بەربەستێکە بۆ ئەو کەسانەى وێنەکانم بەکار دەهێنن بەبێ ئەوەى ئاماژە بە سەرچاوەکە بدەن بێ ماندوو بوون خۆیان دەکەن بە خاوەنى وێنەکان چەند جار ئەم حاڵەتەم بینیوە ، هیوادارم ئاماژە بەسەر چاوەکان بدرێت لەگەڵ رێزم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە