یەکەم یادکردنەوەی جینۆسایدی هەڵەبجە پاش ڕاپەڕین

Sunday, 13/03/2016, 2:47

2531 بینراوە


لە 13/3/1991 هێشتا زۆربەی ناوچەی گەرمیان و کەرکوک ئازاد نەکرابوون، هێشتا بەعسی و پیاوانی ڕژێم و هەندێ جاش خۆیان لە ماڵەکانیان شاردبوویەوە، یان پەنایان بۆ ماڵی  دیکە کەخۆیان بە پیاو ماقووڵ دەزانی بردبوو، بۆ ئەوەی نەکەوونە دەستی تۆڵەی گەل.
هێشتا براکانمان لە گەرمەی شەڕدابوون  و زۆریش هەبوون هەر بە تەمای گەڕانەوەی ڕژێم بوون و گاڵتەیان بە راپەڕین دەهات و ئێستاش کاربەدەستن و کوردایەتی ئەفرۆشن،،.
هەر ئە کاتە بە دەستپێشخەری خۆم و ڕاوێژ لەگەل کاک حەمەی حەمەسەعید و کاک حەکیمی مەلا ساڵح، بڕیاڕماندا یادی هەڵەبجە و نەورۆز بکەینەوە لە و شارەی کە سەددام ناوی نابوو هەڵەبجەی تازە، چونکە  زۆرەبەی هەڵەبجەییەکانیان لەوێ کۆکردبوویەوە.
کاک حامیدی حاجی غالی، هەستا بە دابین کردنی خەرجی ئامیری دەنگ و پەخش وموزیک بۆ هەردوو مەراسیمەکە،.بەرپەرشتی یادەکەی کرد و بەڕێوەبردنەکەشی خستە ئەسۆی من.
تیپی نواندی هەلەبجە و تیپی مۆسیقای شەم بە هەموو ئەندامەکانی بەشداری کارە هونەرییەکانیان کرد، و ڕێکخستنەکانی یەکییەتی و شیوعی و سۆسیالست و خەڵکی چالاکەنە بەشداربوون.
شانۆکەمان سەربانی یانەی خواردنەوەی هەڵەبجەی تازە بوو، چونکە بەرزترین شوێن بوو، وە پانتایی گردبوونەوەی جەماوەری تێدا بوو.
 لەڕۆژی 16/3/1991، بۆ یەکەم جار لە دوای ڕاپەڕین و لە خاکی ئازادی کوردستان یادەوەری تاوانی کیمیابارانی هەلەبجە کرایەوە. هەرچەند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو دوو ساڵە یادی کرابوویەوە، بەڵام ئەمە یەکەم جار بوو لە کوردستانی باشوور و بە ئازادی و بەو جەماوەرە زۆرە و لەو بارودۆخەدا یادێکی وا مەزن بکرێتەوە.
 کاروانێکی جەماوەری و بە وێنەی شەهیدان بەرەو شانۆکە ڕێپێوانیان دەستپێکرد، کە زۆربەی ژنان و کچان بوون.
لە پێکابەکەی کاک حەمەعەلی قەشە و کاوەی قادری حاجی مەحمود، بڵندگۆ و مایک کۆک کرابوو، وە بە دروشم و ووتاری ڕاپەڕین چالاکوانان و تیپی نواندی هەڵەبجە، جۆش و خرۆشیان دەدا بە بەشداربووان.
شەوێک پێش یادەکە ئاواز و هونراوەی (( هەی ڕۆیە، هەی ڕۆیە، بۆ هەڵەبجە ڕۆڕۆیە))م دانا، لە ناو پیکابەکە و لە سەرشانۆشدا ، کاک فایەقی حەمە ئاغا ،  ئەیووت و خەڵکەش  بە دڵی پڕ و گریانەوە، بۆیان ئەسەندەوە ، وەک سرودێک و شیوەنێک ، هەموو ئاسمانی ئەو شارەی وروژاندبوو.
بۆیەکەم جار رۆژنامەنووسێکی گۆڤارێکی لوبنانیم بینی، وێنەی دەگرت و دەنگی تۆمار دەکرد، ،، ئەو هەواڵی سەرکردەی سەربازی پێشمەرگەی ئەپرسی، و هەڵەبجە و نەورۆزی زۆر لا گرنگ نەبوو!.
مەبستمان لە سازدانی ئەم یادە ئەوە بوو کە، وورە و ئومید ببخەشین بە خەڵک و پێشمەرگە. وە  یادەوەری هەڵەبجەش ببێتە کولتوریک و هەموو ساڵیک بکرێتەوە. 
ئەو ئێوارەی کە ئاگری نەورۆز کرایەوە ، لە مەراسیمکەدا، هەواڵی ئازادکردنی کەرکوکمان بە بڵندگۆ پەخشکرد، لە کاتیکدا خەڵک وورە و جۆش و  شادمانی زیاتر لە جوڵە و جاونیاندا دەبینرا.
سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی خۆبەخشانە و خۆڕسکانە و دڵسۆزانە بەشدارییان کرد. هەموو یادەکە تەنیا خەرجی بەکرێگرتنی ئامێرەکانی دەنگ  و مۆسیقا بوو، کە بۆ هەفتەیەک بە پێنج سەد دینار(100 دۆلاری ئەوکاتە) هێنرابوو، کە ڕۆژی دیکردە 71 دینار، وە کارەکانی دی هەمووی خۆبەخش و خۆخەرج بوون. بۆ دوو یادی هەڵەبجە و نەورۆز، بەکارمان هێنان.
ئێستاش دوای 25 ساڵ، هەم یاد گٶڕا و هەم خەڵک گۆڕا و لە هەمووی ناخۆشتر،  خەرجیش گۆڕا.
نەها  دڵ و هۆشم زۆ ئاسوودیە، هەم بۆ  ڕێکخستنی یەکەم یاد و هەم بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پەیکەری هەلەبجە لە لاهای-هۆڵەندا. زۆر سوپاسی هەموو کەس و لایەنەکان ئەکەم کە هاوکارمان بوون.
ماوەی شەش ساڵە، بۆ یادی هەڵەبجە و یادە کوردییەکانی دی، پرۆژە و پرۆپۆزڵی سەردەمیانەم پێشکەشی کاربەدستانی دەسەلاتی کوردستان کردووە، هەرچەند بێ ئومیدیان کردم بە ڵام  هەر بەردەوام ئەبم، بۆ دامەزراندنی دەزگای یادەوەریی کوردستان، چونکە ئەگەر تا ئێستا نەیانکردووە و نەیانهێشتووە، ئەوا هەر ڕۆژێک دێت کە ئەو خەونە نەتەوییە دێتە دی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە