لە ڕوانگەى تیۆرى کۆمۆنیکەیشنى( یۆرگن هابرماس)ەوە، بۆ کۆمۆنێکەشنى ( عەلى باپیر و مەلا بەختیار).

Tuesday, 12/04/2016, 12:17

3424 بینراوە


تەرجەمە کردنى ناکۆکى و ململانێکانمان بۆ لە یەکتر گەیشتن و مشتومڕى پێکەوەیى و ئارام، یەکێکە لە سیفەتە باڵاکانى بە مەدەنى بوونى  کۆمەڵایەتى ، سیستەمى کۆمەڵایەتیش چونکە بەشێکە لە سیستەمى سیاسى ئەوە چارەسەرکردنى پرسەکان لە فۆڕمى دیلۆگدا لە پانتایى کۆمەڵایەتیدا کاریگەرى ئەرێنى زۆر جێدەهێلێت بەسەر سیستەم سیاسیەوە، بێگومان ئەمە هەوڵێکى جدى دەبێت لە پێناو قبوڵکردنى ڕاى جیاواز و بنیاتنانى یەکانگیرى و تەبایى لەمەڕ پرسە هەستیارەکان، خۆ ئەگەر ڕێکەوتن و  خاڵى هاوبەشیش لەمەڕ بابەتە قسە لەسەر کراوەکان، نەبێتە دەرئەنجامى کۆتاییش، ئەوە مشتومڕى ئازاد و کۆکۆنیکەیشنى ئازاد و یەکتر قبوڵکردنى دیموکراتیانە یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە مەزنەکان، چونکە مرۆڤەکان جیاوازتر لە هەر بونەوەرێکى تر وەکو بونەوەرى کۆمەڵایەتى مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەن و پێویستیان بە تێگەیشتنى یەکتر هەیە. ئەم کارەش بە بەسود وەرگرتن لە زمان وەک فاکتەرى سەرەکى پەیوەندى کردن دێتەدى ، کەواتە ناتوانین ڕۆڵى کاریگەرى ئەم مشتومڕە کەم بکەینەوە، چونکە کاتێک ناکۆکییەک بە هۆى بیرۆکیەکى تایبەت یاخود یاسایەکى دیاریکراوەوە دروست دەبێت، ئەوا تاکە شتێک کە ئەم کێشەیە یەکلایى بکاتەوە،بونى زەمینەیەکى لەبارە بۆ گفتۆگۆى ئازاد لە نێوان تاکەکاندا لە فۆڕمێکى هێوردا، باشترین فەیلەسوفانی هاوچەرخیش کە درکیان بە گرنگى ( کۆمۆنیکەیشن) کردبێت بۆ دامرکانەوەى ناکۆکى و پێکدادانەکان ، بریتیبوون لە بیرمەندانى قوتابخانەى فرانکفۆرت، لەناو ئەم  ناوەندە فکریەشدا دەستەى دووەمى  بیرمەندان ئەم بابەتەیان توێریزە کردووە لەناو ئە دەستەیەشدا ( یۆرگن هابرماس) بیرمەندى ئەڵمانى و ئەوروپاى ڕۆژئاوا پشکى شێرى بەردەکەوێت لە داڕشتەکردنى پایە سەرەکیەکانى کردارى کۆمرنیکەیشن. 
کرۆکى  تیۆرى کۆمۆنیکەیشن لاى یۆرگن هابرماس 
 هابرماس یەکێکە لە فەیلەسوفە بەناوبانگەکانى هاوچەرخى ئەڵمانیا و ئەوروپاى خۆرئاوا ، لە هەمان کاتدا یەکێکە لەو فەیلەسوفانەى کە نمایندەى نەوەى دووەمى قوتابخانەى فرانکفۆرت دەکات، هە رلەبەر ئەمەش  یەکێکە لەگەورەترین تیۆرسیینەکانى فەلسەفە و هزرى کۆمەڵایەتى هاوچەرخ. هەر لە سەرەتاى حەفتاکانەوە، ڕەگەزە سەرەتاییەکانى تیۆرى زمان کۆمۆنیکەیشن و پەرەسەندنى کۆمەڵگا دادەڕێژێت و بەشێوەیەکى ڕێکخراو لە دوو بەرگى کتێبى (تیۆرى کردارى کۆمۆنیکەیشن)،  بۆیەکەم جار لە ساڵى  (1981) بڵاوى کردەوە. کە پێى وابوو کردارى کۆمۆنیکەیشن، بریتیە لە هەوڵ و تواناى تاکە ئازادەکانى کۆمەڵگە بۆ چارەسەرکردنى پرس و مەسەلە هاوبەشەکانیان لە ڕێگەى لە یەکتر تێگەیشتن و دیالۆگەوە، هەتا هەوڵەکانى توندوتیژى و پەڕگیرى و ململانێ تا کەمترین ئاست بەرن، عەقڵانیەتى مرۆیى تاکەکان بکەنە پێش مەرجى گەیشتنیان بە ویستەکانیان، ئەمیش لە ڕێگەى ڕەخساندنى کەشێکى لە بار و ئازادەوە دەبێت بۆ بەرهەم هێنانى گفتوگۆ و دیبەتێکى ئازاد لە ناو چوارچێوەى  سیستەمى سیاسى و کۆمەڵایەتیدا، لە پێناو بە عەقڵانى کردنى زیاترى تاکەکانى کۆمەڵگە لەناو پانتایى گشتیدا. لە دیدى (هابرماس) دا کردارى پەیوەندیکردن لانیکەم ئاماژەیە بۆ هەڵسوکەوتى دوو ئەکتەرى ئازاد یان زیاتر کە تواناى قسەکردن و بڕیاردانى عەقڵانیان هەیە، کەشێکى لەبار دەرەخسێت بۆ بیرو ڕاگۆڕینەوەیان لە چوارچێوەى سیستەم و پانتاییەکى کراوەدا، دەر ئەنجام تاکەکان لەم ڕێگەیەوە لەگەڵ یەکتر هەماهەنگى دەکەن و هەوڵى بەدەست هێنانى ئامانجەکانیان دەدەن ، هاوکات سەرکەوتن لەم پڕۆسەى پەیوەندیکردنەدا پەیوەستە بەسەر جەم ئەو تاکانەى کە بەشداریان کردووە، وە نابێت سەرکەوتنى هیچ لایەنێک لەسەر حسابى تاکێکى تر بێت ،وە هیچ تاکێک ناتوانێت سنورى گفتوگۆ کردن بۆ هیچ تاکێک دابنێت، ئەمە بەدەر لەوەى ئەو سیستەمە سیاسىو کۆمەڵایەتیەشى بوونى هەیە نابێت لە هیچ حاڵەتێکدا دەنگى ناڕازى و داواکار و ڕادەربڕینى هاوڵاتی و تاکە قسە کەرەکانیان لە مەڕ داخوازیەکانیان بوەستێنێت، هابەرماس کێشەى پەیوەندى کردنى لە نێوان(ئینسان و ئینساندا) و لە نێوان (سیستم و ژینگەدا) دەکاتە ئەو دەروازەیەى کە لە ڕێیەوە قسە لەسەر پێکهاتنى کۆمەڵگاى هاوچەرخ و کێشەو گرفت و ئەگەرەکانى بکات، لاى هابرماس ئایدیالترین و باشترین هەلومەرجى پەیوەندى کردن لە نێوان ئینسان و ئینساندا، ئەو هەلومەرجەیە،کە پەیوەندییەکان لەوپەڕى کراوەیدان و لە فۆڕمى دیالۆگى ئازاد دا بەرجەستە دەبن، واتە بەم شێوەیە هابرماس لەکتێبە دوو بەرگییەکەى خۆیدا(تیۆرى کردەى پەیوەندى کردن)لەسەر هۆکارەکانى قەیرانى کۆمەڵایەتى کۆمەڵگاى ئیستا و تواناو کارایى تیۆرەکان و فەلسەفەى کۆمەڵایەتیش ڕادەوەستێت و ئەو پرسە دەخاتە بەر بارى سرنج و لێکۆڵینەوەى خۆیەوە،بڕواى وایە سیستەمە سیاسییەکان وەک و جاران بەهۆى گوزارشتە ئەفسانەییەکان،یان ڕەوایى بوونى تاکەکەسى و بنەماڵەییەکان بەردەوام نابن، بەڵکو لەسەر بنەماى لەیەکگەیشتن سەبارەت بە ئامانجە سیاسى و دید و ئیرادەى ئازادانەى هاوڵاتیان بەردەوام دەبێت.
تا چەند مەرجەکانى تیۆرى کۆمۆنیکەیشنى هابەرماس لە نێوان ( مەلا بەختیار و عەلى باپیردا) هەستى پێدەکرا.
مەرجە دروستەکان و لایەنى ئەرێنى کۆمۆنیکەیشنى نێوان ( مەلا بەختیار و عەلى باپیر) .
یەکەم: گوێگرتن لە یەکتر و کەت نەکردنى پەیڤینەکانى یەکتر تا ئاستێکى باش هەستى پێدەکرا.
دووەم: لە هەندێ حاڵەتى زۆر کەمدا دان پێدانان بە بیروڕاى یەکتر  بوونى هەبوو، بەڵام بەشى ئەوەندەى نەدەکرد پێى بگەنە خاڵى هاوبەش.
سێهەم: یۆرگن هابرماس گەیشتنى مەبەستى مشتومڕەکان بە پانتایى گشتى و قسەکردنى زیاتر لە سەریان لە لایەن تاکەکانەوە بە مەرجێکى سەرەکى دەزانێت، ڕەنگە ئەم شێوازە نوێیە لە مشتومڕکردن ببێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونى متمانە لە دەربڕیندا، بە نیسبەت هەڵسەنگێنەرەکانیانەوە لە پانتایى گشتیدا.
چوارەم: بابەتى بوون و هێرش نەکردنە سەر یەکدى بە تاوانبارکردن لە مەڕ پرسێکى هەنوکەیى یان ڕابردوو کە بە دیارى کراوى بکەرەکانى دیار نین و بەڵگەى پێویست لەبەر دەست نیە، کارێ:ى باش بوو.
پێنجەم:  زانیارى مێژووى و  بیروڕاى فەلسەفى و ئەزمونى وڵاتان ... هتد،  تاڕادەیەک ببوە بەڵگەدار کردنى مشتومڕەکە، هەرچەندە بە دیوێکى دیکەدا چەقکردنەوەى زیاتریان لەسەر ئەم تەوەرە ڕەخنەیەکى دیکەیە کە لە تیۆرى کۆمۆنیکەیشنى هابرماسدا جێگاى نابێـەوە .
شەشەم: لایەن نەگیرى و بە کار نەهێنانى ئامرازى یەکتر شکاندن و یەکتر سوک کردن و ڕۆنەچوونە نێو لە کەدار کردنى کەسێتى یەکدییەوە.
حەوتەم: سەرەتایەکى باش بوو بۆ لە یەکتر تێگەیشتن و بڵاو کردنەوەى کلتورى گفتوگۆ و مشتومڕى ئازاد.
هەشتەم: ڕێزگرتن لە کەسایەتى یەکتر و  پێدانى دیارى لە کۆتایى دیبەیتدا و دیارییەکانیش باشییەکەیان لەوەدا بوو ( پەرتووک ) بوون. 
نۆیەم: پاساو نەدانى بابەتەکان بە هەڵچوون و توڕەبوون، کە ئەمە سیفەتى مشتومڕە لە ناو پانتیاى کۆمەڵایەتى و سیاسى کوردیدا، لەم دیبەیتەشدا بوونى هەبوو بەڵام نەبووە سیمایەکى سەرەکى، کە پێشوەخت چاوەڕوان دەکرا وابێت.
 لادان لە مەرجە دروستەکان و لایەنى نەرێنى کۆمۆنیکەیشنى نێوان ( مەلا بەختیار و عەلى باپیر) .
 یەکەم: لە دیدى هابەرماسدا هەر یەکە لە قسە کەرو گوێگر دەبێت بگەن بە ڕێکەوتنێک، ڕێکەوتنەکەش پێویستى بە دانپێدانانى هەردوو لایەنەکە هەیە، بۆدروستى قسەکانى یەکتر، بەڵام لە دیبەیتى ئەم دوانەدا ڕێکەوتن نەبوو لە سەر ئەو پرسەى مشتومڕیان لەسەر کرد، دیار بوو کە پێش وەخت هەر یەکەیان لاى خۆیانەوە ڕێککەتبوون کە نەگەن بە ڕێکەوتن، ئەمەش لایەنى نەرێنى دیالۆگى نێوانیان بوو.
دووەم: هەلومەرجى نمونەیى پەیوەندى کردن لاى هابرماس هەلومەرجێکە تێیایدا هەموو کەس حەقیقەتەکانى پێ نییە، هەرکەسەو هەڵگرى دیدێکى ڕێژەیى و کراوە و دانەخراوە بە ڕووى هەقیقەتەکانى ئەویتردا، بەڵام لە دیبەیتەکەیاندا حەقیقەت و لۆژیکى گشتى پێشوەختە هەموو ماناکانى دەستنیشان کرابوون و قابیلى ئاڵوگۆر و دەسکایکردن و گۆران  نەبوون. هەرچەندە لاى  ( مەلا بەختیار) تا ڕادەیەک کەمتر لە ( عەلى باپیر) ڕاهاگیر تربوو.
سێهەم: هابرماس پێى وایە لە دەربڕین و دیالۆگدا پێویستە عەقڵانى بین و دوربکەوینەوە لە میسالیەت و ناواقیعى ، ئەمەش ئەو نەخۆشییە بوو کە لە قاچ و دەست و بەرۆکى ئەو مشتومڕە ئاڵابوو کە باسم کرد، ئەوەى کە عەقڵانیانە و واقیعیانە پەیڤینى دەکرد تەنیا ( میشێل) کەسێتیە فەڕەنسیەکە بوو، لە قسەکانیدا دەردەکەوت هێندەى ئەو لە واقیعى ئیستاى دیموکراسیەت و عەلمانیەت و سیستەمى سیاسى ناوچەکە و جیهان شارەزایە   هێندە لایەنەکانى دیکەى دیبەتەکە شارەزاییان نەبوو.
چوارەم: هابەرماس دەڵێت پێویستە لە بوارى کردەیدا داخوازى و گفتوگۆکان، بتواندرێت جێبەجێ بکرێن و تواناى هاتنە دیان هەبێت، مشتومڕى بەڕیزان بە پێى ئەم هەڵسەنگاندنە بێت ئەو زەمینەیەى کە خواستیان بۆ پراکتیزە بوونى فکرەکانیان قۆناغەکانى  بەو ئاسانییە دەرناکەون و ژینگەى سیاسى و کۆمەڵایەتى و  ئاسۆکانى پراکتیزە بونیشیان نادیارە کەواتە بۆ ئێستا ئایدیالیزمین.
پێنجەم: خۆنەدزینەوە لە بابەتى باسەکان و چەقکردنەوەى دەربڕینەکان لەسەر دۆخى هەبوو، یان دۆخى دەستنیشانکراوى گفتوگۆ ، مەرجێکى دیکەى کۆمۆنیکەیشنى دروستە لە تێرَوانینى هابەرماسدا، کە ئەمەش دیسان لەم دیبەیتەدا هەستى پێنەدەکرا ،تەوەرى سەرەکى ، قسەکردن بوو   لەسە ( کوردستان لەبەردەم دیموکراسیەت و عەلمانیەتدا، بەڵام زۆرینەى باسەکان بە شیکردنەوەى دەقى ئاینى و پرەنسیپەکانى ئیسلام داگیردەکران هەرچەندە ئەمانەش باسکردنیان پێویستە بەڵام نەوەک کاتێکى هێندە زۆرى بۆ  تەرخان بکرێت، دیموکراسیەت مەسەلەیەکى دیکە بوو کە زۆرترین قسەى لەسەر کرا قسەکردن لەسەر ئەم دوو پرسەش بووە غەدر کردن لە عەلمانیت و  باسنەکردنى بە پێى پێویست، بەرەو سیاسى بردنى دیبەیتەکە و جەخت کردنەوە لەسەر پنتە سیاسیەکان هەڵەیەکى دیکەى لادان بوو.
شەشەم. هابەرماس دەڵێت پێویستە بێژەرەکان، جیگاى متمانە بن و بە راستگۆى ئەو هەڵویستەى هەیانە دەریببڕن، بەڵام زۆرێک لە توێژەران و ڕەخنەگران و ئەمادەبوانى مشتومڕەیاندا بۆیان دەرکەوت کە قسەکەرانى دیبەیت بە تایبەت  (مەلا بەختیار) ترسى هەبوو لە دەربڕینەکانى و بێمتمانەیى پێوە دیار بوو ، لە دەربڕینەکانیدا هەست دەکرا کە ئەو جورئەتەى جارانى لێ کەم بۆتەوە کە بە تەنیا دیبەیت و سیمینارى ساز دەکرد لەمەڕ پرسەکانى دیموکراسیەت و عەلمانیەت.
حەوتەم: لە کۆمۆنیکەیشنى هابرماسدا پێویستە دیالۆگ لە ئەنجامى ڕووداوەکانەوە ڕووبدات و دۆخێکى هەنوکەیى بێت باشترە ، تا خێراتر بکەین بە دەرئەنجامى سەرکەوتوو ، زۆرێک واى دەبینن گرێدانى ئەم دیبەیتە و ئەم ناونیشانە لە دۆخى قەیراناوى سیاسى و ئابورى کەڵکێکى کەمى هەبوو، پێیان وابوو ڕووداوێ: بوو بۆ لە بیرکردنى قەیرانە ڕاستەقینەکان، بە پێچەوانەوە لایەنێکى دیکە لە پێناو دەستەبەرى زیاترى کۆمۆنیکەیشنى ئازاد چاوپۆشى لە ناونیشانى بابەتەکە دەکەن کە ڕەنگدانەوەى واقیعى ئیستاى کوردستان نەبوو.
هەشتەم: خاڵێکى هەرە جەوهەرى لاى هابرماس بریتیە لە گرێدانى دیموکراسى و بنەماکانى دیموکراسى بە کۆمۆنیکەیشنى تاکەکانەوە ، ناکرێت باس لە زەمینەى ئازاد و سەربەخۆى مشتومڕ بکەین و پێش مەرجى دیموکراسى بوون بخەینە  پەراوێزەوە ، کە ئەمەش ئیشکالێتیکى ترى دیبەیتەکەیاندا بوو ، بە تایبەت لە لایەن ( على باپیر) ەوە، چەند جار مەرجە سەرەکیەکانى پێکەوە بوون و دیموکراسیەت پەراوێزخستنیان بە پێویست زانرا کە ئەمەش ڕووکارى دیبەیتەکەى بەرەو هەڵدێر برد.
نۆیەم: لە دیدى هابرماسدا نابێت بەهیچ شێوەیەک پەنا بۆ ئامرازى توندوتیژى و هێز بەرین لەکاتى جێبەجێکردنى ئەم پەیوەندیەدا، وەک لە خاڵە ئەرێنیەکاندا باسم کردووە پێکدادانى توند ئامێز لە دەربڕیندا کەم هەستى پێدەکرا، بەڵام خاڵیش نەبوو لە بەرپەرچدانەوەى توند زۆر جار هێندەى دیبەتەکە تەرخان دەکرا بۆ وەڵامدانەوەى توندى یەکتر و بە لاڕیدابردنى مەبەستى سەرەکى باسەکان ، هێندە پەنجە نە دەخرایە سەر پنتە بنەڕەتیەکان. بە قسەکردن و  دەربڕین یەکتر قبوڵ کردن هەبوو بەڵام پاڵنەرەکانى ناخ و کاریگەریان بەسەر جوڵەکانى جەستە و ئاماژەکانى جەستەوە  ڕق و بێزارى جار و بار زۆر بە زەقى دەردەخست، بەڵام کەسێتیە فەڕەنسیەکە ڕق و توڕەیى لە ڕوخسار و ئاماژە و زمانى جەستەیدا هەستى پێنەدەکرا.
دەیەم: بە بڕواىهابرماس کۆمۆنیکەیشن تەنیا لە نێوان تاکە سادەکانى کۆمەڵگەدا نایەتە ڕوودان ، بەڵکو لە سەر ئاستى بەرزى ڕۆشنبیران و خاوەن مەعریفە بەرزەکان دەچێت بە ڕێوە، بۆیە هەتا ئاستى ئەکادیمى مۆرڤەکان بەرەو هەڵکشان بڕوا پێویست دەکات زانیارییەکان ڕاستێتیان بسەلمێندرێت کەمتر بکەونە هەڵەى بابەتیەوە، بەڵام هەر یەکە لە ( مەلا بەختیار و عەلى باپیر) کەوتنە هەڵەى بابەتیەوە نمونەیەک لە هەڵە کانیان ، ( مەلا بەختیار ) ڕایگەیاند سەرەتاى دەرکەوتنى (دیموکراسیەت) دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان، بەڵام پاش کەمێک ( میشێل) کەسێتەیە فەڕەنسیەکە بەرپەرچى دایەوە وتى لە کتێبدا درکم پێکردووە کە سەرەتاى سەرهەڵدانى دیموکراسیەت بۆ ڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوەى گرتووە، هاوکات ( على باپیر) عەلمانیەت و مەسیحیەتى پێکەوە گرێدا لە  لە مێژووى ئەوروپادا، بەڵام هەر زوو  ( د.موسەنا ئەمین) بە نوسین وەڵامى دایەوە و وتى عەلى باپیر ئەبوایە پەیوەندى پیاوانى کڵێساو عەلمانیەتى پێکەوە گرێبدایە نەک ئاینى مەسیحى و عەلمانیەت کە ئەمە دوو مەسەلەى جیاوازن.
یانزەیەم: پێویستە کەسى قسەکەر بزانێت لەسەر چى دەوێت و هێڵە گشتیەکان و خاڵە سەرەکیەکانى خۆى بخاتە گەڕ و لە ماوەى قسەکردنى خۆیدا بەرپەرچى خۆى نەداتەوە، کە ئەمەش لە دیبەتەیاندا چەند جارێک هەستى پێکرا، مەلا بەختیار دەیگوت ( بەعس) سیکۆلار بوو ، بەڵام دواتر وتى بەعسیەکان لە ژێر ئاڵاى ئیسلامدا ئەنفالیان کردین، بەهەمان شێوە  عەلى باپیریش کەوتە ئەم جۆرە لە بەر پەرچدانەوەى خودى خۆى.

 دەر ئەنجام:
حاشاهەڵنەگرە کە زۆرێک لەو پنت و ناسینانەى هابرماس بۆ کردارى مشتومڕ و  کۆمۆنیکەیشندا خستویەتیە ڕوو لە چوارچێوەى ئەو دیبەیتەدا هەستى پێدەکرا کە لە (10/4/ )2016 لە نێوان ( على باپیر و مەلا بەختیار) دا ڕوویدا، بەڵام مەرجەکان و خاڵە بنەڕەتیەکانى کردارى کۆمۆنیکەیشن لاى هابرماس زۆر لەوە قورستر و ئاڵۆزترە ، تا بڵێن هەرێمى کوردستان بەم زووانە بەو شێوە ئاسانە دیبەیت و پرس و ڕا شەنوکەو بکات کە ( یۆرگن هابەرماس) دەیەوێت، چونکە هەم زەمینەى مرۆیى هەم کلتورى  و ئینسانیەت هەم نەبوونى عەقڵانیەتیەکى  مرۆیى و  هەم نەبوونى زەمینەیەکى لەبارى کۆمەڵایەتى و هەم نەبوونى پێشمەرجى دیموکراتى و سیاسى و ئازادى نەگییشتۆتە قۆناغێک کە بتوانێت کۆمۆنیکەیشنێکى سەرکەوتوو بەرهەم بهێنیت،کە تەواو لەگەڵ ئەو مەجانە یەکانگیر بێت کە باسم لێوە کرد، بۆیە سەختە    کۆمۆنیکەیشنێکى سەرکەوتوو لە نێوان کەسە ئازادەکان بێ لەمپەر چ لە سەر ئاستى کۆمەڵایەتى لە نێوان ئینسانەکاندا چ لە نێوان ئیسنانە کۆمەڵایەتى  و ئینسانە سیاسیەکاندا و چ لە نێوان خودى سیاسیەکانیشدا بێتە ڕوودان، چونکە زەمینەى مرۆیى کلتورى و سیاسى و عەقڵانیەت ئەو کەشەمان بۆ ناڕەخسێنێ، بەڵام بە هەموو ئەم حاڵانەشەوە ئەوەى ڕوویدا لە نێوان عەلى باپیر و مەلا بەختیار وەک دوو کەسێتى ناو کۆمەڵگاى کوردى ،دووکەسێتى جیاواز لە ڕووى بیرو باوەڕ و سیاسەتکردن و قسەکردنەوە، دەبێتە زەمینەیەکى لەبار بۆ شەنوکەو کردنى بیرو باوەڕى جیاواز و دانپێدانانى زیاتر بە یەکتر قبوڵ کردن و دروستبوونى تۆڕى هاوکارى و لە سەر بنەماى کردارى پەیوەندى کردن، دورکەتنەوە لە زمانى زبر و توندوتیژى و یەکتر نەویستن. 


لیستى سەرچاوەکان
یەکەم: کەناڵى ئاسمانى ڕووداو، لە کاتى گواستنەوەى پەخشى ڕاستەوخۆى دیبەیتەکە، لە 10/4/2016 ، لەم لینکەوە تەواوى دیبەیتەکە ببینن.
http://rudaw.net/sorani/onair/tv/episodes/episode/rudaw_production_10042016
دووەم: تێڕوانینى ( د.موسەنا ئەمین) بۆ دیبەیتى نێوان ئەم دوانەدا لەم لینکە خوێنەرى بن
 http://www.awene.com/2016/04/10/6392/
سێهەم: هاوکار ڕەفیق ڕەحمان، توێژنەوەى بەکالۆریۆس ( پۆستمۆدێرنیزم لە هزرى سیاسى یۆرگن هابرماسدا) ، پێش کەش بە زانکۆى سلیمانى بەشى زانستە ڕامیارییەکان کراوە ، ساڵى 2014_2015.
چوارەم: مەلەک یەحیا سەلاحى، هزرە سیاسیەکانى ڕۆژئاوا لە سەدەى بیستەمدا، و:هیوامەجید، چ1،چاپخانەى خانى، هەولێر، 2008.
پێنجەم: مەریوان وریا قانع ،دەربارەى فەلسەفە و ئیسلام و ڕۆشنگەرى،چاپخانەى ڕەنج ،سلێمانى 2002.29
شەشەم: د.حسێن بەشیرییە، مێژووى بیرى سیاسى سەدەى بیستەم لیبرالیزم کۆنسەرڤاتیزم، و:ناسر ئیبراهیم زادە، بەرگى 23،چاپخانەى، موکریانى ، هەولێر، 2009.
حەوتەم : جون ليتة ، خمسون مفكراً اساسياً معاصراً_من البنيوية الى مابعد الحداثية ،ت:د.فاتن البستانى، المنظمة العربية للترجمة، بيروت،2008.
هەشتەم:  بيتر بروكر ، الحداثة وما بعد الحداثة ، ت: د.عبدولوهاب علوب ، مراجعة: د.جابر عصفور ، ط1 ،ابوضبي ،1995.
نۆیەم: حسين مصدق ،يورغن هابرماس ومدرسة فرانكفورت(النظرية النقدية التواصلة)،ط1،بيروت، 2005.
دەیەم: يورجين هابرماس ،الاَخلاق و التواصل ،ت:ابو النور حمدى ، ط1 ،دار التنوير ، بيروت، 2009.     
تێبینى: من لەم نوسینەدا ڕەخنە لە لایەنى فکرى و ئایدۆلۆژى ( عەلى باپیر و مەلا بەختیار) ناگرم، نامەوێ خۆم لەو باسەوە بگلێنم، چونکە قسە کردن لەسەر ئەو باسە زۆر زیاتر هەڵدەگرێت، قسە کردنى من تەنیا لەسەر کۆمۆنیکەشنى یۆرگن هابرماسە ،  تاڕادەیەک مەرجەکانى (کۆمۆنیکەیشن) ى هابرماس دەزانم، ئەویش بە حوکمى توێژینەوەى زانستیم لە هزى سیاسى یۆرگن هابرماسدا بە ناونیشانى (پۆستمۆدێرنیزم لە هزرى سیاسى یۆرگن هابرماسدا) ، کە پێش کەش بە زانکۆى سلیمانى بەشى زانستە ڕامیارییەکان کراوە ، لەساڵى 2014_2015.) کارى من تەنیا بەستنەوەى مەرجەکانى کۆمۆنیکەیشنە لاى هابرماس و گرێدانى بە دیبەیتى (عەلى باپیر و مەلا بەختیار) ... 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە